تەمەن و پیری!!!!

وتار/ 09/05/2021 1155 جار بینراوە

د.ئازاد مەنتک

تەمەن و پیری!!!!  

د.ئازاد مەنتک
لە بواری پزیشکیدا، کاتێک پزیشک دەنۆڕیتە کەسێک  سەرەتا و پێش خڕ پرسیارێک دوای ناسینی ناوی کەسەکە؛ ئەوا: پزیشک پرسیاری تەمەنی لێدەکات؟! بێگومان ئەویش وەرامی بە ژمارە دەبێت و دەڵێت هەندە ساڵە مە یان تاک و لۆق بە ڕۆژ و مانگ و ساڵ دیاری دەکات، لۆ نموونە؛ دەڵێت: لە (٠١/٠٧/١٩٨٨ز) لە دایک بوومە. ئەو تەمەنە بە ژماردنە لە لایەن پزیشکان بە تەمەنی ساڵ (Chronological Age) پێناس دەکرێت بەڵام وە نەبێت مرۆڤەکان بەس تەنیا ئەم تەمەنەیان هەبێت بەڵکو لە ڕووی پزیشکییەوە پێوەریتری تەمەن هەیە. مەرج نییە، کە هەموو مرۆەکان، کە تەمەنی بە ساڵ و ژماردنییان وەک یەک بێت؛ ئەوا: لە ڕەفتار و بیر و زەین کتومت بن!؟ هەر لۆیە، پزیشکان لۆ تەواو هەڵسەنگاندنی کەسێک و لۆ زانینی ئەوەی؛ کە تەواو پێگەیشتووە دوو جۆرە تەمەنیدیش تاوتوو دەکەن، ئەوانیش: (تەمەنی بایۆلۆجی)؛ کە زۆر خەڵک لە ئاکار و ڕوو و دەموچاویان پیرتر و گەورەتر دیارن وەک لە تەمەنی بە ساڵ!! لە کۆمەڵگای کوردەواری زۆر جار خەڵک و عەوام دەبینین لە ڕووی ئاکار و شکلی دەرەوەی زۆر گەورەتر دیارە وەک لە تەمەنی ژماردنەکەی و تەنانەت کاتێک تەمەنی خۆی دەڵێت، ئەوا: خەڵک هەیە دەوبەشکەی وێ دەکەوێ. هەر لۆیە؛ مەرج نییە تەمەنی بە ساڵ (Chronological Age) هاوشانی تەمەنی بایۆلۆجی (Biological Age) بێت.
   خەڵک کاتێک یەکێک دەبینێت، کە؛ پرچی مووی سپی کەوتیتێ یان سەری ماش و برنج بوو یان دەموچاوی چرچ و لۆچ بوو ئەوە مانای پیری دەدات!؟ هەرچەند دەگەل هەڵکشانی تەمەن ڕەنگ بێت کەسەکە ئەو گۆڕانکارییانەی لا ئاسایی و نۆڕماڵ بێت بەڵام لە ڕووی پزیشکی مەرج نییە ئەمە ڕاست بێت. بەڵکو چەند گۆڕانکارییەک لە زیندە کارلێکەکانی ناو خانە و بۆهێڵی بۆماوەیی، ئەوانەن کە تەمەنی بایۆلۆجی کەسەکە دەردەخەن و لە هەنووکەدا هەمووان گرنگی بەوە دەدەن. لێرەدا، لۆ زانینی تەمەنی بایۆلۆجی پزیشک پشت بە چەند فاکتەرێک دەبەستێت، وەکو: (تەمەن بە ساڵ، بۆماوە، شێوازی ژیان، خۆراک، نەخۆشی، خووی ناپەسەندی وەک جگەرەکێشان). ئەوجا لۆ نموونە کەسێک تەمەنی (٢٨) ساڵ بێت بەڵام (جغارەخۆر بێت و قەڵەو بێت و وەرش نەکات و خۆراکی ناتەندروست بێت)؛ ئەوا: لێت وەکات بێت شێوەی گەورەتر دەدات لە تەمەنی بە ساڵ؟
   هەر لۆ زیاتر بەراورد کردن زۆر لە ئێمە هاوەڵ یان برادەر یان کەسێکی لە پێشووتر چووەتە هەندەران و کاتێک ئەم کەسە گەڕاوەتەوە کوردستان، گۆترایه: هەر گەنج ماویت؟!! ئەدی گوێبیستی بێژەرەکە نەبوون کاتێک میوانداری هونەرمەندێکی کوردی کرد، گۆتی: (پێش بیست و دووساڵ چاوپێکەوتنم دەگەل سازداوی و ئێستاش هیچ نەگۆڕاویت ودەڵێیت لەناو سەلاجە هەڵگیراویت)!!!!
  وە نەبێت پزیشکان بەس بە دوای ئەو دوو تەمەنەوە بێت بەڵکو جۆرێکیتری ئەژماردنی تەمەن  هەیە و بە تەمەنی دەروونی یان سایکۆلۆجی (Psychological Age) دەناسرێت. تەمەنی سایکۆلۆجی مانا کەسەکە لە بیر و خوو و ڕەفتار کوو هەڵسوکەوت دەکات، لۆیە: مەرج نییە هاوتەریب بێت و یەکسان بێت بە تەمەنی بە ساڵ.  باشترین نموونەش لە هەرزەکار و جەوانان دەبینرێت! کاتێک سمێڵی گووگرە دەبێت و ئەو هەرزەکارە لە ڕەفتار و جوولە و هەڵسوکەوت خۆ لە تەمەنی خۆی گەورەتر وێنا دەکات و خۆ گەورەتر نیشان دەدات تەنانەت لە هەندێک ڕەفتار و خوو هەر وەک گەنجێک یان جوامێرێک هەڵسوکەوت دەکات.
  لێرەدا، دەردەکەوێت کە: مرۆڤەکان خڕ وەک یەکدی نیینە! بەڵکو هەر مرۆڤێک دەگەل ئەویدی جیاوازە و تەنانەت لە تەمەنیش مەرج نییە هەموو هاوتەمەنەکان وەک یەکدی بن. ئەوەی جێگای تێڕامینە، ئەوەیە: کە لە هەندێک کۆمەڵگا ئەو تەمەنانە تاڕادەیەک لێک نزیکن و بە شێوەی گشتی ڕێژەیەکی بەرچاو لە خەڵک تەمەنەکانیان (تەمەنی ساڵ) و (تەمەنی بایۆلۆجی) و (تەمەنی سایکۆلۆجی)یان وەک یەکە بەڵام لای خۆمان و لە کوردەواری بە شێوەیەکی بەرچاو لێک دوورە، هەتا بە جۆرێکە ڕەنگ بێت بێ دیراسە کردن لۆ هەموو خەڵک ڕوون بێت و هیچ قسەکردنی نەوێت. وە نەبێت زانین و دیراسە کردنی ئەو تەمەنانە بەس لۆ تەندروستی کەسەکان گرنگ بێت بەڵکو بەدوا داچوون لۆ دۆزینەوەی هۆکاری ئەو جیاوازییانەی لە نێوان ئەو ئەژماردی تەمەنانە کاردانەوەی تەواوی لە واقیعی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئایندەی کورد و کوردەواری  دەبێت.

نوێترین نوسینەکانی د.ئازاد مەنتک

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌