چوار شەو لە زیندانی یەکێتی (گوانتانامۆ) دا - ١

وتار/ 19/01/2019 1235 جار بینراوە

سەلاح خدر

چوار شەو لە زیندانی یەکێتی (گوانتانامۆ) دا - ١
سەلاح خدر
ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە لە گێڕانەوەی حەقیقەتی دەسەڵاتێک زیاتر هیچی دیکە نیە، جارێ لەم نوسینەمدا نامەوێت هیچ لێکچوون و بەراوردێک لە نێوان دوو دەسەڵاتی (سەوز و زەرد)ی هەرێمی کوردستان بکەم، ئەو هەڵسەنگاندە هەڵدەگرم بۆ نوسینەکانی چەند ڕۆژی داهاتوو.

(ڕەشبگیری پارکی ئازادی)

پاش گەڕانەوەمان لە چلەی خوالێخۆشبوو عەبدولرەحمان خەلیفە، من و بێریڤانی هاوسەرم و چەند کەسێکی دیکە بەڕێکەوتین بۆ سەکۆی (ئازادی) لە پارکی (ئازادی) بۆ ڕوماڵ و بینینی کورتە فیلمێک لەسەر ساکینە جانسز، بەرلە گەیشتنمان بینیمان هێزێکی زۆری چەکداری "سوات، ئاسایش، دژەتیرۆ" دەمامکدار و بێدەمامک، چواردەوری پارکەکەیان تەنیووە، لە چوونەوە ژورەوەماندا لەبەردەم دەرگا چەکدارەکان ڕێگریان لێکردین گوتیان، مۆڵەتی چوونە ژورەوەتان وەرنەگرووە، بۆتان نیە بچنە پارکەکەوە خەڵکەکەش سوربوون لەسەر ئەوەی بچنە ژورەوە، چەکدارێک گوتی ڕاوەستن تا کاک محەمەد دێت، لە ئان و ساتێکدا محەمەد بەئۆتۆمبێلێکی میک زەمینی و گروپێک چەکدارەوە هاتن، یەکەم قسەی گوتی، چواردەوریان بگرن و نەهێڵن کەسیان بڕۆن و مۆبایلەکانیان لێبستێنن، بێئەوەی ڕێگەبدەن کەسێک وشەیەک بڵێت، دەستیان کرد بەلێدانی خەڵکەکە، لێدان بەدار و داری کارەبایی و هەرچی بەدەستیانەوە بوو، ئەو تابلۆیەم بیرناچێتەوە کە چۆن پەلاماری هەموومان بەتایبەتی ژن و منداڵەکانیان دا، چۆن ژنەکانیان بەجوێن و قژ ڕاکێشان و لێدانی کارەبا بۆ ناو سەیارە داخراوەکە کێش دەکرد، هەتا جلیان لەبەری چەند ژندا دڕاندن.
لەوکاتەدا ساڵی ١٩٨٤م هاتەوە یاد کاتێک ئەمنەکانی بەعس هاتن بۆ گرتنی براکەم ئەو لەماڵ نەبوو بەڵام دایکمیان ڕاکێشا و ناشریترین جوێنیان پێدا، ئەو کات من و خوشکەکەم منداڵ بووین لە ترسا باوەشمان بەیەکدا کردبوو و دەگریاین، بەهەمان شێوە ئەو منداڵانەی لە پارکی (ئازادی) هێرش کرایە سەر دایکیان نەیاندەزانی چی ڕوودەدات تەنها دەگریان، ئەو هێزەی لەپارکی (ئازادی) ئەو هێرشە هێندە دژوارەیان کردە سەرمان، باوەڕمان نەدەکرد لە نەوەی ئەم نەتەوە و گەلە بن، قەت ناتوانم باوەڕ بکەم کەهاوخوێنم بن، چۆن دەبێت ئەوانە لە ئێمەبن و لەگەڵ ئێمەش وەهابن؟ زیاتر لە ٣٠ کەسیان خستە ناو سەیارەیەکی داخراوەوە و بەرەو ئاسایش بردیانین.
******
لەبەشی دووهەمدا
لە (ئاسایشی سلێمانی، مونەزەمەی پێشووی تۆپیوو عوسمان) چیم بینی و چیان پێگوتین؟

نوێترین نوسینەکانی سەلاح خدر

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌