وه‌زیری‌ كام (نه‌وت)؟

وتار/ 05/01/2021 450 جار بینراوە

عومه‌ر گوڵپی

وه‌زیری‌ كام (نه‌وت)؟

ئه‌مڕۆ له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌و بۆكسانه‌ی‌ تایبه‌تن به‌ هه‌ر په‌رله‌مانتارێك پوخته‌ی‌ ژیانی‌ ئه‌و به‌ڕێزه‌مان پێگه‌یشت كه‌ بڕیاره‌ پاش زیاتر له‌ (١٧) مانگ له‌ ده‌ستبه‌كاربوونی‌ كابینه‌ی‌ نۆیه‌م، ڕۆژی‌ چوارشه‌ممه‌، ٦ی‌ ١ی‌ ٢٠٢١، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ (نائاسایی‌!) په‌رله‌ماندا متمانه‌ی‌ پێ بدرێت‌و ببێته‌ دووه‌م وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتیه‌كان.
ئه‌گه‌رچی‌ توانایی‌‌و شاره‌زایی‌ كه‌سه‌كان له‌ پۆسته‌ باڵاكاندا گرنگه‌، به‌ڵام نه‌ من‌و نه‌ هیچ كه‌س‌و لایه‌نێك‌و نه‌ هاووڵاتیانیش له‌ كوردستان كێشه‌یان له‌گه‌ڵ خودی‌ وه‌زیری‌ (نەوت) نییه‌، به‌ڵكو كێشه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و سیاسه‌ته‌یه‌ كه‌ نه‌وتی‌ بۆ گروپێكی‌ بچوکی‌ سیاسی‌ كردووه‌ته‌ نیعمه‌ت و بۆ خه‌ڵكی‌ كوردستانیش نیقمه‌ت.
هه‌ربۆیه‌ پرسیارو وه‌ڵامی‌ گرنگ له‌ بواری‌ نه‌وت له‌ كوردستان په‌یوه‌ست نییه‌ به‌وه‌ی‌ وه‌زیر كێیه‌؟ بڕوانامه‌كه‌ی‌ چییه‌؟ به‌ڵكو په‌یوه‌سته‌ به‌وه‌ی‌ وه‌زیر چی‌ ده‌كات؟ هه‌مان سیاسه‌تی‌ نه‌وت په‌یڕه‌و ده‌كات كه‌ بووه‌ته‌ هۆی‌ برسیكردنی‌ خه‌ڵك؟ یان نه‌خێر سیاسه‌تێكی‌ نوێی‌ ده‌بێت بۆ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌؟
ئایا وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان، دامه‌زراوه‌ بینا ده‌كات‌و وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ به‌ پێی‌ یاساو په‌یكه‌ری‌ یاسایی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات یان نه‌خێر وه‌زاره‌ت هه‌ر بریتی‌ ده‌بێت له‌ جانتاكه‌ی‌ ده‌ستی‌ وه‌ك ڕابردوو؟
ئایا وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان‌و وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ له‌مه‌ودوا ملكه‌چن بۆ كاری‌ چاودێری‌ په‌رله‌مان‌و وه‌ڵامی‌ پرسیارو به‌دواداچوونه‌كان ده‌ده‌نه‌وه‌ یان خۆیانی‌ لێ ده‌دزنه‌وه‌؟
ئایا وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتیه‌كان‌و وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ ملكه‌چ ده‌بن بۆ پشكنین‌‌و وردبینی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌‌و شه‌فافانه‌ پرۆسه‌كانی‌ گرێبه‌ست‌و ده‌رهێنان‌و ناردن‌و فرۆشتنی‌ نه‌وت بۆ خه‌ڵكی‌ كوردستان ئاشكرا ده‌كه‌ن؟ یان نه‌خێر هه‌موو زانیارییه‌كان له‌ تاریكیدا ده‌مێننه‌وه‌ و كۆمپانیایه‌ك به‌ كرێ ده‌گرن تا به‌و زانیاریانه‌ ڕاپۆرت دروست بكات كه‌ پێی‌ ده‌درێت؟
ئایا وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان و وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ به‌ پێی‌ یاسا سندوقی‌ کوردستان بۆ داهاته‌ نه‌وتییه‌كان دروست ده‌كات‌و داهاتی‌ نه‌وت له‌و سندوقه‌ هه‌ڵده‌گیرێت‌و به‌كارده‌هێنرێت و کراوە دەبێت بۆ وردبینی‌ و بینینی‌ هاووڵاتیان؟ یان
 نەخێر وەک هەمیشە له‌ بانك‌و ئه‌ژمێری‌ نادیارو گوماناوی‌ دادەنرێت‌؟
ئایا وه‌زیرو وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێك ده‌كه‌وێت‌و نه‌وته‌كه‌ به‌ پێی‌ یاساو ڕێككه‌وتنه‌كان‌و به‌رژه‌وه‌ندی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌داته‌ كۆمپانیای‌ سۆمۆ وه‌ك له‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ (٢٠١٩)و پیشنیارە یاسای‌ بودجەی‌ (٢٠٢١)یشدا هاتووه؟‌ یان نه‌خێر هه‌ر نایانه‌وێت ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ جێ به‌جێبكه‌ن‌و به‌رده‌وام ده‌بن له‌ قەیرانی‌ سه‌ربه‌خۆ فرۆشتنی‌ نه‌وت‌و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ ته‌نها كه‌متر له‌ نیوه‌ی‌ داهاته‌كه‌ی و برسیمانه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان‌؟
ئایا وه‌زیرو وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ نیشتیمانی‌ مانگانه‌ ژماره‌ی‌ به‌رمیله‌ نه‌وته‌ فرۆشراوه‌كان‌و بڕی‌ داهاته‌كه‌ی‌‌و ئه‌و كۆمپانیایه‌ی‌ پێی‌ ده‌فرۆشێت بۆ خه‌ڵك‌و نوێنه‌رانی‌ گه‌ل ئاشكرا ده‌كات یان نه‌خێر هه‌موو پڕۆسه‌كه‌ به‌مجۆره‌ی‌ ئێسته‌ ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ جێگه‌ی‌ ناڕه‌زایی‌ جین‌و ئینسه‌ له‌ كوردستان؟
ئایا وەزیرو وەزارەتەکەی‌ بۆ خزمەتی‌ خەڵکی‌ کوردستان باج لەسەر ئەو کۆمپانیایانە دەسەپێنێت کە لە پرۆسەی‌ دەرهێنان‌و فرۆشتنی‌ نەوتدا بەشدارن؟ یان نەخێر بەردەوام دەبن لە لێخۆشبوونیان‌و ئەوەش دەخاتە سەر خیرو بێری ئەوان و بەردەوامی‌ نەهامەتی‌ خەڵک؟
ئەوەی گرنگە ئەوەیە: ئه‌م وه‌زیره‌ وه‌زیر ده‌بێت بۆ كام نه‌وت و سامانی‌ سروشتی‌؟ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان له‌ سایه‌یدا بحه‌وێته‌وه‌؟ یان ئه‌وه‌ی‌ كۆمپانیای‌ به‌رپرسه‌كان بە تاڵان دەیبەن و هەر رۆژێک ئەوان زیاتر پێی‌ ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بن و خەڵکیش زیاتر برسی؟
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان

نوێترین نوسینەکانی عومه‌ر گوڵپی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌