مەسرور بارزانی و پارتیە لە سیاسەتی پاوانخوازیەوە بۆ سیاسەتی مانەوە .
وتار/
05/12/2020
690 جار بینراوە
دڵشاد مهجید
مەسرور بارزانی ھۆکاری گۆڕانکاری سیاسەتی پارتیە.. لە سیاسەتی پاوانخوازیەوە بۆ سیاسەتی مانەوە و خۆپاراستن ..!!
دڵشاد مەجید
لەخوێندنەوەیەکی لوژیکانە و بەراورکارانەدا بۆمان دەردەکەوێ .. کە ڕەوش و دۆخ و باری سیاسی پارتی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە ئاستی ناوخۆ و ناوچەکە لەپاشەکشەدایە ..
لەسەرئاستی ناوخۆ ھێزێکی گۆشەگیرکراو دابڕاوە، خاوەنی چەندین کێشە و قەیرانی بونیادی بۆتەوە لە چۆنیەتی ئیدارەدانی دەسەڵات چ لەناو خودی حزب چ لەناو خودی بنەماڵە لەلایەک، لەلایەکی تریش لەسەر ئاستی ئیدارەدانی دەسەلات و حوکمرانیش، تووشی قەیرانی قوڵی کارگێری و ئابووری و جڤاتی و حزمەتگوازی و تەندروستی و پەروەردەیی بۆتەوە..!!
ئەگەر زۆر دوور نەڕۆرین سەیری سیاسەت و ستراتجیەتی پارتی پێش دووساڵ بکەین.. بۆمان دەردەکەوێ کە پارتی چۆن لە ھێزێکی خاوەن ھەژموون و دەسەلاتدار و بڕیاردەر و خاوەن پەیوەندیکی بەھێز بەسەر دەرەوەی سنووری ھەرێم ، پاشەکشەی کردووە بۆ ھێزێکی گۆشەگیرکراو و خۆپاریز.
بۆ سەلماندنی ئەو خوێندنەوەیەمان، بەخستنەرووی ئەم فاکت و گۆڕانکاریانە، دەتوانین وێنەکەو ھاوکێشەکە ببینین..
▪️لەسەرەتای ئەمساڵ لەڕێگای ھەوڵی ئەمریکا بەتایبەتی لەڕێگای نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژئاوا ( جیمس جفری) ، مەزلۆم کۆبانی دەستپێشخەریەکی بۆ ئاشتەوایی سیاسی خستەڕوو. پارتی و مەسعود بارزانی وەک دەڵێن ( مەرجەع) لەناو گۆڕەپانی سیاسی رۆژئاوا دوورخستەوە.
یاریەکە ئێستا لەڕۆژئاوا لەنێوان تورکیاو ئەمریکایە.
▪️پێشتر ھەموو ساڵێ لەمانگی نوڤێنبەر سەرۆکی پارتی و کوڕەکانی سەردانی ئیمارات و ئوردنیان دەکرد، بەڵام دووساڵە بارزانی باوک ئەو سەردانانەشی نەماوە.
▪️کاتێ نەیتوانی لەشەنگال رووبەڕووی پەکەکە ببێتەوە و پەکەکە بەخواستی تورکیا لە شەنگال دەرپەڕێنێ، مەلەفی شەنگال لەپارتی سەندرایەوەو درایە دەست حکومەتی عیراقی.
▪️ھەروەھا بەھۆی ناکۆکیەکانی ئێران و ئەمریکا و لەترسی ئێران، پەیوەندیەکانی پارتی و ھێزەکانی ڕۆژھەڵاتیش جۆرێک لەساردی و دابڕانی تێکەوتووە.
▪️دەرکردنی یاسای قەرز لەعیراق و ملزەمکردنی دەسەڵاتی حکومەتەکەی پارتی بەرادەستکردنی نەوت و داھات. پارتی وا گۆشەگیرکرد، ناچاربوو بایکۆیتی پەرلەمان و لیژنەکانی پەرلەمانی عیراق بکات.کاتێک لەسەر ئاستی ھێزە عیراقیەکان ھیچ کاردانەوەیەک نەبوو ، پارتی بەرەسمی ئیعلانی ئەو بایکۆتەی نەکرد، دڵنیام ھەر بەبێ دەنگیش بایکۆتە دەشکێنێ.
▪️لەلایەکی تر ئێستا لەبەغدا کار لەسەر زۆر مەلەف دەکرێ بۆ گوشار ھێنان بۆسەر پارتی، لەوانە ئیمزاکۆکردنەوە لەپەرلەمانی عیراق بۆ تاوتۆکردنی رێکەوتنی ٥٠ ساڵەی پارتی لەگەل تورکیا. بۆیە بەلاتەوە سەیر نەبێ لەم ماوەیە، ڕوونکردنەوەکانی پارتی بۆ رێکەوتنی ٥٠ ساڵە زۆر بووە.
▪️لەناوەخۆیش زۆر بەگەرمی ، کەوتە بلاوە پێکردنی ھێز، لەبەرامبەر سنوورەکانی دەسەلاتی پەکەکە، بۆئەوەی ڕێگیری لە پەلکشانی زیاتری پەکەکە بۆناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی بگرێ.
▪️پەیرەوکردنی حوکمێکی پۆلیسی و عورفی،دژی ھەردەنگێکی ناڕەزایی لەبادینان، چونکە لەدەستدانی بادنیان، واتە خنکاندنی سەرچاوەی دارایی و ئاسایشی پارتیە.
ھۆکاری ئەم گۆڕانکاریانەش لەسیاسەت و پەیوەندیەکان و ھێز و توانای پارتی لەھێزێکی پاوانخوازو خاوەن ھەژموون بۆ ھێزێکی خۆپارێز بەئامانجی مانەوە.. دەگەڕێتەوە بۆ بەزۆر سەپاندنی کوڕە گەورەی بارزانی (مەسرور بارزانی) بەسەر دەسەڵاتی بنەماڵەو دەسەڵاتی کارگێری حکومەت و حزب.
مەسرور بارزانی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی، ھەموو ھێزو توانای خۆی و باوکی خستۆتە گەڕ بۆ بێ دەسەڵاتکردنی ئامۆزاکەی ( نێچیرڤان بارزانی) بۆئەمەش تەواوی سیستەمی کارگیری و ئیدارەی گۆریووە و دەسەڵاتێکی سێبەری لەناو حکومەت دامەزراندووە، کەتەنیا بەفەرمان و رێنماییەکانی ئەو کاردەکەن.. بەم ھەڵسوکەوتەشی رووبەرووی ناڕەزایی و بایکۆتی دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز بۆتەوە و گرفتی بۆ دروستکردووە.
بۆیە ھەرڕۆژەو قەیرانێکی سیاسی یا ئابووری بەروودا دەتەقێتەوە.. ئێستا ھەموو ھەوڵی پارتی و مەسرور بارزانی خۆی لە کۆنترۆڵکردنی جومگەکانی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری ناوخۆ چڕکردۆتەوە. لەولاوەش لەبەرامبەرکێشەو قەیرانەکانی دەرەوە، کەوتۆتە حاڵەتی دیفاعکردن و خۆپاراستن و سازشکردن و خۆ بێ دەنگ کردن.
تاکە سەرچاوەی مانەوەی پارتی، پەیوەندیەکانی بەتورکیایە.. ھەرچەندە ئەو پەیوەندیانەی لەگەل تورکیا بۆتە ھۆی لاسەنگی باری پارتی.. بەڵام ھەر کاتێک پارتی پشت لەتورکیا بکاتەوە.. دەزانی کۆتایی تەواوی ھەژمون و دەسەلاتی پارتیە، تورکیاش دەبێتە ھێزێکی نەیاری پارتی.
لەکۆتایدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامە، کەپارتی ئەو ھێزە نیە، کە ئێمە وێنای دەکەین.. بەڵکو ھۆکاری ئەم بارودۆخە سیاسیەی ھەرێم و باڵادەستی پارتی، بۆ نەبوونی ھێزیکی سیاسی ترە کە خاوەنی بڕیارو خاوەنی بەرنامەو خاوەنی قورەدرەتی ڕاگرتنی پارتی ھەبێ..
نوێترین نوسینەکانی دڵشاد مهجید
-
دڵشاد مهجید
06/08/2021
-
دڵشاد مهجید
05/12/2020
-
دڵشاد مهجید
23/06/2020
-
دڵشاد مهجید
29/05/2020
-
دڵشاد مهجید
24/12/2019
-
دڵشاد مهجید
09/10/2019