بۆنی نەوت نەوەكان مەست دەكات

وتار/ 09/02/2017 1147 جار بینراوە

محەممەد رەئوف

بۆنی نەوت نەوەكان مەست دەكات
محەمەد رەئوف
شەڕی نەوەكانی ئەمدیو چیاو ئەمدیو شۆڕش ، ئاراستەی مێژوو لە خەباتی نەتەوەییەوە بۆ خەبات لە پێناو سەرمایەو نەوت دەگۆڕن، ئەو نەوەیەی كە لەسەر سفرەی شۆرشگێری بابایان دەژین و شۆرش لە پێناو نیشتیمان، بە شۆرش لە پێناو نەوت و پارەو كورسی تێدەگەن، ئەوان ئەمرۆ كە چارەنووسی میلەتێكی ماندوو شەكەتیان لەدەستدایە، ئێستا شەری كورسی و بلۆكی نەوت مەستی كردوون، گومانی جدی لەسەر خەبات و مێژووی باباكانیان درووست دەكەن و خەونی ئەوان بە خەون بینین بە نەوت و پارەو كورسیەوە گرێدەدەن.
چارەنووسی نەوت پرسیار لەسەر خەباتی رابردوو درووست دەكات، برینی ناكۆكی و ململانێی شەستەكانی سەدەی رابردوو نوێ دەكاتەوە، دۆخی ئێستای كوردستان لە ئاستێكدایە تەنها پرسیارێك بەسە بۆ ئەوەی ناكۆكی دەیان ساڵە گۆڕەپانی سیاسی كوردستان سور بكات، تەنها پرسیارێكی هەڵۆی ئیبراهیم ئەحمەد لە خوشكەزاكەی كە ( ئایا بەڕاستی ئاگات لە سیاسەت و دۆسییەی نەوتی هەرێمە ؟ ) ئەمە ئەو پرسیارەیە كە برینی كۆنی دوو بنەماڵەی شەریكی نەوت و پارەو سامانی كوردستانی كولاندەوە، كە تا ئێستا دەربارەكانی ئەم دوو بنەماڵەیە لەسەر هەموو شتەكان قسەیان كردووەو بەرگریان كردووە، بەڵام ئەمجارە نەوەی باباكان خۆیان هاتنە قسە، وەڵامدانەوەی رۆژنامەی هەولێری سەربە پارتی هێندەی تر گۆمەكەی شڵەقاندو بەروونی وتیان ئیبراهیم ئەحمەدی خەزوری مام جەلال و بابای جێگرەكەی نێچیرڤان بارزانی و باوكی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد جگە لە بەڵا بۆ بزووتنەوەی سیاسی كوردستان هیچی دیكە نەبووە، ئەو تەنها تۆوی دووبەرەكی و تەفرەقەی لە نێو بزووتنەوەی سیاسی كوردستاندا چاندووە.
ئەم دەربرینەی رۆژنامەكەی پارتی گڕی نا بە پشكۆی قینی شاناز ئیبراهیم ئەحمەدەوە كە لە ئێستادا بەیەكێك لە نەیارە سەرسەختەكانی بنەماڵەی بارزانی ناسراوە، بۆیە لە وەڵامێكدا زۆر بەتوندی دەڵێت: ئەگەر ئیبراهیم ئەحمەد نەبوایە نە مەلاو نە مەسعود بارزانی لە مێژووی گەلەكەماندا ناویان نەدەبوو.
گوتاری توندی نەوەكانی ئەو دوو بنەماڵەیە، كە لە پێناو نەوت و دەستگرتنی زیاتر بەسەر كێڵگەی نەوت و داهاتی نەوتە نەك ململانێ و ناكۆكی لەسەر بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانی و شەڕكردن لەسەر بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر بۆ كوردستان، شەڕەكە لەسەر ناهاوسەنگی دەسەڵات و پارەو نەوت و داهاتە، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت شەری ئەو نەوە چڵێسەیە كە تەنها ئاشنای ڤێلاو شەوی سور و ئۆتۆمبێلی گرانبەهان، ئەوان هەمووی زانكۆ گرانبەهاكانی دونیایان تەواو كردووەو ئێستا لەسەر خوێنی شەهیدان و هەژاران دەژین و هەریەكەیان خاوەنی دەیان كۆمپانیاو ژمارەی بانكی نێودەوڵەتی و پاسەوان و دەربارو ماستاوچین، ئەوان شەریانە لەسەر دابەشكاری نەوتی هاڤاناو بای حەسەن و تەقتەق و كۆرمۆر و خۆرمەڵە، ئەوان لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا مێژووی سیاسی و ئەدەبی ئیبراهیم ئەحمەد نەوتاوی دەكەن و تەمەنی بارزانی بە نەوت دەنوسنەوە، ئێستا شەرەكە لە پێناو هەیمەنەی بنەماڵەیە، لەهەیمەنەی شۆرشی نەتەوەییەوە بۆ هەیمەنەی نەوت لە كوردستان، ئەمبەریان لەسەر شاشەو میدیاكانەوە شەر دەكەن و لە ژورە تاریكەكانیشدا سامانی وڵات دابەش دەكەن، خۆیان ئاگایان لە داهاتی نەوت نیەو كورەكانیشیان شەریكی نەوت و داهات و سامانی وڵاتن، ئەمان ژنەكانیان لەبەرەی ئۆپۆزسیۆندان و پیاكانیشیان لەناو حكومەت و دەسەڵات، ئەیانەوێت دەباشان هاوتای سەری رەش بەبۆنی نەوت مەست بكەن، ئەوبەریشیان لەسەری رەشەوە قوت و سامانی وڵات دەئاخنە بانكە تاریكەكانی رۆژئاواوە، سەربەخۆیی و ئاشبەتاڵ و ئابیان تێكەڵكردووەو بازاری نەتەوەیی بەهاریان گەرمەو لە بازاری رۆم و عەجەمیش نیشتمان و خاك و نەتەوە لە تەنكەرو بۆریە نەوتیەكانیاندایە، بۆنی نەوت مەستی كردون و نەهۆشیان لای شەهیدانەو نە ئازاریان لەگەڵ ئازاری پێشمەرگە.

نوێترین نوسینەکانی محەممەد رەئوف

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌