جیاوازی ئێمەو ئەوان لەسەر یەک شتی بچوکە: شەهامەت
وتار/
29/10/2016
1193 جار بینراوە
عهدنان عوسمان
جیاوازی ئێمەو ئەوان لەسەر یەک
شتی بچوکە: شەهامەت
عهدنان عوسمان
کە گۆڕان دروست بوو، وتی من جیاوازم،
بە کارنامەو پرەنسیپ و شێوازی کارکردنم، سەرەتا وتی ئەبمە ئۆپۆزسیۆن، واشی کرد،
ماوەی ٤ ساڵ لە پەرلەمان ئۆپۆزسیۆنێکی چالاک بوو، بودجەو موچەو بەهەدەردان و گەندەڵی
و فەساد و موفسدینی پیشانی خەڵکی دا. رویهەڵمالین و وتی ئاوا پارەو پولی میللەت بەهەدەر
ئەڕوات. هیچ شتێک نەیتوانی ئەو شتە بچوکە کە پێی ئەوترێت شەهامەت لە گۆڕان بسێنێت.
پاشان وتی بەشدار ئەبم لەدەسەڵات و لەوێوە
بەرگری لە ژیانێکی باشتر و قوتی خەڵک ئەکەم، وای کرد. لە پێناو ئارامی بۆ نیشتمان
و هاوڵاتیان، لە پێناو چاکسازی و عەدالەتدا بەشداری لە کابینەی بنکە فراوان کرد. بەڵام
مەرجی ئەوە بوو کە سورە لەسەر چاکسازی و رێزگرتن لە یاساو دامەزراوەکان، پۆستی چەوری
وەرگرت، پلەی باشی پێدرا، بەڵام شتە بچوکەکەی لەبیر نەچو کە شەهامەتە.
بۆیە پاش دەرفەتدانێکی باش بە کابینەکە،
کەوتە رەخنەگرتن و قسەکردن، تا وای لێهات وتیان پێیەکتان لە دەسەڵاتەو پێیەک لە ئۆپۆزسیۆن،
مەبەستیشیان ئەوەبوو پێیەکمان لە ناو گەندەڵەکانەو پێیەک لەناو میللەت، ئاخر ئەوان
پێیان وابوو کە هاتیتە نێو دەسەڵاتەوە ئەبێت میللەتت بیر بچێت. کە یەکەم تاقیکردنەوەش
هاتە پێشەوە بۆ رێزگرتن لە یاساو دەستاودەستی دەسەڵات، گۆڕان وەک کاسەلێسەکانی تر
نەبوو، خەریکی پینەو پەرۆ نەبوو، لەسەر ئەژنۆ نەرۆشتە خزمەت ئەزبەنیەکان و بڵێت ئێوە
سوڵتانی عەسرو زەمانن، بۆیە هەر زوو قسەی خۆی کرد و ئامادەی باجدانیشی هەبوو و، دای.
بەڵام شتە بچوکەکەی بۆ مایەوە کە شەهامەتە. هەزار فشار و ساتوسەودا و کروزانەوە
کرا، گۆڕان وازی لەو شتە بچوکە نەهێنا. ئیتر گۆڕان، بەپێچەوانەی خەڵک و کەسانی تر،
بە شیری وەری گرت و بە پیری بەری نادات .
ئێستا ئەزانن ئەو شتە بچوک نییەو زۆر
گەورەیە، شای شتەکانی ترە: شەهامەت؟؟
ئاخر شەڕەکە لەسەر ١٩ ی مانگ و کەلەرەقی
و حساب نەکردن بۆ مەکتەب سیاسیەکان نییە، نەخێر، ئەسڵی شەڕەکە ئەوەیە:
نەوەیەک هەیە لە هۆڵێکی بچوکدا جێگەیان
ئەبێتەوە، تەنها چەند دە کەسێکن ( لە سەد کەس کەمتر)کە هەرچی خێر و بێری ئەم وڵاتە
هەیە لەبەردەستی ئەوانە، نە عارەقە ئەکەن نە ماندو ئەبن، ئەوان بۆ کراسێک ئەرۆنە ئەڵمانیا،
بۆ بۆنێک ئەرۆنە پاریس و بۆ پێڵاوێک ئەرۆنە رۆما، ژیانی ئەوان ئەفسانەیەکە نەوە
دوای نەوە باسی بکات، لە هیچ کون و قوژبنێکی دنیا وێنەو نمونەی نییە. کەمتر لە سەد
کەس ئەو چینەن کە سەرجەم خێر و بێری وڵاتیان بۆ خۆیان بردووە. ئەوان لە نازو نیعمەتی
شاهانەدان. بۆیە لە خەمی کەسدا نین، نە هاوڵاتی، نە نیشتیمان، نە پێشمەرگە، نە مامۆستا،
نە فەرمانبەر،نە ناوچە دابڕاوەکان و دانەبڕاوەکان.ئەم نەوەیە، ئەم نوخبەیە ناتوانێت
قبوڵی بێت کەسانێک، نەوەیەکی تر لە دەرەوەی خۆی ،جیاواز لە خۆی، کۆیلەو نۆکەر نەبێت
و خاوەنی شەهامەت بێت، بگاتە دەسەڵات،، ئەوان چاویان بەرایی نادات، یوسفەکان، هەڤالەکان،
لە پۆستدا بن.
ئەمە جەنگی نوخبەیە، نوخبەی بێ شەهامەت
و زۆرینەی خاوەن شەهامەت.
نوێترین نوسینەکانی عهدنان عوسمان
-
عهدنان عوسمان
08/01/2018
-
عهدنان عوسمان
02/10/2017
-
عهدنان عوسمان
28/09/2017
-
عهدنان عوسمان
20/09/2017
-
عهدنان عوسمان
16/08/2017
-
عهدنان عوسمان
16/08/2017