مریشکە ڕەشە!!!

وتار/ 16/09/2020 726 جار بینراوە

د.ئازاد مەنتک

مریشکە ڕەشە!!!

د.ئازاد مەنتک
دەگەل ھاتنی کۆرۆنا دەبێت بیر و بۆچوون و تێڕوانین و ژیان و شێوازی گوزەران و تەنانەت فەرھەنگیش بگۆڕدرێت. ھەموو ئەوە دەزانین؛ کە: سحە و تەندروستی لە کەرتی گشتی وەکو پێشتر نەماوە، کە: ھەموو شتێک لە دەست دەوڵەت بێت و دەوڵەتداریش نەماوە.
  دەگەل خراپ بوونی ڕەوشی تەندروستی و دامەزراوە گشتییەکان؛ وە بەتایبەت لەو پازدە ساڵەی دوایی بە ھۆی داگیر کردنی عێراق و گۆڕانی ڕەوشی سیاسی و ڕامیاری ناوچەکە و ڕوودانی شەڕ و کوشتار بە جۆرێک ھەر ناوچەی ڕوژھەڵاتی ناوەڕاست تەواو سیاسەتی جیھانیی لێ پیادە دەکرێت. وە زۆر بە ئاشکرا؛ باس لەوە دەکرێت کە سیاسەت و ملمانێی نێوان ئەمریکا و ئێران لە عێراق و سوریا دەکرێت، وە ھەر بڕیارێکی کاربەدەستانی عێراق دەبێت پێش وەختە ڕەزامەندی ئەم و ئەو وەربگیرێت....ھتد. لەوەش بگەڕێن؛ کە: خراپی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و دارایی و ئابووری و ....ھتد ھەموو ئەمانە وای کرد؛ کە: دامەزراوە گشتییە تەندروستییەکان و کەرتی تەندروستی وەکو ساڵانی پێشووتر نەمێنێت! وە خزمەتگوزاری تەواو و تۆکمە لەو دامەزراوانە پێشکێش ھاووڵاتییان نەکرێت.
  لە لایەکیدی ھەموو ئەو ھۆکارانە و خراپی پەروەردە و فێرکردن و فەراھەم نەکردنی ھەل و کەمتەرخەمی و نەبوونی ڕۆشنبیری ئایینی و کۆمەڵایەتی و نەبوونی  ڕۆشنبیری گشتی ...ھتد وای کرد تاکی عێراق و خەڵکی کوردستان و عێراق ھۆشیاری دروستییان لاواز بێت و ھیچ بەتەنگ تەندروستی و لەشساغی خۆیانەوە نەبن. ئەھا نابینین کوردەواری ھەتا نەگاتە سەر (مریشکە ڕەشە) قەت دیووتانە کەسێک لە ئێمە بچێتە لای پزیشک و لە تەندروستی خۆی پکۆڵێتەوە و بزانین؛ کە: ئەگەری نەخۆش کەوتنی چەندە؟ یان ھەتا چەند و ج بکات لۆ ئەوەی باری تەندروستی بە ساغی و دروستی بمێنێتەوە... بێگومان خەڵکانێک ھەن؛ کە: ئەگەر ئەوەیان لۆ باس بکەیت بە ھۆی ئەوەی ئەم ڕەفتار و ئاکارانە بە کۆمەڵگای ئێمە نامۆیە ھەر کەنییەکی لۆ دەکەن یان سەیریان لێدێت.
  ئەوجا ئەمە ھەموو وێکڕا باردۆخ و تاک وایکرد؛ کە: ڕێکتر دوای ساڵی (٢٠٠٥ز) بە ھۆی ئەوەی بازاڕ ئازاد کرا؛ وە زیاتر خەڵک و حزب ویستییان داھات و دەستکەوتی ماددیان ھەبێت؛ وە تەندروستیش باشترین بازاڕە! لۆیە؛ ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشخانەی تایبەت کرانەوە؛ کە: بە ھیوای ئەوە بوو بێنە پاڵ کەرتی گشتی و خزمەتگوزاری تەندروستی و خزمەت پێشکەش بە ھاووڵاتییان بکەن و ھەتا ڕادەیەکیش بوون بە ھۆی کەمبوونی ئەو قورساییەی کە کەوت بووە سەر شانی کەرتی  گشتی و نەخۆشخانەی تایبەت لایەنی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی ھەبووە و ئەوە باسێکیترە.
  دەگەل زیاد بوونی ژمارەی دانیشتووان و ھاتنی بە لێشاوی خەڵکی ئاوارە لۆ کوردستان و  تاڕادەیەک شکستھێنانی کەرتی گشتی  و نەبوونی پلان لۆ ئایندە و دانەنانی کەسی نا شایستە و گرفتەکانی عێراق و کوردستان و نەبوونی مووچە و کارکردنی ووڵاتان لە سەر وێنا کردنی ئەوەی؛ کە: کوردستان وەک ووڵاتانی دەرەوە نییە و کارا بوونی کاری گەشتییاری تەندروستی ووڵاتان دەناو ھەرێم و عێراقدا وایکرد؛ ئەوجا سەر باری ھەموو خەمان ھاتنی پەتا و دەردی (کۆڤید ١٩)  ھەموو خڕ وێکڕا بوونە ھۆی ئەوەی کە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت توانای تەواو پێشکێش کردنی خزمەتی تەندروستییان نەبێت. ھەر لۆیە، دەبێت بیر لە ڕێگا چارەیتر بکرێتەوە؛ کە: ئەگەر پەتا و دەردێکیتر بێت کوو تاکی کوردی دوور لە دەسەڵات و دوور لە کەرتی تایبەت خزمەتگوزاری تەندروستی لۆ خۆی فەراھەم بکات!؟!

* چ بکەین: بەمە بێت لەمەودوا دەگەل کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت یەک لەم کارانە پیادە بکرێت:
ا. بیمەی تەندروستی: ھەرچەند بیمەی تەندروستی لە دەست و لە توانای ھەرێم نییە بەڵکو زیاتر ڕەزامەندی حکومەتی ناوەندی عێراقی دەوێت و ئیشی سیاسەت و دەسەڵات و پارەی دێتە ناوێ؛ وە لۆ ھەنووکە کوو بڵێی زەحمەتە و ئەستەمە!!!
ب. نیمچە بیمە: باشترین کار لۆ ھەنووکە و ھەوڕۆ بکرێت؛ ئەوەیە کە: ھەر (١٠٠٠ - ٥٠٠٠) خێزان و خانەوادە خڕ ببنەوە و لە شێوەی (کۆمەڵگای پزیشکی یان خەستەخانە) دروست بکەن، بە جۆرێک لە خزمەتگوزاری ھەروەک نەخۆشخانەی تایبەت بێت و لە تێچوون وەک کەرتی گشتی بێت. لێرەدا زۆر مفا وسوودی دەبێت و (نیمچە بیمە) دەبێت. سوودی لۆ خەڵک و دەسەڵات و کۆمەڵگا و میللەت دەبێت؛ کوو؟
   ژمارەیەکی باش لە دەرچووانی کۆڵێژە پزیشکییەکان ھەن؛ کە: ڕۆڵەی ئەم میللەتەن دادەمەزرێن؛ وە ھەروەھا نەشتەرگەری و داو و دەرمان تێچووی زۆرە بەڵام ئەگەر ئەوە بکرێت ھەمووی دەبێتە خۆڕایی؛ وە ھەروەھا خەڵک کەمتر دەچنە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت و نەخۆشخانە ئەھلییەکان. بێ ئەوەش لە کاتی پێویست و لە وەختی خۆی بەتایبەت کاتێک پەتا و دەردی وەک کۆرۆنا دێت لۆ ھەموو کەس دەستوبرد و بەخۆڕایی خزمەتگوزاری تەندروستی ئامادەیە و ھیچ کاتێک ناگەتە سەر (مریشکە ڕەشە)!!!!!

نوێترین نوسینەکانی د.ئازاد مەنتک

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌