ئیرادە و ئیدارە !

وتار/ 07/10/2018 1511 جار بینراوە

عەبدولستار مەجید

ئیرادە و ئیدارە !
* عەبدولستار مەجید
ھێزی سیاسیی کە دەچێتە کێبڕکێ و بڕیاری ململانێی سیاسیی لەگەڵ ئەوانی تر دەدات، پێویستی بە دوو شتی گرنگە (ئیرادە و ئیدارە) .
ئیرادە بەر لە ئیدارەیە و زۆر گرنگە ھەم بۆ ھێزی سیاسیی ھەم بۆ سەرکردەی سیاسیی، کاتێک جەماوەرەکەت دەزانن تۆ ڕاڕای لە بڕیار و دوادەکەوی لە وەرگرتنی ھەڵوێست و دید و ستراتیژت ڕۆشن نیە، ئیدی متمانە لەدەست دەدەیت و وەک ھێزی بێ "ئیرادە" لە ساحەی سیاسیی و لای شەقامیش تەماشا دەکرێی . ئیتر کە ئیرادە نەما، دونیایەک پرۆژە و قسەت ھەبێت بۆ "ئیدارە" ھیچ سودی نیە و شەفاعەتت بۆ ناکات .
ئێستا کە ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ھەرێم کۆتاییھاتووە و ئەو ئەنجامانە لەبەردەستن کە کۆمسیۆن ڕایگەیاندووە و ھەمووانیش دەزانین پارتی و یەکێتی چۆن ئەو ژمارانەیان بەدەستھێناوە ؟! قسەی من لێرەدا لەسەر ساختەکاریی و ئەو شتانە نیە چونکە ئەوە بڕاوەتەوە کە پارتی و یەکێتی ھیچ ھەڵبژاردنێکیان بەبێ ساختەکاریی نەکردووە !
قسەی من لەسەر ھێزە سیاسییەکانی دەرەوەی ئەم دوو حزبەی دەسەڵاتە، لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لە مانگی ئایار بەڕێوەچوو، ساختەکارییەکی زۆر و گەورەکرا، ئەمە با لەولاوە بوەسێت، بەڵام ئەوەندەمان لە ڕاگەیاندنەکان وتەوە کە ساختەکاریی کراوە و دەنگی خەڵک دزراوە، بە ناڕاستەوخۆ بە خەڵکمان وت "ئێوە دەنگ بدەن و نەدەن وەک یەک وایە !" . کە بیرمان لەوە نەکردەوە ئاخر ئەم خیتابە بێھیواکەرە بە زیان بەسەر خۆمان و بە قازانج بەسەر بەرەی ساختە و فرتوفێڵدا دەشکێتەوە کە لە ھەڵبژاردنی ٣٠ ی ئەیلولدا ئەنجامەکەیمان بینی کە بەشدارییەکی زۆر کەمی خەڵک بوو لە پرۆسەکەدا !
خۆ دواجار ئەو خەڵکە توڕە و ناڕازییەی کە بایکۆتی پرۆسەکەی کرد، سەدا ھەشتای دەنگدەری ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بوون، بەڵام ئەوە ئێمەین کە ئیرادەی گێڕانەوەی دەنگە دزراوەکانی ئەوانمان نەبوو، نەشمانتوانیی ئیرادەی ڕاگرتنی باڵانسی ھێز و پێگەی خۆمان بکەین لانیکەم لەناو خەڵک .
ئێستا کە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییھاتووە (قسەم لەسەر ئەوە نیە کە پرۆسەکە ساختەکاری تێداکراوە !) بەڵام پێویستە ئیتر دەست لەو گوتارە بێھیواکەرە ھەڵبگرین و ململانێ و ھەوڵەکان بۆ ڕاستکردنەوەی پرۆسەکە و گێڕانەوەی دەنگی حەڵاڵ و سوتاندنی دەنگی حەرام بەرینە پشتی پەردەکانی کۆمسیۆن و لەو ڕێگەیەوە شەڕی دەنگی خەڵک و مانەوەی پێگەی خۆمان بکەین .
ئێمە ھێزی دەنگدەرین، پاڵپشت و ھێزی ئێمە خەڵکی ناڕازی و توڕە و دەنگدەرە بەگشتی، ئێ ئەگەر ھەموو ڕۆژێ بێینە سەر شاشە و بڵێن تەزویر کراوە و دەنگی خەڵک دزراوە، ئەوەندەی تر چاڵ بۆ خۆمان ھەڵدەکەنین و خەڵکیش بێھیوا ئەکەین .
لانیکەم پێنج ھێزی سەرەکی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، ھێزی سیاسیی عاقڵ و خاوەن ئیرادە دەزانێت چۆن ئیدارەی ململانێکانی بکات، ئەم پێنج ھێزەش نوێنەرمان لە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەیە، لەبری شەڕی سەر شاشەکان و پەخشکردنی گوتاری ڕەشبینانە و بێھیواکەر، با لە ڕێگەی کۆمسیۆن و نوێنەرەکانی خۆمانەوە شەڕی دەنگی خەڵک و نەشکاندنی ئیرادەمان بکەین .
ئەمەی بەسەر ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکاندا دێت ئەگەر دوو بەشی خەتای ساختەکاریی دەسەڵات بێت، ئەوا لانی کەمی بەشێکی خەتای خۆمانە کە خەریکە دەبینە حزبی سەرشاشە و ئەوەی ھەیە و نیە بە خەڵکی دەڵێین کە دواجار خەڵک بێھیوا دەبێت و ئێمەش بەدەستی شکاوەوە لێی دەردەچین .
لە دونیادا ھەمیشە کۆمەڵێک ھێڵ ھەیە کە ھێزی سیاسیی ئیشی لەسەردەکات و خەڵکیش نایزانێت "چونکە پەیوەندی بە ژیانی خەڵکەوە نیە و زانینی زیان بە ئیرادەی خەڵک دەگەیەنێت"، ئەمەی ئێمە لە کوردستان دەیکەین ئاشکراکردنی ھەموو دەستی خۆمانە بۆ نەیارەکانمان و ھێندەی ھێزەکانی دەسەڵاتیش بەشدارین لە دورخستنەوەی خەڵک لە بەشداری ھەڵبژاردن و بێھیواکردنیان .
کاتی خۆشی کە من زۆر ھاوارم کرد و زۆرم لەسەر نوسی کە با ھێندە خیتابی بێھیواکەر بۆ خەڵک نەدەین، با ئەوەندە پێیان نەڵێین ساختەکاریی کراوە و دەنگتان دزراوە و دوایش نەتوانین وەک پێویست بەرگریی لە دەنگی خەڵک بکەین !
بۆیە بە بڕوای من لە ھەرێمی کوردستان شکستی ھێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی، نەبوونی ئیرادەی سیاسیی و ئیدارەی ململانێکانە !

* ئەندامی ئەنجومەنی سیاسیی
کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان

نوێترین نوسینەکانی عەبدولستار مەجید

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌