مەلا بەختیار چی نەوت ..!!

وتار/ 28/10/2016 2168 جار بینراوە

محەممەد رەئوف

مەلا بەختیار چی نەوت ..!!
محەممەد رەئوف
مەلا بەختیار وەك كارەكتەرێكی سیاسی كە ئیشتیهای زۆری بە بۆنەو سمینارو كۆڕو كۆبونەوە دێت تا وتارە دووبارەكانی لێوە پێشكەشبكات، زۆر جار لە وتارە دوورودرێژەكانیدا تیرەكانی ئاراستەی ئەوانە دەكات كە لە رابردوودا هەڵوێستەكانیان ئازاری پێگەیاندوون، ئەو لە دوایین وتەیدا لە پاڵ هاوتا پارتیەكەی تیرەكەی ئاراستەی سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنەكەی خۆی كرد، كە لە 19ی ئابی 2015 بە قسەیان نەكردووە، بەبێ ئەوەی خۆی لە قەرەی كێشە گەورەكەی هەرێم و درووستكەری قەیرانەكانی هەرێم بدات كە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمە، ئەو باش دەزانێت ئەگەر پەرلەمان خۆی لەقەرەی كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم نەدایەو باسی نەكردایە، بەم دۆخەی ئێستا ناگەیشت، ئەگەر پەرلەمان دوو ساڵی دیكەی وەك ئەوەی مەلابەختیارو حیزبەكەی لە 2013 بۆ مەسعود بارزانیان درێژبكردایەتەوە، ئەوا پەرلەمان لە ئێستادا بە ئاسایی كاری خۆی دەكردوو سەرۆكەكەشی پیاوچاك بوو، بەڵام مەلا بەختیار بۆ ئەوەی دڵی هاوتا پارتیەكەی زویر نەكات و خۆی لای بارزانی خۆشەویست بكات، هات تەواوی كێشەكەی لە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستاندا كورت كردەوە كە كۆبوونەوەی 19ی ئابی 2015 ی دوانەخستووە، بەبێ ئەوەی بپرسێت ئەی كۆبونەوەی 19ی ئاب لە پێناو چی بوو، بۆچی دەكرا، ئایا لە پێناو چارەسەری قەیرانی سەرۆكایەتی هەرێم نەبوو، ئەگەر قەیرانی سەرۆكایەتی هەرێم نەبوایە پەرلەمان كێشەی چی بوو.
مەلا بەختیار ئەوەی لەبیر چوو ئەی حیزبەكەی ئەو نەبوو پرۆژە یاسایەكی وەك گۆڕان و لایەنەكانی دیكە بۆ چارەسەری كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشكرد و پەرلەمانتارەكانیان لێدوانی ئاگرینیان دژی ویلایەتەكەی بارزانی دەدا، لە نێو چوار پرۆژە یاسادا ( پرۆژە یاسای گۆڕان ، یەكێتی ، لایەنە ئیسلامیەكان، ژمارەیەك پەرلەمانتار) لە هەموو پرۆژە یاساكانی تر توندتر بوون و لێدوانی پەرلەمانتارانیان لە هەموو پەرلەمانتارانی تر توند تر بوو، لە پرۆژە یاساكەی یەكێتیدا لە مەرجەكانی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمدا هاتبوو، كە نابێ ئەو كاندیدە بەشدارو هاوكار بوبێت لە هیچ پرۆسەیەكدا كە لەلایەن رژێمی بەعسەوە بۆسەر خاكی كوردستان ئەنجام درابێت( وەك ئاماژەیەك بە 31ی ئاب) وە دەبێت خاوەنی بڕوانامەبێت و خولە كانی پێشوش ئەژمار دەكرێت بۆ ویلایەتی سەرۆكایەتی هەرێم، كە ئەم 3 خاڵە دژ بە خودی مەسعود بارزانی دانرابوو، وە لە پرۆژەی تەواوی لایەنەكاندا باس لەوە كرابوو كە دەبێت سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەماندا هەڵبژێردرێت و دەسەڵاتەكانی پرۆتۆكۆڵی بن، كە رەنگە پرۆژە یاساكەی فراكسیۆنی گۆڕان نەرمترین بوبێت لەبەرامبەر ویلایەتەكەی بارزانی.
من جارێك لە كاك نەوشیروانم پرسی نەدەكرا گۆڕان بە شێوەیەكی تر پرسی چارەسەری كێشەی سەرۆكایەتی هەرێمی بخستایەتە روو و چارەسەری بكردایە، وتی من كە لێدوانی توندی پەرلەمانتارانی یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ و لایەنەكانی ترم بینی لەسەر كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم و یاساكەی یەكێتیم بینی چەند توند بوو لەسەر ئەو پرسە وامزانی ئێمە بەجێماوین لە هەڵوێست و بارودۆخەكە، بەڵام زۆربەیان لە هەڵوێست و پرۆژە یاسا و لێدوانەكانیان یان بێدەنگ بوون یان پاشەكشەیان كرد.
مەلا بەختیار بەتەواوی درك بەوە دەكات كە ئەوان لە رابردوودا چیان دەوت و ئێًستاش چیان دەوێت، ئەو ئێستاش دەیەوێت سارێژی برینی رێكەوتنی ستراتیژی بكات كە حیزبەكەی خۆی تیایدا بووە قوربانی، ئەو لیدوان و هەڵوێستانەی مەلا بەختیار و هاوهەڵوێستەكانی بوون كە پارتیان كردە هێزی پلەیەكی سەر گۆڕەپانی سیاسی كوردستان، ئەو موراعات و ماستاوكردنە بوو بۆ پارتی كە ئەو هێزەی كردە هێزی خاوەن هەموو بریارەكانی كوردستان ( بڕیاری سیاسی، ئابوری ، پێشمەرگە، ئاساییش ، نەوت ، دەرەوە ) توانی دەست بەرێت بۆ شكاندنی پیرۆزیەكانی كوردستان كە پەرلەمانەو پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستانی بردەوە خاڵی سفر، ئەو هەڵویست و لێدوانان و موراعاتانەی مەلا بەختیارو هاوشێوەكانی بوون یەكێتیان بەو دەردە بردوو پارتیان بردە ئەو ئاستە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی 30ی كانوونی دووەمی 2005 یەكێتی لە پلەی یەكەمی دەنگەكانی هەرێمی بەدەست هێنا بەوەی لە سێ پارێزگاكەی هەرێم یەكێتی ( 765544 ) دەنگی بەدەستهێنا لەبەرامبەردا پارتی ( 741492 ) دەنگی بەدەستهێنابوو.
بەڵام ئەم پرسیارانەی تەنها ئاراستەی یەكێتی نیە، ئەی بزووتنەوەی گۆڕان لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا كە پەرلەمان پەكخراوە چی كردووە بۆچی چۆتەوە قاوغەكەی خۆی و نقەی لە خۆی بڕیوە، نە لەبەرەی خەڵكدا ماوەو نە لە حكومەت و پرۆسەی سیاسی، یەك ساڵە دەركراوە لە حكومەت تازە باسی كشانەوە دەكات، بیری چووە كە تەنها 11 مانگی ماوە بۆ هەڵبژاردن، ئەی چۆن وەڵامی شەقام و مامۆستا و فەرمانبەرانی بێ موچە دەداتەوە..؟؟؟

نوێترین نوسینەکانی محەممەد رەئوف

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌