هەڵەبجە لە ئاراستەی بە پارێزگابوونی بە چیی گەیشتووە؟

وتار/ 05/08/2018 710 جار بینراوە

یاسین نادر ڕه‌حمان

هەڵەبجە لە ئاراستەی بە پارێزگابوونی بە چیی گەیشتووە؟
یاسین نادر ڕەحمان                         
    تا ئەم ساتەی كە من وتارە دەنووسم نازانم ناوی ئەم شارە پارێزگا لێ بنێم یان هەر بەناوەكەی جارانی قەزاو شار بە گووندو شاروچكەو ناحیەكانی لە سەرنجدانی نووسینەكەمدا ئاماژەی پێبكەم، گەر لە ووڵاتان سیستەمی ویلایەت و Provincefبۆ ئەم جیاكاریەی شوێنێك لە شوێنەكانیتر كرابێت و ئەوا هەندێك پێوەر و بنەماش لە كوردستاندا بۆ ئەم جۆرە جیاكاریەی ناوچەیەك لەناوچەكانیتر كراوەو بەپێی دۆخە ئابووریی وسیاسیی و ئیقلیمی و ڕەمزبوونی ئەو ناوچە لە ناوچەكانیتر جیا كراوەتەوە، گەرچی هەر یەك لەم ناوچانە لە سیستەمی ئیداریی وڵاتان و هەرێمەكان ڕەنگە لە قۆناغگەلێك لەمێژووی ئەو هەرێمەو وڵاتە لە پێوەری بچووكتری وەك شارو شاروچكەو شارەدێدا ڕەنگە بووبن، بەڵام مێژووی شارستانیەت و پێشكەوتنی هەر ناوچەیەك و دۆخی خوازراوی ناوچەكە و ڕادەی پێویستی و پارسەنگی و هۆكارگەلی تر وای لێدەكات هەمدیس ئەو ناوچە لە ناوچەكانیتر جیا ببێتەوە، ئیتر لە سەرنجدانی ویلایەت و پێوەری بچووكتری ئەو شار و قەزا دەربچین كە جیاواز لە هەلومەرجی پارێزگایە دەبینین، لە مێژووی هەر وڵاتێكی دنیادا بەتایبەت عێراقی فیدراڵدا پارێزگا ڕۆڵێكی تایبەت و دابەشبوونێكی سیاسیانەی تایبەت بەخۆی هەیەو هەیبووە، بە كورتی لە ڕوویی دەسەڵاتی سیاسییەوە پارێزگا، پارێزگارێكی هەڵبژێردراوی بۆ دادەنرێت كە بەرپرسی بەجێهێنانی یاساكانی لە سنووری پارێزگاكەی هەیەو بۆ ناوچە بچووكەكانی ژێر دەستی خۆی بە هۆی بوونی قایمقام و بەڕێوبەرایەتی بچووكتر و پەیوەست بە قایمقامیەتەوە چاودێری بەسەر كاروبارە ئیداری وسیاسی و ئابووریەكان و....ناوچەكە دەكات، هەرچەندە خوودی پارێزگاش پەیوەست بە وەزارەتەكانەو دەسەڵاتە وەرگیراوەكان لەوانەوە بۆ سنووری پارێزگاكەی خۆی بەپێی سروشتی ناوچەكان و شارۆچكەو شارەدێكان  شۆڕ دەكاتەوە و هەوڵ لە جێبەجێكردنیاندا دەدات،         گەرئەمانەش پێناسەیەكی بچووك و گشتی لە ئەدای ناوچەیی سنووری وسیاسیی پارێزگایەك بێت ئەوا وڵاتی عێراقیش لەئێستادا بە هەڵەبجەشەوە خاوەن هەژدە پارێزگایە كەپێنج لەو پارێزگایانەی عێراق  پارێزگا كوردیەكانن و سەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستانن، ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكانی هەرێم جگە لە پارێزگای هەڵەبجە لە هەندێكیان سەروو یەك ملێون نەفەر تیایدا دەژین وەكوو (كەركووك و دهۆك) و هەندێكی تر لەوانیش تا نزیكەی 4ملیۆن نەفەر دەبنەوە وەك (هەولێر وسلێمانی) هەرچی هەڵەبجە و سنوورەكەشیەتی ژمارەی دانیشتوانی نزیكەی123هەزار نەفەر دەبێت و ناوەندی پارێزگاكەش 14هەزار خێزان تیایدا نیشتەجێیە كە 70هەزار نەفەر پێكدێنن و خاوەن تایبەتمەندی تایبەت بەخۆیەتی و هەر تایبەتمەندبوونەش لەودا وایی كردووە لە پاش بوونی بە پارێزگا لێكدانەوەی جیاواز هەڵبگرێت، گەر وردتر لەم پارێزگایە بڕوانین دەبینین ئەم پارێزگایە لە 13/3/2014بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتی نیچیرڤان بەرزانی لەبەر تایبەتمەندی تایبەتی ئەم شارە وەك شاری شەهیدان، بڕیاری بە پارێزگابوونەكەی بەهۆی شارێكی ڕەمزی و نموونەی و زۆرترین زیانلێكەوتەیی سیاسی لە سەردەمی بەعس و پاش بەعس بۆ دەركرا و لە 16/3/2014ی هەمان ساڵیش مەرسوومی سەرۆكایەتی بۆ بوونی بەپارێزگایەكی یاسایی و قانوونی بۆ دەرچوو، پاش هەموو ئەمانەش لە 1/6/2015 فەرمانی دەستبەكاربوونی پارێزگار و دوو جێگرەكەی بۆ دەرچوو و لە 11/6/ 2015 دەست بەكاربوون، هەرچەندە جێی وەبیرهێنانەوەیە كە پەرلەمانی كوردستان لە 5/ 2/ 2015بڕیاری دەركردنی یاسای ئیداریی پارێزگای هەڵەبجەی دەركرد و دواتر پاش تاوتوێكردنی لە 16/3/ 2015دا لە هەڵەبجە ئەم یاسایەی بۆ بەرژەوەندی كاروبارە یاسایی و ئیداریەكانی هەڵەبجە بە واژووی سەرۆكی پەرلەمان و تاوتێكردنی پەرلەمانتارەكان پەسەند كرد، كە ئەم یاسایە لە 12مادەی سەرەكی پێكهاتبوو و زۆر هەلومەرجی شیاوی ئیداری و بودجەیی و بواری پەرەپێدان و گەشەپێدانی بۆ هەڵەبجەو هەڵەبجەییەكان بەدیهێناو هاوڵاتیان و سەرجەم چین و توێژەكانی لەمبارەیەوە خۆشحاڵ كرد.
    ئەمانە بەركوڵێكی یاسایی و ئیداریی لەبارەی پارێزگای بەڕەمزكراوی هەڵەبجە بوو بەڵام ئایا تاچەندە ئەم مەرسووم ویاساو بەڕەمزكردنی ئەم شارە، هەڵەبجەی تایبەتتر لە شارەكان و پارێزگاكانی تری ناوچەكە كرد، دۆخی ئێستاكەی ئەم شارە لەم ڕووە ئاماژەپێكراوانە قسەگەلێكی تری بۆ گووتن لەمبارەیەوە دەكات، چوونكە پاش كۆتا هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەهۆی دواكەوتنی هەندێك كاروباری ئیداری و حكوومی نەتوانرا لەوكاتەدا وەك پارێزگایەك نوێنەری تایبەت بەخۆی هەبێت بەڵكوو لە چوارچێوەی قەزاییدا مامەڵەی لەگەڵدا كرا و چەند نوێنەرێكی لە ئەنجوومەنی سەر بە پارێزگای سلێمانی توانییان مافی ئەندامێتی ئەنجوومەن لە چوارچێوەی پارێزگای سلێمانیدا بەدەست بهێنن.
     لە ئێستاشدا با بە ڕاشكاوانە بیڵێم، ئەگەرەكانی ئەوەش زۆرە لە هەڵبژاردنەكانیی ئەمجارەی كوردستاندا وەك زۆر كاروباری تری ئیداری و سیاسیی ناوچەكە، ڕەنگە هەڵەبجە وەك پارێزگایەكی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا نەكرێت و هەروەكو ئەوەی كە بینیمان لە هەڵبژاردنەكانیی ئەمدوایەی عێراقدا ڕوویدا، هەڵەبجە هەروەكوو شارێكی ئاسایی جاران مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.
   ئەوەی جێی تێبینیشە ئەم شارە پاش هەڵبژاردنی خوولی پێشووی هەڵبژاردنەكانیی كوردستان بڕیاری ئەنجوومەنی كاتیی بۆ درا، چوونكە پاش پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان بڕیارەكە هەروەك گووتم جێبەجێكرا و تا ئێستاكەشی بە دواوە بێت پارێزگایەكی بە وەكالەت بە هۆی ناكۆكیی سیاسییەوە بە هۆی ڕێك نەكەوتنی لایەنەكان لە سەر دابەشكردنی پۆستەكان دەبینین.
    هەر وەك گووتم ئەگەر ئەمانەی سەرەوە بەركوڵێكی ئیداریانەو سیاسیانە بێت و ئێستاكەو لەماوەی  ئەم سێ چوار ساڵەدا حكوومەتی هەرێم گەر دەیەوێت لە چوارچێوەی پارێزگایەكدا خزمەتی ئەم شارە بكات، بۆ هێشتاكە ئاسەواری ئەم ئاڵوگۆڕیانە نابینین، خەڵكی ئەم پارێزگایە هەلهەلەی خۆشی و شادییان بۆ بوونی شارەكەیان بە پارێزگا، بۆ ئەوە لێدا چیتر پارێزگابوون ببێتە هۆیەك بۆ خزمەتی زیاتری خەڵكی دەڤەرەكە نەك شتی تر و ئەم دۆخە بێ خزمەتییەو ناسەقامەی ئێستایی ئەمشارە.
   حیزبەكان بەهەموویانەوە گەر دەیانەوێت بەپەیامێكی ڕێكخراوانە ئەم شارە پێشبخەن بۆ واز لە تەماح و تمۆحكاری لەبەرژەوەندییەكانی تایبەت بەخۆیان لە مەر دەسەڵاتدارێتی شارەكە ناهێنن و هیچ نەبێت ئاشتەوایی حیزبی و دەسەلاتدارێتی با لەمشارەدا گەر كرا لە هەڵبژاردنەكانیی داهاتوودا بەرقەرار بێت و خەڵك بزانێت لەپێناو ئەوان و لەبەر بەرژەوەندیی ئەوان كاردەكەن.
   هەموو تۆڕ و ڕێكخراوەكان كە خۆیان بەناوی ( لێدەر و نالێدەر و هەڵوێست و بێ هەڵوێست و شەقام و غەیرەشەقام و ڕازی و ناڕازی و خزمەتگووزار و ناخزمەتگوزار و بەكورتی حیزبی و ناحیزبیەكان) دەناسێنن و ئەم هەموو چالاكیانەیان گەر لە خزمەتكردنی شاردا هەستدەكەن بێ ئەنجامە!! بۆچی دەنگیان كپ ناكەن، ئەم شارە ڕەنگە خەڵك ئاوات بە نەبوونی حیزب و هەندێك ڕێكخراوی چیتر بخوازێت، چوونكە دواجار دەبینین وا شار 250 پڕۆژەی خزمەتگوزاری وەستاوەو بە هەزاران گەنجی دەرچووی بەبێ دامەزراندن و بەتاڵ ماوەتەوەو سنوورە ئابووری هێنەرەكانی ڕۆژێك بە بڕیاری بەغدا بە بیانووی یەكپارچەیی  پاش ڕیفراندۆم و ڕۆژێك بە بەبڕیاری حكومیی و ڕۆژێك بە بڕیاری حیزبیی و شتانیتر داخراون و كێڵگە نەوتییە دۆزراوەكانی بێ بەرهەم و بێكار و بێخاوەن لە كار كەوتوون و بەجۆرێك لەكار خراون و دانیشتوانی گووندەكان دۆخی ژیان سەختی و خراپیان ئەوانی دیسانەوە پەلكێشی شار كردووەتەوەو بەرهەمی جووتیارانی بێ پارەو بەدەستهات بەسەر دەستی جووتیارانیدا ماوەتەوەو ڕۆژبەڕۆژیش بەڵێنی حیزبی و نائیداریانەی بەرپرسان لە سەردانیكردنی شارەكەش، ئەوە دەردەخەن هەڵەبجە پارێزگایەكی جیاوازەو  بێ خزمەتی و ناڕوونی لە ئیدارەدانی سیاسی و خزمەتنەكردنی ئەم جیاوازیەی پیشانی هەموو كەسێك داوەو ڕەنگە لە داهاتووشدا ئاواتی ئەوە لای هەموو تاك و هاوڵاتییەك بخوازرێت، ئەم پارێزگایە لە دەستپێكی بونیادیدا گەر دەزانرا ئاقاری بە ئاوا ئاكامێك دەگات و بەربەستی ئیداری و سیاسیی و ئابووریی تەنگی پێ هەڵدەچنێت، خۆزگا ناوی گەورە نەكرایەو هەر وەك جارانی بمایاتەوەوە، خەڵك نە چاوی لە حیزب و كووبونەوە حیزبیەكان و ڕێكخراوە ناڕێكخراوەكانی نەبوایا كە هەر ڕۆژە پەیامێكی ناشەریفانەو كەموكورتانە لە دەرد و مەینەتییەكان بەخەڵكی شارەكە بدەن.
   ئەوەی جێی سەرنجیشە سەردانكردنی ئەم چەند ڕۆژەی وەفدێكی هەڵەبجە لە ئاستێكی باڵا بۆ خزمەتگوازریەكانی ئەمشارە كە لە ژێر سێبەری هەژموونی دەوڵەتی فیدڕاڵدا هەڵەبجە خەمەكانی بڕەوێنرێتەوە و خزمەتگوازاری پێشكەش بكرێت، ئەوە پیشاندەدات كە چیدی هەڵەبجە بەهەموو پێوەرێك لە خزمەتگوازرییەكانی بە پارێزگابوونی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە وەختە بێبەش و ئیهمال بە یەكجاری دەكرێت و ئەگەرەكان بۆ ئەوە دەچن گەر لە دەسەڵاتدارێتی هەرێمدا ئەم شارە وەك پارێزگا مامەڵەی لەگەڵدا لە زۆر سێكتەری خزمەتگوزاری و خوشگوزەرانیدا بۆ نەكەن، ئەوە دەسەڵاتدارانی بەغدا بە بێ گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم، ئەمشارە وەك پارێزگایەكی جیاواز و ستەملێكراو خزمەت بكەن و ڕووی ناشەریفانە خزمەتكردنەكان كە بەپێی پێویست لە ئاستی خەڵك و ڕۆڵەو شەهیدانی شارەكەدا نەبوون، ئەوان بەڕێگای تر بە پڕۆژەی چاكتر و كردنەوەی دەزگا و دائیراتە فیدڕاڵیەكانیان بۆ خەڵكی ئەم شارە قەرەبوو بكەنەوە. 
    لە ڕابردووشدا لە نووسینەكانمدا ئەوەم گووتوە، نە بەسەردانكردنی بەرپرسانیی حكوومەتی هەرێم و هەندێك لە وەزیرەكانی، كێشەكانی ئەم پارێزگایە بەرەو چارەسەربوون دەڕوات، نە ئەوە كە حیزبەكان و دەسەڵاتدارەكان و خەمخۆرانی ئەم شارە بەهۆی دەستێوەردانە سیاسییە جۆراوجۆرەكان پاش هەڵبژاردنی مانگی 9ی2018ی ئەمجارەش هەڵەبجە ئاوا بڕوات دەكەنەوە بە پارێزگایەكی نموونەیی هاوشێوەی حەڤدە پارێزگاكەی تری عێراق.            
تێبینی: ئامارەكان لە سایت و كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە وەرگیراوە....

نوێترین نوسینەکانی یاسین نادر ڕه‌حمان

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌