ڕه‌حمه‌ت له‌ ئاشتى هه‌ورامى!!!

وتار/ 29/12/2016 1040 جار بینراوە

عه‌بدوڵاى مه‌لا نورى

ڕه‌حمه‌ت له‌ ئاشتى هه‌ورامى!!!

 

له‌ په‌رله‌مان ئه‌ندامى ليژنه‌ى نه‌وت و وزه‌ بوم. به‌و هۆيه‌وه‌ هه‌رزو هه‌ستمان به شكستى سياسه‌تى نه‌وتى كرد. له‌و كاته‌دا چ له‌ ليژنه‌كه‌ماندا، چ له‌ ناو هۆڵى په‌رله‌ماندا، چ به‌ نوسراوى فه‌رمى چ به‌ زاره‌كى، چ له‌ رێگه‌ى ميدكانه‌وه‌ ده‌يان جار‌ هاوارمان ده‌كرد سياسه‌تى نه‌وتى كاوله‌و ئاينده‌ى سياسي و ئابورى ئه‌م وڵاته‌ ده‌خاته‌ مه‌ترسيه‌وه‌. به‌ پرۆژه‌ داوامان ده‌كرد پێداچونه‌وه‌ به‌ سياسه‌تى نه‌وتيدا بكرێت و وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتيه‌كان له‌ جانتاكه‌ى ئاشتى هه‌وراميه‌وه‌ بكرێت‌ به‌ دامه‌زاوه‌يه‌كى نيشتيمانى و له‌ ژێر چاودێر په‌رله‌ماندا كاره‌كانى بكات....

به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ له‌و كاته‌دا جگه‌ له به‌شه‌كه‌ى پارتى له‌‌ كادرى حزبي و ميدياكارو وه‌زيرو په‌رله‌مانتاره‌كانيان و سه‌رۆك حزب و سه‌رۆكى حكومه‌ته‌كه‌يان، له‌ پاڵ ئه‌مانه‌شدا زۆربه‌ى زۆرى ده‌ستڕۆيشتوه‌كانى ناو يه‌كێتى، به‌ نمونه‌ى عيماد ئه‌حمه‌د كه‌ ئه‌و كات جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت بو، هه‌روه‌ها له‌ ناو په‌رله‌مانيشدا نزيكه‌ى هه‌مو په‌رله‌مانتاره‌كانى يه‌كێتى و، هه‌روه‌ها په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى حسك و به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتارانى پێكهاته‌كانى تر ديفاعى كوێرانه‌و سه‌رسه‌ختانه‌يان له‌ سياسه‌تى شاره‌وه‌ى نه‌وت و دزينى داهاته‌كه‌ى ده‌كرد.

بيرمه‌ زۆر قسه‌م له‌ سه‌ر دزينى نه‌وت ده‌كرد، له‌ سه‌ر خراپى گرێبه‌سته‌ نه‌وتيه‌كان ده‌كرد، له‌ سه‌ر رێكه‌وتنه‌ په‌نجا ساڵيه‌كه‌ى پارتى و توركيا، ئا له‌و كاته‌دا زۆرێك پێيان وابو قسه‌كانى ئێمه‌ خزمه‌ت به‌ دوژمن ده‌كات، زۆرێكى تريش پێيان وابو بۆ خۆده‌رخستنه‌.

ئێستا كه‌ وڵات له‌ قه‌يراني قوڵدايه‌، كه‌ خه‌ڵكى كوردستان باجى سياسه‌تى نه‌وتخۆره‌كان ده‌ده‌ن، هه‌ندێ راستى هه‌يه‌ ده‌بێت بوترێت، ئه‌وه‌ى ئه‌م وڵاته‌ى به‌م رۆژه‌ گه‌ياند ته‌نها ئاشتى نه‌بو، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ش بون كه‌ له‌ ناو په‌رله‌مان و له‌ ناو حكومه‌ت و له‌ ناو حيزبه‌كاندا به‌ راسته‌خۆ و به‌ ناڕاسته‌وخۆ ديفاعيان له‌ ئاشتى ده‌كرد.

راستيه‌كى تريش ئه‌وه‌يه‌، له‌م پرسه‌دا زۆرينه‌ى خه‌ڵكى كوردستان تاوانباران، بيرمان نه‌چێت پاش چوار ساڵ له‌ ده‌نگه‌ده‌نگى ئێمه‌ له‌ په‌رله‌ماندا، پاش ته‌پڵلێدان و شه‌ڕه‌شه‌ق و شه‌ڕه‌ ده‌به‌و ته‌نانه‌ت په‌راسوشكان و مانگرتني شه‌وانمان له‌ ناو په‌رله‌ماندا، به‌ڵام كه‌ هه‌ڵبژاردن كرا ديسان زۆرينه‌ى خه‌ڵكي كوردستان ده‌نگيان به‌ پارتى و يه‌كێتى دايه‌وه‌. كه‌ ئه‌مه‌ى ئێستا‌ به‌ر‌هه‌مه‌كه‌يه‌تى.

راستيه‌كى زۆر تاڵى تريش هه‌يه‌و ده‌بێ بوترێت، دۆخى خراپى ئابورى ئێستا پێشبينى باشبونى لێ ناكرێت، به‌ڵكو پێشبينى زياتر خراپ بونى لێ ده‌كرێت، چونكه‌ هێشتا سياسه‌تى هه‌ڵه‌ى نه‌وتى و دزي و راوڕوت له‌و بواره‌دا هه‌ر به‌رده‌وامه‌، وه‌ كۆمپانياكانى حزب و به‌رپرسانى حزب له‌م قه‌يرانه‌ دارايه‌دا نه‌ك زيانيان پێ نه‌گه‌يشتوه‌ به‌ڵكو قازانجه‌كانيان زيادى كردووه‌، هه‌روه‌ها له‌م كاته‌دا ئه‌وانه‌ى كه‌ له‌ حكومه‌تدان به‌ تايبه‌ت براده‌رانى يه‌كێتى هه‌روه‌ك جارى جارن بێ هه‌ڵوێستن (ئيدى نازانم بۆ)، براده‌رانى يه‌كگرتو و كۆمه‌ڵيش شتێكى ئه‌وتۆيان پێ ناكرێت.

بۆيه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ئێستاشدا سنورێك دانه‌نرێت بۆ ئه‌و هه‌ڵانه‌ى سياسه‌تى نه‌وتى،‌ بۆ ئه‌و دزى و راوڕوتانه‌ى كه‌ له‌و بواره‌دا ده‌كرێت، ئه‌وا دڵنيابن برى قه‌رزه‌ وه‌هميه‌كانى سه‌رشانى حكومه‌ت زۆر زياتر ده‌بن، به‌مه‌ش رۆژێك دێت ده‌بێت كه‌لوپه‌لى ماڵه‌كانيشمان بۆ دانه‌وه‌ى‌ قه‌رزه‌كانى نه‌وت بفرۆشين، ئه‌و كات ره‌حمه‌ت بۆ ئاشتى هه‌ورامى ده‌نێرين، كه زوتر‌ پرۆژه‌ى بۆ فرۆشتنى خاكى كوردستان و كێڵگه‌ نه‌وتيه‌كانى هه‌بو!!!


نوێترین نوسینەکانی عه‌بدوڵاى مه‌لا نورى

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌