تاڵیبان….. ترس لەدڵی ڕۆژئاوادا
وتار/
21/08/2021
668 جار بینراوە
هێدی ههولێری
تاڵیبان….. ترس لەدڵی ڕۆژئاوادا
هێدی هەولێری
تەوژمی گۆڕانکاریی
سات دوای سات دێت و دەچێت و ئەو وڵاتانە تاقیدەکاتەوە، کە پڕاوپڕن لە گەندەڵی و سیاسەتی
ملکەچ بوون و برسیکردن و دەمبەستن و دیکتاتۆری دەسەڵات، کە مانەوەیان تەنها سامانەکە
لێنراون، کە بەگەندەڵی بەسەریەکیان ناوەو کۆیان کردووەتەوەو تاماون لێی دەخۆن و دەستی
داگیرکەرانیش دەگرن بۆ مانەوە، بەڵام ئەوەش تا ماوەیەکەو بەردەوامی نابێت. دۆخی وڵاتانی ئیسلامی بەهۆی ئەو سەرکردانەی ئالقە لەگوێی ڕۆژئاواییەکانن، هەردەم
بەرەو ئاقارێکی نادیاریان دەبەن و ستراتیژو ڕوئیایان ڕوون نیە، بەتایبەت دوای بەهاری
عەرەبی ، بەڵام ئەو بەهارە عەرەبیە بەخۆپیشاندان و دواتر هەڵبژاردن بوو، کاتێک حزبێک
دەچووە سەردەسەڵات ، ئەگەر گوێڕایەڵی نەکردبان، هەر ئەمریکا خۆی کۆدەتای بۆ ڕێکدەخستن
و ئەو حکومەتە شەرعیەی کە خۆی باوەڕی پێی هەبوو لەناوی دەبرد، نموونەی چەند وڵاتێک
لەبەرچاوە، بەڵام ئەمجارەیان بەشێوەی خۆپیشاندان و هەڵبژاردن نەبووە، بەڵکو حکومەتێکی
ساختە وڵاتی بەڕێوە دەبرد، کە تەنها خەریکی سامان کۆکردنەوە بوو، ئەویش گروپەکەی ئەشرەف
غەنی بوو، کە دوای ٢٠ هێزێکی بەناوی بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان لەوڵات دەرکردو
سەرنجی رۆژئاواییەکانیش بۆ خۆی پەلکێش کردو خستنیە ناو لیستی تیرۆرەوە، بەڵام دوای
٢٠ ساڵ بەپاڵپشتی جەماوەری و پاشان هێزە چەکداریەکەی تاڵیبان گەڕایەوە دەسەڵات و ئەو
هێزە شکسخواردووەی لەسەر گیان و سامانی میللەت و بەهەزارەها چەکداری بندیوار حوکمی
دەکرد، ئەوەتا شکست دێنێت و خۆی ناگرێت. دوای ٢٠ ساڵ….لەسەر دەستی ئەفغانیەکان بەسەرکردایەتی بزووتنەوەی تاڵیبان، دەسەڵاتی
زێڕینی سەرسنی بەدەستخستەوە بەبێ ئەوەی خوێنی کەسێک لەپێناو دەسەڵاتدا بڕژێت و سەرانی
ڕژێمیش بەسەرۆکایەتی ئەشرەف غەنی سەرۆکی ڕاکردووی وڵات و سوپایەکی ٣٠٠ هەزار سەربازی،
کە تەنیا ٦٠ هەزار چەکدار بوون، ئەوەی تریش بندیوارو وەهمی بوون و باشترین چەکی ئەمریکییان
پێبوو ، بەملیارەها دۆلار بودجەی ساڵانەیان بوو، لەوڵات ڕایانکرد. کە پرسیارەکە ئەوەیە
بۆچی وا لەرزۆکانە خۆیان ڕادەستی تاڵیبان کرد، یان ڕایان کرد؟ تەنانەت بەرگریەکیشیان
نەکرد. ئەوەش نیگەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەسەرکردایەتی ئەمریکای لێکەوتەوە، کە ڕۆژی
یەکشەممە 15ی ئابی 2021 چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان چوونەتە ناو کابول-ی پایتەختی
ئەفغانستان و ئەو شارەیان کۆنترۆڵکرد. شکست
و خۆبەدەستەودانی خێرای ئەندامان و فەرماندەکانی سوپای ئەفغانستان، دڵەڕاوکێیەکی زۆری
نەک تەنیا لەوڵاتەکەدا، بەڵکو لە وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستانیشدا دروستکرد، چونکە
ئێستا چەکدارانی بزووتنەوەکە بەسەرپشتی
تانک و زرێپۆشەکانی
سوپای ئەفغانستان، لە دەرگاو دەروازەکانی کابولدا چوونە ناو وڵات. لەسەردەمی باراک ئۆباما (٢٠٠٩-٢٠١٧)، پاشان ترەمپ (٢٠١٧-٢٠٢١) و ئێستاش بایدن
و پێش ئەوانیش جۆرج بۆشی کوڕ (٢٠٠١-٢٠٠٩)، پێیانوابوو: کاتێک دوا سەربازی ئەمریکا
لەئەفغانستاندا دەکشێتەوە، هێزەکانی ئەو وڵاتە هێزی بەتواناو سەقامگیرو مەشقپێکراوبن
و دەتوانن پێش بەسەرهەڵدانەوەو کۆنترۆڵکردنی خاکەکەیان لەبەرامبەر چەکدارەکانی تاڵیباندا
بگرن، بەڵام ئێستا وێنەکە بەشێوەیەک روونە، کە پێش لە پاشەکشەی یەکجاری سەربازەکانی
ئەمریکا، تاڵیبانیەکان شار بەشارو ناوچە بەناوچەی وڵاتەکە دەخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان،
بێ ئەوەی رووبەڕووی بەرگرییەکی ئەوتۆ ببنەوە لەلایەن سوپای ئەفغانستان، وەک پێشبینی
ڕووداوی گەورە دەکرا. ئەوەی ئەو
دۆخەی لەئەفغانستان هاتەکایەوە و جێی ئومێدو هیوای ئەمریکاییەکان بوو، بەڵام کۆمەڵێک
هۆکار وایکرد، کە ئەو هێزە فشەڵەی ئەفغانستان و سەرۆکە ڕاکردووەکەیان ڕووبەڕووی ببێتەوە،
کۆمەڵێک هۆکار دەگرێتەخۆ. یەکەم: سیاسەتی
وڵات لەسەردەمی عبدالغنی دا:- لەسەردەمی ئەشرەف عبدالغنی-دا سیاسەتی وڵات بەئاڕاستەیەک بوو، تەواوی جومگەکانی
خاوەنی بڕیاری خۆیان نەبوون، چەندین ساڵە سوپای وڵاتان بەتایبەت ئەمریکا ئەو وڵاتەیان
داگیرکردووە، زۆربەی سەرانی ئەفغانستان ڕۆژێک بەتەواوی موویان گرژ نەبوو بەرامبەر
ئەو داگیرکاریە، یان بەشێوەیەک بەردەوام ڕێیان بۆ داگیرکاری خۆش دەکردو لەگەڵ داگیرکەراندا
داهات و سامانی وڵاتیان بەش دەکرد، ئەوەی بەرەنگاری ئەو سیاسەتەش بووبێتەوە،
بزووتنەوەی تاڵیبان بوو، کە دەیویست ئەو داگیرکاریە بنەبڕ بکات و سوپای بێگانە لەوڵاتدا
دەرپەڕێنێ، هەروەک لەکاتی دانوستانەکانیشدا وەفدی تاڵیبان زۆر پێداگیری لەسەر وەدەرنانی
سوپای ئەمریکا دەکردەوە، کە لەوڵاتی قەتەر چەقی زۆربەی دانوستانەکانی بەڕێوە دەبرد،
کە یەکێک لەئەندازیاری بەڕێوەبردنی ئەو ڕێککەوتنە مەلا عبدالغنی بەرادەربوو، کە
خاوەن پێگەیەکی گرنگە لەنێو تاڵیبان و زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی ئەفغانستان رێزی
دەگرن. بەرادەر، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی تاڵیبانیشە لەشاری دەوحەی قەتەرو بە ئەندازیاری
رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و تاڵیبان تایبەت بەکشانەوەی سوپای ئەمریکا لەئەفغانستان
و رادەستکردنی دەسەڵات بە تاڵیبان دادەنرێت، کە بەسەرسەخسترین دانوستانکار دادەنرێت
لەماوەکانی ڕابردووی دانیشتنەکانی تاڵیبان و واشنتۆن، کە دواجار رۆژی شەممە ۲۹ -٢- ۲۰۲۰ دوای ١٩
ساڵ شەڕو پێكدادان، سەرەنجام رێكکەوتنی ئاشتی لەنێوان ئەمەریکا و بزوتنەوەی تاڵیبان
لە دهوحەی پایتەختی قەتەر، کە تاڵیبان نوێنەرایەتی لەو وڵاته هەبوو بەئامادەبوونى
نوێنەرى 18 وڵات، کە لەنێوانیاندا وەزیرانى دەرەوەى ئەمریکا و پاکستان و تورکیا و
قەتەرو چوار ڕێکخراوى نیودەوڵەتى هەبوون و سەرکردەکانی بزوتنەوەى تاڵیبانى ئەفغانستان
و ئەمریکا بەبێ ئامادەبوونى نوێنەرى حکومەتى کابوڵ ئیمزایان لەسەر ڕیکەوتننامەیەک
کرد. لەو ڕێککەوتنەدا پێدەچێ تاڵیبان خوێندنەوەیەکی وردی بۆ دۆخەکە کردبێت و ئەوەی
بۆ ڕوون ببێتەوە، کە حکومەتەکەی ئەشرەف غەنی کاتی ڕاماڵینیەتی و پێویست بەوە دەکات
لەسەر کار لاببرێت، ئینجا چۆنیەتی لابردنەکەی و ئەو لێکەوتانەی دروست بوون، کە ئایا
لە پشتیەوە کێ جوڵاندنیەتی و ڕێخوشکەر بوون بۆ گەڕانەوە بۆ ئەفغانستان، یان بەڕاستی
کۆنترۆلکردنەوەی وڵات خۆڕسکانەبووەو بەشێوەیەک ئەمریکا خۆی لێ بێدەنگ کرد، بەتایبەت
دوای ئەوەی سەرۆکی ئالقە لەگوێ لەگەڵ دەست و پێوەندەکانی ڕایکردو وڵاتی جێهێشت دوای
ئەوەی بە تریلیۆنەها دۆلاری لەگەڵ خۆیدا بردو هەندێکیشی بەجێهێشت، کە فریان نەکەوت
بیبات، کە ئەمەش جگە لەوەی سوپاکەی خۆی ڕانەگرت و یەک تەقەشی نەکرد، لەهەمان کاتدا
متمانەی لای خودی هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکان و وڵاتی خۆشی لەدەستدابوو، بەمەش ئەمریکا
و ڕۆژئاوا ئێستا لەدڵیاندا ترسێک هەیە، کە چۆن ئەو تاڵیبانەی دەمێکە لەو شاخ و کێوانەی
ئەفغانستاندا شەڕی دژی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی دەکرد، چۆن چۆنی دەسەمۆیان بکات، ئەو
ترسەی لەدڵدا نەمێنێ؟ قەیرانی
کارگێڕی و فەسادی:- هەرکاتێ فەساد لەئیدارە
و کارەکانی حکومەت و هەر دەسەڵاتێکدا ببووبێ ، ئیدی سەرەنجامی ئەو دەسەڵاتە ڕاست دەرناچێت
و ئەمرۆبێت ، یان سبەی دەڕوخێت، با پشتگیریەکەشی ئەوەندە بەهێز بێت، لەم سۆنگەوە ئەمریکیەکان
تا ساتی جێهێشتنی ئەشرەف عبدالغنی-دا نەیانزانی وڵات چەندە گەندەڵەو بەدەست گەندەڵیەوە
دەناڵێنێ، یان زانیبێتیان، بەڵام ئیدی ئەمریکاش دەستیان لەو گەندەڵیە هەبووبێت و بەرژەوەندی
وایکردبێ لەبەرامبەر کۆمەڵێک دەستکەوتدا قسە نەکات، بۆیە ساتی ڕۆیشتنی سەرۆکی ڕاکردوو
بەترلیۆنەها دۆلار و جێهێشتنی ملیارەهای تر، ئەو متمانەو دۆڕاندنەی لەمیدیاکاندا دەنگی
دایەوەو بەجۆرێک لە ئابڕووچوونی بۆ دانرا. دواجار چی:- دواجار شانۆی ڕووداوەکان بەو ئاڕاستەیە دەڕۆن، کە ڕووداوەکان بەرهەمی بیرکردنەوەو
تێڕامانن و ئەنجامەکانیش تائێستا لەنێوان تاڵیبان و ئەمریکا خەریکن گێمێکی تری یاریەکە
بەڕێوە دەبەن، جارێ ناکرێ پەلە بکرێت لە چاکی و خراپی دۆخی سیاسی ناوچەکە بەتایبەتی
ئەفغانستان، دەکرێت ئەگەرەکان وابن ، ئەو هەوڵ و دەسەڵات گرتنە دەستە سەرکەوتوونەبێت،
ئینجا چ بەهۆکاری ناوخۆیی بێت، یان دەستەگەری و گەلەکۆمەکی و چاوتێبڕینی وڵاتان بێت،
وەک باسم کرد، بەڵام یاریکارەکەی ئەمجارە سەرەڕای هێزێکی سیاسین و ململانێی توندیان
لەڕابردوو لەسەر مێزی دانوستاندا کردووە، لە هەمانکاتیشدا هێزێکی بەهێزی سەربازین
و خاوەنی هەزارەها چەکدارن، بۆیە بڕیاری مانەوە، یان توانەوە دەکەوێتە سەر ئەو ئەگەرانەی
لە داهاتوودا دێنە بەردەم، چونکە داهاتوو خوا زانیاری پێی هەیەو بەس.
نوێترین نوسینەکانی هێدی ههولێری
-
هێدی ههولێری
21/08/2021
-
هێدی ههولێری
14/07/2021
-
هێدی ههولێری
27/10/2020
-
هێدی ههولێری
11/08/2020
-
هێدی ههولێری
14/05/2020
-
هێدی ههولێری
02/05/2020