ساڵی برسیکردنی ھەژارەکان

وتار/ 07/01/2017 767 جار بینراوە

عومه‌ر گوڵپی

ساڵی برسیکردنی ھەژارەکان

ھیچ وڵاتێکی دونیا بێ کێشەو گرفت نییە، تێدەگەین لەوەی دەکرێت قەیرانی دارایی بەرۆکی وڵات بگرێت  و بەھۆیەوە داھاتی وڵات کەم ببێتەوە، ژیانی خەڵکی خراپ ببێت  و گۆڕانکاری بەسەردابێت، دەکرێت قەیرانی دارایی لە سێکتەرێک بدات یان ھەموو سێکتەرەکان بگرێتەوە، ئەوەی لە کوردستان ھەیە قەیرانێکە ھەموو سێکتەرەکانی گرتووەتەوە، کەرتی تایبەت  و گشتی وەک یەک گیرۆدەی بوون، داھاتی مووچەخۆران بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووەو ئەستەمە بە زوویی لەگەڵ ئەم قەیرانە ڕابێین بەبێ کاریگەرییە خراپەکانی، بەڵام ئەوەی ھەموومان نیگەراندەکات ئەوەیە کە ھەروەکچۆن قەیرانەکە بۆ ھەموو سێکتەرەکانە بەھەمانشێوە بۆ ھەموو ئەو کەسانە وەک یەک نییە کە سەرچاوەی بژێوییەکانیان ھەمان سەرچاوەیە.

ئەوەشی ھاووڵاتیانی توڕە کردووە ھەر ئەوەیە کە بۆچی دەبێت ئەم قەیرانە تەنھا چین  و توێژی خوارەوەی کۆمەڵگە بگرێتەوە، بۆ لە ئاستی ھاووڵاتیاندا ئەوانەی (بازرگانی بێ دەستمایە)ن وەک ھاووڵاتیانێکی ئاسایی مووچەخۆر وەک یەک گرفت بۆ ژیانیان دروست نەبووە؟ سەرمایەدارو کۆمپانیاکان ڕووبەڕووی گرفت بوونەتەوە، بەڵام ئەوانەی بە پارەی نایاسایی و ناشەرعی بوونەتە سەرمایەدار، ئەوانەی کەسابەتی نایاسایی نەوت دەکەن، ئەوانە ژیانیان وەک خۆیانەو بگرە باشتریشە، بە ھەمانشێوە ھاووڵاتیانی مووچەخۆرو کارمەندانی حکومەت ھەموو وەک یەک نین، ڕەفتاری ھێندێکیان بەجۆرێکە وەک ئەوەی قەیرانێک بوونی نەبێت، لەم نێوەندەدا مووچەی پلە تایبەتەکان وەک یەک بەر ِێژەی ٧٠ لەسەد بۆ ٧٥ لەسەد کەمیکردووە، بەڵام بۆ دەبێت ھێندێک لەو پلە تایبەتانە ئیحراجی لای ھاووڵاتیان  و خزمان و کەس و کاریان بن و ھێندێکی تریان لە نێو نازو نیعمەت  و پارەی نایاسایی  و سەرچاوە نادیاردا تەنانەت بەخشندە دەربکەون؟

ئەوەی لە ھەموو خراپەکان خراپترە ئەو ھاووڵاتیانەن کە ھەژارن، سەرچاوەی داھاتیان پێش قەیرانەکە زۆر لاوازو خراپ بوو، وەک کرێکارەکان، ئەوانەی پیشە بچووکەکانیان ھەبوو، ئەوانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن، ئەوانەی لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی مووچەیەکی ھەژارانەیان ھەبوو، مووچەخۆرانی ئاستەکانی خوارەوە، ئەمانە پێش قەیران ھەژار بوون، بێگومان لەکاتی قەیراندا ئاستی بژێوی و ژیانیان دەچێتە خوار ئاستی ھەژاری، کە بەمانا زانستییەکەی خوار ھێڵی ھەژارییە، بە تێگەیشتنێکی ڕوون، واتە: ئەو ھاووڵاتیانە ناتوانن خواردنی پێویست، شوێنی مانەوەی پێویست، جل و بەرگی پێویست، تەندروستی و پەروەردەی پێویست، دابین بکەن، کە ئەمەش ڕوویدا واتە ئەو ھاووڵاتیانە ناتوانن ژیانێک بژیین شەرەفمەندانە بێت و شایستە بێت بە کەرامەتی مرۆڤ.

ئەگەرچی ئەو ھاووڵاتیانەی دەکەونە خوار ھێڵی ھەژارییەوە دیارنییە ڕێژەکەیان چەندە، بەڵام بە پێی ھێندێک نیشانەی وەک تووڕەبوونی سەرشەقام  و شوێنە گشتییەکان، خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان، بایکۆت و مانگرتنەکان، دەربڕینی بیروڕاکان بە شێوەی توندو زبر لە ڕاگەیاندنەوە، ڕێژەکە بە ئاستێکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٦ دا لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی تەنھا ٥ مووچەی (٦٠ ھەزار بۆ ئەوانەی مووچەی تریان ھەیە، ٩٠ ھەزار بۆ ئەوانەی مووچەی تریان نییە)ی داوەتە خاوەن پێداویستی تایبەت، ھیچ مووچەیەکیشی نەداوەتە ئەو ھاووڵاتیانەی لە ژێر ناوی چاودێریی خێزان مووچەیان وەردەگرت و یەک لە مەرجەکانی تەرخانکردنی ئەو مووچەیەش ھەژاریی  و نەبوونی سەرچاوەی داھاتی جێگیربووە بۆ (منداڵانی بێ سەرپەرشت، ئافرەتانی ھەتیو بار، بەساڵاچووان و پەککەوتەکان، ئەو ئافرەتانەی لە تەمەنێکی زۆردان و ھاوسەریان نییە، ئەو ئافرەتانەی مێردەکانیان زیندانییە، نەخۆشانی شێرپەنجەو شەکرە) ، ئەمە لە کاتێدا ھەر دوو مووچەی (خاوەن پێداویستی تایبەت و چاودێریی خێزان) وەک یەک و بە یەک بڕیار ڕاگیرابوون تا پیاچوونەوەو پاکسازیکردن تیایدا، پاکسازییەکە نەکراو بەمجۆرە مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی ئەو چین و توێژە کرا.

من ھەمیشە لە خۆم دەپرسم، باشە ئەگەر ئافرەتێک بە ٥ منداڵی بێ باوکەوە، کرێچی بێت، ھیچ داھاتێکی نەبێت و تەنھا سەرچاوەی بژێوییەکەی ئەو ١٥٠ ھەزار دینارە بووبێت کەپێشتر لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی وەریدەگرت، ئەو بڕە پارە کەمەشی لە ٤ مانگی ٢٠١٥و ١٢ مانگی ٢٠١٦ وەرنەگرتبێت، دەبێت چۆن ژیابێت؟ ئەی لە ساڵی ٢٠١٧ چۆن بژی؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە وەڵامەکەی ھەموو مرۆڤێکی ویژدان زیندوو ئازار دەدات!

نوێترین نوسینەکانی عومه‌ر گوڵپی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌