ئاشبەتاڵی ئابوریی

وتار/ 09/11/2016 810 جار بینراوە

عه‌دنان عوسمان

ئاشبەتاڵی ئابوریی

ساڵی ١٩٧٠، نوخبەی سیاسی و رۆشنبیری ئەوکات، لە بری مانەوەو خۆجیاکردنەوە، کەچی تەسلیم بە سەرکردایەتی پارتی بونەوەو جارێکی تر خۆیان تواندەوە لە نێو پارتیدا. بەمەش دەسەڵاتێکی سیاسی و سەربازی رەھا، بە مەلا مستەفای رەحمەتی و کوڕەکانی درا چۆنیان بوێت ئاوا شۆڕش ئاراستە بکەن. ئەوە بوو لە دوای گفتوگۆیەکی شکستخواردو و جەنگێکی خوێناوی و بەقوربانیدانی دەیان ھەزار رۆڵەی میللەت، ئاشبەتاڵێکی گەورە، کە یەکەمین ئاشبەتاڵی بەرفراوانە لە مێژوی کورددا، بەسەر شۆڕشدا سەپێنرا. بۆشایی حزبیی و نەبونی تەوژمی سیاسی کاریگەری تر، بواریان رەخساند کە ئەو بنەماڵەیە بە ویستی خۆیان ئەو شۆڕشە ئاراستە بکەن و چارەنوسی دیاری بکەن.

ساڵی ٢٠٠٥ سەرکردەکانی یەکێتی، لە پێناو چەند پۆستێکی بەغدا، گۆڕەپانی کوردستانیان بۆ پارتی چۆڵکرد و رازی بون لەسەرجەم دەسەلاتەکاندا برا بچوک بن. لەو رۆژەوە، زۆرینەی پۆستە گرنگ و دۆسێ ھەستیارەکان کەوتنە دەستی پارتی و، تا دەھات ماشێنی حزبی و ھەژمونی خۆیان پێ بەھێزتر دەکرد. لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە کە کاک مەسعود و بنەماڵەکەی بە تەواوەتی دەستیان بەسەر جومگە سەرەکیەکانی دەسەڵاتدا گرت، کوردستان کرا بە کۆمەڵگایەکی ئیستھلاکی و بەرخۆر. ئەو دەیان ملیار دۆلارەی کە لەبەغداوە دەھات و ئەو ھەموو داھاتە ناوخۆییە، نەبونە ھۆکارێک بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی دارایی و ئابوری بەھێز بۆ ھەرێم، بۆ خۆشگوزەرانی ھاوڵاتیان سەرفنەکران، بەڵکو بە پێچەوانەوە، زۆرینەی رەھای بۆ مەسروفاتی حزبی و کڕینی وەلائی سیاسی و دەوڵەمەندکردنی دەزگاو کۆمپانیاو بەرپرسە بالاکانی حزب تەرخان دەکرا. قاسەی حزب و بەرپرسە بالاکان پڕ کران و قاسەی میللەتیش تاڵانکرا.

قسەکانی ئەمرۆی ئاشتی ھەورامی کە گوایە ھەرێم ٢٠ ملیار دۆلار قەرزارە، شایانی دوو تێبینی کورتە:
یەکەم: قەرزار نیە قەرزارکراوە، پول و سامانەکەی بەھەدەر دراوەو فەرھود کراوە، ژێرخانی ئابوری بەشێوەیەک ھەڵتەکێندراوە کەس زاتی ھیچ ھەنگاونانێک بۆ سەربەخۆیی نەکات.
دووەم: ئەمە سەرەتایەکە بۆ ئاشبەتاڵێکی ئابوری، کە ئاماژەیە بۆ ئیفلاسی سیاسی.
ئەم حزبەو ئەم رابەرایەتیە، لەگەڵ دەستەو ھاوپەیوەندەکانیان، حزبە سەکنەکان، کوردستانیان لە روی سیاسیەوە گەڕاندەوە چوارچیوەی یەکەمی سالانی نەوەدەکان، بەڵام لە روی ئابوریەوە چەند قۆناغێک ھەرێمیان توشی پاشەکشەی سامناک کردوە. ئۆبالێ ئەم قەیران و قەرزاریە دەبێت لە ئەستۆی ئەو کەس و ھێزە بێت کە بێ ھیچ پلانێک، وڵاتیان بەرەو ئیفلاس بون برد.

نوێترین نوسینەکانی عه‌دنان عوسمان

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌