ستەمكار هەر كێ بێت؟ دۆخی ڕۆژئاوا بەكوێ گەیشت؟
وتار/
21/10/2019
777 جار بینراوە
هێدی ههولێری
ستەمكار هەر كێ بێت؟ دۆخی ڕۆژئاوا بەكوێ گەیشت؟
دەمێكە قسە لەسەر لەشكركێشیەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوا دەكرێت و ئەمریكاو ئەوروپا بەهەموو هێزەكانیانەوە دووڕوویی لێیان دەتكێت و هاوكێشەی خۆیان لەناوچەكە لەسەر ناكۆكی ناوخۆیی كوردو خۆشباوەڕی هەندێكی دیكە ڕێك دەخەن و بەڵێنی سوواو بەكورد دەدەن، كەم كەس هەیە بڵێ: ئەرێ ئەوە ئەمریكا و ئەوروپا دۆستەكەمان بوو دیسان پشتی لێكردین؟ كە ساڵانێكە هەندێ نوسەری كورد بەشان و باڵ و كلكی ئەمریكا و ئەوروپا گۆرانی بۆ دەڵێن و زوڕنا دەژەنن، دەی ئێستا فەرموون بەرهەمەكەتان بدورنەوە، ئەوەتا هێزەكانی ئەمریكا لە ڕۆژئاوای كوردستان كشانەوە دوای ئەوەی بۆیان دەركەوت هیچ بەرژەوەندیەكی ئەمریكاو ئەوروپا لەو ناوچەیەدا نیە، كە لەدوای ساڵی 2015 وە لەوێ بوون!
لەبەرئەوەی كورد دۆستەكانی بۆ بەرژەوەندی پشتگیری دەكەن و دوای دەستكەوتی ماددی خۆیان و چۆڕانەوەی ئاو لەجەستەدا.... پاشان لەلایەن بێگانەوە پشتی لێدەكرێت و جارێكی دی نیشتمان و نەخشەكەی دەكەوێتەوە ژێر هەڕەشە.
كورد بەدرێژایی مێژووی خۆی، یان داگیركراوە و خەفەكراوەو هەڕەشە لەسەر بوون و مانی كراوە لەلایەن وڵاتە زلهێزەكان و چواردورەی خۆیەوە، یانیش بەدەست كۆمەڵێك سەركردەی بێ ئەزموون و گەندەڵ و وڵات هەڕاجچی و سیاسیەكی بازرگانی خۆی ناڵاندوویەتی و خۆشباوەڕی و دەستبردن بۆ دەستی داگیركەرو ڕژێمە داپۆسێنەرەكانیان لەنموونەی (عێراق و ئێران و توركیا و سوریا) بەردەوام قوربانی دەستی ئەو چینانە بووە لەناوەوە بەم حاڵەو لەدەرەوەش بەو جۆرە.
كورد دەرفەتگەلێكی بۆ ڕەخسابوو بۆ دەربازبوون لەو چەوساوەیەكی بە قەد مێژووەكەی بەسەریدا هاتووە و قوربانی لەسەر نەتەوەو خاك و نیشتمانی داوە زوو لەدەستی داوە و نەیتوانیووە مامەڵەیەكی باش لەگەڵ ئەو دۆخە هەستیارو نەرمەدا بكات، بەڵام هیچكات نەیویستووە ئەو هەواو ئارەزووە پەرستیەی خۆی ژێرپێ بخات و بیكاتە قوربانی بۆ گەلە ستەمدیدەكەی، بەڵكو پاوانی كردووە بۆخۆی و دەستەبژێرێكی بنەماڵەو حزب و كەسانێكی دیاریكراو.
ئەمجارە حزبە كوردیەكانی ڕۆژئاوا (سەرەڕای تێبینی لەسەر نیفاق و پاشكۆیەتی بۆ ڕژێمی سوریا و ڕێككەوتنێكی شەرمنانە)، بەڵام ئەوەی مەبەستمە خەڵكی هەژارو بێ دەرەتانی ڕۆژئاوایە، كە بەهەمووشێوەیەك سەركپ دەكرێن، ئەگەر تەنها لەبەرئەوە بێ كوردن..... دەسەڵاتدارانی توركیا بەهەموو مانایەك ستەمكارن و سیاسەت و پڕۆژەیان و پشگیریكردنیان وەك ئەوە وایە تاوانەكە ئەنجام بدەن، با عەلمانیە فەشەلچیەكانی لای خۆشمان بیزانن، ئەو هێرشە ئیعلامیەی دەكرێتە سەر ئۆردوغان سەرۆك كۆماری توركیا بۆئەوە نیە، كە ناوبراو دەستی بە لەشكركێشی بۆ ناوچە كوردیەكانی ڕۆژئاوای كوردستان كردووەو هەوڵی پاكتاوی نەژادی و بنەبڕكردنی كورد دەبات، بەڵكو لێدانە لە پاشخانە ئیسلامیەكەو گەرنا ئۆردوغان موسڵمان نەبوایە ئێستا پشتگیریشی لێدەكرا لەلایەن ئەو شیكاریست و نوسەرە دەم چەورو عەقڵ بۆش و شەرمنانەی ئێستا فرمێسكی تیمساخی بۆ كورد دەڕێژن و بەرگریان لە ئۆردوغان دەكرد، بەڵام بۆچی قسە لەسەر ئەو سەركردە كوردانەش ناكەن لە ئەوروپاو لەباوەشی ئافرەت وێنە دەگرن و بێ ئابوڕیانە نمایشی بێڕەوشتی خۆیان دەكەن؟ بەبێ ئەوەی دیمەنی سوتاوی منداڵ و ژنێكی كورد لەڕاگەیاندنەكان ببینن و ئاهێك هەڵكێشن و ڕووخساریان بگۆڕێت، تەنها ئەوە نەبێت لەمیدیادا موزایەدە دەكەن و شەقامی دەرەوە دەوروژێنن و پارەو موزایەدە بە هاوڵاتیانی كورد دەكەن و كۆمەڵێك دەستكەوتی ماددی وەردەگرن، هەر لەئەوروپاشدا خەرجی دەكەن، ئەوە نوسەرە فرمێسك تیمساحییەكانە دەبێ وەڵامی ئەوەش بدەنەوە دەستبردنی سەرانی حزبە كوردیەكان بۆ ڕژێمی بەشار ئەسەد و ڕێككەوتنیان چی لێدەخوێننەوە و چۆن هاوڵاتیانی مەدەنی، كە بەبۆردومانی توركیاو سوریای عەلەوی دەبنە قوربانی بوونەتە ئەژدیهای ئەو میللەتە؟
دەبێ ئەوەش شیبكرێتەوە ئەو رێككەوتنەی نێوان حزبی كوردی ڕۆژئاوا لەگەڵ بەشار ئەسەد هەتا دوێنی سەدان و هەزاران ڕۆڵەی كوردی لەزیندانەكاندا دەتلاندەوەو ئابڕووی ئافرەتی كوردی نەهێشت ئەمڕۆ چوونەتەوە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئەم ڕژێمەو هاوبیرانی خەریكی ڕێككەوتنن.
لەلایەكی دی سەرانی حزبە كوردیەكانی ڕۆژئاوا خائێن دەرچوون وەك ئەوەی لای ئێمە بەبادانەوەیان و چوونەوە باوەشی رژێم و دەروازەو دەرچەیەك بدۆزنەوە بۆ دەربازبوونیان و شۆڕشێكی دی بەسەر ئەو مشەخۆرانەی بەناوی ئازادی كوردەوە پارووی حەرام دەخۆن، ئەوەش دەبێ كوردانی چوار پارچە لێیان قبوڵ نەكەن و ڕۆژێك بێ ڕووبەڕووی دادگایان بكەنەوە، واز لەو قەلەقە سیاسیی و دەروونیەی خۆی بهێنێ، دژایەتی ستەمكاریش ئەركە و ئەگەر بەرەنگاربوونەوەشی بە نوكە قەڵەمێك بێت، ئەگەر ستەمكار هەر كێ بێت و لە هەر كوێوە هاتبێت!؟
هێدی هەولێری
نوێترین نوسینەکانی هێدی ههولێری
-
هێدی ههولێری
21/08/2021
-
هێدی ههولێری
14/07/2021
-
هێدی ههولێری
27/10/2020
-
هێدی ههولێری
11/08/2020
-
هێدی ههولێری
14/05/2020
-
هێدی ههولێری
02/05/2020