نامەیەکی کراوە بۆ ھەرسێ سەڕۆکایەتیەکەی ھەرێمی کوردستان

وتار/ 17/04/2020 573 جار بینراوە

موسلیم عه‌بدوڵا قه‌سرێ

نامەیەکی کراوە بۆ ھەرسێ سەڕۆکایەتیەکەی ھەرێمی کوردستان
بەڕێزان
بۆ ھەموو لایەک ڕوون و ئاشکرایە بۆ ماوەی مانگێک زیاترە ، بەھۆی مەترسی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە ، خەڵکی ھەرێمەکەمان بەشێوەیەکی گشتی ،بەھەموو چین و توێژەکانیەوە ، لە کەرەنتینەدان و لەماڵەوە ماونەتەوە ،
جێگای سوپاس و شایستەی ڕێزن ، بەو پەڕی دڵسۆزی و گوێڕایەڵی و سەختی دۆخی ژیانەوە (خەڵکی کوردستان )، مانەوەیان لەماڵەوە ھەڵبژاردو پابەندی تەواوی ڕێنمایی و بڕیارەکانی حکوومەت بوون ، ھاوسەنگەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسیەکانی ھاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا .
جێی خۆیەتی سوپاس و دەستخۆشی ببەخشین، بۆ کۆی ئەوتیمە خزمەتگوزاریانەی کە لەپێناو پاراستنی گیانی ھاوڵاتیانی کوردستان ،لەسەنگەری پێشەوەدا بەرگرییان کرد ، لەپزیشک و کارمەندانی کەرتی تەندروستی و ئێشک گری ھێزە جیاوازەکانی ناوەخۆ لەپاراستنی ڕێنمایی و ڕێکارەتەندروستی یەکاندا .

بەڕێزان ؛
سەڕەڕای پێویستی" بڕیارو ڕێنمایی و ڕاسپاردەکانی حکوومەت و دەستەی باڵای ڕوو بە ڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا ،زۆر لێکەوتەی خەراپی بەدوای خۆیدا ھێنا ،ھەم لە بواری ئابووری ، کەبووە ھۆکاری لەکارخستنی تەواوی کۆمپانیاو کارخانەو بازار مۆڵ و شوێنکاری گشتی و بێ کارخستنیان ،
ھەروەھا لێکەوتەی سایکۆلۆژی و شڵەژانی باری دەروونی خەڵکیشی لێکەوتەوە ، بەمانەوەی ئەو ماوە زۆرە لەماڵەوە .
 بۆیە بەسەرنجدان لە دۆخی خەراپی بژێوی و دارایی خەڵک ، بەتەنھا خۆ کەرەنتینەکردن، چارەسەر نیە ، ئەوەی شایەنی باسکردنە و مەنزوورە ، لەئێستادا کاتی کۆتایی ھاتن و ڕەواندنەوەی مەترسی ئەو ڤایرۆسە ، دیار نی یە و خەڵکی لەبارێکی زۆر خەراپی داراییدا گوزەر دەکات ، بەتایبەت :
- چینی کار دەستی" کاسبکارو خاوەن پیشانەی کە داھاتی ژیانیان ، ڕۆژانەیە "و ھێندە کەمە ، بەشی بەڕێوەبردن و دابینکردنی پێداویستی چەند ڕۆژێکی خێزان ناکات ، لەئێستادا ئەم بەشەی کۆمەڵگا، لەبارێکی زۆر سەختدا ژیان دەکەن ، وەکو کرێکارو شوفێرانی تەکسی و عارەبانچی ... ھەتادوایی .
- ئەو خێزانانەی کە خاوەنی شوێنی نیشتەجێ بوونی خۆیان نین و پێویستیان بە دابینکردنی کرێی مانگانە ھەیە .
- خێزانانی خاوەن پێداویستی تایبەت و نەخۆشانی تالاسیمیاو شۆردنی گورچیلەو....ھتد کەنەخۆشانی موزمینن ، پێویستیان بەچارەسەری بەردەوام و خێرا ھەیە ، کەناکرێت دوابخرێت ، لەو دۆخەدا پێویستیان بەچاودێری و چارەسەری  پزیشک وکلینیک و تاقیگە شیکاریەکان ھەیە .
ئەوانەو چەندانی تر کە لەم دۆخی کەرەنتینەو خۆپارێزیەدا بەبارێکی سەختی داراییدا ،گوزەر دەکەن .
بۆیە لێرەدا بە ئەرکی پیشەییمی دەزانم ، کە داوای یارمەتی و ھاوکاری گونجاوو بەھاناوە چوونی خێراتان لێبکەم ، لە سۆنگەی بەر پرسیاریەتی و گەورەیی ئەرکی سەرشانتان چ لەڕووی یاسایی و چ لەڕووی ئایینی و چ لە ڕووی دەستەڵاتیشەوە، بەرامبەر بە چارەسەری کێشەو گرفت و پێشھاتەکان .
داوا لە بەڕێزتان دەکەم :
١- داد پەروەرانەو بەشێوازی جیاوازو بە میکانیزمی گونجاوو تەندروست ، دابینی برێک پارە بکەن ، بۆ خێزان و کەسانی کەمدەرامەت و ھەژار ، کەھیچ سەرچاوەیەکی داراییان نیە ، لەئێستادا زۆر حاڵیان خەراپەو چیتر بەرگەی بێ بژێوی ژیان ناگرن .
٢- بەھەمان ڕێکارو میکانیزمی تەندروستی مانگی پێشوو ، ھەوڵەکانتان چر بکەنەوە بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی ھەرێم .
٣- دەرماڵەیەکی شاییستە" ببەخشن بەپزیشک و کارمەندانی تەندروستی ، کەلەم دۆخە سەختەدا ، بەماندو بوون و ئێشکگری بەردەوام و دڵسۆزانەیان ، بوونەتە قەڵغان و پارێزەری تەندروستی ھەموو لایەک .
 ٤- بەپێی تواناو ، بەڕێژەیەک"ھەلی دامەزراندن دەست پێبکەنەوە ، بەشێوەی گشتی بۆ دەرچوانی دانەمەزراوی زانکۆو پەیمانگاکان ، بەتایبەت ئەو بەشانەی دەچێتە چوارچێوەی خزمەتی تەندروستی ، کەلەئێستادا کەرتی تەندروستی زۆر پێویستی بە دەرچوانی خوێن گەرم و خاوەن زانستی چالاک ھەیە .
٥- لە ساتی ئێستادا خەڵکی چاوی لە بەخشینی   ئێوەیە ، بۆ کرێی چەند مانگێکی ئاوو کارەباو موڵک و خانووی حکوومەت و قەرزی پێشینە .
٦- ھەڵ و مەرج و گۆڕانکاریەکانی ئێستای سیاسی و دارایی و سەربازی ، پێویستیان بە دانیشتنێکی خێرای سەرۆکی ھەرێم و کەسی یەکەمی لایەن و پارتە سیاسیەکان ھەیە ، بۆ گرتنە بەری ڕێکارو چارەسەری گونجاو خێرا لە پاراستنی ھێمنی و دۆخی سەقامگیری ھەرێمدا .
لە کۆتاییدا دەڵێم ،کەرەنتینەی گشتی ھاوڵاتیان ، بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک - درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ - خەراپی بژێوی خەڵک - ناکۆکی سیاسی نێوان لایەنەکان -
ھەموو ئەمانە ھۆکاری باری نەخوازراون ، لەسەر مەترسی ئاسایشی نیشتمانی ، بۆیە پێویستی بە ھەڵوێستەو چارەسەری گونجاو ھەیە، تا بەھەمو لایەک بتوانین ، ئەم دۆخە مەترسی و ھەرەشە تەندروستی و ئابووریە تێپەڕێنین .

لەخوای گەورە داوا کارم کە ھەموان بخاتە سەر ڕاستە ڕێی چارەسەری کێشەو گرفتەکان و بە لوتفی خۆی چارەسەری نەخۆشانمان بدات و میللەت و خاک و وڵاتمان بپارێزێت .

دووبارە ڕێز

مسلم عبداللە قەسرێ
ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان

١٧-٤-٢٠٢٠

نوێترین نوسینەکانی موسلیم عه‌بدوڵا قه‌سرێ

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌