کەی ئەبین بە مرۆڤ؟
وتار/
24/03/2021
590 جار بینراوە
هوشیار جەمال
کەی ئەبین بە مرۆڤ؟
هۆشیارجەمال
کاتێک دیمەنی یەکێک لەبەرنامە تەلەفزیۆنیەکانم بینی
کە کارمەندێکی ژینگە پارێز دەڵێت:"خەڵکی پێمان دەڵێن حەیوان". باش بیرکردنەوەیەکی
زۆر لە خۆم پرسی ئەرێ ئێمە کەی ئەبین بە مرۆڤ؟
خۆمان بە خاوەنی شارستانیەت و خاوەنی دەوڵەتی ماد
دەزانین و پێمان وایە سفری میژوو شارستانیەت کوردستانەکەی ئێمەیە، بەڵام پاش هەزاران
ساڵ نەبوون بە مرۆڤ.
ئەڵین پێغەمبەر زەردەشت کورد بووە ، و ئاینەکەی فەرمان
دەکات بە بیری چاک و کرداری چاک و ئێمەی نەکرد بە مرۆڤ.
زیاتر لە هەزار ساڵە مسوڵمانین و خــوای گــەورەش
دەفــەرمــووێ :
(ولقد كرمنا بني ادم و حملناهم في البر و رزقناهم
من الطيبات و فضلناهم على كثير ممن خلقنا تفضيلا ) الإسراء 70( سوێند بەخوا بەڕاستی ئـێمە ڕێزمان لە نەوەی
ئادەم گرتووە و بەسەر وشکانی و دەریادا (بەجۆرەها هۆکاری گواستنەوە) هەڵمان گرتوون
و لە ڕزق و ڕۆزی پوخت و چاکی جۆراوجۆر بەهرەوەرمان کردوون (لە خۆراک و پۆشاک و ماڵ
و ناوماڵ ...هتد) بەڕاستی ئێمە ڕێزی زیادەی ئەوانمان داوە بەسەر زۆربەی ئەو بەدی هێنراوانەدا
کە دروستمان کردوون (لە هەموو ڕوویەکەوە، تا قەدەر و ڕێزی خۆیان بزانن). بەڵام ئێمە
نەبووین مرۆڤ.
سەرۆکی فەرەنسا یەک دێڕ دەڵێت لە بارەی ئیسلام و
پێغەمبەرمان (دخ) لێبێت هەموومان دەبینە بەرگری کارو بە باش و بە خراپ هەرچی بەدەماندابێت
دەیڵێن لە کاتێکدا و پێغەمبەرمان (دخ) دەفەرموێت:" عن أنسٍ رضي الله عنە قال: قال رسولُ الله صلَّى الله عليە وسلم: (لَيسَ مِنَّا مَن لَم يَرحَم صَغيرَنا، وَيُوَقِّر كَبيرَنا). [صحيح: صحيح الجامع (٢٧٢)، الصحيحة
(٢١٩٦)]. ماناكەى: لە ئێمە نییە كەسێك بە ڕەحم و بەزەیی نەبێت بەرامبەر بچوكەكانمان
و ڕێز لە گەورەكانمان نەگرێت. لە ئێمە نییە مانای ئەوە نی یە كافر بێت بەڵكو كەسێكی
ئیمان لاوازە و گوناهی گەورەی ئەنجامداوە. کەچی ئێمە هەر فێری ڕێزگرتن نەبووین و نەبووین
بە مرۆڤ.
سەد ساڵ پێش ئێستا ئەحمەد موختار جافی شاعیر وتی :
لە خەو هەڵسن درەنگە میللەتی کورد خەو زەرەرتانە
هەموو تەئریخی عالەم شاهیدی فەزڵ و هونەرتانە
دەسا تێکۆشن ئەی قەومی نەجیبیی بێکەس و مەزڵووم
بەگورجی بیبڕن ئەو ڕێگە دوورە وا لەبەرتانە
بخوێنن، چونکە خوێندن بۆ دیفاعی تیغی دوشمنتان
هەموو ئان و زەمانێ عەینی قەڵغان و سوپەرتانە
هەستاین لە خەو و خوێندمان و شار و وڵات پڕ بوو لە دکتۆر و مامۆستا و پڕۆفیسۆر و دادوەر، بەڵام
هەر نەبووین بە مرۆڤ.
زیاتر لە نیو سەدە پێش ئێستا ڕەحیمی قازی و ابراهیم ئەحمەد و جەمیل سایب
ڕۆمان و چیرۆکیان بۆ کوردنووسی و لە بواری ئەدەبدا خزمەتیان کردین بناغەی ڕۆمان و
چیرۆکیان بۆ داناین و بەڵام نەمانتوانی بە
ئەدەبین و مرۆڤبین .
بازاڕ پڕە
لە کتێبی فەلسەفی و فکری وەک دەڵێن گەنجی پڕ جوڵە و فکر جیاوازمان زۆرە و لە سفری
فەلسەفەی یونانیەوە بۆت شرۆڤە دەکات تا ئێستا فەلسەفی ئەفلاتون و ئەرستۆ و سوقرات
تا نیچە شیدەکاتەوە و نەبووین بەمرۆڤ.
هەرچی فکری شیوعی و مارکس و علمانیەت و لیبراڵ و نا ئایدۆلۆژی و چەندانی ترمان هێنایە
ئەم کوردستانە و نەمان توانی مرۆڤ بین.
شەجەریان لە ئەمریکا و نەوال سەعداوی لە مسر دەمرن
و ئێمە بۆیان ئەگرین و پێمان وایە شەڕیان لە پێناو مرۆڤایەتی کردوە بۆ یەکەمیان ئەلێین
هونەر سنوری نیە و بۆ دووەمیان خەمی دۆزی ژنی بووە کەچی خۆمان نەبووین بە مرۆڤ.
زیاتر لە بیست ساڵ پێش ئێستا شێرزاد حەسەن لە یەکێک
لە چیرۆکەکانیدا لە دیالۆگی باوک و منداڵێکدا کە باوکەکە کرێکاری شارەوانیە و شار
پاک دەکاتەوە منداڵەکەش هەست بەشکان و سوکایەتی کردن دەکات بەوەی باوکی ئەو کارەدەکات
و گاڵتەی پێدەکەن لە کۆمەڵگادا، باوکەکە دەڵێت "ڕۆڵە من نەبم هەر بۆگەنی خۆیان
دەیان کوژێ شار دەبێتە وێرانە لە پیسی مرۆڤدا، کەچی ئێمە لە شێرزاد تێنەگەیشتین و
هەرنەبووین بە مرۆڤ."
هێندە شارەزا و بەتواناین دادوەرمان ناردە بەغداد
و دادگای دیکتاتۆرێکی وەک سەدام حوسێنی
کرد ، بەڵام خۆمان دژی یاساین و هەر لە سێبەری یاساشەوە نەبووین بە مرۆڤ.
شار پڕە لە کتێبی پەروەردەی و چاپخانەکان بەردەوامن لە چاپ و سەد ساڵە مامۆستایان دەڵێن پەروەردە کردنیان پێش
فێرکردنتانە، بەڵام هەر نەبووین بە مرۆڤ.
لە یەکەم ڕۆژی نەورۆزدا کوشتنی بەرازێک هەمووان دەکاتە
بەرگری کار لە مافی ئاژەڵ ، بەڵام خۆمان نەبووین بە مرۆڤ.
هەموو هەفتەیەک زیاتر لە هەزاران مزگەوت و چەندین کلێسا و حوسێنیە هاوار دەکەن و باسی پێکەوه
ژیان دەکەن و ئێمە نەبووین بەمرۆڤ.
وتمان دەنگمان ناگات بە جیهان و مافەکانمان پێشێل ئەکرێت، و ئاگامان لە ئازارەکانی
گەلان نیە بە ڕۆژنامەی کوردستان لە ساڵی ١٨٩٨ دەستمان بە ڕاگەیاندن کرد و ئێستا هەزاران میدیای بیستراو ، بینراو ، خوێندراو،
ئەلکترۆنی مان هەیە و کەوتووین بەسەر پێشکەوتووترین ئامێرەکانی مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی دونیادا و نەبووین بە مرۆڤ.
لە کۆتایدا وەک مەحوی دەڵێت :
لە ناکەس کاریا خاکم بەسەر ڕۆیی بەبا عومرم
خودا تۆ بمژێنە تا لەبەر قاپی کەسێ دەمرم
ئەرێ بەراست کەی ئەبین بە مرۆڤ؟
نوێترین نوسینەکانی هوشیار جەمال
-
هوشیار جەمال
12/09/2021
-
هوشیار جەمال
13/07/2021
-
هوشیار جەمال
20/04/2021
-
هوشیار جەمال
16/04/2021
-
هوشیار جەمال
06/04/2021
-
هوشیار جەمال
24/03/2021