دەزگا نوێیەکەی ئەنجومەنی وەزیران و چاکسازیی.

وتار/ 12/07/2020 483 جار بینراوە

عەتا سەلیم

دەزگا نوێیەکەی ئەنجومەنی وەزیران و چاکسازیی.

عەتا سەلیم
بڕوای تەواوم هەیە هەر ئەم هەنگاوەی دامەزراندنی دەزگایەکی نوێ(دەزگای نیشتمانی بۆ خۆراک و دەرمان) لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە. ئاماژەیەکی ڕون و ئاشکرایە، کە ئەم دەسەڵاتە نایەوێ یان ناتوانێت هەنگاوێکی ڕاستەقینە بەرەو چاکسازیی هەڵبگرێت، لەبەر ئەوەی کە سەرنج لە جوڵەو گەمە ناشیرینەکانی ئەم دەسەڵاتە و بەرپرسەکانی ئەدەیت، تێئەگەین لەوەی ئەو کاتەی نایانەوێت کارێک، پرۆژەیەک، ئەنجامێکی بە ئاراستەی سوودی گشتی و بۆ بەرژەوەندی خەڵک هەبێت. دێن لێژنە دروست دەکەن، دەزگای نوێ دادەمەزرێنن.

کێ ئەتوانێ ئەنجامی کاری لێژنەیەکمان پێبڵێت لەو سەدان لێژنانەی لە ساڵانی ڕابردوودا دروستکراون کە ئەنجامێکی هەبووبێت لە لێپرسینەوە لە کەموکورتی و گەندەڵی و بەفیڕۆدانی ماڵ و دارایی گشتی؟بێگومان ئەو لێژنانە هەر بۆ کات کوشتن و سەرقاڵکردنی هاوڵاتیان وبەخشینی هیوایەکی ساختە بووە، چونکە وردە وردە لەگەڵ درێژەکێشانی کاری لێژنەکە، کێشەکەیان لەبیری خەڵک بردووەتەوە؟! بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەگەر تۆ قەرارە چاکسازیی بکەیت، وەرە ڕۆڵی ڕاستەقینە بۆ دامەزراوە شەرعی و یاساییەکان (پەرلەمان و دەستەی دەسپاکی و دادگاکان) بگێڕەوە و هەر ئەو دەسەڵاتەی کە بە یاسا پێیان دراوە بەربەستیان زۆ دروست مەکەن، نەک بێیت و دەزگای کارتۆنی نوێ دروست بکەیت؟! بێزەحمەت ئەم دەزگا نوێیە بڕیارە چی بکات کە دامەزراوە ڕەسمیەکانی تر ناتوانن بیکەن؟ ئەرێ بەڕاست لێژنەی تەندروستی پەرلەمان و وەزارەتی تەندروستی و کشتوکاڵ و بازرگانی و بەڕێوەبەرێتیە گشتیەکانیان کاریان چییە؟ هەریەکەیان بەدەیان و سەدان کارمەندو بەرپرسیان هەیە ، ئەگەر ئەمانە کە هەریەکەیان خاوەنی دەیان ساڵ کارو ئەزموونن، نەتوانن یان نەهێڵدرێت چاودێری و کێشەی خۆراک و دەرمان چارەسەر بکەن، ئێستا دەزگایەکی تازەی بێ ئەزموون ئەتوانێ چی بکات؟!

هەر پەیوەست بەم بابەتە، ساڵی ۲۰۱٤بەڕێز(د.ئەحمەد ئەنوەر)، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم، لە سیمینارێکدا لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی، کە بۆ خوێندکارانی زانستەسیاسیەکان ڕێکخرابوو، وتی: پێش هەڵبژاردنم لەپەرلەمان وەکو سەرۆکی دەستەکە. بەبەڕێز مسعود بارزانی سەرۆکی ئەو کاتەی هەرێمم گوت" جەنابی سەرۆک ئەگەر وەکو سەرۆکی دەستە،دەسەڵاتی تەواوم نەبێ من پێویستم بەپلە و پۆست نییە خۆم مامۆستای زانکۆم، ئەم کارە ناکەم و ئەو پۆستە وەرناگرم.

ئەڵێ: سەرۆکی هەرێم پێی وتم: بێ خەمبە، تۆ دەسەڵاتی تەواوی لێپرسینەوەت هەیە و من پشتیوانت دەبم". بەڵام لەدوای حەوت ساڵ لەدامەزراندن و کارکردنی ئەو دەستەیە، چەند بەرپرس و کاربەدەست لەسەر گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکەی، دراون بەدادگاو لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە؟! چەند وەزیرو بەرپرسی تر لە ئەنجامی لێپرسینەوەو سۆراخکردنی دەستەی دەستپاکی لەکارەکەیان دورخرانەوە یان پێویست بوو زیندانی بکرێن؟! لەڕاستیدا کێشەی چاکسازیی لە نەبوونی دەزگا و دەستەدا نیە، کێشەی ڕاستەقینە لە نەبوونی ئیرادەی چاکسازیدایە، لەنەبوونی ئیخلاس و دڵسۆزیە بۆ خەڵک و بۆ قەزیەیەک کە پێی دەوترێت کوردایەتی و خەڵکی نیشتمانی کوردان ؟!


نوێترین نوسینەکانی عەتا سەلیم

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌