كشانه‌وه‌ له‌ حكومه‌ت

وتار/ 20/08/2016 920 جار بینراوە

عومه‌ر گوڵپی

به‌ هه‌موو پێوه‌رێك ئه‌م كابینه‌یه‌ شكستی‌ خواردووه‌، شكستی‌ خواردووه‌ له‌وه‌ی‌ بتوانێت له‌ ئاست كێشه‌كانی‌ ئێسته‌ی‌ خه‌ڵكدا پلان‌و به‌رنامه‌یه‌كی‌ هه‌بێت به‌ ئاستێك وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی‌ خه‌ڵك‌و پێویستییه‌كان‌و ناسۆرو ئازاره‌كانی‌ بێت.
شكستی‌ خواردووه‌ له‌وه‌ی‌ به‌رنامه‌كه‌ی‌ خۆی‌ جێبه‌جێبكات، ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی‌ كه‌ له‌كاتی‌ ڕاگه‌یاندن‌و سوێندخواردنیدا گرنگترین خاڵی‌ بریتیبوو له‌ ئه‌نجامدانی‌ چاكسازی‌‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌.
تاكه‌ خاڵێك كه‌ په‌یوه‌ست بێت به‌ سیستمی‌ فه‌رمانڕه‌واییه‌وه‌و كوردستان تیایدا سه‌ركه‌وتووبووبێت، بریتییه‌ له‌ خۆڕاگرتن‌و سه‌ركه‌وتن له‌ شه‌ڕی‌ تیرۆریستانی‌ داعشدا، ئه‌وه‌ش كه‌مترین فه‌زڵی‌ بۆ ئه‌م كابینه‌یه‌ی‌ حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و زۆرترین فه‌زڵ‌و ئازایه‌تییه‌كه‌ی‌ بۆ قوربانیدان‌و گیانفیدایی‌ هاووڵاتیانی‌ كوردستان له‌ چوارچێوی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستاندا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ چاوپۆشی‌ له‌ هه‌موو شتێكی‌ ده‌سه‌ڵات‌و سیستمی‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ ده‌كه‌ن‌و ڕووبه‌ڕووی‌ داعش یه‌كده‌ست‌و یه‌ك دڵن .
له‌ بنه‌مادا هۆكاره‌كان نابێت ببنه‌ ئامانج، حزب‌و كابینه‌كانی‌ حكومه‌ت‌و سیاسه‌ت هه‌مووی‌ هۆكارن، ئه‌وه‌ی‌ ئامانجه‌ خۆشگوزه‌رانی‌ گه‌ل‌و خه‌ونه‌كانی‌ ئێسته‌و ئاینده‌یه‌تی‌، هه‌ربۆیه‌ هه‌رشتێك نه‌توانرا له‌ ئاست‌ خواستی‌ گه‌ل‌و خه‌ونه‌كانی هاووڵاتیدا بێت بۆ ئێسته‌و ئاینده‌ی‌ سه‌ركه‌وتووبێت ئه‌وه‌ ئاسانترین شت پێویسته‌ ئه‌وه‌ بێت هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌و كۆتایی‌ پێبهێنرێت، ئه‌گه‌ر پرسی‌ حزبه‌ سیاسییه‌كان په‌یوه‌ندیدار بێت ته‌نها به‌ ئه‌ندام‌و لایه‌نگرانی‌ یه‌ك حزبه‌وه‌، ئه‌وه‌ كابینه‌ی‌ حكومه‌ت‌و پێكهاته‌ ویزارییه‌كه‌ی‌ به‌ ته‌واوه‌تی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ ته‌واوی‌ هاووڵاتیانه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ نه‌ پێویسته‌ به‌ كوفر بزانرێت‌و نه‌ پێویسته‌ به‌شتێكی‌ عه‌جیب‌و غه‌ریب بزانرێت كه‌ ئاسانترین هه‌نگاو هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ ئه‌و حكومه‌ته‌و ڕاگه‌یاندنی‌ شكستی‌ بێت، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ به‌ كۆمه‌ڵێك هۆكار ئه‌م كابینه‌یه‌ ناتوانێت له‌ ئاست خواستی‌ خه‌ڵكدا بێت به‌ شێوه‌ گشتییه‌كه‌ی‌ نه‌وه‌ك له‌ ئاست وه‌زاره‌تێك‌و دوان .
ئه‌گه‌ر هه‌ر پێنج لایه‌نه‌كه‌ ئه‌وه‌یان كرد پێكه‌وه‌، ئه‌وه‌ كارێكی‌ باشه‌و ده‌كرێت له‌سه‌ر میكانیزمی‌ حكومه‌تی‌ كاربه‌ڕێكه‌رو پێكهێنانی‌ كابینه‌یه‌كی‌ نوێ‌ به‌ كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانیش ڕێك بكه‌ون، خۆ ئه‌گه‌ر پێنج لایه‌نه‌كه‌ پێكه‌وه‌ ناتوانن له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ڕێك بكه‌ون، ئه‌وه‌ خۆ چواریان پێكه‌وه‌ یان سیانیان پێكه‌وه‌ یان دوان پێكه‌وه‌ یان هه‌ر حزبه‌و بۆخۆی‌ ده‌توانن ئازایانه‌ بچنه‌ ژێرباری‌ ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌و سه‌ربه‌رزانه‌ به‌رانبه‌ر خه‌ڵك بوه‌ستن، به‌م كاره‌شیان حزبه‌كانی‌ تریش ده‌خه‌نه‌ واقیعێكه‌وه‌ كه‌ ئیتر مه‌حاڵ بێت به‌ دوای‌ چاره‌سه‌رێكدا نه‌گه‌ڕێن بۆ دۆخی‌ ئێسته‌ی‌ كوردستان‌و هه‌نگاونان به‌ ئاقاری‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ چاره‌سه‌رو سازشكردن بۆ یه‌ك .
ده‌مه‌وێت به‌ كورتی‌ له‌م وتاره‌مدا بڵێم، پێویسته‌ حزبه‌ سیاسییه‌كان بیسه‌لمێنن ئه‌وان به‌رژه‌وه‌ندی‌ خه‌ڵك‌و هاووڵاتیانی‌‌و خزمه‌تگوزاری‌ بۆیان له‌سه‌روو به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیانه‌وه‌ ده‌بینن، ئه‌گه‌ر وایه‌، ئه‌بێت به‌ زوویی‌ یان هه‌نگاوی‌ چاكسازی‌‌و باشكردنی‌ ژیانی‌ خه‌ڵك بنێن‌و چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌م دۆخه‌ بدۆزنه‌وه‌، یان له‌و حكومه‌ته‌ بكشێنه‌وه‌و كابینه‌كه‌ بكه‌نه‌ كابینه‌یه‌كی‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌، با كه‌سیش شه‌ڕی‌ داعش نه‌كاته‌ پاساو، چونكه‌ ئه‌وه‌ی‌ شه‌ری‌ داعش‌و سه‌ركردایه‌تی‌ ده‌كات حكومه‌ت‌و وه‌زیره‌كانی‌‌و پێكهاته‌كه‌ی‌ نییه‌.

نوێترین نوسینەکانی عومه‌ر گوڵپی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌