مەلا شەریف نمونەیەک لە ڕاستگۆیی و خاکیبوون

وتار/ 27/12/2016 1876 جار بینراوە

عەبدولستار مەجید

مەلا شەریف نمونەیەک لە ڕاستگۆیی و خاکیبوون
عەبدولستار مەجید
کاروانی دینداریی و ئیسلامخوازیی لە کوردستان لە پێناو داکۆکی و بەرگریی لە مافەکانی میللەتەکەیدا قوربانیی زۆریدا و ڕۆڵەی بەئەمەک و چاونەترس و سەرکردەی زۆر لێھاتوو و گەورەی کردووەتە قوربانیی .
٢٣ ساڵ بەر لە ئێستا ئەم بزاڤە خوێنی سەرکردەیەکی لێوان لێو لە ڕاستی و خاکیبوون و ئازای بەخشیە خاک و خەڵکی کوردستان کە ئەویش "مامۆستا مەلا شەریف" بوو .
ئەم پیاوە تا بڵێی کەسێی دیندار و بە تەقەوا و ھەڵوێست و ڕاستگۆ و نمونەی سەرکردەی ڕاستەقینە بوو .
ڕاستیەکەی لەسەردەمی خەباتی شاخ و پێشمەرگایەتیدا من ئەو پیاوە گەورەیەم ناسی و گەلێک بەسەرھاتی خۆش و ڕۆژی سەخت و ھەوراز و نشێومان پێکەوە بەڕێکرد، ئەو خوای گەورە پلەی بەرزی شەھادەتی بەنسیب کرد و، داوای لێدەکەم سەرەنجامی ئێمەش بە خێر و چاکە کۆتایی پێبھێنێت .
لە کۆتایی ھەشتاکاندا بارەگای ھێزێکی بزوتنەوەی ئیسلامیی (پێشوو) لە خدراوا بوو، من ئەوکات (ئامر ھێز)بووم مامۆستا شەریف ی ڕەحمەتیش ئەندامی ئەنجومەنی "شورای یەکگرتوو"ی سەر بە بزوتنەوە بوو .
ئێمە ھەواڵمان ھەبوو کە ڕژێم پلانی تیرۆرکردنی سەرکردەکانی بزوتنەوەی ئیسلامیی بەتایبەتش مامۆستا عەلی باپیری ھەبوو، بۆیە بڕیارماندا کە ھیچ پێشمەرگەیەک بۆی نیە بە بێ چەک بچێتە دەرەوەی بارەگای ھێز، تەنانەت بڕیارەکە چوون بۆ مزگەوتیشی گرتەوە و ھەر پێشمەرگەیەک سەرپێچی بکردایە جۆرێک لە سزا دەدرا .
ئێوارەیەک مامۆستا مەلا شەریف ی ڕەحمەتیی دەچێت بۆ نوێژی ئێوارە و، کاتێک نوێژ تەواو بوو سەیرمکرد لەناو مزگەوتی گوندی خدراوا "چەک"ێک بەجێماوە منیش لەگەڵ خۆم بردمەوە بۆ بارەگای ھێز و بەبێ ئەوەی پرسیار لەکەس بکەم چەکەکەم خستەوە ناو جبەخانە و چاوەڕێ بووم یەکێک لە پێشمەرگەکانی خۆمان ھەواڵی بپرسێ تا بزانم ھی کێ بووە ئاوا لێی بەجێماوە ؟!
بۆ بەیانی مشتومڕێک دروست بوو دیاربوو مامۆستای ڕەحمەتی عەوداڵە بەدوای چەکەکەیدا و لە پێشمەرگەکان دەپرسێ کە چەکەکەی دیار نەماوە ؟
منیش بە مامۆستا مەلا شەریفی ڕەحمەتیم وت "چی بووە مامۆستا بۆ وا شڵەژاوی؟" وتی "چەکەکەم دیار نیە!" .
ئینجا تێگەیشتم ئەو چەکەی لە مزگەوتەکە بەجێماوە ھی مامۆستا مەلا شەریفە .
مامۆستا بە بڕیارەکەی زانیبوو کە ئەو کارە سزای لەسەرە و بڕیاری بۆ دراوە .
وتم چەکەکەت لای منە و لە جبەخانە بۆم داناوی، بۆیە پێی وتم "کاک عەبدولستار سزاکە چۆن بۆ پێشمەرگەیەک دانراوە دەبێ بەسەر منیشدا جێبەجێ بکرێت و پێوەی پابەند دەبم" .
زۆر ھەوڵمدا تا واز لەو داواکارییە بھێنێ بەڵام بێ سوود بوو، ناچار پێموت "سزاکە ئەوەیە یان حەرەسیاتی زیاتری پێدەگرین یان دەبێ ئەو ڕۆژە وەک (خەفەر) تا ڕۆژی دواتر دوای ھەموو نانخواردنێک قاپەکان بشوات" مامۆستا بە بڕیارەکە خۆشحاڵ بوو ئەو ڕۆژە دەستی کرد بە جێبەجێکردنی سزاکەی خۆی .
ئەو ڕۆژەش وەفدێکی سیاسی باڵا ھاتن بۆ ھێزەکەی ئێمە کە بە ھەمان شێوە مامۆستا عەلی باپیر یش لێی دەمایەوە و بەرپرسی یەکەمی ھێزەکەش بوو .
مامۆستا عەلی باپیر پرسیاری مامۆستا شەریفی کردبوو، پێیان وتبوو خەریکی قاپ شۆردنە، مامۆستا عەلی باپیر لێی پرسیم "بۆچی مامۆستا شەریف قاپ دەشوات ؟" .
منیش بڕیارەکەم بۆ باسکرد و ئەوەشم پێوت کە زۆر ھەوڵم لەگەڵ مامۆستا شەریف داوە تا ئەو کارە نەکات چوونکە بڕیارەکە جەنابیان ناگرێتەوە و سزادانی ئەو لە دەسەڵاتی مندا نیە بەڵام سودی نەبوو .
مامۆستا عەلی باپیر قسەی لەگەڵ کردبوو کە واز لە تەواوکردنی سزاکەی بھێنێ، بەڵام مامۆستا شەریف پێی وتبوو "من لێرە پێشمەرگەیەکم وەک ھەر یەک لەو برایانەی دیکە، ھەر جۆرە بڕیار و سیستمێک ھەبێ پێویستە بە بێ جیاوازی ھەموومان بگرێتەوە بۆیە تا تەواوکردنی سزاکە جێبەجێی دەکەم و پێوەی پابەند دەبم" .
ھەزار درود و سڵاو لە گیانی پاکی مامۆستا مەلا شەریف و ھەموو شەھیدانی دیکەی ئەم کاروانە موبارەکە، خوای گەورە بە ڕەحم و سۆزی خۆی بیانبەخشێت و پلەی بەرزی شەھادەتیان بەنسیب بکات و لەگەڵ شەھیدانی بەدر و ئوحود حەشریان بکات و مەئوایان بەھەشت بێت.

نوێترین نوسینەکانی عەبدولستار مەجید

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌