کێشەکان چۆن چارەسەر بکەین ؟! دوور نیە ئەوەی ھەشمانە لە دەستی بدەین !

وتار/ 28/11/2016 847 جار بینراوە

عەبدولستار مەجید

کێشەکان چۆن چارەسەر بکەین ؟! دوور نیە ئەوەی ھەشمانە لە دەستی بدەین !
عەبدولستار مەجید*
بە بۆچوونی من ھەر کاتێک باسی چارەسەری کێشەی کورد کرا، ئەوا پێویستە باسی ھەر چوار پارچەکە بکرێ وەک یەک پاکێج سەیر بکرێ . چونکە ھەر چوار پارچەکە یەک کێشەی سەرەکیان ھەیە، ئەویش بریتیە لە "چەوساندنەوە و بێ بەش کرانمان لە مافی دیاری کردنی چارەنووسی خۆمان وەک باقی گەلانی دیکەی دونیا" .
دەمەوێ وێڕای ئەوەی کە زۆر کێشە و گرفت کە زۆربەیان لەوەوە سەرچاوەیان گرتوە و لەوانەیە لەم کێشانەی تر بەشە کوردستانێک لەمەی دیکەیان جیاواز بیت، سادەترین بەڵگەشم بۆ ئەم قسەیەم ئەوەیە کە ئەو ووڵاتانەی کوردیان بەسەردا دابەش کراوە ئەگەر لە گەڵ یەکتر لە سەر ھەموو شتێک ناکۆک بن ئەوا لە سەر کێشەی کورد ھاوھەڵوێستن .
بەڵام لێرەدا باس باسی کێشەی نێوان ھەرێم و بەغدایە، بۆیە منیش زیاتر لەم ڕوەوە بۆچوونی خۆم دەخەمە ڕوو :
بە تێڕوانینی من تاکە ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ھەرێم و حکومەتی ناوەند بەیەکجاریی بریتیە لە دابەشکردنی عێراق بەسەر سێ ھەرێمدا لەبەر چەند ھۆیەک:
١. جارێکی تر بە ھیچ شێوەیەک کورد ئامادە نیە بچێتەوە ژێر ڕکێفی ھیچ حکومەتێکی عێراقی، مەعقولیش نیە تازە بەتازە ئەمە بکات و خۆی حکومەتی عێراقی بکاتەوە بە حاکم بەسەر خۆیەوە.
٢. حکومەتی ناوەندیش ئەم حاڵەی ئیستا لە ھەرێم قەبوڵ ناکات چونکە ئەوە زیاتر لە دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەچێ وەک لە ھەرێمێک، ئەگەر قبوڵیشی بکا لە ناچارییە نەک لەوەی کە قەناعەتی بەم جۆرە بەیەکەوە ژیانە ھەبێ.
٣.دونیاش زۆر گۆڕاوە و کوردیش ئەم ھەنگاوە بە مافێکی ئاسایی و سروشتی خۆی دەزانێ و زەمەنی بەزۆر پێکەوە ژیانی گەلان نەماوە.
بەڵام ئایا بەم حاڵە بێ سەرو بەرو گەندەڵی و نا عەدالەتیەی ئێستا کە ھەرێمی کوردستانی پێدا تێدەپەڕێ کورد دەتوانێ بڕیاری وا گەورە بدا؟!
وەڵامەکەی بە ئاسانی دەڵێین نەخێر، چونکە ئەوەی دروستیشی دەکەین لەمە باشتر نابێ (لا یستقیم الڤل والعود أعوج) سێبەر ڕاست و ڕێک نابێت ئەگەر دار خوار بێت، نەک ھەر چاکتر نابێ بەڵکو بەم شێوەیە نە سەر دەگرێ و نە بەریش. دوور نیە ئەوەی ھەشمانە لە دەستی بدەین.
بۆیە بە بۆچوونی من ھەنگاوی یەکەم و سەرەکی بریتیە لەوەی کە لە خۆمانەوە دەست پێ بکەین ئەویش بە ئەنجامدانی چاکسازی ڕاستەقینە و گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ھەموو جومگەو کایەکانی حکومەت و پەرلەمان وسەرۆکایەتی ھەرێم و دەزگاکانیان، چونکە تا ئەمە بە تەواوی ئەنجام نەدرێ ھەرگیز میللەت قەناعەت ناکا پشتیوانی سەرکردایەتی کورد بکا لەم ھەنگاوە گەورە و دڵخۆشکەرەی، ئاخر مەعقوڵ نیە خەڵکی ھەژار و فەقیر قوربانی بە ھەموو شتێک بدا و ھەندێ لە بەرپرسان و کورەکانیان نەک ھیچ جۆرە قوربانیەک نەدەن بەڵکو لاف و گەزافیش بەسەر میللەتی ھەژار لێ بدەن و غرورو خۆبەگەورە زانینیان پێ بفرۆشن و تەخشان وپەخشان بە سامانی گشتیەوە بکەن و دەسەڵات لە نێو خۆیان دابەش بکەن، بەڕاستی میللەتی ئاقڵ و ھوشیار ھەرگیز ئەمە ناکا، چونکە ئەمە بۆ خۆشبەختی خەڵک نیە بەڵکو بۆ خۆش گوزارانی چنگێکی کۆمەڵگایە!!
کەوابێ ھەنگاوی یەکەم بەخۆداچوونەوە و ئاشتکردنەوەی خەڵک و جەماوەرە ئەمەش بە چەسپاندنی دادگەری کۆمەڵایەتی و نەھێشتنی ئەو ھەموو جیاوازیە چینایەتیەیە کە ھەیە و دەستپێکردنی چاکسازی و گۆڕانکاریە بە شێوەیەک کە خەڵک دڵی پێی خۆش بێت و ژیانی خۆش بێت و ببین بە حکومەت و کیانێکی دامەزراوەیی، ئەو کات دڵنیام میللەتەکەمان وەک جاران بگرە گەرم و گوڕتریش خەبات دەکا و قوربانی بۆ ئەم ئامانجە دەدا.
دوای ئەمە ئینجا پێویست دەکا ھەندێ ھەنگاوی دبلۆماسی ڕێک و پێک و بەھێز بنرێ بۆ پەیداکردنی پشتگیری بۆ گەیشتن بەم ئامانجە پیرۆزە و لەگەڵ ئامادەکردنی پێداویستی تری ئەم ھەنگاوە و دڵنیام پاش خوای گەورە ئەگەر میللەتی خۆمانمان لەگەڵ بێت سەرکەوتن بەدەست دێنین.
جا ھاوکات لەگەڵ ئەمانەش پێویست دەکات خەمی ژێرخانی ئابووریش بخورێ من پیم وایە ئەگەر دڵسۆزانە و بە پاکی خەمی بۆ بخۆین و لە دەستێکی ئەمین بێ ئەوا دەتوانین بۆ ماوەیەکی باش لەسەر پێ ی خۆمان بوەستین، ئەمە و وێڕای ئەوەی کە کوردستانی خۆمان لە ھەموو ڕویەکەوە دەوڵەمەندە و خوا پشتیوان بێ پەکمان ناکەوێ.
ئەمە بۆچوونی تایەتی خۆمە و ھەر بە کورتی باسم کردوەو بەشکم دەرفەت ببێ زیاتر و قووڵتر ئەو بابەتە بخەمە ڕوو چونکە پێویستی بە توێژینەوە و ووردەکاری زۆر زیاتری دەوێ.
*وه‌زیری كشتوكاڵ

نوێترین نوسینەکانی عەبدولستار مەجید

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌