خۆزگە بەهەرێم و عێراقیش موسەدەقێکیان هەبوایە!!

وتار/ 30/05/2021 478 جار بینراوە

عەتا سەلیم

خۆزگە بەهەرێم و عێراقیش موسەدەقێکیان هەبوایە!!

عەتا سەلیم
داستانی خۆماڵی کردن و بەنیشتمانیکردنی نەوت و پرۆژە ستراتیژیەکان لە حەفتا ساڵێک لەمەوبەرەوە لەناوچەکەو بەتایبەتی لە چەند وڵاتێکی وەکو میسرو  عێراق و ئێران لەلایەن چەند سەرکردەیەکی ئەو کاتی ئەو وڵاتانە
دەستکەوتێکی گەورەو مێژوویی بوو بۆ گەلەکانیان ، چونکە ئەو سەرۆک و سەرکردانە هەنگاوێکی جەسورانەو کارێکی گەورەی نیشتمانییان بۆ گەلەکانیان کردو ئابوری وڵات و بازاڕو گیرفانی هاوڵاتیانیان ئاوەدان کردەوە. بە پێچەوانەی نەوتی هەرێمەکەی خۆمان لەبری گەشەپێدانی وڵات و ئاوەدانکردنەوەو بوژانەوەی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان، بووە مایەی نەگبەتی و بەتاڵکردنەوەی گیرفانی خەڵکەکەی و بەتایبەتیش فەرمانبەران و موچە خۆران.
بەپێی لێدوانی پەرلەمانتارێکی خانەنشین و مامۆستای زانکۆ (د.عیزەت سابیر)، لە سەدا حەفتا ۷۰٪ی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ کۆمپانیاکان و وڵاتانی بێگانە ئەڕوا و تەنها لە سەدا سی ۳۰٪ بۆ هەرێم ئەگەڕێتەوە.
ئەوەش ڕێک لە ئێران و لەسەردەمی  پێش موسەدەق لەگەڵ نەوتی ئێران و خەڵکەکەی ڕویدا. 
لە ساڵی ۱۹٥۱  کاتێک موحەمەد  موسەدەق دەبێتە سەرۆک وەزیران، بڕیاریدا نەوتی ئێران خۆماڵی بکات، بە پێچەوانەی ئەو ڕێککەوتنانەی پێشتر لە نێوان حکومەتی ئێران و کۆمپانیای وڵاتە بێگانەکان کرابوو، بە ڕێژەی لە سەدا هەشتا٨۰٪ بۆ کۆمپانیای نەوتی بەریتانی و لە سەدا بیست۲۰٪ بۆ وڵاتی خانەخوێ بوو، بەڵام موسەددەق بەوە ڕازی نەبوو بڕیاریدا، ئەو هاوکێشەیە پێچەوانە بکاتەوەو لەسەدا هەشتا٨۰٪ی داهاتی نەوت بۆ وڵاتی ئێران و گەشەپێدانی وڵات و خۆشگوزەرانیی خەڵکەکەی بێت و تەنها لە سەدا بیست۲۰٪ بۆ کۆمپانیا بەریتانیەکە بێت، بەو هەنگاوو هەڵوێستە نیشتمانی و ئازایانەیەش  دەوترێت خۆماڵی کردنی نەوت.
لەپای ئەم هەڵوێستە نیشتمانی و جوامێرانەیەیدا، هەردوو دەزگای هەواڵگری سی ئای ئەی ئەمریکی و ئێس ئای ئێسی بریتانی لە ڕێگەی هاندان و ڕێکخستنی کودەتاوە ساڵی ۱۹٥۳ لە دەسەڵات دووریان خستەوە، بەڵام موسەدەق بۆتە خاوەنی مێژوویەکی پڕ شانازیی بۆ ئێرانیەکان و خەڵکە نیشتمانپەروەرەکەی ناوچەکەش.

نوێترین نوسینەکانی عەتا سەلیم

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌