لانەو هامۆ و ئامانج ... چی رویدا .. چۆن رویدا .. بۆ رویدا..؟؟
وتار/
18/10/2019
1743 جار بینراوە
محەممەد رەئوف
لانەو هامۆ و ئامانج ... چی رویدا .. چۆن رویدا .. بۆ رویدا..؟؟
محەمەد رەئوف
لەناو كۆمەڵگەیەكی شێواو پەرێشان، كۆمەڵگەیەكی پڕ لە توندووتیژی و شێواو ، كۆمەڵگەیەكی شەكەت بەدەست قەیران و ناعەدالەتی و نەهامەتی و ماندویەتی رۆژگارەوە، كۆمەڵگەیەكی پڕ لە كارەسات و روداوی شۆك هێنەر، شۆكێك كە دەبێتە بەشێك لە برینی هەموومان، ئامانج بابانی و هاوسەری و منداڵەكەی دەبنە دیمەنی بەشێك لەو فیلمە تراژیدیەی كە لە نیگای هەریەكێكماندا دەمێنێتەوە، پرسیاری جدی ئەوەیە ئەو رووداوە چی بوو روویدا؟ بۆ روویدا؟ چۆن روویدا؟
چی رویدا؟
رۆژێك هاوشێوەی رۆژەكانی تر، بارودوخێكی تەواو ئاسایی، هەموو ئەو جێگەو شوێن و كارەكتەرانەی كە ئامانج بابانی پێدا رۆیشتووەو بینویەتی و تیایدا كاری كردووە ئاسایی بووە، ئامانج رۆژی 16/10/2019 وەك رۆژانی تر دەچێتە سەر كارەكەی ( لە بەرێوەبەرایەتی شارەوانییەكانی سلێمانی) تەنانەت پرۆژەو كاریشی دەبێت و لە نوسراوێكدا لە كاتژمێر 12ی نیوەرۆ بۆ بەرێوەبەری گشتی دەنێریت سەبارەت بە ( تازەكردنەوەی وێب سایتی بەرێوەبەرایەتیەكەیان) كە خۆی لێپرسراوی هۆبەی راگەیاندن و پەیوەندیەكان بووە، تا كاتژمێر 2ی پاش نیوەرۆ دەوامی ئاسایی خۆیكردووە.
لەبەرامبەردا لانە محەمەد دوای ئەوەی بەیانی منداڵەكەی ( هامۆ) دەباتە رەوزە، دەچێت بۆ دەوام لە كەناڵی كوردسات كە ئامادەكاری بەرنامەی ( رۆژێكی نوێ) كە لە ئەمنە سورەكەی سلێمانی سەرقاڵی روماڵكردنی بەرنامەی پەخشكردنی كۆكردنەوەی كەمپەینی هاوكاری بوون بۆ رۆژئاوای كوردستان، هاورێكانی دەڵێن رۆژێكی زۆر ئاسایی بووەو لەرووی دەرونیشیەوە لانە ئاسایی وەك رۆژانی تر دەوامیكردووەو چالاك بووە، دواتر لە كاتژمێر یەك دوای تەواو بونی دەوام دەگەڕێتەوە ماڵەوە لە شوقەكانی پاشا سیتی لە گەڕەكی راپەرین .
ئامانج دوای تەواوبونی دەوامی بەرێوەبەرێتی گشتی شارەوانیەكانی سلێمانی دەچێتە كەناڵی ( NRT) و لەبەشی ئیدارەی ئەو كەناڵە موچە لای ( عومەر دڵپاك) بەرپرسی ئیدارەی ئەو كەناڵە وەردەگرێت( وەك لە ڤیدیۆ بڵاوكراوەكەی ئین ئارتی دا دەركەوت)، دوای دەرچوونی لە كەناڵی ( NRT) تەلەفۆن بۆ لانە دەكات كە ماوەی ( 6) مانگ بوو ( لە مانگی 3/2019) بەجیا دەژیان، بەڵام پەیوەندی تەلەفۆنیان دەبێت و بەهۆی منداڵەكەیانەوە جارجار یەكیان بینیوە، لە تەلەفۆنەكەدا ئامانج بە لانە دەڵێت " من دەچم هامۆ" دێنمەوە بەڵام بەیەكەوە دەچین جلی زستانەی بۆ دەكڕین لە فاملی مۆڵ، لانە زۆر هەوڵ ئەدات كە پێویست ناكات ئەو بێت و سەرقاڵی كاری خۆیەتی خۆت بیبەو جلی بۆ بكڕە( لانە لە بەختیاری سەرقاڵی پاككردنەوەی ئۆفیسێك دەبێت بۆ كاركردن لە بواری پاككردنەوەدا بەڵام بەتەواوی نەكەوتبووە سەركار)، لانە زۆر هەوڵ ئەدات، بەڵام ئامانج داوای لێدەكات كە لەبەر هامۆ، بۆیە لانە ئامادە دەبێت و ئامانج ئۆتۆمبیلەكەی خۆی لەبەردەم ماڵی دایكی لانە لە گەڕەكی ئاشتی رادەگرێت و بە ئۆتۆمبێلەكەی لانە كە لە جۆری ( جێب لاریدۆ)یە دەچن بۆ فاملی مۆڵ ، بە پێی خوێندنەوەكان پێدەچێت ئامانج زۆر هەوڵی دابێت كە لانە رازی بكات چونكە پێیان راگەیەنراوە كە رۆژی یەكشەمە 20/10/2019 دانیشتنی دادگای كردنی نێوانیان دەبێت و پێدەچێت دادوەر بڕیاری جیابونەوەیان بدات، دوای دەرچونیان لە فاملی مۆڵ و لە كاتی گەڕانەوەیاندا روداوەكە روو دەدات (پۆلیسی سلێمانی رۆژی دواتر راگەیاند كە ئامانج دوو فیشەكی بە لانەوە ناوەو لانەی كوشتووەو سێ فیشەكی بە منداڵەكەیەوە ناوەو دواتر یەك فیەكیشی بەخۆیەوە ناوە)، لەگەڵ بیستی هەواڵەكەدا كدا بەو پێیەی ئامانج هاوڕێم بوو وەك هەموو كەسێكی تر شۆك بووم و لەگەڵ هاوڕێیەكم بەرەو پزیشكی دادوەری بەرێوە كەوتین رێگەكەمان بەلای تێرمیناڵی شارەزووردا بوو لەوێوە تێپەڕبوین قەرەباڵغیەكی زۆرمان بینی كە دابەزینین زانیممان ئەوە ئەو ئۆتۆمبیلەیە كە ئامانج و ژن و منداڵەكەی تیا كوژراون، تا گەیشتینە ئەوێ چەند هەواڵێكمان بیست ( ئامانج تیرۆركراوە ، پەنجا فیشەكی پێوەیە) بەڵام كە چومە سەر ئۆتۆمبیلەكەی بینیم هیچ گوللەیەكی پێوە نیە، سێجار بەدەوری ئۆتۆمبیلەكەدا سوڕام هیچ گوللەیەكم نەبینی ، تەنیا لە لای سایەقەوە كە لانە شۆفێربووە، گوللەیەك دەرچووبوو چونكە جامەكەی بەدیوی دەرەوە شكاندبوو، پێشی ئۆتۆمبیلەكە بەهۆی ئەوەی بەرچەندین شۆستە كەتبوو هەتا گەیشتبووە قەراغی شەقامەكە، لای سەكنی روشابوو پێشەكەشی هەڵوەشابوو، جامەكانی و لاشەكەی هیچ فیشەكی پێوە نەبوو، لای سەكن جامەكەی خوێنێكی زۆری پێوەبوو، بەڵام شوێنی فیشەكی پێوە نەبوو، لەوێدا گومانم بۆ درووست بوو، پێشتر دەمزانی كە ئامانج و هاوسەرەكەی كێشەی خێزانیان هەیەو چەندین جار هەوڵی جیابوونەوەیان داوەو بۆیە لەوێوە گۆمانی خۆكوژیم لا تۆخ بوەوە، دوای چەند هەواڵپرسینێك و بەدواداچونێك بۆم دەركەوت كە كێشەكە خۆكوژیە نەك تیرۆر.
كێشەكە چی بوو؟
ساڵی 2008 لەگەڵ ئامانج بابانی لە سەرەتای درووستبوونی كەناڵی ( KNN) پێكەوەوە كارمان دەكرد زۆر لێك نزیك بوونی، رەفتارو سلوكی ئامانجم بەتەواوی دەزانی، ئاگاداری خۆشەویستیەكەی بووم لەگەڵ لانە، هەركات بەیەكەوە دەبووین باسی گۆرانی ( پەپولەی ئازادی) مەزهەری خالقی بۆ دەكردم و دواتریش پێی وتم لەگەڵ لانە بڕیارمانداوە ئەو گۆرانیە بكەینە ( مارەییمان)، زۆرجار پێم دەوت خۆشەویستیەكەت بۆ لانە هەموو سنورێكی تێپەڕاندووە، دەيوت ئاخر تۆ خۆشەویستی نازانی بۆیە وا دەڵێیت، لە كاتی دەزگیرانداریدا بینیم لەگەڵ لانەبوو پیرۆزباییم لێكردن ئامانج وتی لانە تۆ محەمەد دەناسی وتی ئەی چۆن زۆرم بینیوە لە شاشە، ئامانج وتی لانە محەمەد تەنها رۆژنامەنوس نیە ( توێژەری كۆمەڵایەتی)شەو من زۆر سودی لێدەبینم، منیش بە پێكەنینەوە وتم هەركات كێشەتان بوو، وەرنە لای من، سەری لانەی نا بە سنگیەوەو وتی هەرگیز كێشەمان نابێت، من زۆر سەرسام بووم بە خۆشەویستیان، ئامانج زۆر پەیوەست بوو بە لانەوە تا ئەو كاتەی دەزگیرانداربوون، بەڵام دوای تێپەرینی ساڵێك تا دوو ساڵ لای هەندێك هاوڕێ باسی خۆشەویستی ئامانج و لانەم كرد وتیان ئێستا كێشەیان هەیە، ( كێشەی خێزانی لەرووی كۆمەڵایەتیەوە سروشتیەو هەموو خێزانێك كێشەی رۆژانەیان دەبێت) ئەو ووردە كێشانە بەردەوام دەبن، چەند جارێك لانە دەچێتە ماڵەوەو ئامانج لەرێگەی كەسە نزیكەكانیەوە چارەسەری كێشەكان دەكات و دەگەڕێنەوە لای یەكتری، كێشەكان كێشەی لێكتێنەگەیشتن و نەگونجانی تەبیعەتی یەكتریە، كێشەی ( خیانەتی زەوجی و ئابوری ) نیە، هەروەك (پارێزەرەكەی رایگەیاندووە)، كێشەكان بەردەوام دەبن، لە مانگی 10/2018 لانە لە دادگا داوای جیابوونەوە دەكات، بەڵام چەند كەسێك دەكەونە نێوانیان و لە 30/12/2018 كێشەكەیان چارەسەر دەبێت و كەیسەكە لەدادگا دادەخرێت.
بڕیار دەدەن خانووەكەیان لە سیتەك بفرۆشن و لەشوقەیەكی پاشا سیتی لە گەڕەكی راپەرین شوقەیەك دەژین، بەڵام دوای سێ مانگ لە مانگی 3/2019 جارێكی تر كێشە دەكەوێتە نێوانیان و ئیتر بەجیا دەژین، بەپێی وتەی پارێزەرەكەی لە 10/6/2019 بەرەسمی لە دادگا داوی جیابوونەوە دەكەن و لەو ماوەیەدا سێجار دانیشتنی دادگایان هەبووە، بەڵام هیچ جارێك ئامانج ئامادەی دانیشتنەكە نابێت و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكەی دەدات، بەپێی بەدواداچوونەكانم كە لەگەڵ كەسە نزیكەكانیەوە ئامانج چەندین جار وتویەتی من بەرگەی جیابوونەوە ناگرم و ئەگەر بگاتە ئەو رۆژە خۆم و ژن و منداڵەكەشم دەكوژم ( لەگەڵ بەشیك لە هاورێكانی قسەم كرد وایان وت) چەند جارێك لە سەهۆڵەكە بینیم فرسەتی ئەوەم بۆ رێككنەكەوت باسی ژیانی خۆیان بكەم.
بەپێی بەدواداچونەكان ئەم دوو مرۆڤە نەگونجاون بەیەكەوەوەو لێكتێنەگەیشتن لە نێوانیاندا هەبووە، بۆیە دوای دانیشتن لەگەڵ توێژەری كۆمەڵایەتی، توێژەری كۆمەڵایەتیەكە لە راپۆرتەكەدا نوسیویەتی "باشترین چارەسەر جیابوونەوەیە"، چونكە جیابوونەوە ( تەڵاق) لەو حاڵەتەدا دەبێتە چارەسەر، لە كاتێكدا جیابونەوەی لەبری كوشتن و خۆسوتاندن، چارەسەرەو حاڵەتێكی ئاساییە، كە بەسەدان خێزان جیابونەتەوە یاخود لەبەردەم جیابونەوەدان و دەتوانن جارێكی تر ژیان درووست بكەنەوە( ئەگەرچی بۆ كۆمەڵگەی كوردی جیابوونەوە بەتایبەتی بۆ ژنان قورس و گرانە) بۆ نمونە لە ساڵی 2018 بەپێی ئاماری فەرمی لە پارێزگای سلێمانی ( 13 هەزارو 836 ) پرۆسەی هاوسەرگیری كراوە لەبەرامبەردا ( 4 هەزارو 85 ) حاڵەتی جیابونەوە هەبووەبەرێژەی(30%)، واتا لە هەر (3) پرۆسەی هاوسەرگیری (1) یان بە جیابوونەوە كۆتایی دێت.
بۆ روویدا؟
ئێستا بەپێی راپۆرتی( پزیشكی و پۆلیس و ئەمنی) و بەپێی راگەیەنراوی بنەماڵەی لانە ( روداوەكە كێشەكی خێزانیە، نەك كێشەی سیاسی) ئامانج بكوژی خۆی و منداڵ و ژنەكەشیەتی، ( ئەگەرچی بەپێی لێكدانەوەكان ئامانج بۆ كوشتنی نەچووە بۆ سوڵح چووە لەگەڵ لانە) واتا ئامانج لەلایەك بكوژە لەلایەكیش قوربانی، هەردوو خانەوادەكەش قوربانین و بە پێی دۆخی كۆمەڵایەتی لە ژیانێكی سەختدا دەژین و بارودۆخی دەرونیان نائاساییە.
پرسیاری جدی ئەوەیە بەپێی روانین و لێكدانەوەی هەموو هاورێكانی و منیش كە لە نزیكەوە دەمناسی كارەكتەری ئامانج كارەكتەری ( بكوژ) نیە، رەفتارو نەرم و نیانی و لەفزشیرینی و دەم بەخەندەییەكەی ( بكوژ ) نیە، ئەی چۆن دەستی چووە خۆی، منداڵەكەی، ژنەكەی، ئەگەر خۆی كوشتتووە؟ بۆچی خێزانەكەی؟ ئەی چۆن دەستی چووە منداڵەكەی؟
بە خوێندنەوەو لێكدانەوەی هەموو تیورەكانی كۆمەڵناسی و تاوان، مرۆڤ موعەرەزە بۆ هەموو ئەو رەفتار و سلوكانەی كە لەدەسەڵاتی مرۆڤدایە، بەچاكەو خراپەیەوە،ئەو ساتەی رووداوەكەی تێدایە، رەفتارو كاردانەوەی مرۆڤ دیاری دەكات و هەندێك لە مرۆڤەكانیش ناتوانن زاڵ بن بەسەر روحی شەڕەنگێزییدا كە لە هەموو مرۆڤێكدا شەڕەنگێزی ئامادەیی هەیە.
دیلا بۆرتا لە كتێبی ( زانستی تاوان) دا دەڵێت: تاوان و كوشتن پەیوەندی بە روخسارو نێوچاوان و چاوی مرۆڤەوە نیە.
زانای ئیتاڵی ( لۆمبرۆزۆ) كە لە لە تیۆری ( پیاوی تاوانكار) لە گروپی تاوانكاری سۆزداریدا دەڵێت: كەسی تاوانكار هەستیارییەكی تایبەتی هەیەو بەزووی كارتێكراو دەبێت و ملكەچی هەڵچون و سۆزەكانیەتی، بریاری تاوانێك دەدات بەبێ ئەوەی تاوانی پێشوەختی هەبوو بێت، رەنگە خۆشەویستی زۆری ئامانج بۆ لانە جیابونەوەی بۆ خۆكوژی دانابێت و پێی وابوبێت كە جیابوونەوە خۆكوشتنە.
كەسێتی و كارەكتەری ئامانج كارەكتەری تاوان نەبوو، بەپێی هەموو ئەو مامەڵەیەی كە لەو رۆژەدا كردویەتی ئاماژەن بۆ ژیان دۆستی و بەردەوامی ژیان، بەڵام كاتێك مرۆڤ دەگاتە ئەوپەڕی نائومێد بوون پەنا بۆ خۆكوشتن، كوشتنی بەرامبەر دەبات.
ئێستا هەموومان لە شۆكداین بۆ ئامانج و لانەو هامۆ، ئەم شۆكە لەبەرامبەر كارەكتەرێكدا كە دەستی هەیە لە ئاراستەكردنی كۆمەڵگە بە ئاراستەی چاكەی گشتی، بە ئاراستەی كەمكردنەوەی تاوان( دۆسییەی تاوان) چۆن دەبێتە بەشێك لە تاوان، بەڵام ئەو جۆرە رووداوانە لەرووی كۆمەڵناسیەوە روداوگەلێكی سروشتین، سروستی بە واتای ئەوەی مرۆڤ بونەوەرێكی كۆمەڵایەتیە، هەموو ئەو روداوانەی روودەدەن بەدەستی مرۆڤەكانەو هەموو مرۆڤێكیش موعەرەزە بۆ خوڵقاندنی رووداوگەلێك كە رۆژانە لەدەوروبەرمان روو دەدەن.
ئامانج بەرهەمی چی بوو؟
• روداوی كوشتنەكەی ئامانج و لانەو هامۆ، تەنها بەرهەمی ئەو ساتەی خودی ئامانج نیە، بەڵكو بەرهەمی ئەو بارودۆخە شێواوەی كۆمەڵگەی كوردیە، بەرهەمی ئەو پەروەردەیە كە لەبری مرۆڤی تەندرووست و لێبوردەو ئارام، مرۆڤی چۆقۆكێش و توندووتیژ، بەرهەم دێنێت.
• بەرهەمی ئەو رق و توڕەیییە كە كۆمەڵگەی كوردی لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوودا لەبری سەوزایی چاندوومانە.
• بەرهەمی ئەو ناعەدالەتیەیە كە هەر رۆژەو كەسێكی گیرفان پڕو دەوڵەمەندی هەڵتۆقییو كوڕی بەرپرسی خاوەن شەوی سورو لێكزس و گرانبەهاترین سەروەت درووست دەكات.
• بەرهەمی ئەو بێباكیەكی حكومەت و بەرپرسانە لە ئاست ئەو هەموو كێشە كۆمەلایەتیەو بێدەنگیان و لە ئاست نەوەستانیان، نەبوونە ئەولەویەتی كاركردن .
• بەرهەمی بازاڕێكی شێواوە كە منداڵێك دەتوانێت بچێت و لە شاری رۆشنبیری كام جۆری چەكەی بوێت بیكرێت ( تەنها بە 120 دۆلار و جێپەنجەشی پێوە دیار نەبێت و 14 فیشەكیش بخوات و مۆڵەتی كڕینیشی نەوێت)
• ئەوەی روویدا بەرهەمی لێكترازانی خێزانی كوردیە، كە رێژەی جیابوونەوە یەك لەسەر سێیەو كەسێك نیە لێیبپرسێتەوەو بەدواداچوونی بۆ بكات، خێزانی كوردی نازانن چارەسەر لە كوێدایە.
• دەزگاو ناوەند و سەنتەری بەدواداچونی جدی نیە بۆ چارەسەری كێشە خێزانییەكان، زۆربەی خێزانەكانی كۆمەڵگەی كوردی لەناو كێشەو قەیرانی قوڵدان و كەسێك نیە بەدەنگیانەوە بچێت.
• بەرهەمی ئەو هەموو خوێنرێژی و تاوانە زۆرەیە كە روودەدەن و لەبری چارەسەر زیاد دەبێت و چاكسازیەك نیە چاكیان بكات، لەبری چاكسازی، تاوانباران بە شارەزایی زۆرترو ئەزمونی زیاترەوە دەگەڕێنەوە ناو كۆمەڵگە.
• ئامانج بەرهەمی هەموومانە، بەرهەمی فەوزای میدیا و شاری بێساحێب و دەسەڵاتی بێبەرپرس و بازاڕی شێواو ... كە دواتر ژینگەیەكی كۆمەڵایەتیمان بۆ درووست دەكات كە ئێستا ئێمەی تێدا دەژین، تەنها ئامانج بكوژ نیە، هەموومان بەبێ ئەوەی بەخۆمان بزانین لەناو دۆخی ئامانجدا دەژین.
ئامانج محەمەد بابانی:
ساڵی 1979 لەسلێمانی لەدایك بووە
لە 2005 لە رۆژنامەی ئاسۆ كاری كردووە.
بەشی راگەیاندنی پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی تەواو كردووە
بەكالۆریۆسی لە راگەیاندا هەیە
2008 لەسەرەتای دامەزراندنی كەناڵی كەی ئین ئین كاریكردووە
2010 لە كەناڵی كوردسات لەگەڵ لانە محەمەدی هاوسەری پێشكەشكاری بەرنامەبوون.
2011 لە كەناڵی ئێن ئاڕتی كاری كردووە
دوایین كاریشی پێشكەشكاری بەرنامەی (دۆسییەی تاوان و بێ سنور)بووە
لانە محەمەد:
لە ساڵی 1990 لە گەرەكی رەحیماوای كەركوك لەدایك بووە
1991 هاتۆنەتە سلێمانی
دایكی بەبێ باوك گەورەی كردوون
2009 لەگەڵ ئامانج بابانیدا هاوسەرگیری كردووە
بەشی راگەیاندنی پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی تەواو كردووە
لە زانكۆی جیهانی سلێمانی بەشی یاسای تەواو كردووە
2009 بۆتە پێشكەشكار لە كەناڵی كوردسات
تا 2016 بەرنامەی ( رۆژێكی نوێ) ی كەناڵی كوردساتی پێشكەشكردووە
لە 2016 تا ساتی كوژرانی ئامادەكاری بەرنامەی ( رۆژێكی نوێ) ی كەناڵی كوردسات بووە
هامۆ ئامانج
2016 لە سلێمانی لەدایك بووە
لە باخچەی ساوایان بووە
نوێترین نوسینەکانی محەممەد رەئوف
-
محەممەد رەئوف
25/03/2020
-
محەممەد رەئوف
18/10/2019
-
محەممەد رەئوف
16/02/2017
-
محەممەد رەئوف
09/02/2017
-
محەممەد رەئوف
28/10/2016