نەخۆشی تڕامپ!!!!

وتار/ 04/10/2020 566 جار بینراوە

د.ئازاد مەنتک

نەخۆشی تڕامپ!!!!

د.ئازاد مەنتک
پسۆڕی ھەناو و دڵ
ڕۆژی ھەینی، کۆشکی سپی ڕایگەیاند؛ کە: سەرۆک تڕامپ و ھاوژینەکەی تووشی (کۆرۆنا) بوون و لۆ چارەسەری تڕامپ گواسترایەوە نەخۆشخانەی (واڵتەر ڕید)! کە نەخۆشخانەیەکی سەربازییە. ھەموو ڕاگەیاندنە فەرمییەکان دڵنەوایی خەڵک و عەوامییان کرد؛ کە: تەندروستی سەرۆکی ئەمریکا جێگیرە بەڵام ھەر لۆ خانەگیر بوون تڕامپ خۆی ویستوویەتی بچێتە نەخۆشخانە!؟ ئەوجا ئەگەر تاوتووی ھەواڵەکان و تووشبوونی کەسە نزیکەکان لە تڕامپ و دەرکەوتنی نیشانەکان بکرێت؛ ئەوا: زۆر ڕاستی ڕوون دەبێتەوە.
   تڕامپ، کە: ئێستا تەمەنی (٧٥) ساڵە و پێشتر لە سەر دەرمانی زەخت و دەرمانی چارەسەری چەوری ناو خوێنە؛ واتا: نەخۆشی دڵ + نەخۆشی زەخت + نەخۆشی زیاد بوونی چەوری ناو خوێنی ھەیە + ھەروەھا نەخۆشی قەڵەوی ھەیە (بارستەی لەشی ٣٠.٩)یە! ھەموو دەزانین؛ کە: ئەوانە ھەموو وێکڕا ھۆکارن لەوەی؛ کە: ئەگەر کەسێک نەخۆشی (کۆڤید ١٩) بگرێت نەخۆشییەکەی تووند بێت و سیرایەت بکێشێت و تەنانەت مردنی لێ بفامێتەوە.
  ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ھەواڵەکانی ناو کۆشکی سپی، دەبینین: ھەر دوای دیبێتی (تڕامپ و جۆ بایدن) لۆ ڕۆژی پاشتر ئیعلان کرا؛ کە: یەک لە ڕاوێژکارەکانی تڕامپ دووچاری ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە! وە شەوەکەی دەگەل تڕامپ بووە و تڕامپیش بەبێ دەمامک و دەستکێش دەگەلی دانیشتووە و تەنانەت دۆقەشیان دەگەل یەک کردووە. لۆیە؛ بە ھۆی ئەوەی تڕامپ پابەندی ڕێنماییەکان نەبووە و لۆشی ھەیە لۆ مەرامی سیاسی وای کرد بێت! ھەر لەبەر ئەوە ھەموو مەزەندەیان لۆ ئەوە دەچێت؛ کە: ڕۆژی سێشەممەی حەفتەی پێشوو تڕامپ ڤایرۆسەکەی گرت بێت و ڕۆژی پێنج شەممە لێی وەدیار کەوت بێت. چونکە ھێوارەی چارشەممە تای ھەبووە و بێتاقەت بووە و ڕۆژی پێنجشەممە تای زۆر و کۆخە و کەپووی ئاوی ھەبووە بەس پێنجشەممە ھیچ بەین تەنگی نەبووە بەڵکو بەین تەنگی سەر لە بەیانی ڕۆژی ھەینی دەستی پێکردووە و پێش ئەوەی تڕامپ بگوازرێتەوە لۆ خەستەخانەی سەربازی ئۆکسجینی لۆ داندراوە؛ ئەوجا بڕیاری گواستنەوەی لۆ خەستەخانە دراوە. ئەوجا ئەگەر سەیری ئەو گرتە ڤیدیۆیەی تڕامپ بکەین؛ کە: پێش گواستنەوەی لۆ خەستەخانە بڵاو کرایەوە دەبینین؛ کە: ڕەنگێکی سپی پاتی ھەیە و نیشانەی ماندوو بوون و داھێزرانی بەسەرەوە دیارە.
   بچینە سەر ئەو چارەسەرییانەی؛ کە: دوێنێ شەو (کاتی بەیانی ئەمریکا) پزیشکانی چارەسەرکەری تڕامپ ئاشکرایان کرد، ئەوە لۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا یان نەخۆشی کۆڤیدی سادە نییە و لە ھیچ پڕۆتۆکۆلێکی عالەمی نەھاتووە بەس لۆ (کۆڤید ١٩) یان لۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا دژە تەن بدرێت... بەڵکو ئەم چارەسەرییە ئەوە دەگەیەنێت؛ کە: حالەتی نەخوشی تڕامپ لە بەینی (مامناوەند لۆ تووند)ە و ئەگەری تووشبوونی تڕامپ بە ھەوکردنی سییەکان و تەنانەت پەککەوتنی ھەناسەدان زۆرە! لێرەدا؛ لە چارەسەرییەکان خاڵێکی گرنگیتر ڕوون دەبێتەوە؛ کە: ئەو چارەسەرییانە وا بە ھەوەنتە نادرێت چونکە زیان و کاردانەوەی لاوەکی زۆرییان ھەیە و دەبێت لە ناو خوێنی شەپۆلێکی ھەوکردن (سایتۆکاین ستۆرم) ھەبێت دەنا کوو دژە تەن یەکسەر پەنای لۆ بردرا!؟
  لەو سێ لۆ چار ڕۆژەی دادێت ڕوون دەبێتەوە؛ کە: ئایا تەندروستی تڕامپ چی لێدێت!؟ ئەمەش چونکە ھەموو نەخۆشەکان؛ کە: تووشی (کۆڤید ١٩) بوون لە سێ ڕۆژ لۆ یەک حەفتە دوای دەرکەوتنی نیشانەکان سەر سەدەیان دیار دەکەوێت. ئەوجا مەرجیش نییە نەخۆشەکە بە (کۆڤید ١٩) یەکسەر تەندروستی تێک بچێت و لۆی ھەیە نەخۆشییەکە سیرایەت بکێشێت و ھەتا شەش حەفتە درێژەی ھەبێت، بەڵام ھەموو کات لە (١٤) ڕۆژ دوای تووشبوون حالەت و قسەکان یەک لایی دەبێتەوە.

نوێترین نوسینەکانی د.ئازاد مەنتک

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌