چوار شەو لە زیندانی یەکێتی (گوانتانامۆ) – ٤ کۆتایی

وتار/ 26/01/2019 1388 جار بینراوە

سەلاح خدر

چوار شەو لە زیندانی یەکێتی (گوانتانامۆ) – ٤ کۆتایی
بردنمان بۆ دادگا، شێواندنی ڕاستی گرتنەکەمان، سوکایەتی هێزە چەکدارەکان لەناو دادگادا
سەلاح خدر
دوای سێ ڕۆژ مانەوەمان لە گرتوخانەی کانی گۆمە (گوانتانامۆ) بەیانیەکی زوو چەند چەکدارێکی ئاسایش هاتنە ژوورەوە و گوتیان بەسەرە وەرنە دەرەوە، هەر دوو کەسیان بەیەکەوە کەلەپچە دەکرد و بەو سەرما دژوارە نەیاهێشت پێڵاو و گۆرەوی لە پێبکەین گوتیان بەس نەعل لەپێ بکەن.
لە ڕێڕەوێکی زۆر ساردی گرتوخانەکەدا ماوەی یەک کاتژمێر بەپێوە ڕایانگرتین دەیانگوت نابێت بەهیچ جۆرێک قسە بکەن، تاکۆر زەردەشتی کەلەگەڵماندا گیرابوو، تەحەمولی نەکرد و گوتی بۆ کەلەپچەتان خستووەتە دەستمان، ئێمە هەموو قەڵەم بەدەستین چیمان کردووە، بەڵام چەکدارەکانی ئاسایش بەشێوەیەکی ناشرین و زۆر بەتوندی هاواریان کرد بەسەریدا گوتیان دەمتدابخە و قسە نەکەیت، لەو کاتەدا کەسێک هات گوایە بەرپرسێکی ئاسایش بوو، گوتی بۆچی کێشە و ئاژاوە بۆ شارەکەمان درووست دەکەن؟ بڕۆن بۆ هەولێر لەوێ چالاکی بکەن، ئێمە بەرژەوەندی ئابووریمان لەگەڵ تورکیا هەیە و لەبەر خاتری ئێوە لەخۆمانی تێکنادەین و پێویستمان بەفڕۆکەخانەیە.
تەنها دکتۆر بەکر وەڵامی دایەوە و گوتی، کەس بەداخستنی فڕۆکەخانە لە برسا مردووە؟ پێش داخستن و دوای داخستنی فڕۆکەخانەی سلێمانی دۆخ و بژێوی خەڵک وەک یەک بوو، بەکردنەوەشی هیچ لە ژیانی خەڵک ناگۆڕێت، دەوڵەتی تورک دوژمنی کوردە و نابێت بچنە ژێرباری داخوازی دوژمنی گەلەکەمانەوە، ئەو قسانە بۆ بەرپرسەکە هیچ گرنگ نەبوو.
پاش ١ کاتژمێر ڕاگرتن شەش کەسیان لە ئێمە جیاکردەوە و بردنیان بۆ دادگا و ئێمەیان گەڕاندەوە ژورەوە. ئەو شەش کەسەشیان نەهێنایەوە لای ئێمە و پاش گەڕانەوەیان لە دادگا خستوبیاننە قاوشێکی دیکەوە.
ڕۆژی دواتر بەهەمان سیناریۆ جارێکی دیکە ئێمەیان بردە دەرەوە و بە پاسێکی کۆستەر و میکزەمینیەکی داخراو هەموومانیان برد بۆ دادگا، هەڵسوکەوتی چەکدارەکانی ئاسایش لەگەڵماندا خراپ بوو، وەک ئەوی ئێمە زیندانی عەدلی دز و جەردە بین نەیاندەهێشت تەنها یەک کەلیمە قسە بکەین.
لەژێرزەمینی دادگاوە بریانین بۆ ژووری قەڵەم دوای ئەوەی ئیفادەیان لێوەردەگرتین هەر دوو کەس و دەیانبردینە لای دادوەری ئاسایش، ئێمەیان لە سوچێکی لای دەرگای ژووری دادوەر کۆکردبوەوە لەوکاتەدا بینیم وەستا حەسەنی بەڕێوبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی لە ژووری یەکێک لە دادوەرەکان هاتە دەرەوە، ئاسایشێک قسەیەکی لەگەڵدا کرد و بەپەنجەی هێمای بۆ ئێمە کرد ئەوەندە تێگەیشتم کە وەستا حەسەن گوتی دەستان خۆش بێت زۆرباشتان کردووە.
پاش ئەوەی من و میرشاد یان بردە بەردەم دادوەر دکتۆر ئاوات، ئەو پرسیاری ناو و موالیدی لێکردن، پاشان پرسیاری گرتنەکەمانی کرد، من پێمگوت کە ئێمەیان عەشوائی گرتووە و ئەشکەنجەیان داوین، هەموو ئەوانەی گیراون ئەندامی حزب نین، تیایدا ڕۆژنامەنوس و هەڵسوڕاوی مەدەنی هەیە، تەنانەت کەسمان لەگەڵدا گیراوە کە هیچ ئاگاداری چالاکی نەبووە، دادوەر گوتی بۆ هەموو ئەو کەسانەی گیراون ئەندامی تەڤگەری ئازادی نین؟ گوتم نەخێر، باسی مەحمودی کۆبانێم بۆ کرد کە نەخۆشە و تەنانەت خەڵکی ئێرەش نیە، ئەو بەلایەوە سەیر بوو، چونکە وایان تێگەیاندبوو کە هەموومان ئەندامی تەڤگەری ئازادین، بەئاسایشەکەی گوت هەموویان بەیەکجار بهێنەرە ژورەوە، پاش ئەوەی هەموو گیراوەکان هێنرانە ژورەوە دادوەر پرسی چەند کەس ئەندامی تەڤگەری ئازادیە، ئەو کەسانەی ئەندام بوون وەڵامیان دایەوە، ئەگەر هەڵە نەبم شەش کەس بوون، دادوەر هەندێک موناقەشەی لەسەر ڕەسمی و ناڕەسمی بوونی تەڤگەر لەگەڵ ئەوان کرد ئەوانیش ڕەسمی بونی خۆیانیان لەئاستی تەواوی عێراقدا بۆ سەلماند، دادوەر دەیزانی بڕیاری گرتنەکە سیاسیە بۆیە نەیویست درێژە بەموناقەشەکە بدات، هەموو دۆسیەکانی بەیەکجار واژۆ کردووە و بەماددەی ٢٤١ی (سەرپێچی لە بڕیارەکانی شارەوانی) بڕیاری ئازادکردنی بەکەفالەتی ١٥٠ هەزار دینار بۆ هەموومان دەرکرد.
لەبەر ئەوە بڕیاری گرتنەکەمان سیاسی و بەفەرمانی تورکیا بوو، دەسەڵات خواستی بەم ڕێگایە بەرگێکی یاسایی بکات بەبەر گرتنەکەماندا.
لەکاتی هاتنە دەرەوەمان لە ژووری دادگا کەلەپچەکراینەوە، هەلەناو دادگا گەنجێک هاتە پێشەوە و خۆی ناساند کە پارێزەرەوە دەیەوێت لەگەڵ یەکێک لە گیراوەکان بەناوی نەریمان قسە بکات، چەکدارەکان نەک نەیانهێشت لەگەڵیدا قسە بکات بەڵکو بەشێوەیەکی ناشرین و جوێن پێدان دووریانخستەوە، لەکاتێکدا ئێمەیان بردەوە بۆ ژێرزەمی دادگا بمانگەڕێننەوە بۆ زیندان، یەکێک لە چەکدارەکان گاڵتەی بە ئاراس کرد کەلەگەڵماندا گیرابوو بەهۆی ئەوەی ٤ ڕۆژ بوو نانی نەخواردبوو ڕەنگی زەرد ببوو، چەکدارەکە پێگوت ناتوانیت بڕۆیت خەریکە لە برسا دەمریت، ئەویش پێی گوت ئەوە ئێوەن برسی و کۆیلەی نانن، نەک ئێمە لەو کاتەدا چەکدارەکە پەلاماری دا، چەند جوێنی پێدا بەپاڵێکی توند فڕێی دایە ناو پاسەکەوە، بەوەش وازی لێنەهێنا بردیە دەرەوە و خستیە ناو میک زەمینیە داخراوەکە لەوێش زۆر سوکایەتی و ئیهانەی پێکردبوو.
پاش ئەوەی ئێمەیان بردەوە بۆ زیندان لەکاتی چوونە ژورەوەدا ناونوس دەکراینەوە و داوای ژمارە تەلەفۆنی کەسێکمان لێدەکرا کە کەفالەتمان بۆ بکات، لەکاتی ڕاگرتنەکەماندا هەوڵیان دەدا سوکایەتیمان پێبکەن، یەکێک لە چەکدارەکان لە حاجی ئازاد چووە پێشەوە و بەشێوەیەکی ناشرین پێیگوت بۆ وا سەیرم دەکەیت حاجی گوتی بەتایبەتی سەیری تۆن نەکردووە، پاشان یەکێکی دیکە لە چەکدارەکان لە تاکۆر چووەپێشەوە و پێی گوت بۆ مۆڕە دەکەیت، تاکۆر گوتی مۆڕەم نەکردووە بەڵام ئێوە هەقی ئەوەتان نیە وەها ئێمە بگرن و سوکایەتیمان پێبکەن، چەکدارەکە جوێنێکی وەها پیسی پێدا کە ناکرێت لێرەدا بینوسم، تاکۆر بەتوندی وەڵامی دایەوە، لەوکاتەدا بە سێ چەکدار پەلاماریان دا، ئێمە کە هەردوو کەس بەیەکەوە کەلەپچەکرابووین خۆمان گەیاندە تاکۆر و خۆمان کرد بە قەڵغان بۆ پاراستنی ئەو، وەلێ ئازاری زۆریان پێگەیاند.
پاش ئەوەی هەموومانیان خستەوە قاوشەکە کاتژمێرێک دواتر بەین بەین ناوی کەسێک دەخوێندرایەوە کە کەفالەتەکەی بۆ کراوە و دەبرایە دەرەوە ئازاد دەکرا.
ئێمە دیلی ئازادی بووین، لەسەر داوایەکی ڕەوا دیل کرابووین، بەسەری بەرزەوە لە گرتوخانە هاتینە دەرەوە، چوار ڕۆژی گرتووخانە ئەزوومنێکی تر بوو لەئەزموونەکانی تێکۆشانمان لەپێناو ئازادی و دیموکراتی دا، ئازادی باجەکە ئەگەر ڕۆحیشمان بێت لەپێناو دەستەبەرکردنیدا دەیدەین.
وەک چۆن زیندانەکانی ئامەد، سنە، هەیئەی کەرکوکی بەعس و شام چۆکی بە شۆشگێڕانی نەتەوەکەمان دانەدا، ئاوەهاش زیندانەکانی ئاکرێ، قەڵاچوالان و کانی گۆمە لە سوربوونمان بۆ ئازادی ساردمان ناکاتەوە.
چوار ڕۆژی زیندان دەمامکی زۆرێکی خستەخوارەوە کە خۆیان وەک دۆستی ئێمە نیشان دەدا، بەهەمان شێوە دڵسۆزی و پەرۆشی زۆر کەسی بۆ ئێمە نیشاندا کە هاوپشتمان بوون.
سەرکەوتن بۆ گەلەکەمانە

نوێترین نوسینەکانی سەلاح خدر

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌