حزب و كۆمپانیا

وتار/ 09/10/2016 622 جار بینراوە

هێدی هه‌ولێری

حزب و كۆمپانیا
 هێدی هه‌ولێری
 حزب وه‌ك مه‌ڵبه‌ندێكی هزریی و ڕێكخراوێكی سیاسی و كاراكردنی تاك بۆ هۆشیاری و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی له‌چوارچێوه‌ی بازنه‌یه‌كدا كار ده‌كه‌ن و‌ له‌ مێژووی كوردایه‌تیشدا ناوزه‌د كراوه‌ و كار بۆ دروستبوونی ڕێكخراوی سیاسیی كراوه و تا ئاستێك كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی‌ سوودى لێ بینیووه‌ و فه‌راغێكی پڕكردۆته‌وه‌ ، وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ ڕۆژئاواییه‌كانیش به‌شێوه‌یه‌كی گرینگ بایه‌خ به‌ حزبی سیاسیی ده‌ده‌ن و ئازادییان بۆ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ بورییان ڕه‌خساندووه‌ ، كه‌چی ئیستا له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت ڕێكخراوێكی سیاسیی دابمه‌زرێنێت ده‌بێت كۆمپانیایه‌كی هه‌بێت و ده‌ستی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌ت و نزیك حكومه‌ت تێكه‌ڵ كردبێت ئینجا كاره‌كانی بۆ ڕایی ده‌كرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت بچێته‌ ڕێكخراوێكی سیاسیی، ده‌بێت خاوه‌نی كۆمپانیایه‌ك بێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی له‌سیاسه‌تدا خه‌وتووه‌ و نه‌زانه‌ به‌پره‌نسپی حزبی و كاری ڕێكخراوه‌یی و له‌چوارچێوه‌یه‌كی ته‌سكدا ده‌خولێته‌وه و به‌ئاسانی ناتوانێت لێی ده‌رباز بێت‌. حزب...... له‌هه‌رێمی كوردستاندا ديوێكی ناشیرین و به‌مۆدێلێكی ستالینی و سه‌ددامیی و به‌ناو مۆدێڕندا كاری خۆی ده‌كات و چه‌ند ڕووێكی دی هه‌یه‌ به‌ ئه‌زمونێكی نادیارو ئاڵوده‌بوونی به‌ كۆمه‌ڵێك مادده‌ی هۆشبه‌ری گه‌نده‌ڵی ترسناك و جۆراوجۆرو شێوازی كه‌سی نامۆ گیرۆده ‌بووه‌ و قه‌یران ده‌خولقێنێ و بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانێكی دیكه‌ له‌ژانی قه‌یرانی گه‌وره‌تر له‌دایك ده‌بێت. له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ و به‌رچاو ده‌بینرێت له‌وڵاتێكی دواكه‌وتوویی وه‌ك مۆزه‌مبیق و تۆرابۆراو ئه‌فریقیا و...... هتر ڕووی نه‌داوه‌و كۆمه‌ڵێك بازرگانی دڵ پڕ له‌ قین له‌ میلله‌ته‌كه‌ی خۆیاندا بوونه‌ته‌ ده‌مڕاستی گه‌لێكی چه‌وساوه‌ی خێر له‌ خۆ نه‌دیوو. هه‌رێمێك...هیچ جیاوازییه‌ك نابینرێت له‌به‌ڕێوه‌چوونی دام و ده‌زگا حزبیی و حكومی و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كان و، به‌ڵكو ئه‌وه‌نده‌ی خزمه‌تی حزب به‌پێوه‌ری دارایی و مومته‌له‌كانی حكومه‌ته‌وه‌ به‌خێو ده‌كرێت و له‌په‌نای كۆمه‌ڵێك كۆمپانیای زلهێزه‌وه‌ كاری مافیایی ده‌كه‌ن و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ حكومه‌ت داڕماوه‌ و بارگرانی خراوه‌ته‌ سه‌ر شان، ئه‌وه‌ش قه‌یرانی هزریی و نا به‌رپرسانی ده‌سه‌ڵاتداران و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و میكانیزمانه‌ی بۆ چاره‌سه‌ر سه‌ختتر كردووه‌. سیاسیه‌كان.....وه‌ك ڕكابه‌ری یه‌كتر به‌ردوام له‌ كێبڕكێدان بۆ كاری بارزگانی به‌ نه‌وت و ئاوو سامانی سروشتی وڵات و خزمه‌تكردن به‌به‌رنامه‌یه‌كی نایاسایی و هه‌وڵدان بۆ تێكدانی وزه‌ی ئابوریی وڵات و خاپوركردنی ژێرخان و سه‌رخانی ده‌وڵه‌ت. ئه‌گه‌ر بپرسین ئه‌ی به‌رپرسانی وڵات و خانه‌خوێیانی دوێنێی شاخ و مۆدێڕنیزمه‌كانی ئه‌مڕۆی شار..... بۆچی ناتوانن ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ ئه‌و قه‌یران و حه‌یرانه‌ی هه‌رێمی كوردستان نادۆزنه‌وه‌ و خۆتان له‌گوێی گادا خه‌توون و میلله‌تیش بووه‌ته‌ دارده‌ستی وڵاتانی زلهێز؟ به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگای لێ بێت چ ئاینده‌یه‌كی له‌به‌رده‌مدایه‌و ڕووبه‌ڕووی چ مه‌رگه‌سانێكی دیكه‌ ده‌بێته‌وه‌؟ به‌ڵام ئه‌و بۆچوونه‌ی به‌ردوام حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتداران وه‌ك بیانوو باسی ده‌كه‌ن و دوورنیه‌ ماوه‌یه‌كی دیكه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ئاشتی هه‌ورامی هاتنی یه‌ئجوج و مه‌ئجوج بكه‌ن به‌ هه‌واڵ بۆ هاوڵاتیانی هه‌رێم و په‌رده‌پۆشكردنی گه‌نده‌ڵی و سه‌راوژێركردنی نه‌وت و سامان و له‌یادچوونه‌وه‌ی له‌ زهنی خه‌ڵكدا بێته‌ ئاراوه‌. ئێستا حكومه‌تێك كه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌نێوان دوو كه‌س و سێی كه‌سدا به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن و ده‌سته‌و یه‌خه‌ له‌یه‌كتر ده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ی بزانن كامیان زۆرتر سامانی وڵاتی بۆ لای خۆی قۆڕخكردووه‌ وه‌ك خه‌زێنه‌یه‌كی دۆزراوه‌ سه‌یری داهاتی میلله‌ت ده‌كرێت. وڵاتی ئێمه‌ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو ڕووداوێكدا هه‌وڵی زیاتری كۆنتڕۆلكردنی ئه‌وانی دی بده‌ن ، بۆئه‌وه‌ی قه‌یرانی دی سه‌رهه‌ڵنه‌داته‌وه‌، كه‌چی بوونه‌ته‌ ئه‌ندازیاری قه‌یران و كاره‌سات و لۆبی جۆراوجۆری نا نیشتمانی له‌وڵاتان و پشتێنه‌یه‌كی ئابووری و قه‌به‌ بۆ ده‌سته‌بژێرێكی ناو كۆمه‌ڵگه‌ و نزیك له‌ سوڵتان و بازرگانێكی دزو ناپاك. ئه‌گه‌ر حزب ئامرازێك بێت بۆ به‌شداریی حكومه‌ت و پڕۆسه‌ی سیاسیی و خزمه‌تكردنی خه‌ڵك، ئه‌وا حكومه‌تیش له‌ حكومه‌ت زیاتر وه‌ك وه‌چه‌رخانێكی به‌هێز بۆ كاراكردنی سیسته‌می ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك و ده‌ربازبوون له‌و دێوه‌زمه‌یه‌ی به‌رده‌وام ده‌سه‌ڵاتدارێتی هه‌ر ناوچه‌ و هه‌رێم و ده‌وڵه‌تێك ده‌یكه‌ن‌ به‌بیانوو بۆ هه‌واداران و میلله‌ت به‌گشتی. ده‌كرێت بڵێین ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌ وه‌ك كۆمپانیایه‌كی حزب له‌حكومه‌تدا ده‌ڕوانن و مامه‌ڵه‌ی كاریی نایاسایی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن. به‌دیدێكی دیكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و جۆره‌ گفتوگۆیه‌ بگوازینه‌وه‌ ناو كایه‌ جۆراوجۆره‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێمی كوردستاندا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆك ده‌بین كۆمپانیا حزبییه‌كان بوونه‌ته‌ بارگرانی بۆ سه‌ر ژیانی سیاسیی و خه‌ڵك به‌گشتی وه‌ك كۆیلایه‌تی ده‌ستاوده‌ست به‌ گه‌ل و داهاتی وڵات ده‌كه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی میلله‌ت بزانێت، وه‌ك ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ڕابردوو كاتێك له‌ڕۆژدا به‌ ئازادی گه‌ل ده‌ژیا ، كه‌چی له‌ شه‌ودا به‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات ده‌فرۆشراو كاتێك ڕۆژیش ده‌هاته‌وه‌ فرۆشرابوو ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌نده‌ ده‌ستاوده‌ستی ده‌ڵاله‌كانی پێكرابوو نه‌یده‌زانی خاوه‌نه‌كه‌یركێیه‌؟ بۆیه‌ تێڕوانینی جیاواز بۆ حزب و دروستكردنی كۆمپانیا و به‌خێوكردنی ده‌سته‌یه‌كی سیاسیی بژارده‌ له‌سه‌ر پشتی داهاتی خه‌ڵك ئه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستانه‌ و هه‌موومان ده‌بێت بڵێین به‌خێر بێن بۆ كۆمپانیای حزبی بۆ بارزگانی تایبه‌تی. به‌ڵێ......ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ كۆمپانیایه‌كی تۆمه‌تباره‌ به‌ گه‌نده‌ڵی وڵات به‌ڕێوه‌ ده‌بات و نه‌وت ده‌رده‌هێنێت و ده‌یدات به‌ وڵاتان و حزبیش بازاڕی فرۆشتنی بۆ گه‌رم ده‌كات. كۆمپانیای جۆراوجۆر له‌ هه‌رێمی كوردستاندا له‌ هه‌وڵی مامه‌ڵه‌ی نا ته‌ندروست و ده‌ستخستنی پڕۆژه‌ی ناشه‌فافدان و بوونه‌ته‌ ده‌ڵاڵێكی گه‌نده‌ڵ له‌بازاڕی ساغبوونه‌وه‌ی كاڵاكانداو حزبیش سه‌رپه‌رشتی ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حزب پێكهێنه‌ری كۆمپانیایه‌ و ئاڕاسته‌ی كاركردنی لاڕێ و لابه‌لا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌ كه‌سی و تاك حزبی ده‌شكێته‌وه‌. بۆیه‌ لای ئه‌و جۆره‌ بارزگانه‌ سیاسیی و حزبیانه‌ گرینگ نیه‌ به‌ڵكو وه‌ك كاری بازرگانی جۆری كاڵاكه‌ و فرۆشتنه‌وه‌ی به‌نرخێكی خه‌یاڵی گرینگتره‌ و هیچ هه‌ستێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیش نابێته‌ ویژدان هه‌ژێنه‌ر.

نوێترین نوسینەکانی هێدی هه‌ولێری

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌