" یادیان به‌ ئازاره!"، شەهید کەیوان و هاوڕێکانى، ئەڵقەى (١)

وتار/ 04/02/2021 651 جار بینراوە

عومه‌ر گوڵپی

" یادیان به‌ ئازاره!"، شەهید کەیوان و هاوڕێکانى، ئەڵقەى (١)

نوسینى: عومەر گوڵپى
ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ هاوڕێكانی‌ شه‌هید كه‌یوان بۆ چه‌ند ساتێك بوومه‌ هاوڕێ‌، یه‌كێك له‌و‌ 34 كه‌سه‌ی‌ له‌ تاكه‌ وێنه‌كه‌یاندا دیاره‌،‌ ئه‌وكاته‌ی‌ هه‌موویان له‌ ئه‌منی‌ سلێمانی‌ پاش ده‌ستگیركردنیان‌و لێكۆڵینه‌وه‌ لێیان پیاوه‌كانی‌ ڕژێمی‌ به‌عس وه‌ك به‌شێك له‌ ڕاپۆرت‌و چالاكییان وێنه‌یه‌كیان ده‌گرن، له‌ وێنه‌كه‌دا شه‌هید كه‌یوان له‌ پێشه‌وه‌ دانیشتووه‌و سه‌رجه‌می‌ هاوڕێكانی‌ به‌ چوارده‌ورییه‌وه‌ن، به‌ وردبوونه‌وه‌ له‌وێنه‌كه‌ هه‌ست ده‌كه‌یت هه‌ریه‌كه‌یان دونیایه‌ك‌ خه‌م له‌ناوچه‌وانه‌ پاكه‌كه‌یان ده‌بارێت، له‌لایه‌ك ئه‌وپه‌ڕی‌ به‌رائه‌ت‌و له‌لایه‌ك دونیایه‌ك خه‌می‌ دایك‌و باوك‌و كه‌س‌و ئازاره‌كانی‌ زیندان. ئه‌و وێنه‌یه‌ی‌ تاكه‌ وێنه‌ی خه‌ڵكی‌ چالاكوان‌و ئازادیخوازو پێشمه‌رگه‌یه‌‌ به‌وجۆره‌ له‌ زیندانه‌وه‌ پاش ئازادی‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌ستمان.

كاك وریا، كه‌ ئه‌وكات ته‌مه‌نی‌ ته‌نها 15 ساڵ بووه‌، یه‌كێك بووه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌‌ سه‌ره‌تا له‌ قوتابخانه‌ی‌ پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌ شه‌هید كه‌یوانی‌ ناسیوه‌، خودای‌ گه‌وره‌ به‌فه‌رمانی‌ خۆی‌ ئه‌و و 10 هاوڕێی‌ تری‌ گه‌ڕانده‌وه‌ باوه‌شی‌ خێزانه‌كانیان، به‌ڵام 24ه‌كه‌ی‌ تر، كه‌ یه‌كێكیان شه‌هید كه‌مالی‌ برای‌ كاك وریابوو گه‌ڕانه‌وه‌ لای‌ په‌روه‌ردگاریان، ئه‌وان به‌ سنگێكی‌ پڕ له‌ قورئان‌و ده‌روونێكی‌ پڕ له‌ ئازایه‌تی‌‌و شكۆمه‌ندییه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ لای‌ په‌روه‌ردگاریان‌و ئه‌م ژیانه‌ پڕ له‌ جه‌ورو سته‌مه‌یان بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ به‌جێهێشت.

من زۆر خۆم به‌ قه‌رزاری‌ شه‌هید كه‌یوان‌و هاوڕێكانیان ده‌زانم، هه‌موویان، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ست بكه‌م 22 شه‌هیده‌كه‌ی‌ تر كه‌ برای‌ دایك‌و باوكیم نین هیچ جیاوازییه‌كیان هه‌بێت‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو براو مامۆستام(شه‌هید موحه‌ممه‌دو شه‌هید ئه‌حمه‌د)، خۆم به‌ قه‌رزاریان ده‌زانم‌و له‌ ته‌مه‌نی‌ هه‌رزه‌كاریمدا زۆر له‌ ژێر كاریگه‌ری‌ ئه‌واندابووم، ژیانی‌ ئه‌وان پڕاو پڕه‌ له‌ وانه‌، پڕیه‌تی‌ له‌ وانه‌ بۆ هه‌ر گه‌نجێك تازه‌ به‌ ئه‌لف‌و بێی‌ ژیان ئاشنا ئه‌بێت.

ئه‌وان تا ئێستاش چیرۆكێكی‌ نیوه‌ زانراوو زۆرێك نه‌زانراویان هه‌یه‌، هه‌ر یه‌كه‌یان ده‌ریایه‌كن له‌ وته‌و ڕازێك كه‌ شایه‌نی‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ پاش 24 ساڵ گوێیان لێ‌ بگرین.

ڕۆمانی‌ كه‌یوان، له‌ نووسینی‌ برای‌ به‌ڕێز كاك عادل باخه‌وان له‌ كاتی‌ خۆیدا(1995) وه‌ك‌و شه‌پۆلێكی‌ به‌تین‌و دڵ هه‌ژێن وابوو له‌ باسی‌ ئه‌و پۆله‌ گه‌نجه‌دا، هه‌ركه‌س ده‌یخوێنده‌وه‌ تام‌و چێژێكی‌ تایبه‌تی‌ لێ‌ ده‌بینی‌، به‌ڵام پرسیاره‌كان له‌ودیو ئه‌ده‌ب‌و ڕۆمانه‌وه‌ به‌رده‌وامن، له‌سه‌ر حه‌قیقه‌تی‌ ژیانیان، وه‌ك‌و مێژوو و وه‌ك‌و ڕووداوی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ بێ‌ جیهانه‌ به‌رزه‌فڕه‌كه‌ی‌ ئه‌ده‌ب‌، ئه‌وه‌ی‌ بتوانێت دڵی‌ شه‌یدایانی‌ ئه‌و باسه‌ تێراو بكات، ئه‌وه‌ش یه‌كیَك له‌ ئاواته‌ له‌ مێژینه‌كانی‌ منه‌، هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ی‌ دایك‌و باوكم له‌ 7ی‌3ی‌ 1991 به‌دوای‌ سۆراخی‌ ڕۆڵه‌كانیاندا سه‌ردانی‌ ئه‌منه‌ سوره‌كه‌یان كرد، ئه‌وكاته‌ی‌ هێشتا دووكه‌ڵ له‌ بیناكه‌ به‌رزده‌بوویه‌وه‌، من له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌لایه‌ك ته‌مه‌ن ڕێگه‌ی‌ نه‌ده‌دام، له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هۆكاری‌ گواستنه‌وه‌و په‌یوه‌ندیكردن ئاسان نه‌بوو نه‌متوانی‌ ئه‌و سۆراخه‌‌و ئه‌و چیرۆكه‌ بگه‌یه‌نمه‌ مه‌نزڵ، به‌ڵام وانازنم ئێسته‌ ئیتر هیچ بیانوویه‌كم هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و كاره‌ نه‌كه‌م، واته‌ چیرۆكی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ دڵی‌ شه‌هید كه‌یوان‌و هاوڕێكانی‌ له‌ ئه‌منه‌ سوره‌كه نه‌نوسمه‌وه‌‌، چیرۆكی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ فرمێسكی‌ دایكی‌ ئه‌و 24 شه‌هیده‌ی‌ كه‌ تائێستاش نه‌وه‌ستاوه‌ته‌وه‌و هێندێكیان به‌و داخه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ لای‌ په‌روه‌ردگاریان.

پشتیوان به‌خوا له‌مڕۆوه‌ به‌ ئه‌ڵقه‌ له‌سه‌ر ئه‌و شه‌هیدانه‌ ده‌نووسم‌، من ڕازی‌ دڵی‌ خۆم‌و ئه‌و ئه‌ركه‌ی‌ له‌سه‌رشانمه‌ به‌جێی‌ ده‌گه‌یه‌نم‌و ناشزانم چه‌ند دڵ ئه‌م په‌یڤانه‌ ده‌بیستێ‌‌و چه‌ند چاو به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ چیرۆكی‌ ژیانیان‌ تامه‌زرۆیه‌.

هیوادارم دره‌نگ نه‌بێت بۆ ئه‌م نووسینه‌و داوام له‌ هه‌ر به‌ڕێزێكیشه‌ زانیاریی‌ لایه‌ له‌سه‌ریان بۆم بنێرێت تا سودی‌ لێوه‌رگرم له‌ كاتی‌ نووسین‌و بڵاوكردنه‌وه‌دا.

نوێترین نوسینەکانی عومه‌ر گوڵپی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌