غالب و نێچیرڤان و عەلی وەردی!
وتار/
27/05/2019
954 جار بینراوە
عهبدوڵاى مهلا نورى
غالب و نێچیرڤان و عەلی وەردی!
عەبدوڵای مەلا نوری
هەفتەی رابردو دکتۆر غالب محەمەد لە دەستپێشخەریەکی ئازایانەدا، لە بەغدا سکاڵای یاسایی لە سەر حکومەتی هەرێم بەرز کردەوە، لە سەر ئەوەی حکومەتی عێراق لەمساڵ دا چوار موچەی بۆ موچەخۆرانی هەرێم ناردوە، بەڵام حکومەتی هەرێم تەنها دوو موچەی داوە، دووەکەی تری دیزەبەدەرخۆنە کردوە!
هاوڵاتی ئازیز، موچەخۆری بەڕێز؛ ئایا سەرنجت داوە ئەو کەسەی بەرپرسە لە فەوتاندنی ئەو دو موچەیەی تۆ هەر ئەو نێچیرڤان بارزانیەیە کە بە وتەی ئومێد خۆشناو، سبەی بە ۹٠ دەنگ دەبێت بە سەرۆکی هەرێم؟!(لێردا باسی ئەو ساڵانەی تری گەندەڵی و حکومڕانی خراپ ناکەم.)
هاوڵاتی ئازیز؛ ئایا بە دیقەتەوە بیرت لەوە کردوەتەوە ئەوەی سبەی لە پەرلەمان دەکرێت متمانە پێدانە؟ متمانەش بە کەسێک دەدرێت دەستێکی ئەمین بێت! ئەی کە دادگاو داواکاری گشتی بەغدا بە چاوی خۆیان ببینن پەرلەمانی کوردستان بە دەنگدانی ئاشکرا متمانە بەو تۆمەتبارە دەدات کە سکاڵای لە سەر بەرز کراوەتەوە، ئایا ئەبێ چ پرسیار و چ شعورێکیان لا دروست ببێت؟!
گەر تۆ لە جێگای دادوەرەکەی بەغدا بیت چۆن حوکم دەدەی؟ ئایا لە خەیاڵی خۆت دا نوێنەرەکەی بەغدات بە راست دەزانی یان پەرلەمانی کوردستان؟!
ئایا تۆی دادوەر ئەو دودڵی و پرسیارەت لا دروست نابێ، بە خۆت بڵێی: مادام پەرلەمانەکەی خۆیان باکی نیە بە مافی هاوڵاتیان، ئەی من بۆ باکم هەبێ؟!
سەیرە؛ خەڵکانێک کە دەستخۆشیان لە دکتۆر غالب کردوەو پشتیوانیان بۆ دەربڕیوە رەنگە ئێستا کە ئەم کورتە نوسینەی من دەخوێننەوە یەکسەر بڵێن: ئەی رێکەوتن کراوە بۆیە پەرلەمانتارە بەڕیزەکان ناچارن دەنگ بە نێچیرڤان بارزانی بدەن! یاخود رەنگە بڵێن ئیدی ئەمری واقع وایە ناچاری هەڵسوکەوت لە گەڵ ئەم دۆخە بکەی!
بە هەر حاڵ بەش بە حاڵی خۆم نەخۆشیەکە دەبینم، کە سەرچاوەکەی پاش خراپی دەسەڵات، خودی هاوڵاتیان بەرپرسن.
دکتۆر عەلی وەردی کۆمەڵناسی عێراقی بە وردی باسی دو رویی خەڵکی عێراق دەکات و وەک سەرچاوەی سەرەکی مەینەتیەکانی خودی خەڵکیش باسی دەکات!
ئێمەی هاوڵاتی ئەگەر دوێنێ پشتیوانیمان لە سکاڵاکردنەکەی بەغدا کردبێ بەڵام بۆ سبەی پاکانە بۆ دەنگدان بە نێچیرڤان بارزانی بکەین، ئەوا دەبێ بزانین ئێمەش بەشدارین لە شەرعیەتدان بە ستەم و نادادی! ئەو کات دەبێ لە خۆمان بپرسین؛ ئایا هەر بەراست شایستەی ژیانێکی لە ئێستا باشترین؟!
ساڵانێکە لە بازنەیەکی داخراودا دەخولێینەوە، بە دەستی خۆمان تەمەنی کێشەو مەینەتیەکان درێژ دەکەینەوە، چونکە بە راستەوخۆش نەبێ بە ناراستەوخۆ، لە کەناڵی ترەوە دەبینەوەو دەکرێنەوە بە بەشێک لەو سیستمە خراپە.
ئەم نوسینەم بۆ وروژاندنی پرسیارو دروستکردنی گومان بو لە ئاستی وردبینی و جدیەتی خۆمان لە بەرامبەر روداوەکان و مافەکانمان.
بە داوای لێبوردنەوە کۆمێنتی تۆمەت و قسەی ناشرین دەسڕمەوە...
نوێترین نوسینەکانی عهبدوڵاى مهلا نورى
-
عهبدوڵاى مهلا نورى
29/12/2020
-
عهبدوڵاى مهلا نورى
02/06/2020
-
عهبدوڵاى مهلا نورى
22/05/2020
-
عهبدوڵاى مهلا نورى
27/05/2019
-
عهبدوڵاى مهلا نورى
25/05/2019
-
عهبدوڵاى مهلا نورى
15/05/2019