زانایانی ئایینی لە پێودانگی وەزارەتی ئەوقاف .

وتار/ 28/02/2017 1194 جار بینراوە

حسن عبدالله‌

زانایانی ئایینی لە پێودانگی وەزارەتی ئەوقاف .

زانایانی ئیسلام لە مێژوی کۆن و نوێ گەلی کورددا خاوەن مێژویەکی پڕشنگدار و لێوان لێو لەشانازی و سەروەرین، هەمیشە پێشەنگ بون لە ئاڕاستە کردنی تاک و خێزان و کۆمەڵگە بەرەو بەرزترین بەها و باشترین ڕێگە و پاکترین ژیان . زانایان تەمەنی خۆیان بۆ خزمەتکردنی بەرامبەر سەرف دەکەن و وەک مۆم سوتاون لە پێناو ڕۆشن کردنەوەی ڕێبازی ژیانی ئەوانی تر، کام مەیدان هەیە زانایان ئەسپی خۆیان تێدا تاو نەدابێت؟ چ بوارێکی پۆزەتیڤ هەیە ئەوان تێیدا باڵادست نەبوبن؟
قوتابخانە ئەدەبیەکان قەرزداری حوجرە و زانایانی ئیسلامن، لەڕوی ئاشتی کۆمەڵایەتی دا هەمیشە مایەی دڵنیایی و تاکە خاڵی گرەنتی بوون، ئیتر ئەوان بەجۆرێک لەگەڵ خەڵک و جەماوەردا ژیاون کە هیچ شین و شاییەک نیە ئەوانیش هاوسۆز و هاوئاهەنگ نەبوبن! هەر ئەوەشە وای کردوە کە زانایان مەزییە و ڕێزێکی تایبەتییان لەلای سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا هەبێت و جۆرێک لە پارێزبەندی کۆمەڵایەتییان پێ بڕابێت. لەبەرامبەردا وەزارەتی ئەوقاف وەک تاکە لایەنی فەرمی و پەیوەست بە کاروباری ئایینی و زانایانی ئایینیی، ئەرکی سەرشانی ئەوەیە کە پارێزگاری بکات لە شکۆی زانایان و کارئاسانییان بۆ بکات لە پێناو زیاتر ڕاییکردنی ئەو خزمەتانەی کە پێشکەشی مرۆڤ کوردیان کردوە، دەبوایە ئەوقاف هەمیشە وەک ماڵی دووەمی زانایان بوایە و وەک پەنایەک لەکاتی پێویست دا پەنایان بۆی بردبایە و داوای هاوکاریان لە بەرپرسانی ئەوی بکردبایە!
بەڵام بەداخەوە ئەوقاف لە جیاتی ئەوە، بەردەوام ڕۆڵی دەزگایەکی هەواڵگری و سەربازی گێڕاوە لەئادت زانایان و سەرکەوتوترین فەرمانگە بوە لە سەرکوتکردنی زانایان و فەرمانبەرانی لەسەر هەندێک بنەمای تەسکی حزبایەتی، دەتوانم بڵێم زۆر بێ ئەمەکانە ڕەفتاری کردوە دەرهەق بە قوربانی دانی زانایان. ڕێنمایی و بڕیارەکانی ئەوقاف ئەوپەڕی بێ متمانەیی تێدا بەدی دەکرێت لە ئاست ئەو توێژە کاریگەرەی نێو کۆمەڵگە، کە دواترین بڕیاریشی دوای ئەنجام دانی کۆنفڕانسێک 'بەناو' بۆ پێش خستن و پەرەپێدانی وتاری هەینی ئەوەیە کە زانایان بابەتیان بۆ دەست نیشان بکرێت و لەوەش خراپتر هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن بۆی نیە بەبێ ئاگاری ئەقاف وتاری مامۆستایان بگوازێتەوە یان تۆماری بکات، دەیئەگەر ئەوقاف بڕوا و متمانەی بە زانایان و فەرمانبەرانی خۆی هەبێت وەها بڕیارێک دەدات؟ ئەگەر ئەوقاف لەگەڵ زانایان تەبا و خاوەن نیازێکی پاک بێت ئازادیتەکانیان لێ زەوت دەکات؟

ئایا چ کۆڕ و بۆنە و چالاکییەکی تر هەیە کە دەزاگاکانی ڕاگەیاندن بۆ ڕوماڵ کردنی ناچار کرابن مۆڵەت لەدام و دەزگای پەیوەندی دار وەربگرن؟ ئایا گواستنەوەی بۆنە ئایینییەکانی کرستیان و ئێزیدی و شیعەکانیش بە فەرمان و ئاگاداری ئەوقاف بوە یان دەبێ؟ بێگومان نەخێر . بۆیە بەڕاستی وەزارەتی ئەوقاف پێویستە بێتەوە هۆش خۆی و وەزیری بەوەکالەتەکەشی لەجیاتی بەردەوام بون لەسزادان و بەرتەسک کردنەوەی ئازادی زانایان باشتر وایە بچێت لەسەر ئەژنۆ لەخزمەت زانایان وانەی خزمەتکردن و ئیجابی بون بخوێنێت!
دڵنیاشم وا ناکات چونکە ئەو هەندێک بەناو زانا و مامۆستای ئایینی هەن کە موجامەلەی دەکەن و لەجیاتی خوا لەخۆ ڕازی کردن خەمی ئەوەیان چۆن جەنابی وەزیر و خەڵکی تر لێیان ڕازی دەبن، ئەو بەرپرسانەی خۆیان پێگەیشتوی نێو شەڕی براکوژییە دەبێ ئەوە بزانن کە زانایان ئاڕاستەکاری کۆمەڵگە بون و پێوست بەوە ناکات وەک چینێکی تێنەگەیشتوو و بێ ئەزمون مامەڵەیان لەگەڵ دا بکرێت. لە کۆتاییدا دەنوسم با ئەوقاف و وەزیر و ستافەکەی بیرخۆیان بێننەوە کە ئەوە زانایان نین کە مەرگەسات و گەندەڵی و بێ دادی و سەروەر نەبونی یاسا و چینایەتی و نەخوێندەواری و دەیان قەیرانیان ڕوبەڕوی کۆمەڵگە کردۆتەوە تاسزا بدرێن، بەڵکو هەر ئەو کەس و لایەنانەی کە لە ئێستا و ڕابردودا خەریکی سزادان و پەڕاویزخستن و سوکایەتی کردن بووون بە زانایان هەر ئەوانیشن کۆمەڵگە و ژیانی مرۆڤی کوردیان پڕ کردوە لە نەهامەتی و قەیرانی دارایی و تێکدانی شیرازەی خێزان و داڕمانی ئەخلاق و پەرەسەندنی بازگانی بە ماددەی هۆشبەر، جا ئێستا کێ شایستەی سزادانە؟
کێ شایستەی ئەوەیە لیژنەی بۆ پێک بهێنرێت و کارە چەوتەکانی ڕاست بکرێتەوە؟ زانایان هەر دەمێنن و پەیامەکەشیان هەر بەردەوام دەبێت و خۆری ناحەقی زوو یان درەنگ چاری ناچارە هەر ئاوا دەبێت .

نوێترین نوسینەکانی حسن عبدالله‌

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌