ھەڕەشەیەک لۆ سەر کوردستان

وتار/ 08/11/2020 647 جار بینراوە

د.ئازاد مەنتک

ھەڕەشەیەک لۆ سەر کوردستان

د.ئازاد مەنتک
ئەگەر لە کوردستان بە دوای ئەو مەترسییانە بیت؛ کە: ھەڕەشەیە لۆ حکومەت و میللەت و کۆمەڵگا؛ ئەوا ھەر واقت ووڕ دەمێنێت، کە: چۆن حکومەت و میللەت و خەڵک و کۆمەڵگا وا لێی دانیشتوون و مقەیان لێوە نایەت ھیچ بەخۆ ناکەون!؟ مەترسییەک، کە؛ لە ئێستادا لە دەرگای ھەموو ماڵێک دەدات و ماڵ نییە ئەندامێکی تووش نەھات بێت یان ئەگەری تووشبوونی نەبێت! ئەو مەترسییەش ھێمنی و ئاسایش و ئەمنی ھەرێم و ووڵات و ناوچەکەمان دەخاتە مەترسییەوە. ئەگەر ھەتا ئێستا وەزگت دابێت و مەراقت گرت بێت؛ کە: بزانیت ئەو مەترسییە! بێگومان وەرام (نەخۆشی شەکر) واتە (سووکەری)یە. لە ھەنووکەدا سووکەری بە (شای نەخۆشییەکان) دادەنرێت و لە خڕ نەخۆشییەکان بڵاوترە و وەکی مۆرانەیە و ھێدی ھێدی خۆی دەخەوێنتە مرۆڤ.
      ئەوجا بە ھۆی ئەوەی نەخۆشی شەکرت نییە؛ قەت نەڵێی کە ئیشی من نییە!؟ یان بە من چش!؟؟ خۆت بگرە ژیان و گوزەرانی تۆش تاڵ دەکات، بڵێ: لۆ!؟ سووکەری ھۆکار دەبێت لەوەی زۆر کەسی دڵسۆز و خۆشەویست و خاوەن بەھرە و توانا لە دەست بدەین، بەمەش میللەت و دەسەڵات و خەڵک لەو بەھرانە دەبن ... ئەوەش بزانە؛ کە: لە ووڵاتێکی وەکو وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی (٢٠١٥ز) زیاتر لە (١٢٪) بودجەی ئەم ووڵاتە تێچوونی (نەخۆشی شەکر) بووە، ئەوجا ھەتا ژمارەی نەخۆشان زیاد بێت؛ ئەوا: ئەم ژمارە و ڕەقەمە کێڵ دەبێتەوە. ئەوەش بزانن، کە: ھەر ووڵات و شارێک ڕووی لە نەداری و نەبوونی کرد؛ ئەوا: عەقڵ و ھۆش و ڕاستی و عەدالەت بای بای لێدەکات.
   بێینە سەر ئامارەکانی کوردستان با وێکڕا گەنگەشەی بکەین؛ دەبینین کە؛ بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان بێت، ئەوا: (١٢٪)ی گەلانی عێراق نەخۆشی سووکەرییان ھەیە؛ ھەرچەند بە گوێرەی مەزەندەی ئێمە بێت ئێستا (١٦ - ١٨٪)ی خەڵکی ئێمە (نەخۆشی سووکەرییان) چونکە دەبێت ئەوە بزانین؛ کە: ئەو ڕێژەیە (١٢٪)ھی ساڵی (٢٠١٨ز)ییە!! ئەدی ھەنووکە؛ کە: دوو ساڵی تێپەڕ کردووە... لۆیە لێت وەکات بێت ھەنووکە لە (١٦٪)ەی تێپەڕاندووە. لێرە قسەکیدیش ماوە؛ کە: ئەو ئامارە فەرمییە تەنیا ئەوانەن کە دەستییان کورتە و دێن (دەفتەری نەخۆشی درێژخایەن) دروست دەکەن؛ دەنا زۆر خەڵکی خواپێداو و دەوڵەمەند ھەن نایەن لۆ خۆ تۆمار کردن و ناونووسین. ئەوەشمان وەبیر بێت؛ کە: لە ساڵی (٢٠٠٦ز) وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ ئەوەی ئاشکرا کرد؛ کە: زیاتر لە (١٠٪) ئەو کەسانەی تەمەنییان لە نێوان (١٩ - ٦٩) ساڵییە نەخۆشی برای سووکەری (impaired fasting glucose؛ impaired  random glucose) ھەیە، کە: ئەوانەش وەکی کەسێک سووکەری ھەبێت ئاوەھا مەترسی شەپرە لێدان و جەڵتە و تەنگبوونی لاق دروست دەکات. 
  ڕەنگ بێت، بپرسیت خۆ لە ھەموو ووڵاتێک نەخۆشی سووکەری ھەیە ھەنووکە لۆ خەڵک وا بترسێنرێت!؟ نانا ڕاوەستە.... بەس لۆ ئەم ساڵ لە ھەولێرێ لە بەرواری (٠٥⁄٠١⁄٢٠٢٠ز) ھەتا ئەمڕۆکە ژمارەی نەخۆشان بەمجۆرە بووە:
ا. عەرەب و ئاوارە: لەم ساڵدا بە ژمارە (٢٩٧) نەخۆشی ئاوارە سەردانی کردووین و لەو ژمارەیە (٩٢) کەس نەخۆشی سووکەری و (١٥٣) کەس نەخۆشی بەرز بوونەوەی فشاری خوێن و (٥٢) کەس نەخۆشی پەککەوتنی دڵی ھەبووە.
ب. کورد و ھاووڵاتی: لۆ ئەم ساڵ یەکەم نەخۆش دەفتەری نەخۆشی بە ژمارە (٢٢٦٨٥) لۆ کرایە و لۆ ئەمڕۆ دوا نەخۆش ژمارەی (٢٣٥٧٤) بووە! بەو مانایە؛ ھەتا ھەنووکە (٨٨٩) کەس دەفتەری سووکەرییان لۆ کراوە.
 لێرەدا ئەو ژمارەیە بەس ئەوانەن؛ کە: دێن لە حکومەت دەرمان وەربگرن دەنا ژمارەیەکی زۆرتر ھەن؛ کە: خوا پێداون نایەنە خەستەخانە یان بەس سەردانی نۆڕینگەی تایبەتی پزیشکان دەکەن و ھەروەھا ئەوانە بەس ئەو کەسانەن؛ کە: شەکرەی گەورانییان ھەیە. شتەکیدی زیاتر لە (٥٠٪)ای ئەو کەسانەی (نەخۆشی شەکر)یان ھەیە عینادی دەکەن و نایەنە ڕایێ؛ کە: سووکەرییان ھەیە!؟ بەو مانایە، ئەو ژمارەیە (٨٨٩) کەس ژمارەی ڕاستەقینە نییە و ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە. ئەوجا ئەوەش بزانین؛ کە: ئەم ساڵ کۆرۆنا ھەبووە و ماوەیەکی باش خەڵک خانەگیر و قوڕمتێنە کران. ھەرچەند لە (٢٠١٩) ژمارەی کوللی خەڵک؛ کە: تووشی (نەخۆشی شەکر) بوون جگە لە (سووکەری کاتی دووگیانی) و (سووکەری منداڵان) بە ژمارە بەس لە ناو جەرگەی ھەولێرێ (٤١٠٠٠) کەس نەخۆشی سووکەری ھەبووە.
  ژمارەکە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیاد بوونە؛ لۆیە: ھەموو دەبی ھەست بە بەرپرسیارێتی بکەین و بەرەنگاری ببینەوە و گۆڕانکاری لە خۆمان و ژیان و گوزەران و خۆراک و خەو و نووستن و بۆچوونەکانمان ھەبێت، کە: ئێستا دوژمنێکی سەرسەختمان ھەیە و پێویستە ھەماھەنگ بین لە خۆپاراستنی خۆمان و میللەتمان و خەڵک و ژمارە و ڕێژەی تووشبووان کەم بکەینەوە.

نوێترین نوسینەکانی د.ئازاد مەنتک

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌