مستەفا بارزانی: رابەری رۆحی عێڕاقچییەکان

وتار/ 15/12/2017 1411 جار بینراوە

د.ئارام ره‌فعه‌ت

مستەفا بارزانی: رابەری رۆحی عێڕاقچییەکان
د.ئارام رەفعەت
هەر بزوتنەوە و رێبازێک رێچکەشكێنێک، دامەررێنەرێک، یان تیۆریسیانێکی هەیە. ئەو کەسە زۆرجار وەک باوکی رۆحی، باوکی دامەزرێنەر یان ڕابەر و دامەزرێنەری بزوتنەوەکە یان رێبازەکە دەناسرێت. وەک هەر بزوتنەوە و رێبازێکی تر، عێڕاقچێتیش لە باشوردا رچە شكێن و رابەرێکی رۆحی هەیە. مستەفا بارزانی ئەو باوکە یان رابەرە رۆحییەی بزوتنەوە و فکری عێڕاقچێتییە لە باشوری کوردستاندا. ئەو بزوتنەوەیە دەیان ساڵ لە شیعاری (دیموکراسی بۆ عێڕاق و حوکمی زاتی بۆ کوردستان)دا خۆی بەیان کردووە و لەلایەن هەردوو باڵی مەلایی و جەلالی ناو بزوتنەوەی کوردایەتدا نوێنەرایەتی دەکرێت. ئێڕاقچییە نوێکانی ئێستاش، کە دەکرێت بە (عەبادییەکان یان ژێردەستەخوازەکان)یش پێناسە بکرێن، زادە و درێژکراوەی هەمان ئەو ئەقڵیەتە عێڕاقچێتییەیە کە لەلایەن مستەفا بارزانییەوە هێنرایە ناو کایەی سیاسی و فکری لەباشوردا.
بۆچی بارزانی رابەری رۆحی عێڕاقچییەکانە؟
مستەفا بارزانی لە ١٧ی ئەیلولی ١٩٤٦ وەک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورد، بانگەوازێک بۆ خەڵکی عێڕاق بڵاودەکاتەوە کەتێیدا خۆی وەک عێڕاقییەک دەناسێنێت کە لەپێناو سەربەخۆیی عێراقدا خەبات دەکات. دوو فاکتەرری سەرەکی وا دەکەن کە بانگەوازەکەی بارزانی وەک رچەشكێنیی و سەرەتایەک بۆ فکری عێڕاقچێتی لەناو بزوتنەوەی کوردایەتیدا هەژمار بکرێت، یەکەمییان فاکتەری کاتە و ئەویتریشیان ناوەرۆکی پەیامەکەیە.
فاکتەری کات
دەکرێت فاکتەری کات لە بە رچەشكێنکردنی بانگەوازەکەی بارزانی لەچەند خاڵێکدا کورت بکرێتەوە. یەکەم، بانگەوازەکەی بارزانی لەسەروبەندێکدایە کە ئومێدی گەلی کورد بۆ سەربەخۆیی لەهەر کاتێک زیاترە. لەوکاتەدا کورد خاوەنی کۆماری مەهاباد بوو و بارزانیش ژەنەڕاڵێکی کۆمارەکە بوو. بۆیە بانگەوازکردن بۆ عێڕاقێکی سەربەخۆ لەبری کوردستانێکی سەربەخۆ لەو سەروبەندەدا رێک بەمانای سیاسەتکردنە بە پێچەوانەی ئاراستەی باو، کە ئەویش ئاراستەی سەربەخۆیی کوردستان و رزگاری نیشتیمانی بوو. دووەم، تەنها مانگێک بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا تێپەڕیبوو، بارزانیش سەرۆکی ئەو حیزبە بوو، بۆیە هەر پەیام و بانگەوازێک لەوکاتەدا و بەسیفەتی سەرۆکی پارتی بەمانای خواست و ویستی بارزانی دێت بۆ ئامانج و بەرنامەی سەرەکیی حیزبەکەی دێت. سێیەم، لەهەمان رۆژدا، واتە لە ١٧ی ئەیلولی ١٩٤٦دا، مەکتەبی سیاسی پەیرەو و پرۆگرامەکەی خۆی، لەگەڵ بانگەوازێکدا بڵاوکردەوە. پێچەوانەی نەهجە عێڕاقچییەتییەکەی بارزانی، هەم بانگەوازەکەی پارتی و هەم پەیرەو و پرۆگرامەکەی ئەو حیزبە کە لەلایەن مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە بڵاوکراوەتەوە، جەخت لە سەر سەربەخۆیی کوردستان و ناساندنی عێڕاق وەک وڵاتێکی داگیرکەر و کوردستانیش وەک وڵاتێکی داگیرکراو دەکاتەوە(Andrews, D. (1982). The Lost Peoples of the Middle East: لاپەرە ٦٧-٧١). ئەگەر بڵاوکردنەوەی هەریەک لە بانگەوازەکەی بارزانی و پەیرەوی ناوخۆی پارتی لەلایەن مەکتەبی سیاسی پارتییەوە لەیەک رۆژدا وەک ئاماژەی ململانێی نێوان ئەو دوو ناوەندەی ناو حیزب تەماشا بکەین، دەبینین دواجار ئیرادەی بارزانی بەسەر مەکتەبی سیاسی دا زاڵ دەبێت. بۆ ماوەی ٦٠ ساڵ زیاتر جیهانبینی عێڕاقچێتی بارزانی، نەک کوردستانیەتی مەکتەبی سیاسی پارتی بووە چوارچێوەی سیاسەتەکانی ئەو حیزبە و بزوتنەوەی کوردایەتی بەهەردوو باڵە جەلالی و مەلاییەکەیەوە. تا کۆتایی هەشتاکانیش هەردوو باڵەکە بانگەشەیان بۆ دیموکراسییەت بۆ عێڕاق و حوکمی زاتی بۆ کوردستان دەکرد. ئەمەش رۆڵی بارزانی وەک دامەزرێنەر و رابەری بیرۆکەی عێڕاقچێتی لەکوردستاندا دەسەلمێنێت. چوارەم، ئەوەندەی ئەدەبیاتی نوسراو لەبەردەستدایە، هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئەوە بسەلمێنێت کە پێش بانگەوازەکەی بارزانی، هیچ حیزب و رابەرێکی کوردستانی بانگەشەیان بۆ فکری عێڕاقچێتی کردبێت. بەواتایەکی تر ئەمە یەکەم دۆکومێنتە کە ئیسپاتی جیهانبینی عێڕاقچێتی سەرۆکی حیزبێکی کوردستانی بکات. لەبەر ئەم هۆکارانەی سەرەوە، دەکرێت بارزانی وەک باوکی دامەزرێنەری بزوتنەوەی عێڕاقچێتی لەباشوردا هەژمار بکرێت.
فاکتەری ناوەرۆکی پەیام
لەبانگەوازەکەیدا بارزانی سێ پەیام رادەگەیەنێت کە هەرسێکییان تا ئەوکات نامۆ بوون بە گوتاری باوی ئەوسای ناسیونالیزمی کوردی و هەرسێکیشیان دەکرێت وەک سێ پایەی فکری عێڕاقچێتی دابنرێن.
پەیامی یەکەمی ناو بانگەوازەکەی مستەفا بارزانی خۆ بە عێڕاقی ناساندنە. بانگەوازەکەی بەم رستەیە دەستپێدەکات "وەک ئەندامێکی گەلی عێڕاق کە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی راستەقینە تێدەکۆشێت، هەردەم پشتیوان بوومە بۆ خەباتی خەڵکی قارەمانی عێڕاقم بە کورد و عەرەبەوە کە بەسەربەخۆیی لە ئیمپرالیزمی دەرەکی دەیکەن" (Andrews, D. (1982). The Lost Peoples of the Middle East: لاپەرە ٦٦). بەمجۆرە بارزانی وەک "ئەندامێکی گەلی عێڕاقی نەک گەلی کوردستانی خۆیدەناسێنێت. لەبانگەوازەکەیدا، کە تەنها ١٠ رستەیە، بارزانی سێ جار ئاماژە بەعێڕاقی بوونی خۆی دەدات و تەنانەت ئەو وڵاتە دەسکردەی کە ئەوسا چارەگە سەدەیەک بەسەر دامەزراندنیدا تێنەپەڕیبوو، وەک "وڵاتی پیرۆز" پێناسە دەکات. لەبەرامبەردا، بانگەوازەکەی بارزانی بەهیچ شێوەیەک نە ناوی کوردستانی تێدایە و نە باسی کوردبوونی خۆی دەکات. ئەم شێوازی خۆ بە عێڕاقی ناساندن و بەموقەدەسکردنەی عێڕاق تا ئەوسا بەتەواوی نامۆ بوو بەئەدەبیاتی ئەو کۆمەڵە و حیزبە کوردستانییانەی کە لەپێش دامەزراندنی پارتیدا هەبوون، لەوانەش کۆمەڵەی زەردەشتی، خۆیی بوون، هیوا، رزگاری و ژێکاف و تێکۆشین و تەنانەت خودی پارتیش. گوتاری سەرەکی هەموو ئەو رێکخراوانە لەسەر ئەوە بونیاد نرابوو کە عێڕاق داگیرکەرە و کوردستانیش وڵاتێکی داگیرکراو. رەنگە پێش بارزانی، لەسەر ئاستی کەس،خەڵکانێک هەبووبن کە لە دامودەزگا عێڕاقییەکان، لەوانەش پەرلەمان و وەزارەتەکانی عێڕاقی بەشداربووبوون و کەم و زۆر خۆیان بە عێڕاقی زانیبێت. بەڵام هیچ کام لەوانە نوێنەرایەتی هیچ حیزب و رێکخراوێکی کوردستانییان نەکردووە و ئەم خۆ بە عێراقی ناساندنەیان زیاتر وەک هەوڵی شەخسیی و لەبەرامبەر پۆست و ئیمتیازدا کردووە نەک وەک بیروباوەر و جیهانبینی.
بەمجۆرە، بارزانی، وەک یەکەم سەرۆکی حیزبێکی کوردستانی دەبێتە رچەشكێنی بانگەشەکردن بۆئینتیما و ناسنامەی عێڕاقی و نەک کوردستانی. ئەم جیهانبینییە بۆ دەیان ساڵ، وە بە فۆرمی جۆراوجۆر، لە گوتار و کارنامە و ئەدەبیاتی پارتی و بزوتنەوەی کوردایەتیدا رەنگ دەداتەوە. ئەم جیهانبینییە تا حەوت ساڵی یەکەمی دوای روخانی سەدامیش، لە گوتاری فەرمی هەردوو باڵەکەی کوردایەتی، یەکێتی و پارتیدا رەنگی دابووەوە. بەسەنتەرکردنی ناسنامە و ئینتیمای عێڕاقی، لەهەمبەر پەراوێزخستن و فەرامۆشکردنی ناسنامە و ئینتیمای کوردستانی، یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی بیرۆکەی عێڕاقچییەکان، بەعێڕاقچییە نوێکان (لایەنگری عەبادی)شەوە. بۆیە بارزانی دەکرێت بە رابەر یان موئەسەسی فکری عێڕاقچێتی هەژمار بکرێت.
پەیامی دووەمی ناو بانگەوازەکەی بارزانی بازدانە بەسەر خواست و داواکارییەکانی کورد کە تا ئەوساش خۆی لە سەربەخۆیی کوردستاندا دەبینییەوە و لەبری ئەوە بانگەوازەکەیدا سێجار تەئکید لەوە دەکاتەوە کە ئەو لە پێناو "سەربەخۆیی راستەقینەی عێڕاق" لە ئیمپریالیزم و کۆنەپەرەستی خەبات دەکات و دوور و نزیک ئاماژە بۆ خەباتکردن لەپێناو رزگاری و سەربەخۆیی گەلی کوردستاندا ناکات. ئەوەی لەبانگەوازەکەی بارزانیدا غائیبە ماف و داواکارییەکانی گەلی کورد و سیاسەتە رەگەزپەرەست و داگیرکاریەکانی ئەو دەوڵەتەیە کە کە ئەوسا بینەقاقایان لەخەڵکی کوردستان بڕیبوو.
ئەوەی جێگای سەرنجە کە لەهەمان کرۆژی پەیام و بانگەوازەکەی بارزانیدا، واتە لە ١٧ی ئەیلولی ١٩٤٦دا، مەکتەبی سیاسی پارتی بەرنامە و پەیرەوی ناوخۆی پارتی بڵاودەکاتەوە و ئامانج و بەرنامە و هێڵەگشتییەکانی ئەوحیزبەی دیاری کردووە(سەرچاوەی پێشوو لاپەرە ٦٦-٧٠). پێچەوانەی بانگەوازە عێڕاقچییەکەی بارزانی، پەیرەوی ناوخۆی پارتی "سەربەخۆیی تەواوی کوردستان" وەک ئامانجی سەرەکی پارتی دیاری دەکات. خواستی سەربەخۆیی کوردستان سەرەکیترین خواستی هەموو ئەو حیزبە کوردستانییانە بوو کە لەپێش پارتیدا دامەزرابوون لەوانەش خۆییبوون و هیوا و رزگاری و ژێکاف و خودی پارتیش بوون. بۆ نموونە، حیزبی هیوا دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان وەک ئامانجی سەرەکی ئەو حیزبە دەناسێنێت (Jwaideh, W. (2006), the Kurdish National Movement: لاپەرە ٢٣٣). بەهەمان شێوە، حیزبی رزگاری نەک هەر پێداگری لەسەر سەربەخۆیی کوردستانی باشور، بەڵکو هەموو پارچەکانی کوردستان دەکات (Andrews The Lost Peoples of the Middle East: لاپەرە ٤٣-٤٥).
بە کنەکردنی زۆربەی ئەو سەرچاوانەی کە لەبەردەستدان، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت بانگەوازەکەی بارزانی نامۆیە بە گوتاری زاڵی هەموو ئەو حیزب و رێکخراوە کوردستانییانەی کە تا ئەوسا لە باشوردا چالاکییان هەبووە. بەمجۆرە، بارزانی لەگەرمەی چالاکییەکانی کۆماری مەهاباددا و پێچەوانەی هەموو حیزبە کوردستانییەکانی باشوریش، بەخیتابێکی نامۆوە، کە خیتابێکی عێڕاقچییانەیە دێتە ناو کایەی سیاسی و رێکخراوەیی کوردستانییەوە. ئەمەش یەکێکی ترە لە رچەشکێنییەکانی مستەفا بارزانی. رچەشکێنییەک کە دواتر بۆ دەیان ساڵ دەبێتە جەوهەری بیری عێڕاقچێتیی. لە ئێستاشدا جەوهەری خیتابەکەی بارزانی لە گوتار و پەیامە سیاسییەکانی ئەو کەس و گروپە عێڕاقچییانەدا دەردەکەوێت کە بەئاشکرا بانگەواز بۆ گەرانەوەی دەسەڵاتی ناوەند بۆ کوردستان دەکەن.
پەیامی سێیەمی ناو بانگەوازەکەی بارزانی، کە دەکرێت بە پایەی سێیەمی عێراقچێتی دابنرێت، خواستی دیموکراسییەت بۆ عێڕاقە. بارزانی لە بانگەوازەکەیدا دەڵێت "شانازی دەکەم کە خۆم بە هاوسۆزی هەموو ئەو پارتە نیشتیمانییە دیموکراتیخوازنە بزانم کە لەم دواییانەدا دامەزراون و خەبات بۆ کۆتایی هێنان بە دەسیسەی ئیمپریالیزم دەکەن". هاوسۆزی نواندن بۆ پارتە نیشتیمانییە دیموکراسیخوازەکان، یان پارتە عێڕاقییە دیموکراسیخوازەکان، بەمانای هاوسۆزییە بۆ ئیدیعای ئەو حیزبانە بۆ بە دیمکوراسیکردنی سیستەمی حوکمرانی عێڕاق لەرێگای دژایەتیکردنی ئیمپریالیزم. ئەم تێڕوانیینەی بارزانی، وەکوو دوو تێڕوانینەکەی پێشتری دواتر دەبێتە شیعاری سەرەکی ئەو حیزبە و سەرجەم حیزبەکانی کوردایەتی، لەوانەش یەکێتی و سۆشیالیست و ئەوانی تر. بەدرێژایی دەیان ساڵ، لانی کەم لە ساڵی ١٩٦١ تا ١٩٩١، "دیموکراسی بۆ عێڕاق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان" دەبێتە شیعاری سەرەکی ئەو حیزبانە. دوای ٢٠٠٣، جارێکی تر سەرانی کوردایەتی، هەر یەک لە یەکێتی و پارتی بە شیعارەیلی وەک "عێڕاقی ئومێد و ئاشتی"، "عێراقی دیموکراسییەت و ئازادی" و "عێڕاقیی هەمووان" پابەندبوونی خۆیان بەو رێبازی عێڕاقچێتیە دوپات کردەوە کە مستەفا بارزانی لە بانگەوازەکەیدا دایرشتبوو.
لە ئێستادا و دوای پاشەکشەی عێڕاقچێتی تەقلیدی (واتە عێڕاقچێتییەکەی سەرانی کوردایەتی) گروپێکی تری عێڕاقچییە نوێکان هەوڵ دەدەن ببنە میراتگری فکری عێڕاقچێتی سەرانی کوردایەتی، بەتایبەت لەدوای هەڵکشانی نەفوزی حەشد و تاکرەوی مەرجەعی باڵای شیعەکان و هەژموونی حیزبە شیعییەکان بەسەر سەرجەم عێڕاقدا. ئەوەی لە ئێستادا جورئەتی داوە بە عێڕاقچییە نوێکان تا خۆیان نماییش بکەن هەرتەنها پاشەکشەی عێراقچێتیی حیزبە تەقلیدییەکانی کوردایەتی نییە، بەڵکو ئەو زەمینەیە کە هەردوو باڵی مەلایی و جەلالی کوردایەتی لە دەیان ساڵی رابردوودا کارییان بۆ رەخسانی کردووە. پێدەچێت کە عێڕاقچییە نوێیەکان وەک میراتگری عێڕاقچێتی مستەفا بارزانی و حیزبە تەقلیدییەکانی کوردایەتی بێنە مەیدان. ئەوان لە ئێستادا بە رێکخراویی و هەماهەنگی کاردەکەن و شوێن پێکانی مستەفا بارزانی هەڵدەگرن و هەوڵ دەدەن وەهمی دیموکراسیی بوونی رژێمەکەی عەبادی و دەسەبەرکردنی مافەکانی کورد لەسای ئەو دیموکراسییەدا، دەرخواردی کۆمەڵگای کوردستانی بدەن.
بابەتەکە درێژەی دەبێت...

نوێترین نوسینەکانی د.ئارام ره‌فعه‌ت

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌