کودەتای ١٤ی تەمموز

وتار/ 14/07/2021 559 جار بینراوە

د.ئازاد مەنتک

کودەتای ١٤ی تەمموز

د.ئازاد مەنتک
لەمێژ بوو؛ کە: حەزم دەکرد شتێک دەربارەی کودەتای ساڵی (١٩٥٨ز) لە زاری یەک لەو ئەفسەرانە بزانم؛ کە: کودەتای تەمموزی خوێناوی ساڵی (١٩٥٨ز)یان سازدا. ئەوە بوو؛ پێش چەند ساڵێک جەنابی (پڕۆفیسۆر د.موستەفا زەڵمی؛ خ.ع) لۆی گێڕامەوە؛ گۆتی:
 کاتێک لە ساڵی (١٩٥١ز) ھاتمە سولەیمانی بوومە (مەلا) زۆر لام ناخۆش بوو؛ کە: زەکات و سەرفیترەیان لۆ (مەلا) خڕ دەکردەوە. ئەو کات عادەت وابوو؛ لۆ مەلای گەڕەک و گوند و شار خەڵک زەکات و سەرفیترە و فیدیە و سەر چاککردنەوەی دەدایە مەلایان. ئەوجا ئەگەر پێش (١٩٥٨ز) بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و دارایی مەملەکەتی عێراق وەربگرین و دیراسەی بکەین؛ تێدەگەین کە: لۆ ئەم کودەتایە ڕوویدا!؟! ھەندە لەمێژ نەبوو مەملەکەتی عێراق (مجلس الاعمار)ی دامەزراند بوو؛ وە قەرزێکی زۆری کەوت بووە سەر ووڵاتی بەریتانیا و لە ڕێگای (مجلس الاعمار) بڕیار دەدرا؛ کە: ئەو پارەیەی عێراق ھەیبوو لۆ خزمەتی گەل و نیشتیمانی عێراقی تەرخان بکرێت. ئەو دەم بوو؛ کە: پڕۆژەی زۆر گەورەی وەکو: (بەنداوی دۆکان؛ ...ھتد) بڕیاریان لەسەر درا، ھەروەھا ووڵاتی میسر و شۆڕشەکەی و عەقڵیەتی (جمال عەبدولناسر) کاردانەوەی زۆری لە سەر عەقڵیەت و شەقامی عێراق ھەبوو. ئەوە جگە لەوەی عێراق وەتێ دامەزرا ھەم لە باکور و ھەم لە باشور ناکۆکی لە سەر سنووری دەگەل دراوسێیەکانی ھەبووە! شۆڕشی ئەیلول ھەڵگیرسا بە ھۆی شەڕی نێوان عێراق و ئێران لە سەر یەکاوی عەرەبان (شەتول عەرەب)! کە؛ تیایدا ئیستغلال کردنی مافی زەوت کراوی میللەتێک بەکار ھێنرا لۆ ئەوەی توانا و ھێز و دەسەڵاتی بەغدا کەم بکات و دواتریش ھەر ئەو مەسەلەیە شەڕی نەگریسی ھەشت ساڵەی (عێراق - ئێرانی) لێ فاماوە.
  ئەوجا (د.موستەفا زەڵمی، خ.ع) لۆی گێڕامەوە؛ گۆتی: لە جەیش و سوپا بوومە سەرباز و ئەو کات ھەموو فەوجێک مەلایەکی ھەبوو و دەبووە ئیمام. ھەندەی نەبرد لە سەرووبەری ساڵی (١٩٥٧ز) گواسترامەوە لۆ ئەو فەوجەی (عەبدولکەریم قاسم)؛ ئەوجا بەھۆی ئەوەی (مەلا) بووم و کەس شک و گومانی لۆ ئەوە نەدەچوو؛ کە: مەلا لە (کودەتا) یان کاری سیاسی بەژدار بێت؛ لۆیە: ڕۆژێک ھەردوو ئەفسەر (عەبدولکەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف) گاسیان کردم؛ وە وێکڕا کەوتینە قسە کردن.
  کورتەی ئەم دانیشتنەمان ئەوە بوو؛ کە: ئەوان ڕێزی بەندەیان لایە و بەھۆی ئەوەی کەسێکی ئەمینم داوایان کرد؛ کە: بچمە ڕیزی (ئەفسەرە ئازادیخوازەکان)! ئەوە بوو چوومە ڕیزی ئەوان و ھەر کتابێکی نھێنێ و ھەر سڕەک ھەبووایە؛ ئەوا: دەدرا بە بەندە و زوو دەمگەیاند. حکومەت و دەسەڵاتیش ھیچ پەییان بەوە نەدەبرد؛ کارەکە وا بەردەوام بوو.

* شۆڕش یان کودەتا: ئەوە بوو دوو سێ ڕۆژ پێشتر؛ نامەیەکم گەیاندە ھەردووک (عەبدولکەریم قاسم  و عەبدولسەلام عارف)؛ کە: دوای دانیشتن و ھاتنی ئەمری گواستنەوەی لیوا و فەوجەکەمان و لە بەرەبەیاندا دەست بە کارەکان کرا؛ وە من دەزگای ئێزگەم پێدرا!

* کەسایەتی ئەفسەرەکان: ئەو کات پرسیارم لە جەنابییان کرد؛ کە: کەسایەتی عەبدولکەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف کوو بوو!؟
- گۆتی: عەبدولکەریم قاسم؛ کەسێکی سەر ڕاست بوو! ھیچ بوخز و کینەی نەبوو؛ ھەموو شتێکی ڕاست و دروست بوو، وە خۆش باوەڕ بوو. بە کورتی و بەکوردی کەسێکی عەسکەری بوو؛ وە  پاک بوو.. بەکورتی لۆ قیادەی عەسکەری دەبوو بەڵام نەک ببێتە سەرۆکی عێراق.
- ھەرچی عەبدولسەلام عارف بوو؛ ئەوا: کەسێکی بە بوخز و قینە بوو! شۆفینیەکی زۆر قین لە دڵ بوو؛ چەندە ڕووی ھەبوو و قەت جێگای متمانە نەبوو.

* دوای کودەتا: جەنابییان باسی لەوە کرد؛ کە: دوای سەرکەوتنی شۆڕشەکەیان و جێگیر بوونی بارودۆخ... ھەر دوای یەک حەفتە کاتێک سەردانی ئەفسەرانی ئازادیخوازم دەکرد؛ وە بێگومان ماڵ و حالییان گۆڕا!!! ئەوجا بە ماڵ و منداڵەوە ھاتووچۆی یەکتریمان دەکرد. ماڵ ھەبوو دەمدیت؛ کە: مەزھەرییە یان مافوور یان سینییەکی گران بەھا یان پارچە زێڕی دەگمەنییان دادەنا!؟ کە لێی وورد دەبوومەوە؛ ئەھا: ئەوە ناسیمەوە .... ئەوە  یێ ماڵێ (نوری سعید)یە یان یێ ماڵێ فڵانییە...ھتد. ئەمەش چونکە پێشتر ھاتووچۆمان دەگەلییان ھەبوو، ھەتا ھەندەک توحفییات لە (ماڵێ پاشا)ی پێشتر سەرنجییان ڕاکێشا بووم، لە ماڵێ یەک لە ئەفسەرەکانم دیتەوە! گۆتم؛ ئەوە یێ ماڵێ (نوری سعید)ە و لە فڵان موناسەبەی دیوومە!؟
- ئەفسەرەکە؛ گۆتی: شۆڕشە!

* پەشیمان بوونەوە: بە خۆم لە جەنابییانم پرسی، کە: ئایا پەشیمان نییت!؟
- گۆتی: ھەر چەند ڕۆژێک دوای کودەتا و شۆڕشەکە زۆر لە ئەفسەرەکان پەشیمان بوون چونکە ئەوان وایان نەدەویست! بەڵام ئاڕاستەی شۆڕش گۆڕانی بەسەردا ھات و بەگوێرەی ویست و ئارەزووی ھیچ لە یەکێکمان نەبوو. ئەگەر بارودۆخی ئەو کاتی ڕوودانی شۆڕش لەبەر چاو بگیرێت؛ وە ھەموو ڕەھەندە جیاوازەکانی کۆمەڵایەتی؛ ئابووری؛ دارایی؛ سیاسی و ژیان و گوزەران حسێب بکرێت؛ ئەوا: ھیچ پەشیمان نییم.

نوێترین نوسینەکانی د.ئازاد مەنتک

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌