با ڕێگریی لە پەڕینەوەی ئاگرەکەی حەلەب بکەین !

وتار/ 17/12/2016 701 جار بینراوە

عەبدولستار مەجید

با ڕێگریی لە پەڕینەوەی ئاگرەکەی حەلەب بکەین !
*عەبدولستار مەجید
ئەوەی لە شاری حەلەب ڕوودەدات کارەساتێکی مرۆیی ھێندە گەورە و بە ئازارە، مێژووی مرۆڤایەتی تا ئەم ساتە بەخۆیەوە نەدیوە کە بەداخەوە یەکلاکردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتی و ئیقیلیمیەکان لەسەر ساحەی سوریا، خەڵکی بێ تاوان و مەدەنی دەبنە قوربایی و باجەکەی دەدەن، باجێک کە جەستەی ھەر تاکێکی حەلەبی پڕکردووە لە برین ! برینێک کە ساڕێژبوونی ئێجگار ئەستەمە و وەستاندنی ئەو نەزیفە بە ئازارەش بەڕاستی بووە بە مەحاڵ !
ئەوەی سوریا بە گشتی و شاری حەلەبی گەیاندووە بەمڕۆژە ناخۆش و ڕەشە، بەرژەوەندی زلھێزەکان و سیاسەتی دڕندانەی ئیقلیمیە کە نایەڵێت میلەتانی ستەمدیدە بە ئارامی و دوور لە شەڕ و خوێنڕشتن بژین !
تۆ بڕوانە ئەم زلھێزەکان و ئەوانەی شەڕی بەوەکالەت بۆ بەرژەوەندی ئەوان دەکەن، ئەم ناوچەیەیان کردووە بە چ دۆزەخێک کە شارستانێتی سەدان ساڵەی ئەم ناوچەیەیان کردۆتە مشتێک خۆڵەمێش و گۆمێک خوێن ؟!
بارودۆخی ھەریەک لەو وڵاتانەی ئاگری شەڕ و کاولکاریی تیایدا ھەڵایساوە، دەرەنجامی بەبنبەست گەیشتنی چارەسەری سیاسیانەیە کە خەڵکی ناچار بە پەنابردن بۆ توندوتیژیی کردووە .
کوردیش (لە ھەر چوار پارچەکە) کەمتری لەو قوربانیانی و خوێنەی ئێستا لە ناوچەکە دەڕژێت و دەدرێت، نەداوە ! بۆ نمونە ئێمە کە لە ھەرێمی کوردستان قەوارەیەکی سیاسیمان ھەیە، خەریکە بەھۆی ناکۆکی و ھەوڵدان بۆ ملشکاندن و دەستبادانی یەکتر، ڕیسەکەمان لێدەکاتەوە بە خوری و ئەوەی دەیان ساڵە خەباتی لە پێناودا دەکەین، خەریکە سیاسیەکانمان دەیدەن بە ئاودا !
پێگەی جوگرافی ھەرێمی کوردستان کەوتۆتە شوێنێکەوە کە ھەر چواردەوری دەکوڵێت و ئاگربارانە، کە ئەگەر نێوماڵی خۆمان بەم شپرزەیی و دابەشبوون و ناکۆکی و لەیەک دوورکەوتەوە بەردەوامبین، دوور نیە ناوچەکەی ئێمەش ببێتە بەشێک لەو دۆزەخە !
بۆیە پێویستە ھەرچی زووە ھێزە سیاسیەکان لە بری دەست ماچکردنی بێگانە! سازش بۆیەکدی بکەن و ھەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی لەو وەیشوومەیەی ناوچەکەی گرتوەتەوە دووربخەنەوە، چونکە ئەو دەرفەتەی ئێستا بۆ ئێمە ھاتۆتە پێش، بە درێژایی مێژوو بۆ بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد نەھاتۆتە پێشەوە و ھەڵنەکەوتووە !
دەبێ دەسەڵاتداران و ئەوانەی کاروباری خەڵکیان بەدەستەوەیە، بیرێک لە ئایندەی ئەم وڵاتە و بکەنەوە و ئەو میللەتەی بەھۆی سیاسەتی ھەڵە و گەندەڵی کەڵەکەبووی ٢٥ ساڵی حوکمڕانییەوە دڵشکاو و تۆراوە، ئاشتیان بکەنەوە و خزمەتیان بکەن، تا ببنە پاڵپشت بۆیان و بە ھەمووانەوە ئەم قۆناغە سەختە پڕ لە ناکۆکیە تێپەڕێنین و لەبەردەم خوا و پاشان مێژوودا سەربەرزانە لێی دەربچین .
ئەگەرنا بەردەوامی ئەم دۆخە ئاڵۆزە و درێژەدان بەم سیاسەتە پڕ لە نادادگەریی و ستەم و گەندەڵییە، ئایندەی ھەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە کە دوور نیە دۆخێک دروست بێت و بێتە پێشەوە، بەرگرتن لێی ئەستەم بێت !

*وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو
ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان

نوێترین نوسینەکانی عەبدولستار مەجید

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌