ئیسلامییه‌كان و خه‌ونی هه‌ستانه‌وه‌

وتار/ 07/11/2018 693 جار بینراوە

هێدی هه‌ولێری

ئیسلامییه‌كان و خه‌ونی هه‌ستانه‌وه‌
هێدی هه‌ولێری
قسه‌كردن له‌باره‌ی خیتابی سیاسی ئه‌مڕۆی هێزه‌ سیاسیه‌ ئیسلامیه‌كان به‌گشتی نامان گه‌یه‌نێته‌ ئه‌نجامێكی باش و كۆمه‌ڵێك لق و ده‌رهاوێشته‌ی دیكه‌ی به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو پاڵه‌په‌ستۆ ناوخۆیی و ده‌ره‌كیی و ماددییانه‌ی ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌، هاوكات ده‌ره‌نجامێكی تاڵیشی هه‌یه‌ كاتێك قسه‌ له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی خودی قوفڵه‌ گه‌وره‌كه‌ بكرێت. گوزه‌رانی ئیسلامیه‌كان و ناوماڵی ڕه‌وتی ئیسلامیی له‌كوردستان به‌ره‌و شێواوی ده‌ڕۆیشت له‌كاتی ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ڵام ئێستا بزووتنه‌وه‌و یه‌كگرتوو وه‌ك هاوپه‌یمانی له‌لایه‌ك و كۆمه‌ڵیش له‌لایه‌كی دیكه‌ (ئه‌گه‌رچی كورسیه‌كی زیاد كرد، به‌ڵام خۆی ته‌نیا ڕه‌وتی ئیسلامی پێك ناهێنێ، به‌ڵام هه‌رسێ لایه‌نی ئیسلامیی به‌یه‌كه‌وه‌ پێیان ده‌وترێت ڕه‌وت، له‌ڕاستیشدا شكست به‌ر كۆمه‌ڵی ئیسلامیش كه‌وتووه‌ وه‌ك هێزێكی ئیسلامی كه‌ هه‌م دیسان گۆڕانكاری له‌خودی خۆی و به‌رنامه‌سازی بۆ ئاینده‌ جه‌وهه‌ری كاری ئیسلامی بێت له‌ دیدی هه‌رسێ لایه‌ندا). ئێستا

تاڕاده‌یه‌ك دوای شكسته‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی و یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 30 ئه‌یلولی ئه‌مساڵ دركیان به‌م شكست و كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌نگی جه‌ماوه‌ری كردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌ به‌س نیه،‌ به‌ڵكو عه‌قڵه‌ گه‌وره‌كان، یان بگۆڕێن یانیش ئه‌و سیاسه‌ته‌ خۆشباوه‌ڕییه‌ی پیاده‌یان ده‌كرد پێداچوونه‌وه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئه‌سڵی كێشه‌و ده‌ركه‌وتنی قه‌یران له‌وێوه‌ چه‌خماخه‌ی جه‌وهه‌ری پڕۆژه‌كه‌ هه‌ڵچنرێت و تێڕوانینه‌ جیاوازه‌كان بخوێنرێنه‌وه‌.

زۆر جار باس له‌ئه‌زموونی نیوه‌ ئیسلامیی و نیوه‌ عه‌لمانی .....یان ئه‌زموونی نیشتمانی و وه‌لانانی ڕه‌وته‌ په‌روه‌رده‌یی و بانگخوازیه‌كه‌ و چه‌ندین پێشنیاری دیكه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، وه‌ تا ئێستاش ئه‌وانه‌ له‌وڵاتی ئێمه‌ دا تاقیكراونه‌ته‌وه‌و سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، به‌ڵام ئه‌و ئه‌زموونه‌ی كاری ئێسلامی له‌كاتێكدا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت كاری په‌روه‌رده‌یی و بانگه‌وازی و سیاسه‌ت وه‌ك سێ بنه‌مای سه‌ره‌كی و به‌یه‌وه‌كه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی حه‌كیمانه‌ بكرێت و له‌جۆری چه‌مكه‌كان تێكه‌ڵ نه‌كرێن، ئه‌گینا خودی ئیسلامه‌تیه‌كه‌مان كافیه‌ بۆ دروستكردنی هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی نوێی ئینسانی! سیفه‌تی ئه‌خلاق له‌كاری سیاسی ئیسلامیدا گرینگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌و به‌نده‌ به‌په‌روه‌رده‌كردنی تاكی حزبی و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌م ڕه‌وت و هه‌م كاری سیاسیش ده‌توانێت كاری له‌سه‌ر بكات و كاروانی ڕابوونی ئیسلامی به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك به‌ره‌و پێش ده‌چێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕوون نیه‌ جۆری بیركردنه‌وه‌ بۆ دۆخی سیاسی له‌لایه‌ن كارێزماكانی ناو ڕه‌وتی ئیسلامی هه‌ڵه‌بوو، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و شێوازی ده‌نگدان و ڕێكخستنی جه‌ماوه‌ری و بانگه‌شه‌یه‌كی كلاسیكی و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌واقیعی پڕۆژه‌ گرینگه‌كه‌، كه‌ سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندی و لاوازی گوتاری سیاسی و خۆ خه‌ریك كردن به‌ پڕۆژه‌یه‌كی نا ئیسلامیی و قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌ تواوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵی كوردیی له‌ڕابردوودا، بانگه‌شه‌كارانی پارتی و یه‌كێتیش باوه‌ڕیان پێی نیه‌و شكستیان هێناوه‌، له‌كاتێكدا چۆن ئیسلامیه‌ك قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كات و ده‌یه‌وێ هه‌ڵه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌ به‌ناو نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ بكاته‌ جه‌وهه‌ری كارو تاك و نه‌یتوانی تاكی موسڵمانی بێزار له‌ سیاسه‌ت و تێڕوانینی پارتی و یه‌كێتی باوه‌ڕ به‌ پڕۆژه‌ نیشتمانیه‌كه‌ بهێنن، كه‌ تابڵێی قێزه‌ونه‌و كه‌س ناتوانێت بیكاته‌ به‌دیل.

كه‌واته‌: ده‌بێ بزانین موسڵمان و تاكی خوێنده‌وارو نه‌خوێنده‌واری كورد چتر ئه‌و جۆره‌ بانگه‌شه‌یه‌ی قبوڵ نیه‌ و هه‌ڵوێستی بوێرو سه‌رڕاستانه‌ی ده‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ بداته‌وه‌ به‌ مشروعێكی ئیسلامیی ڕه‌سه‌ن، ئه‌و مه‌شروعه‌ش خۆی له‌ڕاگه‌یاندنێكی ڕاستگۆو سیاسه‌تێكی حه‌كیم و ئازاو ڕه‌شید و بانگه‌وازێكی دروست و بێ پێچ و په‌نا بۆ كاری ئیسلامی به‌بێ زیادكردن و قڕتاندن، دوور له‌ شه‌رعاندن و ته‌ئویلی هه‌ڵه‌و بیانوو هێنانه‌وه‌ به‌ناوی شه‌رعه‌وه‌ بۆ شكستی سیاسیی و ناكارایی ڕێكخستن و .......هتر. وه‌ك چۆن باس له‌ حكومه‌ ڕه‌شید ده‌كرا......

لێره‌شه‌وه‌ پێویست به‌حكومی ڕه‌شید ده‌كرێـت بۆ هه‌ستانه‌وه‌و ئه‌و شكسته‌ نه‌خوازراوه‌ی ڕووبه‌ڕووی ئیسلامیه‌كان بوویته‌وه‌.

له‌دیدی هاوڵاتی كورد زۆر خراپ له‌سیاسه‌ت و ستراتیژو به‌رنامه‌ی حزبی گه‌یشتووه‌، تاكی كوردیش زوو ده‌گۆڕێت و ئامانجی دیوی دواوه‌ی ڕووداوه‌ سیاسیه‌كان و فێڵی هێزه‌ عه‌لمانیه‌كانی له‌پێش چاو نیه‌، ته‌نها ئه‌وه‌ ده‌بینێت كاتێك حزب هه‌ڵه‌یه‌ك ده‌كات هه‌وڵی ڕاستكردنه‌وه‌و سه‌یری ڕابردووی ناكات به‌ڵكو له‌كاتی هه‌ڵبژاردندا شه‌تع به‌ناوه‌كه‌ی ده‌هێنێت و كۆتایی به‌و حزبه‌ ده‌هێنێ، به‌ڵام له‌بنه‌ڕه‌تدا وانیه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی هێزی ئیسلامی له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕووبه‌ڕووی پاڵه‌په‌ستۆیه‌كی زۆر ترسناك بووه‌ته‌وه‌و به‌رده‌وامیش ئه‌و كارتێكردنه‌ له‌ناوه‌و ده‌ره‌وه‌ هه‌ستی پێ ده‌كرێت. گرینگه‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ هه‌رسێ لایه‌نی ئیسلامیی ببێته‌ وانه‌یه‌ك و ئه‌و هه‌ڵه‌ ستراتیژی و بێ به‌رنامه‌یه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانی هه‌بوو، ئێستا بیكاته‌ پلیكانه‌یه‌ك و به‌سه‌ریدا سه‌ربكه‌وێت و به‌وه‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ش تێپه‌ڕێنێت كه‌ زه‌مه‌ن به‌جێی هێشتووه‌.

لێره‌وه‌ پێویسته‌ زه‌نگێكی ترسناك بۆ ئیسلامیه‌كان لێ بدرێت ئاوڕێك له‌ڕابردوو بدرێته‌وه‌و ڕووه‌و هه‌ستانه‌وه‌ هه‌نگاو هه‌ڵبگرن و هه‌ستانه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌رخۆیی، چونكه‌ زۆرجار بڕیاری هه‌ستانه‌وه‌ دراوه‌ پشتی ئازارێكی زۆر ده‌چێژێت، وه‌ هه‌ستانه‌وه‌ له‌خه‌ونێكه‌وه‌ ببێته‌ ئه‌مری واقیع و هێزی پڕۆژه‌یه‌كی خۆماڵی و دوور له‌ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌ملاو ئه‌ولاو هێزی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی.

هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ی ئه‌و دیدو بۆچوونه‌ جیاوازانه‌ی ناو ڕه‌وتی ئیسلامیی و بانگخوازان و مامۆستایانی ئاینی و چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ له‌گه‌ڵ خۆی ئاشت بكاته‌وه‌و ئه‌و زه‌مه‌نه‌ تێپه‌ڕێنێت، كه‌ هیوای به‌ئامانجێكی ناڕوون هه‌بوو، به‌ڵكو گرینگه‌ پێش هه‌موو شتێك ئامانجه‌كه‌ ڕوون بێت ئه‌وكات كاری ئیسلامیی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و سه‌ركه‌وتنێكی مسۆگه‌ر ده‌چێت و پڕۆژه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ پێگه‌ی خۆی به‌هێز ده‌كات و قۆناغێكی تازه‌یی ده‌ست پێده‌كات و بناغه‌یه‌كی پته‌وی له‌سه‌ر بونیات ده‌نرێت.

نوێترین نوسینەکانی هێدی هه‌ولێری

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌