چاكسازی له‌ نێوان عه‌قلانیه‌ت و هه‌ژمونی په‌تای ده‌نگده‌ر..!!

وتار/ 27/06/2020 504 جار بینراوە

د.عبداللطيف ياسين كوردی

چاكسازی له‌ نێوان عه‌قلانیه‌ت و هه‌ژمونی په‌تای ده‌نگده‌ر..!!

د. عه‌بدولله‌تیف ياسين كوردی
میزان پێوه‌ر و پارسه‌نگی دین وژینه‌، له‌ غیابی هه‌رگیز نه‌ دینداری ونه‌ژینداری ده‌كرێت، به‌ڵكو فه‌وزا دێته‌ كایه‌ و گشت لۆژیكه‌كان په‌كیان ده‌كه‌وێت، هه‌رگیز دین رێگه‌ی نه‌داوه‌ پێوه‌ر یان ته‌رازوو فه‌رامۆش بكرێت، ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ ئێمه‌ تێكه‌وتووین له‌ هه‌رێمی كوردستان بریتیه‌ له‌ تێكدانی ته‌رازوو بۆ ئه‌وه‌ی فه‌وزا شوێنی بگریته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ته‌نیا لایه‌نێك یان كه‌سێك لێ به‌رپرس نیه‌ ئه‌گه‌ر رێژه‌ش هه‌بێت له‌نێوان قه‌باره‌ی به‌رپرسیارێتیه‌كه‌، مێژووی حكومه‌تداری له‌ هه‌رێمی كوردستان ماوه‌یكه‌ كه‌وتۆته‌ ژێر پرسیار و مصداقیه‌تی ئه‌گه‌ر له‌ده‌ست نه‌دابێت ئه‌وه‌ ته‌واو لاواز بوه‌، ئه‌و بێ مصداقیه‌ته‌ ته‌نیا له‌ حكومه‌ت كورت نه‌كرایه‌وه‌ به‌ڵكو په‌ڕیه‌وه‌ بۆ ناو هه‌موو توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا و بۆته‌ به‌شێك له‌ پێكهاته‌ی عه‌قلیه‌تی تاكی كوردی، به‌شێوه‌یه‌ك توانای لێك جیاكردنه‌وه‌ی خاڵه‌كانی نه‌ماوه‌، چونكه‌ به‌ گومانه‌وه‌ ده‌ڕوانیه‌ته‌ هه‌موو ئه‌گه‌ر و رووداو وهه‌نگاوه‌كان، وای لێكردوه‌ توانای بیركردنه‌وه‌ی نه‌بێت چونكه‌ گومانه‌كه‌ خاڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌تاكی كورد، دروشم و مانشێته‌كه‌ بریتیه‌ له‌ ( هه‌موویان وه‌ك یه‌كن كه‌س له‌كه‌س باشتر نیه‌، ته‌نیا ده‌م وچاوه‌كان جیاوازن، كه‌س بۆ میلله‌تی نیه‌، هه‌مووی درۆده‌كه‌ن، هه‌مووی دزن، هه‌مووی راست ناكات، ئاخۆ مه‌به‌ستیان چ بێت) ئه‌و نه‌مه‌ته‌ له‌بیر كردنه‌وه‌، وای كردوه‌ خوێندنه‌وه‌كان پشت به‌ هیچ پێوه‌رێك نه‌بستن ماده‌م هه‌مووی له‌ بازنه‌ی تۆمه‌تداری دایه‌، هه‌مان ئه‌و دیدگایه‌ به‌رامبه‌ر به‌ موعاره‌زه‌ش به‌كار دێت ولێی به‌ده‌ر نیه‌، ژێرخانه‌كه‌ی عه‌قلی ئه‌و گه‌له‌ به‌و شێوه‌ دارێژراوه‌، به‌كه‌س رازی نابێت و ناشتوانێت پشتگیری له‌كه‌س بكات له‌به‌ر ئه‌و یاسایانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ باسم كرد، كه‌ له‌لای تاكه‌كان دروست بوه‌، متمانه‌ به‌كه‌س نه‌ماوه‌ كه‌سیش نابی متمانه‌ی پێ بكرێت ئه‌و حاله‌ته‌ سه‌یر نیه‌ منیشی گرتبێته‌وه‌ چونكه‌ به‌ڵگه‌كان ئه‌وها ده‌ڵێن، پێم وایه‌ ئه‌وه‌ی بۆته‌ هۆكاری دروست بوونی ئه‌و واقعه‌ تاوانی هیچ كه‌متر نیه‌ له‌و گه‌ندڵیه‌ی كه‌ رۆژانه‌ باس ده‌كرێت..!!
ئه‌وشیان ئه‌وها لێ كردوه‌ هه‌موومان ده‌ڵێن گه‌نده‌لێ هه‌یه‌ ودژی ده‌وه‌ستین بۆیه‌ له‌به‌ر ئه‌و هه‌موو دژه‌ گه‌نده‌لێه‌ گه‌ندڵچیه‌كان تێدا بزر بوینه‌، له‌بیرم دێت له‌ ساڵی 2012 به‌رپرسێك هاته‌ سه‌ر شاشه‌كانی تێ ڤی قسه‌ به‌گه‌ندڵه‌كاران گووت، پیاوێكی به‌ته‌مه‌ن دانیشتیبوو گووتی: والله تا ئێستا جونه‌كه‌مان هه‌بوو، له‌مرۆه‌ جونه‌كه‌شیان برد خۆیان به‌كاری دێنن.
رێكخراوه‌ بیانیه‌كان زۆر كاریان له‌سه‌ر تێك شكانی به‌هاو ره‌مزه‌كان كرد، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی داهاتوو هیچ وه‌لایه‌كی نه‌مینێت، حزبه‌كانیش به‌ موماره‌سه‌ ئه‌وه‌یان بۆ سه‌لماندن ئه‌و بیردۆزه‌یان هێنا ئه‌رزی واقع، ئه‌وه‌نده‌ یه‌كتریان شكانده‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ بابه‌تیان له‌سه‌ر یه‌كتری نووسی ئه‌وه‌نده‌ دیكۆمێنتیان له‌سه‌ر یه‌كتر بڵاو كرده‌وه‌ بناغه‌ی متمانه‌یان به‌ته‌واوی له‌ناو برد، شه‌ری برا كوژی رۆلێكی باشی بینی له‌تێكدانی شیرازی كۆمه‌ڵگاو مه‌زاجی گشتی و تاكه‌كان، دواتر هه‌ر دوو حزبه‌ پاڵه‌وانه‌كه‌ی برا كوژی رویان كرده‌ خۆده‌وڵه‌مه‌ند كردن نه‌وه‌ك ته‌نیا گه‌لیان له‌بیر كرد به‌ڵكو هه‌ر دروشمێك یان هه‌ر هه‌نگاوێك بۆ چاكسازی هه‌بوایه‌ له‌باریان ده‌برد، هه‌رچی سێكته‌ری ده‌وله‌ت و ئابووری هه‌بوو زه‌فتیان كردبوو.
ئه‌وجار قۆناغی موعاره‌زه‌ هات بۆ خواو بۆ مێژوو ده‌ڵێم گۆمه‌كه‌یان زیاتر شلۆقاند و بوونه‌ به‌شێك له‌ لێدانی متمانه‌، ئه‌وان وایانزانی ده‌توانن ده‌سه‌ڵات بگۆڕن، به‌بێ ره‌چاو كردنی كات وساته‌كه‌ هێنده‌ی پێ نه‌چوو زانیان گۆڕانكاری له‌ده‌سه‌ڵاتی كوردی ناكرێت و خوێندنه‌وه‌یان بۆ واقعه‌كه‌ هه‌ڵه‌ بوو یان په‌له‌ی پێوه‌دیار بوو، وێنه‌یه‌ك له‌ زهنی خه‌ڵك دروست كرا كه‌ متمانه‌ له‌نێوان كۆمه‌ڵگا هه‌مووی به‌ره‌وه‌ نه‌مان بچێت.
كاتێك كۆتا كابینه‌كه‌ی كاك نێچیروان پێك هات وهه‌موو لایه‌نه‌كان به‌شداریان تێدا كرد و به‌هار هاته‌ چۆكان هێنده‌ی بێ نه‌چوو خه‌ونه‌كان توانه‌وه‌و نه‌ چاكسازی كرا و نه‌ كابینه‌كه‌ش مایه‌وه‌ به‌ڵكو هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌، و بارێكی نه‌خوازراو هاته‌كایه‌وه‌ و وه‌زیر ووزرا جگه‌ له‌ پارتی و یه‌كێتی هه‌موی چونه‌وه‌ لیستی موعاره‌زه‌ی ( خه‌ڵك ئه‌وهای ده‌وێت، هه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ش سزای دان) پێم وابوو ده‌رفه‌ت نه‌درا كابینه‌كه‌ی كاك نێچیروان چاكسازی بكات و هه‌ركه‌سه‌ كشایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگده‌ره‌كه‌ی خۆی له‌ده‌ست نه‌چێت، ئه‌و چاكسازیه‌ نه‌كرا یان دواخرا یان له‌باربرا ئیدی ناوه‌كان زۆرن، ئه‌وجاره‌ش حكومه‌ت دامه‌زرا، هه‌ر ئه‌و سایكۆلۆژیه‌ی ئیداری ئه‌وكاته‌ی ده‌كرد له‌ده‌سه‌ڵات و له‌ موعاره‌زه‌ دیسان وه‌ك خۆی مایه‌وه‌، لێك جیا كردنه‌وه‌ی سایكۆلۆژی مه‌عاره‌زه‌و ده‌سه‌ڵات كارێكی زۆر ئه‌سته‌مه‌، چونكه‌ خاڵه‌ كاریگه‌ریه‌كان ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌و دوو ئاراسته‌یه‌ دیاری نه‌كراوه‌ن به‌ڵكو بوونی دوو زۆنی لێك جیاواز له‌ رووی فه‌رهه‌نگ و تێروانین هاتۆته‌ كایه‌وه‌ به‌ته‌واو دوو ئاراسته‌ی لێك جیاوازن به‌لێ به‌راستی دوو فه‌رهه‌نگن، جا نازانم ئه‌و دوو زوونه‌ ئه‌و واقعه‌ی دروست كردوه‌ یان ئه‌و واقعه‌ ئه‌و دوو زونه‌ی دروست كردوه‌، بۆیه‌ براده‌رانی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هاوبه‌شی ده‌سه‌لات بون، به‌ڵام له‌ میدیاكانی هه‌رده‌م وه‌ك مه‌عاره‌زه‌ خۆی پێشانداوه‌، له‌ولاشه‌وه‌ پارتی وه‌ك هاوبه‌ش مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وان نه‌كردوه‌ ئه‌وه‌ به‌پێ لێدوانی به‌رپرسه‌كانیان (یه‌كێتی)، ده‌كرێ ئه‌وه‌ قه‌ناعه‌تی گۆڕان ویه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ بێت به‌رامبه‌ر به‌ پارتی، قه‌ناعه‌تی پارتیش جیاوازه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌وان. ئه‌وه‌ی لێرانه‌ گرنگه‌ به‌هه‌موویان توانیان بێ متمانه‌یی له‌ناو خه‌ڵك بڵاو بكه‌نه‌وه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌و بێ متمانه‌یه‌ كه‌وتۆته‌ نێو خودی حزبه‌كان به‌رامبه‌ر به‌یه‌كتری و له‌ناو خودی خۆشیان به‌رپرس به‌رامبه‌ر به‌رپرس لێدوان دژ به‌یه‌ك ده‌ده‌ن و زۆر جاریش لێدوان پێچه‌وانه‌ی برێار و به‌یاننامه‌ی حزبی خۆیان ده‌ده‌ن، هێشتا به‌یاننامه‌كه‌ ته‌واو بڵاو نه‌بویته‌وه‌ ئه‌و لێدوان دژی ده‌دات، بۆیه‌ نه‌وه‌ك ئه‌و كابینه‌یه‌ ده‌ كابینه‌ی تریش بێت خه‌ڵك متمانه‌ی بۆ دروست نابێت دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی ئێستا له‌ موعاره‌زه‌ن یان پێه‌كیان له‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌و ئه‌وی تریان له‌ موعاره‌زه‌ بێنه‌ ده‌سه‌ڵات هه‌مان بێ متمانه‌یی ده‌بینن چونكه‌ بێ متمانه‌یی بۆته‌ فه‌رهه‌نك و كاڵچه‌ری ئه‌و گه‌ڵه‌، خه‌ڵك بێ متمانه‌ بووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ پزیشك و مه‌لا و شێخ ، ئه‌وه‌ مه‌لا دژ به‌مه‌لا فه‌توا ده‌دات و ته‌شهیر ده‌كات شێخ به‌رامبه‌ر شێخ و پزیشك به‌رامبه‌ر پزیشك، خه‌لك متمانه‌ی به‌ ده‌رمان نه‌ماوه‌ به‌ مه‌لا و مه‌ شێخ و به‌ده‌سه‌ڵات و به‌ حكومه‌ت و به‌ وه‌زاره‌ت و به‌رپرس و ئاوی خواردنه‌وه‌و چێشتخانه‌و هتد به‌هیچ نه‌ماوه‌..
كابینه‌ی نوێ ده‌رفه‌تی پێ نه‌دراوه‌ وپێان گوت چاكسازیت پێ ناكرێ له‌ناو قه‌یران دایه‌ داوایان لێكرد كابینه‌كه‌ هه‌ڵوشێنه‌وه‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی پێشكه‌ش بكات، سۆشال میدیا ئاگری كرده‌وه‌ و پێی وای رایگشتی دروست كردوه‌، له‌كاتێك ئه‌و گۆڕه‌پانه‌ ئیفترازیه‌ مه‌رج نیه‌ هه‌موو كه‌س گوێ لێ بگرێت و سه‌یری بكات، وهه‌ركه‌سێك پێ وابێت ئه‌وه‌ سۆشاله‌ وای له‌ به‌غدا كردوه‌ هه‌مان ئه‌و هه‌ڵه‌ و خوێندنه‌وه‌ ناكامه‌كه‌ی به‌هاری عه‌ره‌بی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌، و ئاگاداری هاوكێشه‌ نێوده‌وله‌تیه‌كان نیه‌، نابی ئه‌وه‌ش له‌بیر بكه‌ین كه‌سانێك هه‌ن نان وبژێویان له‌سه‌ر ئه‌و ره‌شبه‌ڵه‌كه‌یه‌ ئه‌گه‌ر نه‌یكات چی بخوات، كاتێك كاك قوباد ده‌رناكه‌وێت ئه‌وه‌ پێ ده‌ڵێن بێ ئیشه‌و وته‌جمید كراوه‌، ئه‌گه‌ر ده‌بێته‌ سه‌رۆكی شاندی دانوستكار ئه‌وه‌ ده‌ڵێن ده‌یانه‌وێت ناشیرین بكرێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی من پێم وایه‌ كاك قوباد زۆر سه‌ركه‌وتوو بوو له‌ ئه‌ركه‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر بچێته‌ حكومه‌ت ئه‌وه‌ ئیقرار له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی ده‌كات ئه‌گه‌ر بێته‌ ده‌ری ئه‌وه‌ له‌ به‌رپرسیارێتی را ده‌كات ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵیان نه‌بێت ئه‌و ره‌گه‌ڵ كه‌وتوه‌ و سێبه‌ره‌ و له‌نێوه‌ی رێگا هاورێه‌كانی جێ ده‌هێلێت، ئه‌گه‌ر نه‌چێته‌ حكومه‌ت ئه‌وه‌ به‌شداری پێ نه‌كراوه‌.
له‌ كۆتایی ده‌ڵێم چاكسازی به‌وه‌ ده‌كرێت:
پیاوانی حكومه‌ت و به‌رپرسه‌كانی روو له‌ دادوه‌ری بكه‌ن و پشت له‌ سۆشال بكه‌ن و خۆیان به‌ به‌رپرس بزانن تا به‌رامبه‌ر به‌ موعاره‌زه‌و هه‌موو خه‌ڵك به‌یار و نه‌یاره‌وه‌، دواتر چاكسازی كارێكی هێنده‌ ئاسان نیه‌ ئه‌وانه‌ی شه‌ورۆژ دۆڵی بۆ لێ ده‌ده‌ن ولێان ده‌دا كه‌ گه‌یشتنه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌زانن چه‌ند كارێكی قورسه‌ ئه‌گه‌ر وا نه‌بوایه‌ خوا نه‌یده‌كرده‌ به‌شی سه‌ره‌كی پیشه‌ی پێغه‌مبه‌ران (دروودی خوایان له‌سه‌ر بێت) ، چاكسازیش ته‌نیا دروشم نیه‌ و به‌ڵكو ئه‌ركێكی قورسه‌و كه‌رسته‌ی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر چاكسازیه‌كه‌ی پارتیش بریتی بێت له‌برینی موچه‌ی خه‌ڵك ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیژی و مێژوویه‌.
دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌و كابینه‌ی كاتی پێویسته‌ و ده‌بی ده‌رفه‌تی پێ بدرێت چونكه‌ كات له‌ قازانجی كه‌س نیه‌ چونكه‌ دڵنیابن ده‌ هه‌ڵبژارن له‌سه‌ر یه‌ك بكرێته‌وه‌ ره‌سمه‌ سیاسیه‌كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا دروست ده‌بێته‌وه‌ خه‌ریته‌كه‌ هه‌ر ئه‌وها ده‌بێت، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ چانسێكی زێڕینه‌ بۆ پارتی بۆ ئه‌وه‌ی چاكسازی بكات، وبزانێت ئه‌وه‌ موراهه‌نه‌یه‌ له‌سه‌ر مێژووی خۆی وحزوری خۆی، كاتی هاتوه‌ یه‌كێتی خۆی یه‌كلا بكاته‌وه‌ له‌نێوان ده‌سه‌لاتداری یان موعاره‌زه‌ بوون، به‌م شێوه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر بوون و مێژووی خۆی دروست ده‌كات.
تا ئێستا وێنه‌ی چاكسازیه‌كه‌ لای خه‌ڵك دیار نیه‌، هه‌ر ده‌ڵێن چاكسازی ده‌كرێت به‌ڵام وێنه‌كه‌ی دیار نیه‌ و ناشبیندرێت وه‌ك وێنه‌یه‌كی ئیفترازی بۆیه‌ ته‌نیا كات ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت به‌هه‌ردوو روه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی من گه‌ش بین نیم به‌ڵام ده‌بی به‌ مه‌نتیقی بیر بكه‌ینه‌وه‌ بزانین ئه‌و چاكسازیه‌ به‌ كوێ ده‌گات و به‌لایه‌نی كه‌م دوو ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و كابینه‌یه‌ی ره‌ت ببێت ئه‌وجا داتای ته‌واو بكه‌وێته‌ به‌ر ده‌ست چاودێر و رۆشنبیر و خه‌ڵك ئه‌وه‌ش ئه‌كری حكومه‌ته‌ كه‌ بیكات ئه‌وكات ئه‌ركی موعاره‌زه‌یه‌ كه‌ پیرۆزبایی بكات ئه‌گه‌ر هیچ نه‌كرابوو، ئه‌وه‌ خه‌ڵك بۆی هه‌یه‌ داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و حكومه‌ته‌ بكات له‌گه‌ڵ دانانی ته‌رازویه‌كی ژیرانه‌ بۆ پێوانی رێژه‌ی سه‌ركه‌وتنی ئه‌و كابینه‌یه‌ نه‌وه‌ك مه‌زایه‌ده‌ی سیاسی و خه‌یاڵ پڵاوی..
مه‌رج نیه‌ ئه‌و قسانه‌ی من به‌ مه‌زاجی هه‌موو كه‌س ولایه‌نێك بخوات ئه‌وه‌ ته‌نیا رای خۆمه‌ و هه‌رده‌م ویستومه‌ له‌ گه‌ڵ خوێنه‌ری خۆم راست گۆ بم ئه‌گه‌ر به‌ وردی سه‌یری بابه‌ته‌كان بكرێت و دوور بین له‌ فشاری ده‌روونی ئه‌وه‌ وێنه‌كه‌ی زیاتر رۆشنا ده‌بێت و بازنه‌ی تۆمه‌ت دیاری ده‌كرێت و به‌وردی سه‌یری دروشمه‌كانی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن هی هه‌موولایه‌نه‌كان، به‌ وردی سه‌یری قسه‌كه‌ره‌كان بكه‌ن له‌هه‌موو قۆناغه‌كان و ده‌نگه‌كان لێ بده‌نه‌وه‌ و سه‌یری كاراكته‌ر و نوێنه‌ریانی حزبه‌كان بكه‌ن له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت و به‌رهه‌مه‌كانیان و پێگه‌و داهاته‌كانیان، سه‌یری ده‌ستكه‌وته‌كان بكه‌ن به‌ وردی، سه‌یری داواكاری ئه‌و گه‌له‌ بكه‌ن له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كان، سه‌یری ده‌ستی پشته‌وه‌ی رووداوه‌كان بكه‌ن، ئێینجا بڕیار بده‌ن.

نوێترین نوسینەکانی د.عبداللطيف ياسين كوردی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌