گەلی کورد شایەنی ئەو هەموو قەیرانە نیە

وتار/ 02/01/2017 1250 جار بینراوە

حسن عبدالله‌

" گەلی کورد شایەنی ئەو هەموو قەیرانە نیە "

ئەگەر بەڕاست شەیدای ژیانێکی شایستە بە مرۆڤ بیت ئەوە بە نوکە قەڵەمێک ، بە دەربڕینی وشەیەک ، بە نوسینی پیتێکیش پشتیوانی ئەو کەسانە مەکە کە بە خۆیان لەناو کۆشک وتەلار و های لایڤ دەژین، هەموو شتێکیان لەگەڵ خەڵک جیاوازە، جلەکانیان بەقەد موچەی ساڵێکی فەرمانبەرێک پارەی پێدراوە

بۆ خوێندن منداڵەکانیان خوێندنگە و زانکۆکانیان لەدەرەوەی وڵاتە

بۆ نەخۆشی ڕوو لەدەرەوەی وڵات دەکەن

بۆ سەفرە و سیاحەت ڕوو لەدەرەوە دەکەن

بۆ ساتێکیش کارەبایان نابڕێت

نازانن قەیران و قڕان چیە

نە لەگەڵ خەڵک دەژن ، نەلەگەڵ خەڵک بازاڕ دەکەن ،

نە لەگەڵ خەڵک دینداری دەکەن ' نەلەگەڵ خەڵک دەگرییەن ، هەریەکەو لە ڤێللایەکی دەورە دراو بە چەندین خاڵی پشکنین وبازگە و دوور لەخەڵک دەژین یان لەدەوری خانوی خۆیان سیاج و دیواری بەرزیان لەبەر خەڵک دروست کردوە .

نازانم چۆن ئومێدەکانتان بەوانە دەسپێرن

زۆر سەیرە تا ئێستاش بە هیوان ئەوانە ئاسۆتان ڕوناک بکەن، کەسانێک ۲۵ ساڵ زیاترە هەر خەریکی خۆپەرستی و خۆخۆری وخۆدەوڵەمەند کردنن، هەرکات پێویستیان پێتان بوو دێنە خزمەتتان و پاشانیش وەک بڵێی هەر ناتاناسن، وەختێک بەرژەوەندییان دەکەوێتە مەترسییەوە ئێوە وڕۆڵەکانتان دەکەن بە قەڵغان و دوو فرمێسکی تیمساحیشتان بۆ هەڵدەڕێژن، ئەو حوکمڕانە بلیمەتانەی خۆیان لێ کردوین بە سوپەڕمان نە دینیان پاراستن نە دونیایان ئاسودە کردن، نە ژیانێکی کەڕامەتمەندانەیان بۆ دابین کردن، نەتوانییان عەدالەت بچەسپێنن، نە یاسا سەروەر بکەن، بەڵکو بون بەخاوەنی دیاردەی کوشتن و ڕفاندن و هەتک کردن و چاوسور کردنەوە لەوانەی تەنها ڕای جیاوازو کاریگەریان هەیە .

ئاخر بەرپرسانێک نەتوانن لەماوەی چارەگە سەدەیەک کێشەی کارەبا چارەسەر کەن لەکاتێکدا داهاتێکی زۆرو بێ سنوریان لەبەردەست بوە چۆن ئەتوان دەوڵەتی کوردستان ڕابگەیەنن !

نەتوانن چارەگە موچەیەک دابین بکەن چۆن ئەتوانن میللەتێکی بەشمەینەتی وەک گەلی کورد ڕزگار بکەن !

ئەوانە کە بونە هۆی نەمانی ئینتیمای نیشتیمانی، بونە فاکتەری بێزار بون و ڕۆیشتنی دەیان هەزار هاوڵاتی بۆ ئەوەی لە پێناو دۆزینەوەی کەڕامەت و ژیانێکی شەڕف مەندانە ڕێگای هات و نەهات بگرنە بەر و کوردستان جێبهێڵن کە خەونیان بە ئازادی و خۆشگەزەرانیی وئاوەدانییەوە دەبینی .

ئاخر جێی ئەسەفە میلەتێک تا بینە قاقای لە قەیراندایە و دەسەڵاتدارانیش بەرپرسن کەچی هێشتا ئومێدیان پێیانە و بەفریادڕەس سەیریان دەکەن، تۆ سەیر بکە لەو شەڕە دژوارەی ئەو دوو ساڵە بە ناحەق ڕوبەڕوی کوردستان کرایەوه تەنها خەڵکی بێدەرەتان و ماندوو دڵسۆز قوربانیان داوە و برا گەورەکانیش بۆ خۆ نمایش کردن و وێنە گرتن چوونەتە بەرەکانی جەنگ وهیچی تر کەچی بڕۆ بزانە حاڵی پێشمەرگە چۆنە؟ خۆی لە چ ناڕەحەتییەک دایە وکەسوکاریشی بەدەست نەبونی ڕوناکی و پارە و نەوت و ...هتد دەناڵێنێت .

ئیدی خەڵک دەبێ قەناعەت بۆ خۆیان دروست بکەن و بۆ خۆیان بژن، دەبێ ئەوە بزانن کە هاوڵاتیانی کوردستان هیچیان کەمتر نیە لە هاوڵاتیانی ئیماڕات و سوید و سویسڕا، ئەی بۆچی ئەوان لەژیانێکی ڕازی دەژن و ئەوانەی خۆشمان ژیانییان پڕ بێت لە ژان ؟

دەبێ گەورە و بچوکی گەلی کورد ئەوە بزانە کەشایەنی ژیانێکی باشترن، شایستەی ڕێزی زیاترن، نەگەیشتون بە مافە سەرەتاییەکانیان چ جای مافەکانی تر، بە دڵنیایيشەوە دەڵێم هەتا خەڵکی کوردستا بیر کردنەوەیان ئیجابی تر نەبێت و گۆڕانکاری لە بیر وهزر وتێڕوانینی خۆیان دا نەکەن حاڵیان ناگۆڕێت دەبێ ساڵ بەساڵ بڵێن خۆزگەمان بە پار، ئەوەش وەعدی خوایە کە تاوەکو خەڵک خۆیان نەگۆڕن حاڵیان ناگۆڕێ وەک دەفەرموێت ( إن الله لايغير مابقوم حتى يغيروا مابأنفسهم ).

نوێترین نوسینەکانی حسن عبدالله‌

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌