بەرز بوونەوەی پلەی گەرما

وتار/ 30/06/2021 1232 جار بینراوە

د.ئازاد مەنتک

بەرز بوونەوەی پلەی گەرما
Heat - related illness
د.ئازاد مه‌نتك
بەرزبوونەوەی پلەی گەرما کاردانەوەی ڕاستەوخۆی لە سەر تەندروستی مرۆڤ هەیە، پلەی گەرمی ناو لەشی مرۆڤ لە ڕێگای سەنتەرێکی تایبەت لە مێشکدا کۆنتڕۆڵ و بەرزەفت دەکرێت؛ کە ئەو سەنتەرە ڕاستەوخۆ پلەی گەرمی لەش کاری تێدەکات و هەروەها ناڕاستەوخۆش لە ڕێگای دەمارەخانەکانی ژێر پێست هەستەوەر بە گەرمی. پلەی گەرمی ئاسایی ناو لەش بریتیە لە (٣٧) +- (٠٫٥) پلەی سەدی، کە ئەو پلە گەرمییە لۆ بەجێگەیاندنی کارلێکەکانی ناو لەش و زیندەپاڵ و کاری ئەنزیمەکان پێویستە! ئەو پلە گەرمییەی ناو لەش بە هۆی دوو کرداری گرنگ دێت، یەکێکیان زیندە کارلێکەکانی ناو لەش (basal metabolic rate)؛ ئەویدیش جوولە و حەرەکەی ماسولکەکان، کە لە کاتی جوولە و کاکردن و وەرزش ماسولکەکان بڕێکی زۆر لە ووزە بەکار دێنن و بەمەش پلەی گەرمی لەش بەرز دەکەنەوە یان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاتێک دەوروبەر گەرم و شێدار دەبێت یان برک دەکات؛ ئەو کات ئەو سەنتەرەی پلەی گەرمی لە مێشک هەوڵی ڕێکخستنی گەرمی دەکات لە ڕێگای چار میکانیزمی سەرەکی، ئەوانیش: گەیاندن و بەرکەوتن، دانەوە، بە هەڵم داچوون و تیشک دانەوە. ئەوجا کاتێک دەوروبەر سارد یان گەرم دەبێت ئەو سەنتەرە ئەم میکانیزمانە یان یەکێکیان کارا دەکات. لۆ نموونە کاتێک دەوروبەر زۆر گەرم دەبێت، ئەوا: کرداری ئارەقە کردنەوە ( بە هەڵم داچوون) زیاد دەبێت و بەمەش لەش خۆی فێنک دەکاتەوە و پلەی گەرمی دەگەڕێتەوە ئاستی ئاسایی.
لە کوردستاندا بە هۆی ئەوەی هاوینی زۆر گەرمە، وە بەتایبەت لۆ ئەم ساڵ؛ کە ووشکه ساڵی بووە و گەرمای و برکەکە زۆر بە حووجەتە لۆی هەیە خەڵک و عالەم ئەگەر مقەیەتی خۆیان نەبن، ئەوا: ڕۆژ بیانبات یان برک لێیان بدات. وە بەتایبەت لە پیر و پەککەوتە و بەناو ساڵکەوتووان یان لە گەنج و جوانان یان لەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنییان هەیە یان لەو کەسانەی هەندێک جۆری داودەرمان بەکار دێنن، وەک دەرمانی میزکردن (Diuretic)... هتد. ڕەنگ بێت، کەسانێک هەبێت ئەو پرسیارەیان بە زەین دابێت و بڵێن: ئەدی لۆ خەڵکێکی زۆر لەبەر ڕۆژێ کار و کاسبی دەکەن و بەرایان ناگەتێ؟! ئەوانە لەشییان خۆی دەگەل گەرما ڕاهێناوە، بە جۆرێک مرۆڤی ساغ و دروست کاتێک پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە لەش خۆدەگوونجێنێت (acclimatization)، بەوەی ڕێژەی ئارەقە کردن و قەبارەی ئارەقە کردن زیاد دەبێت و ڕێژەی خوێی سۆدیۆم دەناو ئارەقە کەم دەبێت و ڕژێنی سەرگورچیلە بڕی زۆر لە هۆڕمۆنی (ئەڵدۆستیڕۆن) دەردەدات هەتا بڕی خوێی سۆدیۆم لەناو خوێن بە هاوسەنگی بهێڵێتەوە. هەر کاتێک کەسێک ئەو میکانیزمی خۆگوونجاندنەی نەبوو یان تەواو نەبوو، ئەوا ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشییەکانی گەرما زۆر دەبێت. گرفتەکیدیش تایبەت بە کوردستان و تەنانەت عێراق ئەوەیە، هەر کاتێک کەسێک پلەی گەرمی لەشی بەرز بێتەوە و تای بێتێ، ئەوا: بێ سێ و دوو دەڵێن گرانەتا یان (حومەی ماڵتا)ت هەیە و دەرمانی ئەنتی بایۆتیک (دژە زیندەگی) و جۆڕکێک دەرمان بەکار دێت، کە لە ڕاستیدا مەرج نییە وابێت و لۆی هەیە تا لێهاتن و بەرز بوونەوەی پلەی گەرمی لەش بە هۆی هۆکاریتر بێت؛ وەک: ڕۆژ بردن یان برک لێدان. لێرەدا، قسەیەکی بەندەتان وەبیر دەهێنمەوە؛ کە گۆت بووم: گرانەتا و حومەی ماڵتا لە کوردستان بوونی نییە!!!! هەر لۆیە، هەتا دکتۆرێکی پسپۆڕ تەشخیس نەکات نەکەن دەرمان لۆ گرانەتا و حومەی ماڵتا بخۆن.
   بەرز بوونەوەی پلەی گەرما و کاردانەوەی تیشکی خۆر لە سەر لەش بە چەند حالەتێک دێت، لەوانە: 
١. کووتران  = تشنج حراري (heat cramp): کەسەکە دێت و نیشانە گەلی، وەک: داهێزران، داوەشان، بێتاقەتی، گیان ئێشان، نەبوونی تاقەت و دەڵێت؛ هەموو قەلبم کووترایە. جاری واهەیە کەسەکە هەر وەبیریشی نییە کە چووەتە جێگایەکی گەرم و شێدار یان ڕاستەوخۆ کەوتۆتە بەر تیشکی خۆر!؟ هەتا کاتێک پلەی گەرمی لەشیشی دەگریت، ئەوا؛ نۆڕماڵ و ئاساییە. چارەسەر لێرەدا بە چوونە جێگای فێنک و دەستنوێژ شووشتن (کمادات) و خواردنەوەی بڕی زۆر لە شلەمەنی و ئاو بەڵام دەبێت ئاگادار بێت نابێت بە تەنیا ئاو زۆر بخوورێتەوە چونکە لۆی هەیە زگاو بێت و بڕی خوێی سۆدیۆم زیاتر کەم ببێتەوە و نیشانەکان زیاتر دەبێت.
٢. بوورانەوە = اغماء الحرارة (heat syncope): کاتێک کەسێک ڕۆژ یان برک یان تیشکی خۆر لێی دەدات، لۆی هەیە دەڵحاز ببوورێتەوە و لەخۆ بچێت! وە هەتا پشکنینشی لۆ بکرێت خڕی نۆڕماڵە، وە تەنانەت پلەی گەرمی لەشیشی نۆڕماڵە.
٣. برک لێدان (heat exhaution): ئەو کەسانە چ لە ئەنجامی کارکردن لەبەر تیشکی خۆر یان لە شوێنی گەرم و شێدار، کاتێک سەنتەری ڕێکخەری پلەی گەرمی توانای خۆگوونجاندنی نابێت، لۆیە؛ کەسەکە نیشانەی ڕۆژبردنی لەسەر  وەدیار دەکەوێت، وەک: ووشکبونەوە، دڵەکووتە، شلەژان، ماندوو بوون و سەرئێشان و بێتاقەتی. وە ئەگەر دەست لە کەسەکە بدەیت، ئەوا: لەشی گەرمە و ئارەقەی زۆر دەکات! وە پلەی گەرمی لەشی لۆی هەیە لە مابەینی (٣٧ - ٤٠) پلەی سەدی بێت.
هەر کەسێ تووشی برک لێدان هات، ئەوا؛ دەبێت یەکسەر ببرێتە شوێنێکی فێنک واتا لە جێگا گەرم و شێدارەکە بگوازرێتەوە، دوایێ کەسەکە تەڕ دەکرێت (کمادات) و ئەگەر زانرا ووشکونەوەی هەیە؛ ئەوا: ژیناوی دەدرێتێ چ لە ڕێگای دەم (ORS)، وە یان لە ڕێگای دەمار و موولولەکان.
  ئەم حالەتی برک لێدانە دەبێت زوو چارەسەر بکرێت، خۆ ئەگەر ڕێکارە پێویستییەکانی لۆ نەکرا؛ ئەوا: لۆی هەیە ئەو حالەتی برک لێدانە سیرایەت بکێشێت و ببێتە حالەتی ڕۆژبردن و  نیشانەکان تیرتر بن.
٤. ڕۆژ بردن (Heat Stroke): کاتەک کەسێک تووشی ڕۆژ بردن دێت، ئەوا: حالەتی تەندروستی شڵۆق دەبێت و پلەی گەرمی لەشی لە (٤٠) پلەی سەدی تێپەڕ  دەکات واتا کەسەکە تایەکی بە حووجەتی دەبێت. دەست لە کەسەکە بدەیت زۆر گەرمە و هەر دەڵێیت؛ دەسۆتێت! بەڵام هیچ ئارەقە ناکات. کەسەکە نیشانەی، وەکو: سەرئێشان، هێڵنج و ڕشانەوەی دەبێت. لۆی هەیە ووڕێنە (confusion) بکات و تووش (aggression) بێت، وە ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێت لۆی هەیە لە هۆش خۆی بچێت.
  ئەم حالەتە دەبێت بە هەند وەربگیرێت و زوو چارەسەر دەنا ماک و ئاڵۆزی زۆر دروست دەکات، وەک: شۆک، گرفت لە  گورچیلەکان، پەککەوتنی جەرگ و گورچیلە، ئاوتێزان لە سییەکان و لە مێشک. کەسەکە دەبرێتە شوێنی فێنک، وە کەماداتی لۆ دەکرێت و وەکی دەستنوێژ شووشتن و پانکەی لۆ پێدەکرێت یان باوەشێنی لێدەکرێت و کەرتە بووز یان کڵۆ بەفر لە بنهەنگڵ و ناو گەڵانی دادەنرێت. وە پزیشک ژیناو (موغەزی) لۆی دادەنێت بەتایبەت، کە ووشکبونەوەی زۆر بوو.

نوێترین نوسینەکانی د.ئازاد مەنتک

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌