کوردستان لەکوێی نەخشەی ئابووریدایە ؟!

وتار/ 24/04/2020 762 جار بینراوە

موسلیم عه‌بدوڵا قه‌سرێ

کوردستان لەکوێی نەخشەی ئابووریدایە ؟!

*مسلم عبداللە قەسرێ
گومانی تێدا نیە ، سەر ھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر قەیرانی جۆراو جۆری بەدوای خۆیدا ھێنا .
بینیمان لەکەرەنتینەی گشتی جیھاندا ، زۆر بەخێرایی گۆڕانکاری لە نرخ و ئاڵو گۆرو مامەڵەی ئابووریدا ڕوویاندا ، نزیکترین و گەورەترین نموونەش دابەزینی بەرچاوو سەر سورھێنەری نرخی نەوت بوو، بەجۆرێک لە مێژودا نەبینرابێ ، کەنرخی بەرمیلێک نەوتی تکساس دابەزی بۆ ژێر یەک دۆلار و بگرە خوار  سفر ، ئەمەش گورزێکی کوشندەبوو بۆ وڵاتانی بەرھەم ھێنی نەوت و پشت بەست بەنەوت ، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە تاک بەرھەمیان ھەیە و پشکی شێریان بەرکەوت لە زیان بەرکەوتنی ئابووریدا ،
ئەمەوێ ئەوە بڵێم ئێمە لەکوێی نەخشە ئابووریەکەین و تاچەند زیانمان بەردەکەوێت لەو گۆڕانکاریە نەخوازراوو خێرایانەی ڕوودەدەن .
ئاشکرایە ئێمە لە کوردستان کۆڵەکەی سەرەکی ئابووری خۆبژێوی داھات بریتی بووە لەنەوت ، لەدابینکردنی مووچەو خۆبەڕێوە بردندا ، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاشی لەگەڵدابێت لەپڕۆسەی دەرھێنانی نەوت و چەندێتی بەرھەم و چۆنیەتی فرۆشتن و گونجاوی نرخێتیەکەی نەمانتوانیوە سەرکەوتن بەدەست بێنین ، کە بێگومان ئەم ھۆکارەش بەناچاری دەمانخزێنێتە ناو ڕەسمە زیانبەخش و داڕمانە خێراو چاوەڕواننەکراوەکەی جیھان،
لەگەڵ فەراھەمبوونی بوقعەی جوگرافی کوردستان بۆ فرە ڕەھەندی لەپشت بەستی ئابووری و خۆبژێویدا :-
١- بەسەرنجدان بە ژینگەو کەش و ھەواو خاک و سەروچاوەئاوییەکانی کوردستان ، دەبینین زۆر گونجاوو بەپیت و لەبارە بۆ کشتو کاڵ بەتایبەت لەبواری بەرھەمھێنانی ( تەماتەو خەیارو پەتاتەو پیوازو ، ھەنارو ھەنجیرو شفتی و کاڵەک و بیبەرو سەوزەوات....ھتد ھەربۆیە بووژاندنەوەی ئەو کەرتە ، شۆڕشێکی ھەلی کار دەڕەخسێنێت بۆ نیشتیمانیان و ئاوەدانکردنەوەی دێھاتو لادێیە چۆڵ و بێ نازەکان .
نموونە ؛ وڵاتێکی وەکو بیلا ڕوسیا ،کە بوججەی تەخانکراوی حکوومەت بۆ ئەو سێکتەرە ٣٠٪ یە ، بەڵام داھاتی وەدەستھاتوو لەنەتیجەدا ٦٠٪ ،  بەڵام بەداخەوە تائێستا لە کوردستان پلانێکی ستراتیژو تۆکمە نەبووە کە ئەو سێکتەرە بباتە پێشەوەو گرنگی پێبدرێت ، ئەمەش وایکردووە کە چینی جوتیارو کارکەری ئەو کەرتە بێ ھیواو نائومێد بکات لەچەند ڕوویەکەوە ؛
-- نەبوونی یاساو ڕێنماییەکی ستراتیژو پاڵپشت لە پەڕلەمانی کوردستان ، بۆ بنیاتنانی بناغەیەکی پتەوی خۆبژێوی لەو کەرتەدا .
-- دابیننەکردنی بوججەیەکی پێویستی ساڵانە لە خستنە سەرپێ و بووژاندنەوەو بەرەو پێشبردنی ئەوکەرتەدا .
-- نەبوونی بیمەی کشتوکاڵی وەکو پاڵپشتێکی بەھێز بۆ خستنە سەرپێی جوتیار .
-- فەراھەم نەکردنی دەرمان و پەین و کەل و پەل و پێداویستی کشتوکاڵی بۆ جوتیاران .
-- فەراھەم نەکردنی کەشێکی گونجاو لەلایەن حکوومەتەوە،بۆ بەبازار کردن و فرۆشتنی بەروو بوومە کشتوکاڵیەکان لەکاتی پێگەییشتنیدا .
-- نەبوونی پێویستی کارخانەو کارگەی جۆراو جۆری لەبواری لەقوتونان کشتوکاڵی وەکو (زەیتوون و ئاوەتەماتەو خەیار شۆرو بیبەرو ھەنگوین و موڕەبباو ....ھتد )کە بتوانێت بەھەمەکانی دابینی پێداویستی ناوەخۆ بکات و لە زیادبوونیشیدا ڕەوانەی خوارووی عیراق و دەرەوەشی بکات .
-- دامەزراندنی چەند سارخانەیەکی گەورە ، لەچەند ناوچەی جیاواز ، بۆ پاراستنی بەرھەمی خۆماڵی لە تێکچوون و ھەڵگرتنی بۆ کاتی پێویست کە بەھەم ناھێنرێ .
-- گرنگی نەدان بە کەرتی کشتوکاڵی لەپڕۆسەی خوێندن ، کەببێتە ھۆکاری ھۆشیاری و درووستکردنی بناغەیەکی بنیاتنەر بۆ قوتابیان و گەنجان، لەپشت بەستن بە خودکاری .
-- نەبوونی تەلەفزیۆن و سەرچاوەی ڕاگەیاندنی کشتوکاڵی حکوومی ، بۆ ڕێ پێشاندانی چۆنیەتی کشتوکاڵکردنی تەندروست و ھۆشیارکردنەوەی جوتیاران و گرنگیدان بە پڕۆسەی کشتوکاڵکردن لەکۆمەلگادا .
-- نەبوونی دەورات و کۆبوونەوەی وەرزی و ساڵانەی پلان بۆ دانراو لە لایەن حکوومەتەوە بۆ جوتیاران و فێکردنیان بۆ بەرەو پێشبردن و بوژاندنەوەی زیادکردنی بەرھەم و ناردنە دەرەوەیان بۆ خولی ھۆشیاری و فێرکاری وڵاتە پێشکەوتووەکان لەو بوارەدا
-- نەبوونی ڕێکەوتنێکی ستراتیژ لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوت لەبواری کشتوکاڵ بۆ ھاوردەکرنی ئامێرو پێداویستی دەرمان لەو بوارەدا .
-- نەبوونی ڤیستیڤاڵ و مەڕاسیمی ساڵانەی بەرھەمە خۆماڵیەکان ،بۆ خەڵاتکردنی جوتیاری سەرکەوتوو ، وە ھاندانیان بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی ئەوکەرتە .

٢-ئەگەر سەرنج بدەین لە بواری گەشت و گوزاردا ، دەبینین چەندین شوێن گەشت و گوزاری دڵڕفێن ھەن کە کوردستان دەبەنە ئاستێکی بەرزی گەشتیاری ، بەبوونی شوێن گەلێکی زۆری ئاسەواری مێژوویی گرنگی جیھانی کەسەرچاوەی ژیانی مرۆڤ بوون لە ڕابردوودا وەکو ئەشکەوتی ھەزار مێردو شانەدەر و قەڵای ھەولێر و قەڵای شێروانەو پاشای کۆرەو چەندانی تر ،ھەروەھا بوونی کەش و ھەوایەکی ناوازەو شوێن گەڵێکی سروشتی دڵڕفێن ،لە ناوچە جیاوازەکانی باڵەکایەتی و ڕەواندوزو ھەڵەبجەو ھەورامان و ئامێدی و سەرسەنگ چەندان ناوچەی تر ، کە ساڵانە جێی سەرنجی ڕێژەیەکی زۆری گەشتیارن لە ناوچە جیاوازەکان و خوارووی عیراق ، کە نەتوانراوە پلانێکی پێویست و تۆکمە بۆ بووژاندنەوەی ئەو کەرتە ھەبێت و گەشەی پێ بدرێت ، بۆئەوەی ساڵانە داھاتێکی زۆر لەو بواردا وەدەست بخرێت و ببێتە ڕەھەندێکی تری دابینکردنی داھات .

٣- فرە داھاتی لەبواری ڕەھەندی پیشەسازیدا : دامەزراندنی چەند کارخانەو کارگەی گەورە ،یاخود کردنەوەی لقێک لە کارگە گەورەکان ، لەزۆر بواردا نموونە ،وەکو دامەزراندنی کارگەی بەستنی پارچەکانی ئۆتۆمبێل و مۆبایل و ئەلیکتڕۆنیات و بەرھەمھێنانی گەورە ، لەڕێگای بەستنی گرێبەستی ستراتیژ لەگەڵ وڵاتانی بەرھەمھێنی پێشکەوتوو لەوبوارانەدا .

لەکۆتاییدا دەڵێم :
 ھەموو ئەو ڕێگایانەی باسمکرد ، ڕێگا چارەن بۆ فرە ڕەھەندی لە بواری داھات و خۆ ڕزگارکردن لە ڕووخانی ئابووری و بناغەیەکن بۆ خستنە سەرپێی ئابووری وڵات ، دانانی پایە تۆکمەکانی سەقامگیری خۆبژێوی ، بەمەش ھەلی دامەزراندن و خستنە سەرکاری ڕێژەیەکی زۆر لە گەنجانی خوێن گەرم و خاوەن ھێزو خاوەن بڕوانامەی پێویست لە بوارە جیا
وازەکاندا دەڕەخسێنێت ، کێشەی بێ کاری و دانەمەزراندنی ساڵانە وەک پێویست حەلدەبێت .
داھاتیش فرە جەمسەری وەردەگرێت و لەتاک ڕەھەندی داھاتی نەوت حکوومەت ڕزگاری دەبێت ، ئەوکاتە کوردستان سەنگێکی قورستر لە نەخشەی ئابووری ناوچەکە وەردەگرێت و دەتوانێ پشت بەخۆی ببەستێ ..


*ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان

نوێترین نوسینەکانی موسلیم عه‌بدوڵا قه‌سرێ

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌