زانا و پرۆفیسۆرەکەی روداو کێیە و چی گوت؟

وتار/ 29/03/2020 969 جار بینراوە

د.ئارام ره‌فعه‌ت

زانا و پرۆفیسۆرەکەی روداو کێیە و چی گوت؟

د.ئارام ره‌فعه‌ت
رۆژی ٢٢ی ئاداری ٢٠٢٠ کەناڵی روداو لە بەرنامەی یەک هەواڵدا باسێکی حەماسەئامێزی بەناوی "لە ئەمەریکا باسی ‏چارەسەرەسەرەکەی پێگەمبەری ئیسلام دەکەن بڵاو کردەوە. لەبەرنامەکەدا گوایە لە گۆڤارێکی بەناو بانگی ئەمریکادا زانا و ‏پرۆفیسۆرێکی کریستیان باس لە رێگاچارەسەرەکەی پێغەمبەری ئیسلام دەکات. ئەم بابەتەی بەندە لە دوو بڕگە پێکهاتووە. ‏بڕگەی یەکەم "ناساندنی زانا و پرۆفیسۆرە" ئەمریکییەکەی روداوە و بڕگەی دووەمیش وەرگێڕانی دەقی نوسینەکەی ئەو "زانا ‏و پرۆفیسۆرە"یە. ‏
زانا و پرۆفیسۆرەکەی روداو کێیە؟
ئەو کەسەی روداو وەک سەرچاوەی داستانەکەی بەکاری هێنا کورێکی گەنجە بەناوی کرەیگ کۆنسیدەن، کە بەرەگەز ‏ئایریشی و هاوڵاتی ئەمریکییە. ئەم گەنجە تازە لە زانکۆ تەخەروجی کردووە و پێی ناوەتە ناو جیهانی ئەکادیمییەوە. یەکەم ‏توێژینەوەی ئەم گەنجە لە ساڵی ٢٠١٧دا بڵاوکراوەتەوە، کە بابەتێكی ژۆڕناڵی بوو لە ژۆرناڵێکی سویسری دا بڵاوکراوەتەوە ‏بەناوی رادیکاڵیزە بوونی ئیسلام لە ئەمریکادا زۆرترین سایتەیشنی بابەتەکانی ئەویش هەر ئەم بابەتەیەتی. ئەم گەنجە چەند ‏وردە توێژینەوەی تری هەیە، ئەوتوێژینەوانەشی کەکەمێک ئیعتباری ئەکادیمییان هەبێت لەپەنجەکانی یەک دەست تێناپەڕن. ‏وەکو پیشەش ئەم گەنجە وانەبێژە و بەهیچ شێوەیەک نەنازناوی پرۆفیسۆری هەیە و نە یاریدەدەری پرۆفیسۆر و نە هیچ ‏موئەهەلێکی تێدایە تا لەم زوانەدا ببێتە پرۆفیسۆر. ‏
بۆ ئەوەی نەڵێن غەدر لەم گەنجە دەکەیت کە روداو بە زانا و پرۆفیسۆر ناساندی، پێوەرێکی موعتەبەر هەیە کە هەموو ‏کەسێکی سادەش ئەکسێسی بۆی هەیە و دەتوانێت بیبینێت ئەویش گوگڵ سکۆلارە. گوگڵ سکۆلار هەموو ئەو توێژینەوە ‏ئەکادیمیەکانی هەموو توێژەرێک ریکۆرد دەکات و ژمارەی ئەو سایتێشنانەش (بەکارهێنانی توێژینەوە وەک سەرچاوە) ‏ریکۆرد دەکات کە بۆ توێژینەوەکانی کراون. گوگڵ سکۆلار هی ئەو گەنجەشی ریکۆرد کردووە. دەزانن ژمارەی ‏سایتەشنەکانی ئەم گەنجە چەندن؟ تەنها ٦٢ سایتەیشنن. ئەم ژمارە سایتەیشنە لە ئەکادیمیادا بەشی ئەوە ناکەن کە کەسەکە وەک ‏ئەکادیمییەکی موعتەبەر هەژمار بکرێت چ جای ئەوەی "زانا" وەک روداو ناساندی. بۆ ئەوەی وێنەکە رۆشنتر بێت، روداو ‏ناوی کەسێک دێنێت بەناوی ئەنتۆنی فۆسی (روداو بەهەڵە وەک ئەنتۆنی فۆجی ناوی هێنا) وەک پسپۆری نەخۆشییە ‏گوازراوەکان.ئایا دەزانن ئەنتۆنی فۆسی چەند توێژینەوە و چەند سایتەیشنی هەیە؟ گوگل سکۆلار ٢٤٤١ توێژینەوەی فۆسی ‏تۆمار کردووە کە ٢٠٦ هەزار و ٣٣٦ جار سایتەیشن کراون.‏
لێرەدا بەراوردی بەقەد پەنجەکانی دەست توێژینەوە و ٦٢ جار سایتەشنی زانا و پرۆفیسۆرەکەی روداو لەگەڵ ئەوانەی ‏ئەنتۆنی فۆرسی بۆ خوێنەر بەجێ دێڵم. پرسیاری ئەوەش بۆ خوێنەر بەجێ دێڵم کە بۆچی روداو نوسینی گەنجێکی بێ ‏ئەزموون و تازە پێگەییشتوو وەک قسەی زانا و پرۆفیسۆرێک بە میللەتی بەدبەختی کورد دەناسێنێت؟ بەڵام تەنها ئەوە دەڵێم، ‏لەم هەرێمی کوردستانەدا دەیان توێژەری گەنجمان هەیە کە لەدونیای ئەکادیمیدا زۆر لەو گەنجە موعتەبەرترن و خاوەن ‏توێژینەوەی زیاترن و لەسای گەندەڵی و خراپ ئیدارەی حیزبەکەی روداوەوە یان بێکار دەسوڕینەوە یان چاوەروانی موچەی ‏مانگی دوازدەی ساڵی پار دەکەن. جگەلەوە، هیچ عەبقەرییەتی ناوێت بۆ ئەوەی بزانیت ئەم گەنجە ئەمریکییە لەگەڵ کێ و بۆ ‏کێ لەبەرامبەر چیدا کار دەکات. سەرێکی تویتەری گەنجەکە بدەن و بزانن و بەئاشکرا تێوەگلانی گەنجەکە لە گەڵ ئیخوانە ‏عەرەب و پاکستانییەکان بەئاشکرا دەبینن. بەواتایەکی تر ئەمە کەسێکی ئایدیۆلۆجیستە یان بۆ ئایدیۆلۆژیایەک و لەگەڵ ‏گروپێکی ئایدیۆلژی کار دەکات، هەر ئەمەش هۆکارێکی ترە کە ناکرێت نوسینەکانی ئەو کەسە وەک نوسینی ئەکادیمیش ‏وەربگیرێت. ‏
دەبێت ئەوەش بڵێم، هەمان رۆژی بەرنامەکەی روداو، کەناڵی ئەلجەزیرەش هەواڵێکی لەو جۆرەی بڵاو کردەوە. هەرچەندە ‏ئەلجەزیرەش لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەدا چەواشەکاری کرد بەڵام ئەلجەزیرە زۆر بە ئەخلاقانەتر و پیشەییانەتر لە روداو ‏ئەم کارەی کرد. ئەلجەزیرە نە ئەو گەنجەی کردە زانا و پرۆفیسۆر و نە چەواشەکاریشی لە گۆڕینی قسەی گەنجەکە دا و نە ‏ئیدیعای ئەوەشی کە گەنجەکە بە ئەنتۆنی فۆسی گوتبێت بوەستە. چونکە میدیاکارانی ئەلجەزیرە ئەگەر گەنجەکەش نەناسن ‏ئەنتۆنی فۆسی دەناسن خۆیان ناخەنە ئیحراجییەکی لەو جۆرە. ئاخر جەزیرە دەزانێت بەشێک لە خوێنەری عەرەب بەشی ‏ئەوە وشیارە کە بەدوای سەرچاوەکانی هەواڵەکەدا بگەڕێت. بەڵام، ئەلجەزیرە لەوەدا چەواشەکاری کرد کە هەواڵەکەی وا ‏بڵاوکردەوە کە را و بۆچوونی گۆڤاری نیوزویکی ئەمریکییە. لەراستیدا ئەم بابەتە لە بەشی بیرورا بڵاوکراوەتەوە و دوور و ‏نزیک پەیوەندی بە بۆچوونی گۆڤارەکەوە نییە. ئەوەی شارەزای بواری رۆژنامەوانی میدیاییش بێت دەزانێت کە لە بەشی ‏بیرورا دەتوانیت بەرامبەر دانی هەندێک پارە بە رۆژنامەکە یان گۆڤارەکە رای خۆت بڵاوبکەیتەوە. لەرابردوودا تەنانەت ‏نێچێرڤان بارزانی و وشیار زێباریش نەک لە نیوزویک بەڵکو لە گۆڤار و رۆژنامەی زۆر موعتەبەرتردا لەبەرامبەر پێدانی ‏پارە رای خۆیان بڵاوکردۆتەوە. با ئەوەش بڵێین نیوزویک نەک هەر ئەو بەناوبانگە نییە وەک روداو بەمەبست باسی دەکرد ‏بەڵکو لە لیستی ١٠٠ لە باشترین و پڕخوێنەرترین گۆڤاری ئەمریکیشدا نییە.‏
زانا و پرۆفیسۆرەکەی روداو چی گوت؟
ناچارم ئەوە بڵێم کە نوسینەکەی ئەو "زانا" و "پرۆفیسۆر"ەی روداو شایستەی ئەوە نەبوو من کاتی خۆمی لە تەرجومەکردنی ‏بەهەدەر بدەم. ئەوەی ئەم گەنجە نوسیویەتی هەموو موسوڵمانێکی سادەش دەیزانێت و مەلاکانمان بەردەوام لە وتاری هەینیدا ‏قوڵتر و راستریش باسی دەکەن و تەنانەت هەندێک لە مەلاکانمان گومانییان لەراستی و دروستی هەندێک لەو حەدیسانەشە کە ‏گەنجە ئەمریکییەکە ئاماژەی پێداون. بەڵام بۆ رێگرتن لە درۆ و چەواشەکاری روداو و هەوڵی گەوجاندنی تاکی کورد، ‏بەپێویستم زانی بابەتەکەی ئەو گەنجە بخەمە بەرچاوی خوێنەری کورد.‏
‏ ئەمەی خوارەوەش دەقی نوسینەکەی گرایک کۆنسیدەنە:‏
ئایا سوڵتەی نوێژ بەتەنیا دەتوانێت پەتای هاوشێوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوستێنێت؟ هەتا پێغەمبەر محەمەدیش بەجۆرێکی تر ‏بیری کردۆتەوە
گرەیک کۆنسیدەن
بەشی بیرورای گۆڤاری نیوزویک
پەتای کۆڤید١٩ حكومەت و سەرچاوەکانی هەواڵی ناچار کردووە کە وردترین و یارمەتیدەرترین ئامۆژگاری دەربارەی ئەم ‏نەخۆشییە جیهانگیرییە پێشكەشی خەڵکی جیهان بکەن. پسپۆڕانی تەندروستی و زانایانی بواری پەتا گوازراوەکان و ‏کاریگەرییەکانییان خواستێکی زۆرییان لەسەرە.‏
شارەزایانی بواری بەرگری لەشی وەک ئەنتۆنی فۆسی وە هەواڵنێری پزیشکی سانجا گۆپتا دەڵێن پاکوخاوێنی باش و ‏کوارەنتینەکردن، یان هەوڵی خۆدابڕاندن لەوانی تر بە مەبەستی رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتا گوازراوەکان، کاریگەرترین ‏ئامرازە بۆ ئیحتیواکردنی کۆڤید-١٩.‏
دەزانی کێی تریش پێشنیاری پاکوخاوێنی باش و کوارەنتینەی بۆ کاتی پەتا کردووە؟
محەمەد، پێغەمبەری ئیسلام ١٣٠٠ ساڵ لەمەوبەر.‏
هەرچەندە ئەو بەهیچ جۆرێک پسپۆڕی تەقلیدی بواری نەخۆشییە کوشندەکان نەبووە، محەمەد، بەهەرحاڵ ئامۆژگاری ‏ماقوڵی هەیە بۆ رێگریکردن و بەگژداچونەوەی گەشەکردنی پەتای وەک کۆڤید-١٩. ‏
محەمەد گوتی: ئەگەر بیستت لە خاکێک تاعون بڵاوبۆتەوە، مەچۆ ناوی؛ بەڵام ئەگەر تاعون لەو شوێنە بڵاوبووەوە کە تۆی ‏لێی، ئەو شوێنە بەجێ مەهێڵە.‏
ئەو گووتوشییەتی: ئەوانەی توشی نەخۆشی گوازراوە بوونە دەبێت لەوانە بە دووربن کە تەندرووستن. ‏
هەروەها محەمەد شێلگیرانە هانی خەڵکی داوە کە پابەندی ئەو کردە پاقژییانە بن کە مرۆڤ لەتوشبوون دووردەخاتەوە. ‏بەلەبەرچاوگرتنی ئەم حەدیسانەی خوارەو، یان فەرمودەکانی موحەمەد:‏
‏"پاکوخاوێنی لە باوەڕەوەیە." ‏
‏"دوای لەخەوهەستان دەستەکانت بشۆ؛ کاتێ خەوتووی، تۆ نازانی دەستەکانت بۆ کوێ بردووە."‏
‏"نیعمەتی خواردن لەدەستشۆرینی پێش و دوای خواردندایە".‏
ئەی ئەگەر کەسێک نەخۆش کەوت؟ محەمەد چ جۆرە ئامۆژگارییەک دەداتە ئەو هاوەڵە مرۆڤانەی گرفتاری ئازارن؟
ئەو هانی خەڵک دەدات کە بەردەوام بەدوای چارەسەری پزیشکی و دەرمانەوە بن: "چارەسەری پزیشکی بەکار بێنن،" ئەو ‏گوتی "چونکە خوا هیچ نەخۆشییەکی نییە کە چارەسەری نەبێت، جگە لە یەک نەخۆشی- تەمەنی پیری."‏
لەوانەیە لەهەمووی گرنگتر ئەوەبێت ئەو زانیویەتی کەی لەنێوان عەقیدە و هۆکاردا بالانس بکات. لەم چەند هەفتەیەدا، ‏هەندێک کەس تا ئەو رادەیە رۆییشتن و پێشنیاری ئەوەیان دەکرد کە بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، نوێژکردن لە ‏پابەندبوون بە بنمەماکانی مەودای کۆمەڵایەتی و خۆ کوارەنتینە کردن باشترە. چۆن پێغەمبەر محەمەد وەڵامی بیرۆکەی ‏ئەوە دەداتەوە کە نوێژ سەرەکیترین- یان تەنها- جۆری پزیشیکییە؟
ئەم چیرۆکەی خوارەوە بخەپێشچاو، کە تایبەتە بە ئەلتورمزی کە سکۆلارێکی سەدەی نۆیەمی فارسی بوو: رۆژێکییان، ‏پێغەمبەر محەمەد بەدەوییەکی بینی کە وشترەکەی بەجێهێشت بێ ئەوەی بیببەستێتەوە. ئەو لە بەدەوییەکەی پرسی "تۆ بۆچی ‏وشترەکەت نابەستیتەوە؟" بەدەوییەکە وەڵامی دایەوە "من متمانەم بە خودا هەیە." پێغەمبەر گوتی "یەکەمجار حوشترەکەت ‏ببەستەوە، ئەوجا متمانەت بەخوا بێت."‏
پێغەمبەر بەردەوام خەڵکی هانداوە کە بەدوای رێنماییەکانی ئایینەکەی خۆیاندا بگەڕێن، بەڵام ئەو هیواخوازیش بوو کە ‏لەپێناو ئاساییش و سەلامەتی و کامەرانی هەموو لایەک، خەڵک رێوشوێنە سەرەتاییەکانی خۆپاراستنیش بگرنەبەر.‏
بەمانایەکی تر، ئەو هیواخواز بوو خەڵک ژیری خۆیان بەکار بێنن‏.

نوێترین نوسینەکانی د.ئارام ره‌فعه‌ت

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌