ڕاپۆرته‌كه‌ی (ڕووداو)و كێشه‌ی منداڵ له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا
وتار/
14/01/2019
786 جار بینراوە
عومه‌ر گوڵپی
ڕاپۆرته‌كه‌ی (ڕووداو)و كێشه‌ی منداڵ له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا
عومه‌ر گوڵپی
" تێبینی: ئه‌م وتاره زیاتره له (2000) وشه، چونكه تێگه‌یشتن له كێشه‌ی منداڵ‌و خستنه‌ڕووی ڕێگه چاره‌كانی نه‌فه‌س درێژی ده‌وێت، ئارامی ده‌وێت، بیركردنه‌وه‌ی ده‌وێت، به‌داخه‌وه نه‌ریتی زۆرینه‌ی میلله‌تی ئێمه‌ش هه‌ڵپڕوزاندن‌و سه‌رپێی كاركردن‌و بێ به‌رنامه‌یی‌و بێ پلانیه، ئه‌مه له هه‌موو ئاسته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا، بۆیه من ترسم له‌وه نییه به‌ڕێزێكی خوێنه‌ر تۆمه‌تبارم بكات به درێژدادڕی".
شه‌وی پێنجشه‌ممه، 10ی 1ی 2019، له ئاماده‌كردنی برای به‌ڕێزم كاك (هاوكار یاسین)ی په‌یامنێری ڕووداو له سلێمانی، ڕاپۆرتێك له‌سه‌ر ژیانی خانه‌واده‌یه‌ك كه پێكهاتووه له باوكێك‌و سێ منداڵ بڵاوبوویه‌وه‌و له‌لای خه‌ڵك باوكی منداڵه‌كان به (فه‌رمانده موباره‌ك)! ناسراوه.
ئه‌وه‌ی گرنگه له‌م سه‌ره‌تایه‌وه بیڵێم ئه‌وه‌یه كه: كاركردنی هه‌ر ده‌زگاو كه‌ناڵێك، بۆ پیشاندانی ئێش‌و ئازاری چین‌و توێژه‌كانی خواری خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه، به‌تایبه‌تتر ژیانی منداڵان‌و خستنه‌ڕووی دۆخی پێشێلكراوی مافه‌كانیان‌و ژیانی "نه‌بوو"یان، به‌لای منه‌وه به یه‌كێك له ئه‌ركه زۆر پیرۆزه‌كان دێته ئه‌ژمارو به‌رانبه‌ر نییه به هیچ ئه‌ركێكی تر، ئه‌وه‌ش هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌ی كه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئاینده‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ببینین ده‌بێت ته‌ماشای ژیانی ئێسته‌ی منداڵه‌كانمان‌و په‌روه‌رده‌و به‌رجه‌سته‌بوونی مافه‌كانیان بكه‌ین.
له‌باره‌ی ڕاپۆرته‌كه‌وه كه‌باس له خانه‌واده‌یه‌ك‌و ژیانی منداڵه‌كانی ده‌كات، ته‌نها به بینین‌و گوێلێگرتنی ئەو ڕاپۆرتە تێده‌گه‌ین كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه خاوه‌نی چ ئازارێكی به سوێیه له‌باره‌ی منداڵ‌و مافه‌كانیه‌وه، به‌ڵام كێشه‌كه له‌وه‌دایه ئه‌و كه‌سانه‌ی وه‌ك ئێمه ڕۆژانه سه‌روكاریمان له‌گه‌ڵ منداڵ‌و مافه‌كانی هه‌یه، ئاگاداری ژیانیانین، ئاگاداری كێشه‌و گرفته‌كانیانین، هه‌موو ڕۆژێك له ناخه‌وه ئازارێك ده‌مانهه‌ژێنێت، به‌ڵام زۆرینه‌ی خه‌ڵكی تری كۆمه‌ڵگه ته‌نانه‌ت به به‌رپرسانی باڵای ده‌وڵه‌تیشه‌وه (حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان) ته‌نها ئه‌و كاتانه ئازاره‌كه ده‌بینن كه منداڵێك له شاشه‌كانه‌وه، یان هه‌ژارێك له تیڤییه‌كی پڕ بینه‌ری وه‌ك (ڕووداو)ه‌وه، هۆن هۆن فرمێسك ده‌ڕێژێت، هه‌ستێكی ویژدانی‌و مرۆڤانه‌و سۆزدارانه هه‌موو خه‌ڵك داده‌گرێت‌و هه‌ر هه‌مان كات بۆ ئه‌و حاڵه‌ته ده‌بنه فریادڕه‌س، كه ئه‌مه بۆخۆی دیارده‌یه‌كی باشه، به‌ڵام هه‌رگیز به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه نابێته هۆی ده‌ستخستنه سه‌ر ئازاره‌كه‌و سه‌رچاوه‌كه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌دا، دۆخی هه‌ژاران‌و منداڵه‌كانیان، ژماره‌یان‌و هۆكاری ئه‌و ژیانه خراپه كوله مه‌رگییه‌ی هه‌یانه، بۆیه زۆربه‌ی كات ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی ده‌بنه جێگه سه‌رنجی میدیا چاره‌سه‌ر ده‌بن، ته‌نانه‌ت هاووڵاتیه‌كی خێرخواز له كۆمێنتێكدا بۆ ئه‌و ڕاپۆرته ئاماده‌یی ده‌ربڕیوە كه خانوویه‌كی بۆ دروست بکات، بێجگه له ده‌یان هاوكاری تر، به‌ڵام كێشه‌ی ده‌یان‌و سه‌دان منداڵ‌و خێزانی تری هه‌ژارو ماف پێشێلكراو له جێگه‌ی خۆیه‌تی‌و به بێده‌نگی‌و دوور له هات‌و هاواری تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به هه‌مان ئازاره‌وه ده‌مێنێته‌وه.
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، ده‌مه‌وێت تێگه‌یشتنی خۆم، وه‌ك مرۆڤێك، وه‌ك به‌رپرسێك به پێی ئه‌رك‌و ده‌سه‌ڵات‌و به‌رپرسیارێتیه‌كه‌م، بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌و هاوشێوه‌كانی بۆ خوێنه‌رانی به‌ڕێزو ڕای گشتی له دوو به‌ش‌و چه‌ند خاڵێكدا بخه‌مه‌ڕوو كه زیاتر له خولگه‌ی كێشه‌كانی منداڵ له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌و چاره‌سه‌ره‌كاندا خۆی ده‌بینێته‌وه:
یه‌كه‌م: كێشه‌كانی منداڵ‌و خێزانه‌کان چین؟
1ـ هه‌ژاری‌و په‌یوه‌ندی به كێشه‌كه‌وه:
كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌م خانه‌واده‌یه‌و هاوشێوه‌كانی، كێشه‌ی هه‌ژاری‌و نه‌بوونی پاره‌و توانای دارایی نییه به ته‌نها، وه‌ك له ڕاپۆرته‌كه‌دا زه‌ق بووه‌ته‌وه، به‌ڵكو كێشه‌ی (هه‌ژاری ژیریی) هه‌ره كێشه‌ی سه‌ره‌كیه، بە ئاستێک كه ئه‌و جۆره باوك‌و دایكانه له بنه‌مادا توانای به‌خێوكردنی منداڵیان نییه‌و ناتوانن ئه‌و ئه‌ركانه‌ی به پێی یاسا‌و شه‌رع‌و نه‌ریته‌كانی كۆمه‌لًَگه له‌سه‌ر شانی باوكێكه جێبه‌جێیان بكات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر توانای دارایی خێزانیش باش بێت ئه‌وه ده‌ردی (هه‌ژاری ژیریی)و (هه‌ژاری ڕۆشنبیری) باوكان‌و دایكان وه‌ك گرفتێكی سه‌ره‌كی بۆ منداڵه‌كان ده‌مێنێته‌وه.
2ـ دروستكردنی خێزان به (هه‌ڵه):
أـ دروستكردنی خێزان له ته‌مه‌نی منداڵی‌دا:
كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه منداڵ به شوو ده‌دات‌و ژنیش بۆ منداڵ ده‌هێنێت، هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه كه كه‌سانێك خۆیان منداڵن (به‌تایبه‌ت مه‌به‌ست خوار هه‌ژده ساڵه)، به‌ڵام هه‌ر له ته‌مه‌نێكی زوه‌وه ژن ده‌هێنن، یان شو ده‌كه‌ن، ڕاستتر وایه بڵێین به شویان ده‌ده‌ن‌و ژنیان بۆ ده‌هێنن، ئێ منداڵ له كوێ ده‌توانێت منداڵ به‌خێو بكات؟ ئه‌و هێشتا له زۆر ڕوه‌وه پێ نه‌گه‌شتووه، چۆن چۆنی ده‌توانێت باوك یان دایك بێت؟ ئه‌و خۆی هێشتا ڕۆژانه پێویستی به ده‌ستی باوك‌و دایكیه‌تی، چۆن ده‌توانێت ده‌ستێكی پڕ میهری باوكانه‌و دایكانه بێت بۆ منداڵه‌كانی؟
ب ـ كه‌سانێك نابێت بچنه پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیریه‌وه:
كۆمه‌ڵگه ژن بۆ كه‌سانێك ده‌هێنێت كه له ڕووی ژیرییه‌وه یان له ڕووی ده‌روونیه‌وه گرفتی گه‌وره‌یان هه‌یه، به‌و پاساوه‌ی كه وه‌ك خه‌ڵك ناویده‌نێن(ژنێكی بۆ بێنن چاك ده‌بێته‌وه، یان به شووی بده‌ن عه‌یبی نامێنێت)، له كاتێكدا قوڕه‌كه خه‌ستتر ده‌بێته‌وه‌و نه‌وه‌ك خۆی چاك نابێت، به‌ڵكو به‌هۆی خستنه‌وه‌ی منداڵه‌وه ده‌بنه هۆی له‌دایكبوونی چه‌ند منداڵێك كه ئه‌و منداڵانه هیچ ده‌سه‌ڵاتێكیان نییه له‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه چۆن ده‌ڕوانێته باوك‌و دایكیان‌و ئاینده‌ی ژیانیان چۆن ده‌بێت؟
ج ـ ژماره‌ی منداڵ له خێزاندا:
نه‌بوونی هوشیاری به‌رانبه‌ر ژماره‌ی منداڵ‌و ئه‌ركی خێزانداری‌و شێوازی به‌رٍێوه‌بردنی ژیانی خێزانی یه‌كێكی تر له كێشه سه‌ره‌كیه‌كانی منداڵانه.
باوك هه‌ژار، دایك هه‌ژار، له خانووی كرێدان، یه‌ك‌و دوان‌و سیان‌و چوار‌و پێنج‌و ... ناوه‌ستێ، به پێی زانیارییه‌كان ناوه‌ندی خێزان له پارێزگای سلێمانی له‌سه‌رو چوار منداڵه‌وه‌یه‌و له هه‌ولێرو دهۆك ژماره‌كه ده‌گاته حه‌وت! ئه‌وه ناوه‌نده ئامارییه‌كه‌ی! ئه‌گه‌رنا ده‌یان‌و سه‌دان خێزانمان هه‌یه كه نزیكه‌ی (10) منداڵ‌و زیاتریشی هه‌یه.
با من‌و تۆی خوێنه‌ر بیهێنینه پێشچاوی خۆمان، ئه‌گه‌ر خێزانێكی (ده) كه‌سی، هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی جێگیریی بژێویان نه‌بێت، له خانوویه‌كی كرێدابن، ده‌بێت منداڵه‌كان له‌باره‌ی ژیان‌و خوێندن‌و په‌روه‌رده‌و پێداویستییه ڕۆژانه‌ییه‌كانیان له چ دۆخێكدابن‌و به‌ره‌و چ ئاینده‌یه‌ك هه‌نگاو بنێن‌و ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنیان له ژیان چه‌ند بێت؟
3ـ كێشه‌ی نه‌بوون‌و لاوازی دامه‌زاروه‌كان:
له كوردستان دامه‌زراوه‌ی په‌یوه‌ندیدار به ژیانی منداڵ‌و پاراستنی مافه‌كانیه‌وه، چ حكومی چ نا حكومی، یان نییه، یان زۆر لاوازه، بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌م مه‌به‌سته ده‌مه‌وێت بڵێم:
أـ ئه‌ركی پاراستن‌و چاودێری منداڵ له حكومه‌ت له ئه‌ستۆی وه‌زاره‌تی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیه، بێجگه له‌و ئه‌ركانه‌ی په‌یوه‌ستن به ته‌ندروستی‌و په‌روه‌رده‌ی منداڵه‌وه، هه‌روه‌ها بوونی به‌شێكی پۆلیس له‌هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كی پۆلیس به‌ناوی پۆلیسی نه‌وجه‌وانان‌و بوونی دادگایه‌كی تایبه‌ت به نه‌وجه‌وانانه‌وه.
سه‌باره‌ت به ئه‌ركی سه‌ره‌كی چاودێری‌و پاراستنی ئه‌و منداڵانه‌ی كه كێشه‌یان هه‌یه، یان دۆسیه‌ی ژیانیان ده‌چێته چوارچێوه‌ی دۆسیه‌یه‌كی تایبه‌تی كێشه‌ی هه‌مه‌جۆری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ده‌روونی‌و ئابورییه‌وه، ئه‌مه به ته‌واوه‌تی ئه‌ركی وه‌زاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تییه، هێنده‌ی دیقه‌تم دابێت یه‌كێك له وه‌زاره‌ته فه‌رامۆشكراوه‌كان له سه‌رجه‌م كابینه یه‌ك له‌دواییه‌كه‌كانی حكومه‌تدا وه‌زاره‌تی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تییه، به‌جۆرێك له زۆر ڕووی وه‌ك (بودجه، هه‌یكه‌لی ڕێكخستن، یاسا، ڕێنمایی، هاندان)ه‌وه ئه‌و توانایه‌ی نییه كه ئه‌ركی گه‌وره‌ی چاودێری‌و پاراستنی منداڵان‌و خێزانه‌كان له ئه‌ستۆ بگرێت.
ب ـ سیستمی دادوه‌ری‌و دادگای نه‌وجه‌وانان، پێویستی به پیاچوونه‌وه‌و گه‌شه‌پێدان‌و یاسای نوێ هه‌یه، به‌جۆرێك له‌گه‌ڵ كێشه نوێیه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی منداڵدا یه‌ك بێته‌وه، به ئاستێك من زۆر جار حاڵه‌تی وام بۆ هاتووه‌ته پێش كه به ته‌واوه‌تی ڕوونه كه نابێت ئه‌و ژن‌و پیاوه (مه‌به‌ست كه‌سێكی دیاریكراو نییه) ئه‌ركی به‌خێوكردن‌و چاودێری منداڵه‌كانیان له ئه‌ستۆ بێت، به‌هۆی ڕه‌فتاری چه‌وت‌و ناڕه‌وایان، یان پێشینه‌ی تاوانكارییان، یان توندوتیژیان، یان هه‌ژاری ژیرییان، به‌جۆرێك كه چاره‌نووس‌و ژیانی منداڵه‌كان ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه‌و نابێت له هیچ دۆخێك‌دا باوك یان دایكێكی له‌مجۆره منداڵی له ئه‌ستۆ بێت، به‌ڵام ئایا چوارچێوه یاساییه‌كان‌و ڕێوشوێنه دامه‌زراوه‌ییه‌كان بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی دادوه‌رێكی به‌ڕێز بڕیاربدات منداڵێك له دایك‌و باوكێك بسه‌نێته‌وه به‌هۆی نه‌بوونی شایسته‌یی باوكایه‌تی‌و دایكایه‌تی؟ ژماره‌ی ئه‌و منداڵانه چه‌ندن كه به‌هۆی ناشایسته‌یی دایك‌و باوكیانه‌وه یان بوونی مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان له دایك‌و باوك ده‌سه‌نرێنه‌وه؟ بێگومان ئه‌و پرسیاره ته‌نها ڕووبه‌ڕووی دادوه‌ره‌كان نابێته‌وه، به‌ڵكو كێشه‌ی نه‌بوونی یاسای گونجاو كه وه‌ڵامی كێشه‌و گرفت هه‌نووكه‌ییه‌كان بداته‌وه‌و نه‌بوونی دامه‌رزاوه‌ی به‌هێز بۆ له‌خۆگرتنی منداڵان، به‌شێك له هۆكاره‌كه‌یه، تا دۆخێكی وا بڕه‌خسێت كاتێك دادوه‌رێك بینی منداڵێك ژیانی له مه‌رسیدایه له ڕووی جه‌سته‌یی یان ده‌روونی‌و مه‌عنه‌وییه‌وه بڕیار بدات به گواستنه‌وه‌ی منداڵه‌كه بۆ شوێنی باشتر‌و گونجاوتر، بڕیاربدات كه ئه‌و منداڵه چیتر نابێت له ژێر چه‌تری ئه‌و دایك‌و باوكه‌دا بمێنێته‌وه كه ده‌ركه‌وتووه شایسته‌نین.
ج ـ كه‌می‌و لاوازی ڕێكخراوی ناحكومی په‌یوه‌ست به منداڵ‌و مافه‌كانیه‌وه، ئه‌مه‌ش یه‌كێكی تر له كێشه‌كانه، چونكه ڕێكخراوه‌كان ده‌توانن ڕۆڵێكی گه‌وره بگێڕن له‌كاتی بوونی كه‌لێن‌و كه‌مته‌رخه‌می‌و كه‌م‌و كورتی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت، چ به ڕێگه‌ی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری، چ به‌ڕێگه‌ی فشار دروستكردن.
د ـ میدیا‌و ده‌زگای ڕاگه‌یاندن له كوردستان كه‌مته‌رخه‌مه، له كوردستان زۆرینه‌ی میدیاكان هیچ بایه‌خێكیان بۆ مافی منداڵ نییه، چ به نه‌بوونی به‌رنامه‌ی په‌روه‌رده‌یی كه گرنگی به چاودێریی‌و پاراستنی منداڵ‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی هوشیاری خێزانه‌كان بدات، چ به‌هۆی نه‌بوونی پرۆسه‌ی فلته‌رینی ڕاست‌و دروستی ده‌روونی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه بۆ به‌نامه‌كانیان تا نه‌بنه هۆی زیانگه‌یاندن به لایه‌نی په‌روه‌رده‌یی منداڵ‌و چوارچێوه خێزانیه‌كان.
ژماره‌ی ئه‌و میدیایانه‌ی كه بوونه‌ته هۆی وێرانكردنی ژیانی منداڵ‌و خێزان به په‌خشكردنی به‌رنامه‌ی نابه‌جێ‌و زنجیره فیلمی نه‌گونجاو به‌ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیمان‌و نه‌چوونه ژێرباری هیچ به‌پرسیارێتیه‌كی یاسایی به‌رانبه‌ر كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان، زۆر زیاتره له ژماره‌ی ئه‌و میدیایانه‌ی كه به‌رپرسیارانه ڕه‌فتار ده‌كه‌ن‌و بایه‌خ به لایه‌نی ده‌روونی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و په‌روه‌رده‌یی منداڵ‌و چوارچێوه خێزانیه‌كان ده‌ده‌ن.
4ـ كێشه‌ی لاوازی ڕۆشنبیریی‌و دواكه‌وتوویی كلتوری كۆمه‌ڵگه، به‌داخه‌وه زۆرێك له خه‌ڵكی‌و هاووڵاتیان پێوه‌رو تێڕوانینیان بۆ مرۆڤ له خودی به‌های مرۆڤبوونه‌وه سه‌رچاوه ناگرێت‌و په‌یوه‌ستی ده‌كه‌ن به ده‌وڵه‌مه‌ندی‌و هه‌ژاری، یاخودا پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی هاووڵاتی‌و خێزان، یاخود پله‌و پۆست‌و پێگه‌ی سیاسی.
زۆرجار هاووڵاتیان به چاوی ڕێزه‌وه ته‌ماشای هاووڵاتیه‌كی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت ناكه‌ن، كه به‌بڕوای من ئه‌م خاڵه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لاوازی په‌روه‌رده‌و دواكه‌وتوویی كلتوری، ئه‌گه‌رنا پێگه‌و ڕێزی مرۆڤ په‌یوه‌سته به خودی مرۆڤ خۆی‌و ئاستی به‌شدارییه‌وه له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان‌و به‌سودبوونی بۆ كۆمه‌ڵگه، نه‌وه‌ك شتانێك كه به‌رهه‌می توانای مرۆڤ نین‌و له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی خۆی به‌سه‌ریدا چه‌سپیوه، یان قه‌ده‌رێك ئه‌وی خستووه‌ته ئه‌و گۆشه‌یه‌ی ژیانه‌وه، هه‌ربۆیه به‌هۆی ئه‌م تێڕوانینه هه‌ڵه‌یه‌ی كۆمه‌ڵگه‌وه، زۆرینه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی باوك یان دایك یان هه‌ردووكیان له پێگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی نزمن (نزم به تێڕوانینی كۆمه‌ڵگه)، یان خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تن، ڕووبه‌ڕووی ئه‌م دڵڕه‌قیه‌ی كۆمه‌ڵگه ده‌بنه‌وه‌و هه‌میشه هه‌ست به كه‌می ده‌كه‌ن له ئاست هاوڕێ‌و ده‌وروبه‌ریاندا.
5ـ تێڕوانینی هه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵگه‌و خێزانه‌كان بۆ خودی منداڵ خۆی، تێڕوانینی هه‌ڵه بۆ مافه‌كانی، چۆنیه‌تی په‌روه‌رده‌كردنی‌و چۆنیه‌تی سۆزپێدان‌و گرنگیپێدانی، به‌داخه‌وه زۆرێك له‌و منداڵانه‌ی به ڕووكه‌ش وا ده‌رده‌كه‌ون كه خۆش ده‌ژین‌و به‌خته‌وه‌رن، له ڕاستیدا ئه‌وان له تاریكایی ژیاندان، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌و فه‌رامۆشكردنه‌ی كه له‌لایه‌ن خێزانه‌كانیانه‌وه فه‌رامۆش ده‌كرێن، ڕاسته جل‌و به‌رگی جوان‌و ژووری تایبه‌ت‌و مۆبایل‌و ئایپادو بابه‌ته‌كانی تری په‌یوه‌ست به توانای داراییه‌وه له‌به‌رده‌ستن، به‌ڵام له ڕاستیدا به‌هۆی تێڕوانینی هه‌ڵه‌ی خێزانه‌كان بۆ په‌روه‌رده، گرنگیپێنه‌دان‌و فه‌رامۆشكردن، ئه‌و منداڵانه‌و ئازاره‌كانیان هیچیان كه‌متر نییه له‌و منداڵانه‌ی كه به‌هۆی (هه‌ژاری) و (هه‌ژاریی ژیریی) و (هه‌ژاری {ۆشنبیریی)دایك‌و باوكیانه‌وه ده‌ناڵێنن.
دووه‌م/ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه چۆن بكه‌ین‌و له‌كوێوه ده‌ست پێبكه‌ین؟
بێگومان ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه خراپه‌ی منداڵانمان تیایدا ده‌ژین كارێكی ئاسان نییه، به وتارێك‌و لێدوان‌و ڕاپۆرتی تیڤیه‌ك ته‌واو نابن، با هه‌وڵێكی له‌مجۆره‌ش جێگه‌ی ڕێزبێت، به‌ڵام له ڕاستیدا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه پێویستمان به دامه‌زراوه هه‌یه، پێویستمان به یاسا هه‌یه، پێویستمان به گۆڕینی كلتور‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی وشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه، هه‌ربۆیه ده‌كرێت بڵێین چاره‌سه‌ره‌كان ڕاسته قورسن، به‌ڵام مه‌حاڵ نین، و پێویسته هه‌رچی زووه ده‌ست پێبكه‌ین، ئه‌گه‌رنا دوور نییه له ڕۆژانی داهاتوودا ئه‌ركه‌كه قورستر‌و دۆخه‌كه خراپتر ببێت. به تێڕوانین‌و تێگه‌یشتنی به‌نده ده‌كرێت ئه‌م شه‌ش خاڵه‌ی خواره‌وه له ڕێچكه‌ی چاره‌سه‌ره‌كان بن:
1ـ له ڕووی یاساوه: ئه‌ركێكی گه‌وره‌ی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان پێویسته پیاچوونه‌وه بێت به‌و یاسایانه‌ی له ئێسته‌دا له‌باره‌ی منداڵ‌و خێزانه‌وه كاریان پێده‌كرێت، به‌مجۆره:
أ ـ پیاچوونه‌وه‌و هه‌مواری یاساكان، وه‌ك: (یاسای چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی، یاسای چاودێری نه‌وجه‌وانان، یاسای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی، یاسای وه‌زاره‌تی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی).
ب ـ ده‌ركردنی یاسای نوێ، به‌تایبه‌ت ته‌واوكردن‌و په‌سه‌ندكردنی ئه‌و ڕه‌شنوسی پڕۆژه یاسایه‌ی كه ماوه‌یه‌كی زۆره له په‌رله‌مانه‌و به (پڕۆژه یاسای ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی) ناسراوه، له‌و ڕه‌شنوسی پڕۆژه یاسایه‌دا گرنگی‌و بایه‌خێكی زۆر باش هه‌یه بۆ پاراستنی منداڵان‌و ژنان‌و خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌ته‌كان‌و خێزان.
2 ـ حكومه‌ت بودجه‌ی پێویست ته‌رخان بكات بۆ ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی له بواری پاراستنی منداڵان‌و خێزاندا كارده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت پێویسته له‌م ڕوه‌وه وه‌زاره‌تی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی كه وه‌ك ئه‌رك وه‌زاره‌تی پاڵپشتی منداڵان‌و هه‌ژاران‌و ژنان‌و خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌ته‌كانه، گرنگی پێبدرێت‌و گرنگیپێدانی بهێنرێته پێشینه‌ی كاره‌كانی حكومه‌ت، بودجه‌ی پێویستی بۆ ته‌رخان بكرێت‌و فه‌رمانگه‌كانی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی شاره‌كان هه‌م به بودجه‌ی پێویست هه‌م به كادیریی پێویست پشتیوانی بكرێن، تا بتوانن به‌و ئه‌ركانه هه‌ستن‌و له بری هه‌موو كۆمه‌ڵگه چاودێری هه‌ر ژن‌و منداڵ‌و به‌ساڵاچوو و خێزان‌و هه‌ژارو خاوه‌ن پێداویستییه‌ك تایبه‌ت بكه‌ن كه پێویستی به چاودێرییه.
3ـ دروستكردن‌و داهێنانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی تایبه‌ت به (چاودێری‌و پاراستنی منداڵ و خێزان) كه ئه‌م دامه‌زراوانه ئه‌ركی ته‌واوی چاودێری‌و پشتیوانی‌و پاراستنی ئه‌و منداڵ‌و خێزانانه له ئه‌ستۆ بگرن كه خۆیان ناتوانن به ئه‌ركه‌كانی خۆیان هه‌ستن، یان گرفتێك بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی به ئاسانی مافیان پێشێلبكرێت‌و بێبه‌ش بن له مافه‌كانیان، ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ش به بودجه‌و ستافی پێویسته‌وه له هه‌موو پارێزگا‌و قه‌زایه‌كی گه‌وره‌دا هه‌بێت، تا بتوانێت به ته‌واوه‌تی فریادڕه‌سی خێزانه‌كان بێت كاتێك به‌هه‌ر هۆكارێك ژیانیان له مه‌ترسیدابێت.
4ـ كاركردن بۆ به‌هێزكردن‌و جێگیركردنی سیستمی (خێزانی جێگره‌وه)، كه سوپاس بۆ خوا ئه‌و سیستمه له ئێسته‌دا له شاری سلێمانی ده‌ستی به كاركردووه، و پێویسته ئه‌م سیستمه له هه‌موو هه‌رێم كاری له‌سه‌ر بكرێت‌و به یاساش پشتیوانی بكرێت، تا ئه‌و خێزانانه‌ی به‌هه‌ر هۆكارێك ناتوانن منداڵه‌كانیان به‌خێوبكه‌ن، یان شایسته‌ییان نییه، له‌و سیستمه جێ بكرێنه‌وه‌و له چوارچێوه‌ی خێزانێكی تردا خزمه‌ت بكرێن‌و چاودێری بكرێن.
5ـ كاركردن بۆ ڕاستكردنه‌وه‌و تێڕوانینی كۆمه‌ڵگه، هوشیاركردنه‌وه‌ی هاووڵاتی‌و خه‌ڵك له زۆر بۆچوونی هه‌ڵه له‌باره‌ی مافی مرۆڤ‌و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیمانه‌وه، بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاگایی له باره‌ی پرۆسه‌ی دروستكردنی خێزان‌و مافه‌كانی منداڵ‌و ئه‌ركی دایكایه‌تی‌و باوكایه‌تی‌و زۆر بابه‌تی تری گرنگ كه به‌هۆی گه‌شه‌و گۆڕانكارییه خێرا‌و به‌رده‌وامه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه بۆچوون له‌باره‌یانه‌وه گۆڕاوه، له‌م ڕوه‌وه وه‌زارته‌كانی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و په‌روه‌رده‌و ڕۆشنبیریی‌و دامه‌زراوه میدیاییه‌كان ئه‌ركی گه‌وره‌یان له‌سه‌رشانه.
6ـ كاركردنی ڕێكخراوانه‌ی ڕێكخراوه‌كانی په‌یوه‌ست به مافی مرۆڤ‌و منداڵ‌و په‌روه‌رده‌وه له بواری په‌روه‌رده‌و به هاناوه‌چوون‌و كاری مرۆییه‌وه، به‌جۆرێك ئه‌و كه‌لێنانه‌ی له دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كاندا دروست ده‌بێت بتوانن پڕیان بكه‌نه‌وه، كاركردن به شێوه‌یه‌كی به‌رنامه بۆ داڕێژراو، نه‌وه‌ك عاتیفیانه‌و به كرچ‌و كاڵی، من پێم سه‌یره كاتێك ژیانی خێزانێك ئه‌چێته سه‌ر شاشه، یه‌ك دونیا خه‌ڵك هاوسۆز ده‌بێت‌و ئاماده‌ی هاوكارییه‌و به واقیعیش هاوكارییه‌كه ده‌گات‌و ده‌كرێت (كه شتێكی باشه)، ئه‌ی ئه‌و ده‌یان‌و سه‌دان حاڵه‌تانه‌ی كه نایانه‌وێت، یان نابنه مانشێتی هه‌واڵی تیڤی‌و سایت‌و ڕۆژنامه‌كان چی؟ بۆچی خێرخوازان به شێوه‌یه‌كی سیستماتێك بیر له به‌خشین ناكه‌نه‌وه؟ بیر له هاوكاری مرۆیی ناكه‌نه‌وه؟ خۆ حكومه‌ت چه‌ند دادگه‌ر بێت، چه‌ند باش بێت، چه‌ند بێ كێشه بێت، هێشتا ئه‌ركی هاووڵاتی‌و ڕێكخراوه‌كان له به‌ده‌مه‌وه‌چوون‌و كاری مرۆیی‌و فریادڕه‌سیه‌وه ته‌واو نابێت، هێشتا پێویستمان به‌وه‌یه كه ده‌وڵه‌مه‌ندو هه‌بووه‌كانی كۆمه‌ڵگه ببه‌خشن به‌وانه‌ی كه ئاتاجن‌و پێویستیان به هاوكاری‌و پشتیوانیه.
ئه‌مه له كاتێكدا ده‌ڵێم گومانم له‌وه نییه كه خه‌ڵكی (هه‌بوو) له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا زۆر زیاتره له ژماره‌ی ئەو خێزانه هه‌ژارانه‌ی له هه‌رێمه‌كه‌ماندا هه‌یه، نامه‌وێت بڵێم خێرخواز‌و چاكه‌كاران له‌م بواره‌دا كارناكه‌ن‌و نابه‌خشن، به‌ڵكو ده‌مه‌وێت بڵێم ته‌نها وزه‌ی خێرخوازی بە بەرنامە بخرێته گه‌ڕ و به به‌رنامه كاری بۆ بكرێت، ئه‌وه من دڵنیام ئه‌و هه‌ژارانه‌ی له دۆخی (هه‌ژاری توند)دان نامێنن‌و ژیانیان هه‌نگاوێكی گه‌وره ده‌چێته پێش‌و دێنه سه‌رو هێڵی هه‌ژاری، ئه‌وسا پێویست به هات‌و هه‌ڵا ناكات‌و له ڕێگه‌ی ڕێكخراوی خێرخوازییه‌وه‌و به به‌رنامه كار‌و خێری چاكه‌كاران ده‌گاته ئه‌وانه‌ی پێویستیانه.
له كۆتاییدا تێبینیه‌كی تریش بە پێویست دەزانم: ئه‌وه‌ی له‌م وتاره‌مدا ڕووبه‌ڕووی ئێمه ده‌بێته‌وه وه‌ك ئه‌ركێك، به دڵنیاییه‌وه كه‌مته‌رخه‌می به‌رانبه‌ر ناكه‌ین‌و نه‌مانكردووه.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی چاودێری‌و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی سلێمانی
نوێترین نوسینەکانی عومه‌ر گوڵپی
-
عومه‌ر گوڵپی
08/07/2021
-
عومه‌ر گوڵپی
28/06/2021
-
عومه‌ر گوڵپی
08/02/2021
-
عومه‌ر گوڵپی
04/02/2021
-
عومه‌ر گوڵپی
05/01/2021
-
عومه‌ر گوڵپی
21/10/2020