دوای چوار ساڵ، پێم خۆشە عه‌رزتان كه‌م!

وتار/ 24/05/2019 690 جار بینراوە

عومه‌ر گوڵپی

دوای چوار ساڵ، پێم خۆشە عه‌رزتان كه‌م!

 
چوار ساڵ‌ لەمەوپێش و له‌ 24ی‌ 5ی‌ 2015، وه‌ك یه‌كه‌م ڕۆژی‌ كاركردن وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ چاودێری‌‌و گه‌شه‌پێدانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌ ده‌ستبه‌كاربووم.
له‌ماوه‌ی‌ ئه‌و چوارساڵه‌دا و به‌ پشتیوانی‌ خواو پاشان هاوكاری‌ و پاڵپشتی‌ به‌رپرس‌و كارمه‌ندانی‌ دڵسۆز و چاكه‌كارانی‌ گه‌له‌كه‌مان، سه‌ختترین قۆناغی‌ به‌ڕێوه‌بردنمان به‌ڕێكرد، زۆر كێشه‌و له‌مپه‌رمان هاته‌ ڕێگه‌و به‌ پشتیوانی‌ خوا لاماندان، له‌و چوارساڵه‌دا نه‌وه‌ك نه‌وه‌ستاین و بۆ دواوه‌ نه‌گه‌ڕاینه‌وه‌، بگره‌ له‌ زۆر بواردا ئه‌و هه‌نگاوانه‌مان هاویشت كه‌ ئه‌گه‌ر ئیراده‌یه‌كی‌ به‌هێزو به‌ڕێوه‌بردنی‌ واقیعیانه‌و سه‌ركه‌وتوانه‌و داهێنه‌رانه‌ نه‌بووایه‌ ئه‌سته‌م بوون.
به‌نده‌ به‌ سروشتی‌ خۆم ڕووم نییه‌ داوای‌ هاوكاری‌ له‌ كه‌س بكه‌م، به‌ڵام بۆ پێشخستنی‌ كارو خزمه‌ت و چاكه‌ی‌ گشتی‌ و خزمه‌تی‌ دامه‌زراوه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ده‌ستمان كرد به‌ پشتوێنی‌ زۆر خوا پێداودا، ئه‌وەش بەشێك لە لەمپەرەكانی داراییان بۆ كارەكەمان لادا، ئه‌وه‌شمان به‌ سیستم و شه‌فافانە كرد، سوپاسی‌ ئه‌و خێرخوازو چاكه‌كارانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ هاوكاربوون كه‌ هه‌ر به‌ ڕاستی‌ چوارساڵی‌ قورس و سه‌خت تێپه‌ڕێنین.
له‌ماوه‌ی‌ ئه‌و چوار ساڵه‌دا، هه‌موو كات و تواناو شاره‌زایی‌ خۆم به‌كارهێنا بۆ خزمه‌تی‌ فه‌رمانگه‌كه‌م و سودمه‌ندو كارمه‌نده‌كانی‌، هیچ كارێكی‌ ترم نه‌كرد، نه‌ حزبی‌، نه‌خوێندن، نه‌ كه‌سابه‌ت، نه‌ گه‌ڕان و پشوو، هه‌ر هیچ كارێك، ته‌نهاو ته‌نها شه‌وو ڕۆژم خسته‌ سه‌ر یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ئاست ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیه‌كه‌مدابم كە ئەمانەتێكە لەسەرشانم، به‌رهه‌می‌ هه‌رچه‌ند بووه‌ له‌ فه‌زڵی‌ خوا بووه‌، هه‌ر كه‌م و كورتییه‌كیش به‌ڵگه‌ی‌ كاری‌ مرۆڤه‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توانای‌ به‌نده‌وه‌ بووه‌.
له‌ ماوه‌ی‌ ئه‌و چوار ساڵه‌دا، ئه‌وه‌ی‌ ڕه‌چاوم كردووه‌ یاساو ڕێنماییه‌كان و پڕه‌نسیپه‌ كارگێڕیی و واقیعییه‌كان بووه‌، دوور له‌ حزبایه‌تی‌، دوور له‌ ده‌مارگیری‌، دوور له‌ كوتله‌و كوتله‌بازی‌، دوور له‌ ده‌سته‌گه‌ری‌، دوور له‌ میزاج و تێكه‌ڵكردنی‌ كارو به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ و كارو به‌رژه‌وه‌ندی‌ شه‌خسی‌.
له‌ماوه‌ی‌ ئه‌و چوارساڵه‌دا ئه‌وه‌ی‌ توانیومه‌ كردوومه‌ بۆ مافی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوه‌ن پێداویستی‌ تایبه‌ت و پاراستنی‌ ڕێزو شكۆیان، ئه‌وه‌ی‌ توانیومه‌ كردوومه‌ بۆ خزمه‌تكردنی‌ منداڵان و به‌ساڵاچووان و ژنان و پرسه‌كانی‌ په‌یوه‌ست به‌ خێزان و ژیانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ كۆمه‌ڵگه‌و په‌ره‌پێدان به‌ نه‌ریته‌ باشه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌و دژایه‌تی‌ نه‌ریته‌ خراپه‌كان و به‌هێزكردنی‌ به‌ها باڵاكان.
له‌ماوه‌ی‌ چوارساڵی‌ ڕابردوودا، هه‌رچیم كردبێت نه‌ پیاوه‌تی‌ بووه‌ نه‌ چاكه‌، نه‌ خێرو سه‌ده‌قه‌، ئه‌وه‌ی‌ كردوومه‌ ته‌نها و ته‌نها هه‌ستكردن بووه‌ به‌ لێپرسراوێتی‌ به‌رانبه‌ر وڵاته‌كه‌م، به‌رانبه‌ر یاسا، به‌رانبه‌ر خه‌ڵك‌و به‌رپرسیارێتیه‌كه‌م.
له‌ ماوه‌ی‌ چوارساڵی‌ ڕابردوودا هیچ بوارێك نه‌ما كه‌ به‌ پێی‌ یاساو پره‌نسیپه‌كان په‌یوه‌ندی‌ به‌ كاری‌ ئێمه‌وه‌ هه‌بێت له‌ بواری‌ (چاودێری‌ و گه‌شه‌پێدانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌)كاری‌ تیا نه‌كه‌م و ده‌ستی‌ بۆ نه‌به‌م، به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك هه‌ستمكردووه‌ سه‌عاتی‌ سه‌ر دیواره‌كه‌ی‌ به‌رانبه‌رم ڕا ده‌كات، كه‌ سه‌عات هه‌شت بۆ هه‌شت و نیوی‌ سه‌رله‌به‌یانی‌ له‌ ده‌وام ده‌بووم نه‌مده‌زانی‌ ئه‌و سه‌عاته‌ چ خێرا گه‌یشته‌ دووی‌ پاش نیوه‌ڕۆ، ‌هه‌ربۆیه‌ ده‌بوو زۆرێك له‌ كاره‌كان له‌ پاش نیوه‌ڕوان، شه‌وان، یان له‌ ماڵه‌وه‌ ته‌واو كه‌م!
له‌ ماوه‌ی‌ ئه‌و چوارساڵه‌دا، ڕووبه‌ڕوو، به‌ ته‌له‌فوون، به‌ تۆڕه‌كانی‌ په‌یوه‌ندی‌ وه‌ك ڤایبه‌رو وه‌تس ئه‌پ و ئیمۆ ، به‌ ڕێگه‌ی‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یس بووك، به‌ ڕێگه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ و ئیمه‌یل، وەڵامی هاوڵاتیانم داوەتەوە بێ ئه‌وه‌ی‌ بیانناسم، یان ناسراوی‌ و په‌یوه‌ندی پێشترم له‌گه‌ڵیان هه‌بووبێت، به‌جۆرێك وه‌ڵامم داونه‌ته‌وه‌ كه‌ وایان هه‌ست نه‌كردووه‌ كه‌ به‌نده‌ سه‌ر به‌ حزبه‌كه‌ی‌ ئه‌وان نیم، به‌ڕێزه‌وه‌ وه‌ڵامی‌ دیندارو بێ دین، مه‌سیحی‌ و مسوڵمانم داوه‌ته‌وه‌، خوایه‌ تۆ به‌ شاهید به‌ من وام كردووه‌، وه‌ك مرۆڤیش هێشتا كه‌م و كورتیم زۆره‌و پێویستیم به‌ پێشنیارو ئامۆژگاری‌ و بیرخستنه‌وه‌ی‌ دۆستانم هه‌یه‌.
له‌مباره‌یه‌وه‌ حه‌ز ده‌كه‌م عه‌رزتان بكه‌م: دوانیوه‌ڕۆیه‌كی‌ هاوینی‌ 2016، ماندوو و هیلاك، له‌ ماڵه‌وه‌ وه‌ڵامی‌ هاووڵاتیه‌كم دایه‌وه‌، وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌م له‌ ژێر كاریگه‌ری‌ برسێتی‌ و هیلاكی‌ و فشاری‌ زۆری‌ كاردا وه‌ك پێویست نه‌بوو، كاتێك ته‌له‌فوونه‌كه‌م داخسته‌وه‌، كچه‌ بچووكه‌كه‌م كه‌ ته‌مه‌نی‌ ئه‌وكات (8) ساڵ بوو وتی‌: "باوكه‌ ئه‌گه‌ر ناتوانی‌ به‌ جوانی‌ وه‌ڵامی‌ خه‌ڵك بده‌یته‌وه‌ بۆ مودیر عامی‌ ده‌كه‌یت؟" بێدەنگ بوم و هیچم نەوت، له‌وه‌ به‌دواوه‌ هه‌وڵمداوه‌ باشتر وه‌ڵامی‌ خه‌ڵك بده‌مه‌وه‌و زیاتر ئارام بم، به‌ڵام هێشتاش هه‌ر مرۆڤم‌و خاوه‌نی‌ هه‌ڵه‌م و ده‌كرێت كه‌می‌ كات و هێندێكجاریش فریا نه‌كه‌وتن بووبنه‌ هۆی‌ كه‌م و كورتی‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌.
دڵم ئاسودەیە كە فێڵم له‌ كه‌س نه‌كردووه‌، به‌ دوای‌ ئیمتیازو پول و پاره‌وه‌ نه‌بووم و خوا یاربێت ناشبم، ته‌نها و ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندی‌ گه‌ل و هاووڵاتیانی‌ كوردستان و پارێزگاكه‌م له‌ پێشچاو گرتوه‌و ده‌گرم.
دووباره‌ سوپاس بۆ سه‌رجه‌م به‌رپرس و كارمه‌ندانی‌ دڵسۆزی‌ سنوری‌ كاری‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ له‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، سوپاس بۆ دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كان و هاوپیشه‌ دڵسۆزو پشتیوانه‌كان له‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، سوپاس بۆ ڕۆژنامه‌نووسان و ده‌زگاكانی‌ ڕاگه‌یاندن، سوپاس بۆ ڕێكخراوه‌ خۆشه‌ویست و پشتیوانه‌كان، سوپاس بۆ خۆبه‌خشه‌كان، سوپاس بۆ خێرخوازه‌كان، سوپاس بۆ ئەوانەی كه‌ متمانه‌ی‌ ڕاپه‌ڕاندنی‌ ئه‌م ئه‌ركه‌یان به‌ به‌نده‌ هه‌بوو، سوپاس بۆ هه‌موو ئێوه‌ی‌ به‌ڕێز كه‌ له‌و ماوه‌ زۆره‌دا پشتیوان و پاڵپشت بوون.
خوایاربێت هه‌ر به‌و جۆره‌ ده‌مێنینه‌وه‌و له‌ هه‌ر ئه‌رك‌و به‌رپرسیارێتیه‌كدا خه‌ڵك و هاووڵاتی‌ پێش هه‌موو شتێك ده‌خه‌ین، بۆ ئه‌و ئه‌ركه‌ش منه‌تباری‌ ته‌وفیق و پشیتوانی‌ خوای‌ گه‌وره‌م و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ بۆچوونی‌ ئێوه‌ به‌هه‌ر ڕێگه‌یه‌ك پێم بگات جێگه‌ی‌ سودی‌ گه‌وره‌یه‌ و به‌ بایه‌خه‌وه‌ به‌ پێی‌ توانا له‌به‌رچاوی‌ ده‌گرم.
له‌گه‌ڵ ڕێزی‌ براتان
عومه‌ر گوڵپی‌
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ چاودێری‌‌و گه‌شه‌پێدانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ سلێمانی‌

نوێترین نوسینەکانی عومه‌ر گوڵپی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌