چوار شەو لە زیندانی یەکێتی (گوانتانامۆ) دا - ٢

وتار/ 20/01/2019 924 جار بینراوە

سەلاح خدر

چوار شەو لە زیندانی یەکێتی (گوانتانامۆ) دا - ٢
لە (ئاسایشی سلێمانی، مونەزەمەی پێشووی تۆپیوو عوسمان) چیم بینی؟
سەلاح خدر
لەگەڵ گەیشتنمان بە ئاسایشی گشتی سلێمانی لە ساحەیەکدا دایانگرتین، چەند کەسی دیکەی لێیە کە پێش ئێمە لە ڕەشبگیری عەشوائی پارکی (ئازادی) دا دەستگیرکرابوون، لەناویاندا نوێنەری کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە باشوور، نوێنەری کۆنگرەی ستار لە باشوور و چەند کەسی دیکەی غەریب هەبوون.
ئاسایشی ئێستای سلێمانی بەرلەڕاپەڕینی ١٩٩١ مونەزەمەی ڕەفیق حزبی، حزبی بەعس بوو، ڕژێم لەو بینایەدا هێرشەکانی دژ بە خەڵکی ئازادیخوازی شار ڕێکدەخست، پاشان بووە لقی چواری پارتی، لە ١٣ی حوزەیرانی ١٩٩٤ دا لەکاتی شەڕی ناوخۆی یەکێتی و پارتی کەوتە دەست یەکێتی، لەکاتی مەراسیمی هێنانەوەی تەرمی عوسمانی قالەمنەوەری پارتی دا لەبەردەم ئەو بارەگایەدا کۆمەڵکوژیەکی پارتیەکان ئەنجامدرا پارتی خۆی باس لە کوژرانی دەیان کادێر و ئەندامیان دەکات لەو ڕووداوەدا، کوژراوەکان کرانە قوربانی ڕێکەوتنی ستراتیژی و ئابووری نێوان هەردوو حزب.
چەکدارەکانی ئاسایش و سوات لەناو ساحەی سارد دا ئاسایش دا زۆر بەشێوەیەکی خراپ مامەڵەیان لەگەڵ ئێمەدا دەکرد، ژن و پیاویان لەیەکتر جیاکردەوە دەیانگوت دەبێت ڕیزبن و یەک کەلیمە قسە نەکەن، گیراوەکان دروشمی بژی ئازادی و بژی سەرۆک ئاپۆ یان گوتەوە، چەند چەکدارێکیان جوێنیان بە ئۆجالان گوت، یەکێکیان گوتی، ئێرە سلێمانیە ئۆجالان کێیە؟ لێرە ناوی ئەو نەهێنن، سەری زمان و بنی زمانیان تەنها ئەوە بوو کە ئێرە سلێمانیە و بۆتان نیە لێرە هیچ جوڵەیەک بکەن بڕۆن بۆ هەولێر چالاکی بکەن، ئەوە ڕاستەوخۆ تێگەیشتنێک بوو بۆ ئێمە کە ئیتر نەفەسێک بۆ ئازادی لەم شارەدا نەماوە، وەنەبێت لەبەرامبەر ئەو هەموو بێڕێزییە یەک کەس لە هەڤاڵانی تەڤگەری ئازادی و باقی گیراوەکانی دیکەش بێدەنگ و سەرکزبن، بەڵکو بەئسلوبی خۆمان و وەک پێویست وەڵاممان دەدانەوە، لەبەر ئەوەی بۆ ئەوان گرنگ نەبوو تۆ کێیت، سیاسیت، ڕۆژنامەوانیت، چالاکی مەدەنیت، کرێکاریت هتد... هەموو گیراوەکانیش بەیەک دەنگ وەڵامیان دەدانەوە، چونکە ئێمە دیلی سیاسی بووین بەبڕیاری حزب دەستگیرکرابووین.
یەک یەک ئێمەیان بردە بەردەم ئەفسەری لێکۆڵینەوە، شتەکە ڕۆتین بوو بۆ ئەفسەرەکە گرنگ نەبوو چی دەڵێت گرنگ ئەوە بوو ئەو کاغەزێک پڕ بکاتەوە و وەک تۆمەتبار بتناسێنێت و ڕەوانەی زیندانت بکات.
هەموومان بەژن و پیاوەوە لە ژوری کابینەیەکی بچووکدا کۆکراینەوە، ژورێکی سارد تەنها گڵۆپێکی تێدابوو، سەقفەکەی دڵۆپەی کردبوو، نیووەی ئەو بەڕە پیسەی ڕاخرابوو تەڕ ببوو بۆگەنی کردبوو دارەکانی ژێری ڕزی بوون، جار جار گیراوەکان لەبەر خۆیانەوە سرودی شۆڕشگێڕی و ئەی بەندیخانەیان دەگوتەوە، چەکدارەکان دەهاتنە ژورەوە و بەشێوەیەکی زۆر ناشرین هاواریان بەسەرماندا دەکرد، دەیانگوت بێدەنگبن نابێت یەک کەلیمە قسە بکەن.
(ئەو دیمەنانەی بیرم ناچنەوە)
فەرهادی تەمەن سێ ساڵان لەگەڵ دایک و باوکیدا گیرابوو فڕۆکەیەکی نایلۆنیی بەدەستەوە بوو، لەتاو سەرما نەیدەتوانی لەباوەشی دایکی دوورکەوێتەوە و لەبەر خۆیەوە گۆرانی دەگوت، دوومنداڵی دیکە بەناوەکانی ئۆجالان تەمەن ٧ ساڵان و ساریا تەمەن ٨ ساڵان لەگەڵ دایکیان گیرابوون، ئۆجالان لەباوەشی دایکدا خەوتبوو، ساریاش دەگریا دەیگوت دایکە بابڕۆینەوە ئێرە ساردە، ساریای بچووک تێدەنەگەیشت لەبەرچی ئەم هەموو خەڵکەیان لەم ژورە بچووک و سارەدا کۆکردوەتەوە.
دوو گەنجی عەرەب دەستگیرکرابوون، گوایە ئەوانیش تەڤگەری ئازادین، گەنجەکان تاوانەکەیان ئەو بووە کە تۆزێک کوردی فێربوون و کاتێک لە پارکەکەدا پرسیاریان لێکردوون بەکوردی وەڵامیان داونەتەوە، ئیتر پرسیاری دووهەم نەکراوە و خستویاننەتە سەیارە داخراوەکەوە، ئەو دوو گەنجە بەئێمەیان دەگوت ئێوە بەنیازی چی بوون وا ئێمەشیان گرتووە؟.
کوڕ و کچێکی دەستگیران لەپارکەکەدا دەستگیرکرابوون بێ ئەوەی ئاگاداری هیچ بن تەنها لەبەر ئەوەی کوردی باکووری کوردستان بوون.
گەنجێکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەقەراغ شەقامی لای پارکەکە دەستگیرکرابوو تازە هاوسەرگیری کردبوو خواستبووی بچێتە دوکانێک مەکینە جلشۆردن بکڕێت، بەر لەوەی بپەڕێتەوە دەستگیریان کردبوو، ئەوانە شەوێک لەئاسایش هێڵرانەوە.
گەنجێکی دیکە بەناوی مەحموود قەرەگولە خەڵکی کۆبانێ بوو، توشی نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن ببوو، بەهۆی ئەوەی نەخۆشیەکەی لەوێ چارەسەری نەبووە، هاتبوو بۆ نەخۆشخانەی هیوای سلێمانی پاش پشکنین مەوعیدیان بۆ ڕۆژی شەممە بۆ دانابوو، لەبەر ئەوەی نەخۆش بووە، ڕۆژی هەینی چووەتە پارکی (ئازادی) تا هەوایەک وەرگرێت، کە چەکدارەکان پرسیاریان لێکردووە تەنها لەبەر ئەوەی بەکرمانجی وەڵامی داوەتەوە گوتویانە ئەمەش پەکەکەیە دەستگیریان کردووە، چەندێک ئێمە لەئاسایش پێمانگوتن کە ئەم کەسە نەخۆشە و هیچ کەسمان نایناسن بێ سوود بوو، لەگەڵ ئێمەدا چوار ڕۆژ لە زیندان هێشتیانەوە.
کاتژمێر دەوروبەری هەشتی شەو لایدابوو، ژنەکانیان لە ئێمە جیاکردەوە و کەمێک پاش ئەوە هاتن و ٢٣ کەس لە ئێمەشیان بانگکردە دەرەوە، هەموومانیان خستە ناو پاسی کۆستەرەوە و لەگەڵ هێزێکی چەکداری زۆردا بردیانین بۆ گرتوخانەی کانی گۆمە (گوانتانامۆ).
******
لەبەشی سێهەمدا
چیرۆکەکانی چوار شەو مانەوە لە گوانتانامۆی سلێمانی، پەروەردە و مانگرتن لە خواردن

نوێترین نوسینەکانی سەلاح خدر

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌