"یادیان به‌ ئازاره!"،شەهید کەیوان و هاوڕێکانى،ئەڵقەى/2

وتار/ 08/02/2021 473 جار بینراوە

عومه‌ر گوڵپی

بارودۆخی‌ به‌ر له‌ چالاكییه‌كانیان ‌و ده‌ستگیركردنیان... ئەڵقەى (٢) لە ژیانى شەهید کەیوان و هاوڕێکانى

نووسینى: عومەر گوڵپى

كاتێك باس له‌ ڕووداوێكی‌ مێژوویی‌ ده‌كه‌ین، یان له‌سه‌ر خودی‌ ڕووداوێكی‌ ڕاسته‌قینه‌ قسه‌ ده‌كه‌ین ناكرێت له‌ باسكردنی‌ هه‌موو ئه‌و ڕه‌هه‌نده‌ جۆراوجۆرانه‌ خۆمان به‌ دوور بگرین كه‌ چوارده‌وری‌ ڕووداوه‌كه‌یان داوه‌، به‌تایبه‌ت كاتێك باسی‌ گروپێك گه‌نج ده‌كه‌ین كه‌ له‌ زه‌مه‌نی‌ گه‌شتنه‌ ترۆپكی‌ ترس‌و تۆقاندندا، له‌ زه‌مه‌نی‌ ته‌واو به‌هێزیی‌ ڕژێمی‌ سه‌ددامدا چالاكییان نواندووه‌و كاری‌ سیاسی‌‌و سه‌ربازیان ئه‌نجامداوه‌، گه‌نجانێك كه‌ له‌نێوان ته‌مه‌نی (١٢ بۆ ٢٠)‌ ساڵیدابوون، به‌جۆرێك زۆرینه‌و ته‌نانه‌ت كه‌سی‌ یه‌كه‌میشیان كه‌ شه‌هید كه‌یوانه‌ ته‌مه‌نی‌ له‌ خوار ته‌مه‌نی‌ باڵقبوونه‌وه‌ بووه‌، له‌باسی‌ ئه‌م گه‌نجانه‌دا ناكرێت باسی‌ ژیانی‌ پێش چالاكی‌‌و په‌روه‌رده‌یی‌ ئه‌واندا گوزه‌رنه‌كه‌ین، به‌تایبه‌ت باسكردنی‌ ئه‌و بارودۆخه‌ی‌ ڕژێمی‌ سه‌ددام خوڵقاندبووی‌ له‌و ساڵانه‌دا باشتر هاوكارمان ده‌بێت له‌ تێگه‌شتن له‌ ڕووداوه‌كه‌و ئه‌و چالاكییانه‌ی‌ ئه‌م پۆله‌ گه‌نجه‌ ئه‌نجامیاندا تا ئه‌و كاته‌ی‌ له‌ ئه‌منی‌ سلێمانی‌ له‌ به‌هاری‌(١٩٨٩) شه‌هیدكران.

هیچ كه‌س ناتوانێت به‌ ئاسانی‌ له‌و هاوكێشه‌یه‌ تێبگات ته‌نها ئه‌و كاته‌ نه‌بێت واقیعی‌ ژیانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ بهێنیته‌ پێشچاوی‌ خۆی‌ له‌ ساڵانی(١٩٨٨، ١٩٨٩)‌دا، ئه‌و كاته‌ی‌ هه‌موو شتێك قه‌ده‌غه‌ كرابوو، هه‌موو باسێك له‌باره‌ی‌ شۆڕش‌و دژایه‌تی‌ سه‌ددام‌و پێشمه‌رگه‌وه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی‌ ڕووبه‌ڕووی‌ مه‌رگ‌و زیندان ده‌كرده‌وه‌، ئه‌و ڕۆژانه‌ی‌ كه‌ ته‌نانه‌ت ده‌ره‌وه‌ی‌ شه‌قامی‌ شه‌ستییه‌كه‌(مه‌لیك مه‌حمودی‌ ئێستا) به‌ سنورێكی‌ قه‌ده‌غه‌كراوو و زه‌وی‌ قه‌ده‌غه‌كراو حساب ده‌كرا.

من ته‌مه‌نم ته‌نها یانزه‌ ساڵ بوو كاتێك ماڵه‌وه‌مان دوای‌ كیمیاییبارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌‌و ئاواره‌یی‌ ئێران به‌ ڕێگه‌ی‌ قه‌ندیل‌و به‌شێوه‌ی‌ قاچاغ گه‌ڕابووینه‌وه‌ سلێمانی‌، دیمه‌نی‌ ژیانی‌ سلێمانیم له‌بیر دێت، به‌تایبه‌ت زۆرچاك له‌بیرمه‌ ئه‌و شوێنه‌ی‌ ئێسته‌ ژێر پرده‌كه‌یه‌ ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ پیاوێكی‌ ڕژێم له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ (دیاره‌ مه‌به‌ست مه‌فره‌زه‌ی‌ ڕێكخستنی‌ ناوشاره‌) كوژرابوو، ڕژێمی‌ سه‌ددام‌و دام‌و ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌كانی‌ ڕه‌شبگیرییه‌كی‌ باشیان له‌و شوێنه‌ ئه‌نجامدابوو پاشان ته‌واوی‌ دوكانه‌كانی‌ ئه‌مبه‌رو ئه‌وبه‌ری‌ ئه‌و شه‌قامه‌یان ڕووخاندبوو، ئه‌وه‌ سیاسه‌تی‌ نوێی‌ ڕژێم بوو له‌و ساڵانه‌دا كه‌ ئه‌گه‌ر چالاكییه‌ك له‌دژی‌ له‌ شوێنێكدا ئه‌نجامبدرایه‌ ئه‌وا ڕه‌شبگیریی‌‌و ڕووخاندن ئه‌و شوێن‌و ماڵانه‌ ده‌رئه‌نجامی‌ بوو، مرۆڤ كاتێك له‌و شوێنه‌وه‌ به‌شه‌قامی‌ مه‌وله‌ویدا تێده‌په‌ڕی‌ ئه‌گه‌رچی‌ نه‌شیزانیایه‌ چ باسه‌ به‌ڵام هه‌ستی‌ به‌ ترس‌و تۆقاندنێكی‌ زۆر ده‌كرد، ئه‌و شه‌قامه‌ی‌ ئه‌مبه‌رو ئه‌وبه‌ری‌ به‌ پیاوی‌ ڕژێم ته‌نرابوو، به‌ هێزه‌ جۆراوجۆراكانی‌، خێرا خێرا به‌ ده‌نگی‌ هه‌ویته‌ك(ناسنامه‌كه‌ت) به‌ ئاگا ده‌هاتیته‌وه‌، هیچ ده‌رفه‌تێكیش بۆ پرسیاركردن‌و ده‌ستكه‌وتنی‌ وه‌ڵام له‌ ئارادا نه‌بوو له‌سه‌ر هه‌ر ڕووداوێك كه‌ ڕووی‌ ده‌دا، ئه‌وه‌ش له‌ ترسی‌ ئه‌و هه‌زاره‌ها هه‌زار جاسوس‌و خۆ فرۆشه‌ی‌ كه‌ ڕژێمی‌ سه‌ددام‌و ده‌زگا جۆراوجۆره‌ ئه‌منی‌‌و سه‌ربازییه‌كانی‌ له‌ناو خه‌ڵكیدا چاندبوونی‌، ته‌نانه‌ت مرۆڤ متمانه‌ی‌ به‌ براو باوكی‌ خۆشی‌ نه‌ده‌كرد قسه‌یه‌كی‌ نهێنی‌ له‌لا باس بكات.

ئه‌و كورته‌ باسه‌م بۆ ئه‌وه‌بوو، ملی‌ وشه‌كان بگرم‌و ورده‌ ورده‌ وه‌ڵامی‌ ئه‌و پرسیاره‌ بده‌مه‌وه‌ كاتێك ده‌پرسێت ئه‌وه‌ چ ئازایه‌تی‌‌و لێهاتوویی‌‌و نه‌به‌ردییه‌كه‌ له‌و زه‌مه‌ن‌و سه‌رده‌مه‌دا خه‌ڵكێك باوه‌ڕی‌ به‌ دژایه‌تی‌ ڕژێمێكی‌ له‌وجۆره‌ هه‌بێت؟ كارو كۆبوونه‌وه‌ بكات‌و چالاكی‌ سه‌ربازی‌ ئه‌نجام بدات؟ ته‌نانه‌ت نه‌خشه‌ی‌ كوشتنی‌ پارێزگاری‌ ئه‌وكات دابنێت؟

بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانین وه‌ڵامی‌ ئه‌و پرسیاره‌ بده‌ینه‌وه‌ ده‌بێت به‌ دوای‌ په‌روه‌رده‌و بانكگراوندی‌ ڕۆشنبیریی‌ ئه‌و گه‌نجانه‌دا بڕۆین، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای‌ سه‌رهه‌ڵدان‌و گه‌شه‌كردنی‌ بیریی‌ ئیسلامی‌ له‌ ده‌ڤه‌ری‌ هه‌ڵه‌بجه‌و شاره‌زوور، ئه‌و شارو ناوچه‌یه‌ی‌ به‌ لانكه‌ی‌ گه‌شه‌كردنی‌ ڕابوونی‌ ئیسلامی‌‌و له‌سه‌رپَی‌ وه‌ستانی‌ دێته‌ ئه‌ژمار.

له‌ سه‌ره‌تای‌ ساڵانی‌ په‌نجاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ ڕابردوودا كۆمه‌ڵه‌ی‌ برایانی‌ مسوڵمان ڕۆڵێكی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بوو له‌ په‌روه‌رده‌كردنی‌ گه‌نجه‌كان‌و گه‌شه‌پێدانه‌وه‌ی‌ مزگه‌وته‌كان‌و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ ڕۆڵ‌و پێگه‌ی‌ مامۆستایانی‌ مزگه‌وت له‌ كۆمه‌ڵگه‌و له‌ شانۆی‌ سیاسیدا، كه‌ خۆی‌ له‌ په‌روه‌رده‌كردنی‌ تاك‌و خێزان‌و پاشان كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌بینییه‌وه‌، بێگومان ئه‌م په‌روه‌ده‌كردنه‌وه‌ی‌ تاكه‌ به‌شێكی‌ گرنگی‌ فێركردن‌و ڕاهێنانه‌ له‌ وه‌ستانه‌وه‌ له‌ دژی‌ سته‌م‌و زۆرداری‌، ئه‌گه‌رچی‌ له‌ ڕووخساردا وانه‌بێت به‌ڵام ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی‌ هه‌مان شت بوو.

ئه‌و په‌روه‌رده‌كردن‌و جموجوڵه‌ بوو به‌سه‌ره‌تایه‌ك بۆ دروستبوونی‌ ته‌وژمێك دژی‌ ڕژێمی‌ به‌عس‌و به‌ كردار چوونه‌ نێو بازنه‌ی‌ دژایه‌تیكردنی‌ به‌عسه‌وه‌، ئه‌م دژایه‌تییه‌ش به‌عس زۆر لێی‌ ده‌ترساو زۆریش دژایه‌تی‌ ده‌كردو ڕووبه‌ڕووی‌ هه‌ڵگرانی‌ ئه‌م بیروڕایه‌ ده‌بوویه‌وه‌.

ئه‌م ته‌وژم‌و جموجوڵ‌و دروستكردنی‌ ڕێكخستنه‌ بۆ ئیسلامییه‌كان دره‌نگ وه‌خت بوو، چونكه‌ هه‌ڵگرانی‌ بیریی‌ نا ئیسلامی‌ زۆر ده‌مێك بوو شۆڕشیان له‌ دژی‌ ڕژێمی‌ به‌عس هه‌ڵگیرساندبوو، به‌تایبه‌ت له‌ساڵی(١٩٧٥)‌ه‌وه‌ پاش هه‌ره‌سی‌ شۆرششی‌ ئه‌یلول (كه‌ شۆڕشی‌ هه‌موو خه‌ڵكی‌ بوو بێ‌ جیاوازی‌ بیروباوه‌ڕو ئایدۆلۆجیا) هێزه‌كانی‌ مه‌یدانی‌ خه‌بات‌و تێكۆشانی‌ كوردایه‌تی‌ ململانێ‌و كێبڕكێیان بوو له‌ به‌كارهێنانی‌ دروشمی‌ دوور له‌ ئاینی‌‌و عه‌لمانی‌، وه‌ك چاولێگه‌رییه‌ك بۆ ئه‌و ته‌وژمه‌ دژه‌ دینی‌‌و لینیینیه‌ی‌ كه‌ خۆی‌ به‌ داكۆكیكاری‌ چه‌وساوان ده‌زانی‌‌و خاوه‌نی‌ ئه‌ده‌بیاتێكی‌ ده‌وڵه‌مه‌ندبوو له‌م مه‌یدانه‌دا.

شه‌هید كه‌یوان‌و هاوڕێكانی‌، كه‌ په‌روه‌رده‌ی‌ زۆرینه‌یان بۆ ساڵی‌(١٩٨٣) به‌دواوه‌ له‌سه‌رده‌ستی‌ ئه‌و مامۆستاو ڕابه‌رو چالاكانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ به‌ بیریی‌ برایانی‌ مسوڵمان(اخوان مسلمین) ده‌ستیان به‌ جموجوڵ كردبوو، من ناگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌و كه‌س‌و هێزو جیاوازییه‌ فیكرییانه‌ی‌ كه‌ هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌وه‌ سه‌ریان هه‌ڵدا، به‌ڵام مه‌به‌ستمه‌ بڵێم پاشخانی‌ فیكریی‌‌و په‌وه‌رده‌یی‌ شه‌هید كه‌یوان‌و هاوڕێكانی‌ بۆ مزگه‌وته‌كانی‌ شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌و شارۆچكه‌كانی‌ سیروان‌و خورماڵ‌و سه‌یدسادق‌و پێنجوێن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وان له‌و مزگه‌وتانه‌وه‌ ئاشنای‌ بیروباوه‌ڕو ڕه‌وشته‌كان‌و زۆر شتی‌ تر بوون.

بیرم دێت شه‌هید موحه‌ممه‌دی‌ برام هه‌میشه‌ وانه‌ی‌ هه‌بوو، له‌ هه‌ر شارێك ژیابین، هه‌ڵه‌بجه‌، خورماڵ، سیروان، به‌تایبه‌ت له‌ شارۆچكه‌ی‌ سیروان كه‌ شه‌هید كه‌یوانیش له‌ پێش ساڵی(١٩٨٧)‌ه‌وه‌ له‌و شارۆچكه‌یه‌ ده‌ژیان، ئه‌وان وانه‌یان له‌ مزگه‌وته‌كانی‌ ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ بانگخوازانی‌ ئه‌وكات ده‌خوێند.

ئێسته‌ش ئه‌و سه‌ره‌تا زۆر جوان‌و سادانه‌م له‌ یاده‌، ئه‌وساتانه‌ی‌ تازه‌ به‌تازه‌ مزگه‌وته‌كان ده‌بوونه‌ شوێنی‌ گه‌نجه‌كان‌و هێندێ‌ چالاكی‌ ئاینی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و په‌روه‌رده‌یی‌ تیا ده‌نوێنرا، به‌تایبه‌ت یاده‌كانی‌ مه‌ولودو شه‌وڕه‌وی‌(ئیسراو میعراج)، كه‌ به‌وتارو سرودو شیعرو په‌خشان ده‌ڕازێنرانه‌وه‌، ئه‌و گه‌نج‌و مێردمناڵانه‌ هه‌ڵسوڕێنه‌ری‌ ئه‌و یادانه‌ بوون، به‌تایبه‌ت به‌ وتنی‌ سرودو دروستكردنی‌ تیپی‌ تایبه‌ت به‌و یادانه‌و به‌ڕێوه‌بردنیان...

خوایه‌ بڕژه‌ لێزمه‌ بارانی‌ ڕه‌حمه‌ت ... به‌سه‌رگیانی‌ موحه‌ممه‌د تا قیامه‌ت، ئای‌ كه‌ ئاوازێكی‌ دڵڕفێن بوو، ئێسته‌ش ئه‌و ئاوازانه‌ له‌ گوێمدا ده‌زرگێنه‌وه‌، كه‌ له‌زۆرێكیاندا شه‌هید موحه‌ممه‌دو شه‌هید ئه‌حمه‌دی‌ برام به‌شدارده‌بوون، به‌ وتن‌و كۆرس له‌گه‌ڵ هاوڕێیان‌و قوتابیانی‌ تردا.

مزگه‌وته‌كان جمه‌یان ده‌هات له‌و گه‌نجه‌ تازه‌ پێگه‌شتووانه‌، وانه‌كانی‌ ته‌جویدو قورئان خوێندن‌و فیقه‌و فه‌رمووده‌و بیروباوه‌ڕ به‌رده‌وام ده‌بوون، له‌ مزگه‌وت‌و له‌ ماڵان، به‌ نیوه‌ ئاشكراو نیوه‌ نهێنی‌، به‌جۆرێكی‌ لێهاتبوو ڕژێم ده‌ستی‌ لێ‌ شۆردبوون، چونكه‌ یه‌ك‌و دووان نه‌بوون، حاڵه‌تێكی‌ تێكڕایی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ئاینی‌ وه‌رگرتبوو، ته‌نانه‌ت هاوكاری‌‌و هه‌ماهه‌نگی‌ خه‌ڵك بۆ دژایه‌تیكردنی‌ به‌عس به‌جۆرێك بوو له‌و ده‌ڤه‌ره‌ هه‌ر ئێواره‌ی‌ لێده‌هات پێشمه‌رگه‌ یه‌ك یه‌ك‌و دوو دوو ده‌رده‌كه‌وتن، له‌ ماڵان ده‌مانه‌وه‌، یان سه‌ردانی‌ كه‌س‌و كاریان ده‌كرد، یان چالاكییان ئه‌نجام ده‌دا، ئه‌مه‌ دیمه‌نه‌: بوژانه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌‌و جموجوڵی‌ پێشمه‌رگه‌ بووبووه‌ سیمای‌ هه‌ڵه‌بجه‌و شارۆچكه‌كانی‌ ده‌ورووبه‌ری‌، هه‌ربۆیه‌ ڕژێمی‌ سه‌ددام به‌ كیمییباران وه‌ڵامی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی‌ دایه‌وه‌و ڕقی‌ خۆی‌ به‌سه‌ردا ڕشت، چونكه‌ بارودۆخه‌كه‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ له‌ ده‌ست پیاوه‌كانی‌ ده‌رچووبوو، زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵك دژ به‌ ڕژێم چالاك بوو، هه‌ركه‌سه‌و به‌ جۆرێك.

شه‌هید كه‌یوان‌و هاوڕێكانی‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامان‌و شاره‌زووره‌وه‌ هاتبوونه‌ سلێمانی‌ ئه‌مه‌ سه‌ره‌تایان بوو، له‌وێ‌ یه‌كیان ناسی‌‌و په‌روه‌رده‌ كرابوون، پێشینه‌یه‌كیان هه‌بوو له‌ جموجوڵ‌و ئه‌ده‌بیاتی‌ دژایه‌تیكردنی‌ ڕژێم، بۆیه‌ كاتێك له‌ ساڵی(١٩٨٨)‌ به‌دواوه‌ هاتنه‌ سلێمانی‌ له‌م چالاكییه‌ به‌رده‌وامبوون‌و درێژه‌یان پێداو كاری‌ سه‌ربازیشی‌ له‌دژی‌ به‌عس له‌ خۆگرت.

ئه‌مه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ كه‌ باسمانكرد به‌ كورتی‌ پوخته‌یه‌ك بوو له‌باره‌ی‌ ژیانی‌ پێشینه‌ی‌ شه‌هید كه‌یوان‌و هاوڕێكانی‌ له‌ په‌روه‌رده‌و ڕێكخستن، ئه‌ڵبه‌ت له‌م كورته‌یه‌دا من هیچ باسێكم له‌باره‌ی‌ ڕێكخستنی‌ حزبییه‌وه‌ نه‌كرد، چونكه‌ به‌بڕوای‌ خۆم ژیانی‌ سیاسی‌‌و په‌روه‌رده‌یی‌‌و ڕێكخستنی‌ شه‌هید كه‌یوان‌و هاوڕێكانی‌ له‌وه‌ زیاتر نه‌بووه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ باسی‌ ته‌مه‌نی‌ ناوه‌ندی‌‌و سه‌ره‌تاییانه‌، كه‌ دیاره‌ بۆ گه‌نجێكی‌ ته‌مه‌ن دوانزه‌ بۆ پانزه‌ ساڵ له‌وه‌ زیاتر هه‌ڵناگرێت. ئه‌وان ته‌نها وه‌ك‌و ڕێبوارو قوتابییه‌ك كه‌ وانه‌یان ده‌خوێندو قوتابی‌ مزگه‌وت‌و شانه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان بوون‌و خۆیان به‌ بیروباوه‌ڕو ڕه‌وشت‌و چیرۆكی‌ هاوه‌ڵان‌و له‌به‌ركردنی‌ قورئانی‌ پیرۆز سه‌رقاڵ ده‌كرد، ئه‌وان گه‌نجانێك تازه‌ به‌تازه‌ به‌ ژیان ئاشنا ده‌بوون، هه‌موو گیانیان تواناو چالاكی‌ بوو، ئاماده‌بوون قوربانی‌ به‌ هه‌موو شتێك بده‌ن له‌پێناو ئه‌و ڕێگاو ڕێبازه‌ی‌ له‌سه‌ری‌ په‌روه‌رده‌ ده‌بوون، به‌جۆرێك پێم خۆشه‌ ئه‌م دوو به‌سه‌رهاته‌ وه‌ك دوو نمونه‌ی‌ ئازایه‌تی‌‌و دڵگه‌رمی‌ ئه‌وان بۆ پابه‌ندی‌ به‌ په‌رستش‌و مزگه‌وته‌وه‌ بگێڕمه‌وه‌:

نمونه‌ی‌ یه‌كه‌م: هه‌ر له‌سه‌ره‌تای‌ شه‌ڕی‌ نه‌گریسی‌ ئێران عێراقه‌وه‌ زۆرێك له‌ شاره‌كانی‌ عێراق‌و كوردستان ڕووبه‌ڕووی‌ كاولكاری‌ شه‌ڕو كوشتار بوونه‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ ساڵانی‌ كۆتایی‌ شه‌ڕدا هه‌ردوو لایه‌نی‌ شه‌ڕكه‌ر زۆر بێ‌ به‌زه‌ییانه‌ تۆپبارانی‌ ناوچه‌ مه‌ده‌نییه‌كانیان ده‌ستپێكردبوو، كوێرانه‌ بۆمبارانی‌ شاره‌كانی‌ یه‌كیان ده‌كرد، هه‌ڵه‌بجه‌و خورماڵ‌و سیروانیش پشكی‌ شێریان به‌ركه‌وتبوو له‌م تۆپبارانه‌دا.

ساڵێك به‌ر له‌ كیمیاییبارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌، له‌ ڕۆژێكی‌ به‌هاری(١٩٨٦)‌دا ئێران به‌ خه‌ستی‌ بۆردوومانی‌ شارۆچكه‌ی‌ سیروانی‌ ده‌كرد، ئێمه‌ ئه‌و كات ماڵمان له‌ نزیك مزگه‌وتی‌ سه‌ڵاحه‌ددین بوو له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ شارۆچكه‌كه‌، كاتی‌ نوێژی‌ نیوه‌ڕۆ شه‌هید ئه‌حمه‌دی‌ برام ده‌یویست بچێت بۆ مزگه‌وت، باوكم زۆری‌ پێوت كه‌ نه‌چێت‌و نویًژه‌كه‌ی‌ له‌ ماڵه‌وه‌ بكات، چونكه‌ بارودۆخه‌كه‌ خراپه‌و ناوچه‌كه‌ له‌ ژێر تۆپباراندایه‌، ئێمه‌ ناوبه‌ناو گوێمان له‌ ده‌نگی‌ ته‌قینه‌وه‌و هاتنی‌ تۆپه‌كان ده‌بوو، زۆربه‌ی‌ كات له‌ سه‌روو سیروانی‌ ده‌دا كه‌ به‌ كارگه‌ی‌ په‌تاته‌كه‌ ناسرابوو، به‌ڵام هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی‌ موشه‌ك‌و تۆپه‌كان بۆ ناوماڵان‌و شوێنه‌كانی‌ تریش شتێكی‌ چاوه‌ڕوان كراوبوو، به‌ڵام كاك ئه‌حمه‌دی‌ برام گوێی‌ به‌ داواكه‌ی‌ باوكم نه‌دا، ده‌یوت نوێژه‌كه‌م له‌ مزگه‌وت زۆر گرنكه‌و باسی‌ فه‌زڵی‌ نوێژی‌ مزگه‌وت‌و جه‌ماعه‌تی‌ ده‌كرد، هیچ نییه‌و ئه‌وه‌ی‌ خوا نه‌یكات نابێت‌و له‌گه‌ڵ ئه‌م قسه‌و گفتوگۆیانه‌دا له‌گه‌ڵ باوكم، چووه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ره‌و مزگه‌وت، چه‌ند ساتێكی‌ كه‌م‌و لوره‌ی‌ تۆپێك هات، ڕۆژێكی‌ خۆشی‌ به‌هاربوو، هه‌موو له‌ حه‌وشه‌كه‌ی‌ ماڵه‌كه‌مان له‌بن كه‌پرێك كه‌ سه‌ره‌كه‌ی‌ به‌ داری‌ مێو ته‌نرابوو، ناوبه‌ناویش له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ هێشتا وه‌ك‌و پێویست گه‌ڵای‌ نه‌كردبوو تیشكی‌ خۆر ده‌هاته‌ ژووره‌وه‌، پاش ئه‌و ساته‌ كه‌مه‌ ده‌نگی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ تۆپه‌كه‌ له‌ كۆڵانه‌كه‌مان هه‌موومانی‌ ناچاركرد ڕوو به‌عه‌رزه‌كه‌ به‌ ڕوودا خۆمان پاڵ خه‌ین، له‌ناو ده‌نگی‌ پارچه‌ی‌ تۆپ‌و ته‌پ‌و تۆزو دووكه‌ڵ‌و بۆنی‌ باروتی‌ گوله‌ تۆپه‌كه‌دا هه‌ستاینه‌وه‌، ئێمه‌ هه‌موو سه‌لامه‌ت بووین، باوكم یه‌كسه‌ر بۆ ده‌ره‌وه‌ ڕایكرد، بینینی‌ تۆپه‌كه‌ له‌به‌رده‌م ماڵی‌ دراوسێیه‌كماندا داویه‌تی‌ له‌ تراكتاتۆرێكی‌ كشتوكاڵی‌ كه‌ له‌وێ‌ وه‌ستابوو، شه‌هید ئه‌حمه‌دی‌ براشم گه‌شتبووه‌ ئه‌و سه‌ری‌ كۆڵانه‌كه‌و به‌ ڕاكردن خۆی‌ كرده‌وه‌ به‌ ماڵا، باوكم وتی‌ نه‌موت ڕۆڵه‌ مه‌چۆ، ئه‌ویش كه‌ یه‌كپارچه‌ ئازایه‌تی‌‌و چاونه‌ترسی‌ لێ‌ ده‌باری‌ وتی‌ باوكه‌ گیان هیچ نییه‌و ئه‌وه‌ی‌ خوا نه‌یكات نابێت‌و تۆزێك پێكه‌نی‌.

نمونه‌ی‌ دووه‌م: ڕژێمی‌ سه‌ددام له‌ساڵانی (١٩٨٦، ١٩٨٧)‌دا نه‌ریتێكی‌ نه‌گریسی‌ داهێنابوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ له‌گه‌ڵ ڕژێمه‌كه‌ی‌ پابه‌ندكات یان لانی‌ كه‌م هاوسۆزی‌ بكات، ئه‌گه‌رچی‌ به‌زۆریش بێت، نازانم له‌ ناوچه‌و شاره‌كانی‌ تریش هه‌روابوو یان نا؟ ئه‌و قوتابییه‌ی‌ له‌ پۆله‌كانی‌ ئاماده‌یی‌ بوو ده‌بوو له‌ هاوین‌و كاتی‌ ته‌واوبوونی‌ ده‌وامی‌ قوتابخانه‌ بچێته‌ سه‌ربازگه‌ی‌ تایبه‌تی‌ لاوانه‌و مه‌شق‌و ڕاهێنان‌و وانه‌ی‌ به‌عسیانه‌ بخوێنێت بۆ ماوه‌یه‌ك، وابزانم نزیكه‌ی‌ (١٥) ڕۆژ یان زیاتر، ئه‌وكات ده‌یانوت ئه‌و سه‌ربازگه‌و خێوه‌تانه‌ هی‌ جه‌یشی‌ شه‌عبین.

هێندێك له‌ گه‌نجانی‌ ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئاماده‌ نه‌بوون بچنه‌ ئه‌و خێوه‌تگانه‌و ئه‌و چالاكییه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ جه‌یشی‌ شه‌عبیدا ئه‌نجام بده‌ن ڕووبه‌ڕووی‌ ده‌ركردن بوونه‌وه‌ له‌ قوتابخانه‌و نه‌یانده‌توانی‌ درێژه‌ به‌ خوێندن بده‌ن، تا ئه‌و چالاكییه‌ ئه‌نجام نه‌دات، ئه‌وه‌ش به‌ دڵنیاییه‌وه‌ به‌لای‌ كه‌مه‌وه‌ ده‌بوویه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ گه‌نجانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ نه‌خوێنده‌وارو بێ‌ شه‌هاده‌ بمێننه‌وه‌ ئه‌وه‌ش یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانی‌ به‌عس بوو.

هاوینی(١٩٨٦)‌ كاتێك شه‌هید موحه‌ممه‌دی‌ برام قۆناغی‌ چواری‌ ئاماده‌یی‌ ته‌واو كرد، ده‌بوو بچێته‌ ئه‌و سه‌ربازگه‌یه‌و ئه‌و ماوه‌یه‌ له‌وێ‌ بمێنیـَته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌لای‌ كاك موحه‌ممه‌دمه‌وه‌ شتێكی‌ حه‌رام‌و ڕێگه‌ پێنه‌دراوبوو، چۆن ده‌بێت مرۆڤی‌ مسوڵمان بچێته‌ سه‌ربازگه‌ی‌ ڕژێمی به‌عسه‌وه‌؟ پاش چه‌ند ڕۆژێك مانه‌وه‌و تاوتوێكردنی‌ ئه‌و باسه‌ له‌ماوه‌ڵه‌وه‌ باوه‌ڕی‌ نه‌هێنا كه‌ بچێت، بۆیه‌ به‌ناچاری‌ هێندێ‌ له‌ مامۆستایانی‌ تر كه‌ بیرتیژتر بوون‌و دوورتریان ده‌ڕوانی‌‌و به‌باشیان نه‌ده‌زانی‌ به‌هۆی‌ به‌شداریكردن له‌ خێوه‌تگه‌ یان سه‌ربازگه‌یه‌ك بۆماوه‌ی‌ 15 ڕۆژ گه‌نجێك له‌ خوێندن داببڕێت‌و له‌ بڕوانامه‌ بێ‌ به‌ش ببێت، بۆیه‌ بڕوایان به‌كاك موحه‌ممه‌دی‌ برام هێنا بچێت ئه‌و كاره‌ بكات‌و پاشان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ خوێندن بێبه‌ش نه‌بێت، ئه‌ویش به‌گوێی‌ كردن‌و بۆماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ هاوڕێ‌‌و هاوپۆله‌كانیدا هاته‌ ئه‌و خێوه‌تگه‌یه‌ له‌ سلێمانی‌‌و گه‌ڕایه‌وه‌.

ئه‌و دوو نمونه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌بوو كه‌ ژیانی‌ ئه‌وسای‌ ئه‌و گه‌نجانه‌ی‌ هاوڕێی‌ شه‌هید كه‌یوان بخه‌ینه‌ڕوو، من دڵنیام ئه‌وانیتریش به‌ هه‌مانشێوه‌ ئه‌گه‌ر زیاتر نمونه‌ی‌ ئازایه‌تی‌‌و هه‌ڵوێست نه‌بووبن كه‌متر نه‌بوون، به‌تایبه‌ت خودی‌ شه‌هید كه‌یوان‌و شه‌هید موسا كه‌ من له‌ نزیكه‌وه‌ ده‌مناسین‌و به‌ خزمه‌تیان گه‌شتبووم چه‌ند جارێك، به‌تایبه‌ت شه‌هید موسا كه‌ هاوڕێی‌ گیانی‌ به‌ گیانی‌ شه‌هید ئه‌حمه‌دی‌ برام بوو، كاتێ‌ شه‌هیدبوو نزیكه‌ی‌ ¾ ی‌ قورئانی‌ له‌به‌ربوو له‌ كاتێكدا ته‌مه‌نی‌ له‌ (١٦)ساڵ تێپه‌ڕی‌ نه‌كردبوو، خوا یاربێت به‌ درێژی‌ له‌م باسانه‌ ده‌دوێین‌و ئه‌وپه‌ڕی‌ توانا خۆم ماندوو ئه‌كه‌م له‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ ئه‌م لاپه‌ڕه‌ زێڕینانه‌ی‌ ژیانی‌ ئه‌م پۆله‌ گه‌نجه‌ی‌ گه‌له‌كه‌ماندا، چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌ڵقه‌ی‌ داهاتووبن.

بۆ خوێندنەوەى ئەڵقەى یەکەم، كلیم لەم لینکەى خوارەوە بكه‌:

نوێترین نوسینەکانی عومه‌ر گوڵپی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌