دەمەوێت ببمە راوێژکاری کاک مەسعود بارزانی
وتار/
08/06/2021
464 جار بینراوە
د.ئارام رهفعهت
دەمەوێت ببمە راوێژکاری کاک
مەسعود بارزانی
د.ئارام رهفعهت
دەمەوێت تەنها بۆ پێنج خولەک
ببمە راوێژکاری کاک مەسعود بارزانی، بۆ ئەوەی ئەم دوو پەیامەی عەرز بکەم:
(١)
🔶 پەیامی
یەکەم،
کاک مەسعود... پەکەکە دوژمنیش
بێت، هەر هێندەی داعش دوژمنە.
بەڵێ کاک مەسعود...
◀ لە
١ی ئایاری ئەمساڵدا چوار پێشمەرگە بەدەستی داعش لە پردێ شەهید بوون. چۆن جەنابت خۆت
نەکردە خاوەنی ئەو چوار شەهیدە، دەبوایە ئاواش لەئاست پێنج شەهیدەکەی مەتینا بێدەنگ
بوویتایە. لەبەر هیچ نا، لەبەر ئەوەی داعش بە فەرمی بەرپرسیارێتی شەهیدکردنی چوار
پێشمەرگەکەی گرتە ئەستۆ، بەڵام پەکەکە بەرپرسیارێتی شەهیدکردنی پێنج شەهیدەکەی مەتینا رەتدەکاتەوە و داوای لیژنەیەکی
لێکۆڵینەوەی بێ لایەن دەکات. کەچی جەنابت داعشت سەرکۆنە نەکرد، بەڵام پەکەکەت هەم
سەرکۆنە کرد و هەم هەڕەشەی سزادانت کرد.
کاک مەسعود...
◀گریمان
پەکەکە دوژمنە، بەڵام دوژمنیش بێت با هەر بەقەد داعش دوژمن بێت. ئەگەر پەکەکە لە
داعش دوژمن تریش بێت، هەر هێندە دوژمنترە کە داعشت لەسەر تاوانێکی چەسپاو سەرکۆنە
نەکرد و پەکەکەت لەسەر تاوانێکی نەچەسپاو سەرکۆنە کرد. هەڕەشەی سزا و تۆڵەکردنەوە
لە پەکەکە زیادە بوون.
کاک مەسعود...
◀ گریمان
خوێنی شەهیدەکانی مەتینا لە هی شەهیدەکانی پردێی دەستی داعش بەنرخترە، بەڵام، هەر هێندە
بەنرخترە کە پەیوەندیتان بەخانەوادەی شەهیدانی مەتیناوە کرد و بەهی پردێوە نەکرد.
هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە و سزادانی پەکەکە بەهۆی شەهیدانی مەتیناوە هەڵەیەکی ستراتیژییە.
بە کردنە بیانووی شەهیدبوونی
پێشمەرگەکانی مەتینا بۆ هەڕەشەی شەڕ لەگەڵ پەکەکەدا، شەهیدەکانی مەتینات سەرلەنوێ
شەهید کردەوە و پرسەی کەس و کاری ئەو شەهیدانەشت کردە دوو پرسە. گەواهیم هەڵوێستە
مەردانەکەی برای یەکێک لە شەهیدەکانی مەتینا،
ئازاد مەعروفە.
کاک مەسعود تکایە هەرچی زووە،
ئیحتیوای ئەو دەرەنجام و نەهامەتییە چاوەروانکراوانە بکە کە رەنگە بەهۆی هەڕەشەی
سزادانی بەڕێزتان رووبەڕووی نەتەوە خێرلەخۆنەدیوەکەمان ببنەوە.
(٢)
🔶پەیامی
دووەم،
کاک مەسعود...پەکەکە سەرچاوەی
نیعمەتی خۆت و خانەوادە و حیزبەکەتن، نەکەی ئەم سەرچاوەی ناز و نیعمەتە شلوێ بکەیت
و هەوڵی وشک کردنی بدەیت.
بەڵێ کاک مەسعود...
◀ باوکی
رەحمەتیتان مستەفا بارزانی، لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلولدا نامەیەکی دۆستانە بۆ جەودەت
سۆنای سەرۆکی ئەوسای دەوڵەتی تورک دەنێرێت. سونای، وەک هەر فاشیستێکی تری تورک بە
کوفر و سوکایەتی زانیبوو کە نامەکەی باوکی رەحمەتیتان وەربگرێت و بیکاتەوە، نامەکە
فڕێ درایە تەنەکەی خۆڵەوە.
کاک مەسعود...
◀ بەدرێژایی
١٤ ساڵی ڕەبەقی شۆڕشی ئەیلول، هیچ کام لە سەرۆکەکانی ئەو کاتی دەوڵەتی تورک، نە جەمال
گورسەی، نە جەودەت سۆنای و نە فەخری قۆروت ئامادە نەبوون بەسڵاوێکی سادەش پەیوەندی
لەگەڵ بارزانی ببەستن. بە درێژایی ١٤ ساڵ دەوڵەتی تورک تەنانەت بە دەنکە شقارتەیەکی
بەکارهاتوو یان بە قونکە جگەرەیەکی فڕێدراویش هاوکاری کوردی باشوری نەکرد.
کاک مەسعود...
◀مەتەڵ
و نهێنی پەیوەندی دوای راپەڕینی نێوان بەڕێزتان و حیزبەکەتان و دەوڵەتی تورک چییە....؟
ئایا سەرۆکەکانی دەوڵەتی
تورک لەسەردەمی ئەیلول (گورسەی و سۆنای و قۆروت) فاشیست تر و دژە کوردتر بوون لە سەرۆکەکانی
دەوڵەتی تورکی دوای راپەڕین (ئۆزال و دەمیرەل و سەزەر و گویل و ئەردۆغان)؟
◀ هەڵبەت
نەخێر...
ئەتاتورک و تورکەش ئەلپ ئەرسەلان
و دەوڵەت باخچەلی چەندە باوەڕییان بە مافی کورد لە باکور یان باشور هەبووە، سەرۆکەکانی
تورکی سەردەمی ئەیلول و راپەڕینیش، بە رەجەب ئەردۆغانیشەوە هەر هێندە باوەڕیان پێیە...
◀ کەوابێت
مەتەڵ و نهێنییەکە چییە...؟
مەتەڵ و نهێنی جیاوازی نێوان
هەڵوێستی سەرۆکە تورکەکانی سەردەمی ئەیلول و دوای راپەڕین تەنها و تەنها یەک شتە...
بوونی پەکەکەیە.
بە سادەیی، لەسەردەمی ئەیلول
پەکەکە نەبوو، تورک پێویستی بە کوردی باشور نەبوو، لەدوای راپەڕین پەکەکە هەیە،
تورک پێویستی بە کوردی باشورە.
کاک مەسعود...
◀ لە
سەردەمی سوڵتان بایەزیدی دووەم و سوڵتانی سەلیمی یەکەمی عوسمانی، واتە لە سەدەی
پازدەهەمەوە، تورکەکان لە مەلا ئیدریسی بەدلیسییەوە فێربوون کە کورد و یاخیبوونە
کوردییەکان تەنها بە خودی کورد ئیحتیوا دەکرێت. ئەمەش فەلسەفەی پەیوەندی و کرانەوەی
دەوڵەتی تورکی دوای راپەڕینە لەگەڵ کورد.
کاک مەسعود...
◀ گەورەترین
سودمەندی هەبوونی پەکەکە لە باشور جەنابت و خانەوادەکەت و حیزبەکەتن. هەموو ئەو
پشتیوانی و هاوکاری و پەیوەندییانەی دەوڵەتی تورک لە ٣٠ ساڵی رابردوودا لەگەڵ ئێوەدا
هەیبووە بۆ ئیحتیوا کردنی پەکەکە بووە، نە زیاتر نەکەم.. جا ئەو ئیحتیواکردنە مەرج
نییە هەر لە رێگای شەڕ و هاوکاری جۆراو جۆرەوە بێت، بەڵکو بۆ ئەزموونی ٥٠٠ ساڵەی
تورک لەگەڵ کوردا، تەنانەت هەبوونی دوو بەرەی کوردی رکابەر و مونافیس بەسە بۆ ئیحتیواکردنی
هەردووکییان.
◀ بەکورتی... راستییە تاڵەکە
ئەوەیە تورک بەرووی ئێوەدا کراوەتەوە بەهۆی پەکەکەوەیە، لەو راستییەش تاڵتر ئەوەیە
کە مانەوەی ئێوە و حوکمڕانی و باڵادەستیتان و بەهێزیتان پەیوەستە بە مانەوە و باڵادەستی
و بەهێزی پەکەکە... پێچەوانەکەشی راستە.
نوێترین نوسینەکانی د.ئارام رهفعهت
-
د.ئارام رهفعهت
08/06/2021
-
د.ئارام رهفعهت
04/09/2020
-
د.ئارام رهفعهت
29/03/2020
-
د.ئارام رهفعهت
15/12/2017
-
د.ئارام رهفعهت
10/11/2016