لە کوێ پسا گرێی مەدەوە!؟!

وتار/ 21/09/2020 524 جار بینراوە

د.ئازاد مەنتک

لە کوێ پسا گرێی مەدەوە!؟!
د.ئازاد مەنتک
دەگەل بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە کوردستان و بەھۆی ئەوەی ژێرخانی تەندروستی کوردستان بەو جۆرە نەبوو؛ وە ھەروەھا بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و سیاسی و عەسکەری بەو جۆرە نەبوو جگە لەوەی کە ئاستی ڕۆشنبییری گشتی و ھۆشیاری دروستی ھاووڵاتییان نزمە و لە ڕێزی ووڵاتە پێشکەوتووەکان نییە و ھەروەھا فەرھەنگی میللەتیش سەبارەت بە پەتا و نەخۆشی دواکەوتووە! ھەمووی ئەوانە وێکڕا وایکرد؛ کە: تەواو ڕێکاری بەرەنگار بوونەوەی کۆرۆنا پیادە نەکرێت. داخەکەم دەرناچێت؛ کە: نەخۆشی کۆڤید ١٩؛ کە: بە ھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا تووشی مرۆڤەکان دەبێت دەتوانرێت خۆی لێبپارێزین و لێی دوور بین ئەگەر ھاتوو ھەنگاو و ڕێکارییەکانی خۆپارێزی لێی پیادە بکەین بەڵام بە ھۆی ھەموو ئەو ھۆکارانە دەبینین؛ کە: لە ئێستادا ئەگەری مردن بە ھۆی ئەم دەرد و پەتایەوە (٣.٦٪)یە! کە ھەرچەند ڕێژەکە بە بەراورد بە سارس (١٠٪) و بەراورد بە مێرس (٣٠٪) کەمە بەڵام گرفتی ئەم نەخۆشییە بە بەراورد بەوان ئەوەیە؛ کە: توانای تەنینەوە و تێزانەوەی یەکجار زۆرە! ھەر لۆیە؛ دەبینین لە ھیکەوە ژمارەیەکی زۆر تووشی ئەم ڤایرۆسە و دواتر نەخۆشییەکەی دەبن و نەخۆشییەکە چێڕەی درێژە و سیرایەت دەکێشێت. لەوەش بگەڕێین؛ کە: پێشتر ئەم نەخۆشییە (کۆڤید ١٩) نەزانراو بوو و ھیچ زانیارییەک دەربارەی نییە! لۆیە؛ ھەرچی دەگۆترێت: بەرھەمی لێتڕامین و لێھوورد بوونەوەی ئەم چەند مانگەیە کە ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاو بۆتەوە و مەرجیش نییە ئەوەی لە ووڵاتی چین یان کۆریا گوزەر دەکات؛ ئەوا: لۆ ئێمە یان لۆ کەندا و ئەمریکا ڕاست بێت!؟!! وە تەنانەت حال و ڕێکاری شارێک دەگەل شارێکیدی وەک یەک بێت یان کتومت بێت.
    دەگەل ھاتنی کۆرۆنا ژمارەیەکی باشی دەستی کاری پزیشکی (دکتۆر؛ پەرستار، کارمەندی پزیشکی، فەرمانبەر، بەردەست، پاسەوان؛ پرسگە...ھتد) لە خەستەخانە و بنکە تەندروستییەکان لە کوردستان تووشی ئەم ڤایرۆسە و نەخۆشی کۆڤید ١٩ بوون؛ کە: ھەندێکیان (خ.ع) بکات بەھۆیەوە فەوتییان کرد!؟ ئەوجا لێرەدا پرسیارەکان سەر ھەڵدەدەت؛ بەوەی کە: لۆ ئەو ئازیزانە بە ھۆی (کۆڤید١٩) وەفاتییان کرد؟ ئایا پێویست ناکات؛ کە: بەدوا داچوون لۆ ھۆکارەکان بکرێت و بدۆزرێنەوە ھەتا دەست بەوانەوە بگیرێت؛ کە: ھەنووکە ماون و پارێزگاری لەو سامانە نەتەوەیی و نیشتیمانییانە بکرێت چونکە لێتان وەکات بێت؛ کە: ھەروەک مەزەندە کراوە ئەم ڤایرۆسە و نەخۆشییەکەی ھەتا دوو ساڵیدی بخایەنێت و ھەر لە سەرەتا گۆترا؛ کە: چێڕەی درێژە. ئەوجا ئەگەر بچینەوە سەر ئەو دەستی کاری پزیشکی (دکتۆر؛ پەرستار، کارمەندی پزیشکی ....ھتد)؛ کە: بە ھۆی ئەم ڤایرۆسە نەگریسە و نەخۆشییەکەی فەوتییان کردووە ھەمووی ئەوانە بوون؛ کە: لە خەستەخانە و بنکە تەندروستییەکان سیفاتی کارگێڕی یان بەرپرسیارێتیان لە سەر شان بووە؛ وە بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆیان دەگەل نەخۆش نەبووە و کەت کەت  دەنا خڕی تەمەنییان لە پەنجا ساڵی زیاتر بووە! ئەوجا لێرە پرسیارەکە سەر قیت دەکاتەوە؛ کە: لۆ ئەو ئازیزانەمان لە دەستدا!؟
* ھۆکارەکان: لۆ زانینی ھۆکارەکان گەلێکن؛ لەوانە:
١. تاک: دەستی کاری پزیشکی ھەروەک ھەر تاکێکی کوردی منداڵ و پەروەردەی دەستی ئەم فەرھەنگەیە!
ا. ئاستی ڕۆشنبیری گشتی و ھۆشیاری دروستی لاوازە..
ب. ڕێکارەکانی.خۆپارێزی پیادە نەکردووە..
ج.  نەخۆشی: ھەر وەک میللەتەکەمان ڕێژەیەکی باش نەخۆشییان ھەیە؛ وە خۆیان پشت گوێ خستووە. لە لێکۆڵینەوەک لە ساڵی (٢٠١٩ز) لە ووڵاتی ھیندستان کرا؛ دەرکەوت کە: نەخۆشی شەکرەی لێ بترازێت دەنا خڕ نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە پزیشکانی ئەم ووڵاتە ڕێژەکەی بە بەراورد بە خەڵکەکە زیاترە!!!
د. کەمی ڕاھێنان و کەمی خوێندنی بەردەوام......
ھ. نەبوونی ھاندان و دەستگیرۆیی کردن و نەمانی خۆشی دیتن لە کار و پیشە چونکە کەسەکە ژیانی لێ زەوت کراوە؛ ئەوجا کوو تام لە پیشەکەی دەکات. ھەستەکەیان کووشتووە! ئێمە ھەموو جار ئەوەمان دووبارە کردۆتەوە؛ کە: کۆڵێژی پزیشکی لۆ ئەوە نییە؛ کە؛ کەسێکی پزیشک بەرھەم بھێنێت؛ نا نا!! بەڵکو لۆ ئەوەیە؛ کە: کەسێکمان لۆ بەرھەم بھێنێت کە (ھەست = احساس) بکات بۆتە (پزیشک) ئەو ھەستەمان دەوێت. داخەکەم ئەم بارودۆخەی ھەنووکە ئەم ھەستەی کووشتووە!؟
و. دابین نەکردنی کەرەستە و جلوبەرگی خۆپارێزی! کە لێرەدا کەمتەرخەمی حکومەت و کەمتەرخەمی دەسەڵاتی تێدایە؛ کە: بە ھۆی ئەوەی ئەم خۆشەویستانە (خ.ع) لە بەڕێوەبەری و ئیدارە بوون و بەھۆی کەمی ھۆشیاری دروستییان و تەواو نەناسینی ڤایرۆسەکە و درک نەبردن بە مەترسییەکەی و دابین نەکردنی جلی خۆپارێزی و دەمامکی تۆکمە و چاویلکەی چاو ...ھتد ھەمووی وایکرد؛ کە: ئەمانە زۆرتر ئەگەری تووشبوونیان ھەبێت.
٢. ئەندازەی خەستەخانە و بنکە تەندروستییەکان:
ا. ڕەنگ ئەندازەی خەستەخانە و خەریتەی بنکە و سەنتەر و مەڵبەندە تەندروستییەکانیش ھۆکار بن لە زێدەتر بڵاو بوونەوەی ئەم ڤایرۆسە و دەبینین؛ کە: ڕێژەی تووشبووان لە خەستەخانە داخراوەکان زۆرترە وەک لە جێگای سەر واڵا و مەکشوف. دەبینین ئەو خەستەخانانەی ھۆدەی تەسک و تریسکیان ھەیە ئەگەری تووشبوونی کارمەندانی زۆرترە!؟
ب. فێنکەرەوە: ئەو دامەزراوانەی کە فێنکەرەوەکەیان مەرکەزییە ئەگەری تووشبوونییان بە ڤایرۆسەکە زیاترە؛ ئەھا لە شاری بەغداد ھەموو ھۆکاری تووشبوونی دەستی کاری پزیشکییان لۆ فێنکەرەوە و سپلیتەکان دەگێڕایەوە..
ج. خەدەمات: کەمی خەدەمات لە خەستەخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان بەتایبەت خزمەتگوزاری خاوێن کردنەوە و ئەوەی پێیدەگۆترێت (ھۆتێلەوانی) ڕەنگ بێت ھۆکار بوو بێت لەوەی؛ کە: ئەم ڤایرۆسە بڵاوەی لێ بکات..
د. کەمی ئاستی ڕۆشنبیری گشتی و ھۆشیاری دروستی لە ناو خەستەخانەکان: لات سەیر نەبێت؛ کە: بارودۆخی ناو خەستەخانە و دامەزراوە تەندروست نەبێت یان عەقڵیەتێکی تەندروست نەبێت بەڕێوەی ببات.
٣. حکومەت دەسەڵات: دەسەڵاتیش پشکی خۆی ھەبووە؛ کە: ئەم ڤایرۆسە بەم چەشنە دەگەی خۆی لێمان بدات و خۆشەویستانمان لێ بستێنێت.
ا. دابین نەکردنی کەرەستە و جلوبەرگی خۆپارێزی تەواو لۆ ھەموو ئەندامان و دەستەی کاری پزیشکی ناو خەستەخانە و دامەزراوە پزیشکییەکان!؟ لۆ زانین؛ یەک بەرگ ئەوەی پزیشک دەبەری دەکات و یەک جار یەک نەخۆشی پێ ببینێت بە (١٥$)ە.... لێرەدا؛ دەبینین کە: ئەو بەرگە تەنیا لۆ ئەوانە بووە کە بەرککەوتنی ڕاستەوخۆیان دەگەل نەخۆش ھەبووە!؟ بەڵام لە دەرمانخانە؛ تاقیگە، ئیدارە...ھتد ئەم بەرگە دەبەر نەکراوە و لۆشییان دەستەبەر نەکراوە.
ب. نەبوونی کەسی شیاو لە شوێنی شیاو .... وە، زۆربەی بڕیارەکان کورت بینە و دوور بینی تێدا نییە!؟ ناکرێت بە گوێرەی پێداویستی ڕۆژ بەڕێوە ببردرێت و لە کوێ پسا گرێ بدرێتەوە!؟!
ج. دەوام پێکردنی خەستەخانە و بنکە تەندروستییەکان بە ستافی تەواو و دەوامی تاقەت پڕوکێن! ھەرچەند ئێستا لە بەغدا بە (٢٥٪) تاقەتی پێشوویان کار دەکەن بەوەی وا دەکەن کەمترین کادیری پزیشکی بێتە خەستەخانەکان ھەتا کەمترین خەسارەت ھەبێت. لۆ زانین؛ ھەتا حکومەت  منداڵێک گەورە بکات و بیکاتە پزیشکێکی تەواو (دکتۆر)؛ ئەوا: جگە لە کات و ژیان و ماندوو بوون و ...ھتد بڕی پارەی پێنج ملیۆن دۆلاری ئەمریکی گەرەکە، کە: بێگومان پڕۆسەکە ھەندە ئاسان نییە و بڕی پارەکەش ھەندە کەم نییە!؟!
د. شایستە و مووچە...ھتد. حکومەت و دەسەڵات لێرە کەمتەرخەمە! چونکە تاکی کوردی تاکێکی تەندروست نییە چونکە ڕێکخراوی تەندروستی جیھانیی (تەندروستی) بەوە پێناس کردووە؛ کە بریتییە لە؛ دروستبوون و پێگەیشتنی جەستە و بیر و ئابووری و لایەنی کۆمەڵایەتی مرۆڤ، نەک تەنھا دوور بوون بێت لە نەخۆشی و پەککەوتەیی.
ھ. پشکنین: یەکەم و باشترین ھەنگاو لۆ چارەسەر کردنی نەخۆشی کۆڤید ١٩؛ ئەوەیە: کە زوو درکی پێ بکرێت و بدۆزرێتەوە ... ھەتا ئەگەر بەس کۆڤید مایەوە بەدوا داچوون بکرێت نەوەک پێنچ حالەتە مەترسییەکەی کۆڤید١٩ەی لێدەرکەوێت. لە ھەنووکەدا پشکنین لۆ کادیری پزیشکی (دکتۆر، کارمەند ...ھتد) بە پارەیە و کەسی لێ ھەڵاوێرد ناکرێت!! لە خەستەخانە تووشی ببیت و چەندەھا نەخۆشت چارەسەر کرد بێت، دەبێت لۆ پشکنینی کۆرۆنا پارە بدەیت.
٤. کۆمەڵگا:
ا.  بە ھۆی ئەوەی ژیانی سیاسی و واقیعی کوردەواری و بەڕێوەبردن و تەنانەت ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە ھەنووکە و پێشتردا حزب تێیدا باڵا دەست بووە و لە پلانی بەڕێوەبردنی ووڵات دوور بینی و دامەزراوەیی نەبووە؛ ھەروەھا ھاووڵاتی ھەر ھەلەکسەی بووە!!! ئەمە ھەمووی وایکردووە؛ کە: کاردانەوەی لە سەر واقیعی تەندروستی کوردستان ھەبێت. ھەر لۆیە؛ دەکرێت: دید؛ بۆچوون؛ بیر، تێڕوانین، ...ھتد  ڕووەو ئاسۆیەکی بەرفراوان ببەین و لۆ نەوەی داھاتوو کار بکەین.
ب. ڕۆشەنبیر و ڕۆناکبیر: ڕاگەیاندکار و  ڕۆشنبیر و مەلا و خوێندەواری میللەتەکەمان بکەونە خۆ لە زیاتر ئاگادار کردنەوەی خەڵک و ناساندنی دەرد و نەخۆشییەکە! نەک بە ھۆی ئەوەی با خەڵک نەترسێت نەخۆشییەکە بە (ئاسان) حلێب بکرێت چونکە تۆ بەس پەیامی پزیشکی کوردستان و لێژنەی بەرەنگاربوونەی کۆرۆنای ئێرە بگەیەنە، وە خەڵک پڕچەک بکە لۆ ئەوەی بە گژ ئەم دەرد و ئافاتە دابببنەوە.
ج. دەرد و ئافاتی ئەوە لۆ سەت ساڵ دەچێت مرۆڤایەتی بەخۆیەوە نەدیووە!؟ لۆیە؛ ئامۆژگاری و ڕێنمایی لە سەر چاوەی باوەڕ پێکراو وەربگرە و لە ئینتەر نێت و تەلەفزیۆن و ڕاگەیاندنی بیستراو  و بینراو  و نووسراو  و ئەڵیکتڕۆنی وەرمەگرە. بیان خوێنەوە بەڵام لۆ پیادە کردن ھەر کەسە و ئامۆژگاری لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای ووڵاتی خۆی پیادە بکات.
د. کۆمەڵگا زیاتر ھەماھەنگ بێت؛ وە خەڵک ئەوە بزانێت، کە: لۆ  ھەموو کوردستان  تەنیا (٤٠٠) تەختی ھەناسەی دەستکرد ھەیە، لۆیە: زیاتر ھەنگاوەکانی خۆپارێزی پیادە بکەن.

نوێترین نوسینەکانی د.ئازاد مەنتک

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌