‌" ئایا مــۆمــەکە دەکـوژێــــتەوە؟؟"

وتار/ 28/07/2018 1557 جار بینراوە

جیهاد جۆڵا

‌" ئایا مــۆمــەکە دەکـوژێــــتەوە؟؟"

جیهاد جۆڵا
گۆڕان وەچەرخانێکی سیاسی و جەماوەری جۆری سەردەمیانەبوو کەلەسەرەتای سەرهەڵدانیدا وەکو بزاوتێکی پڕ گڕوتین هاتەناو کایەی سیاسی و بووە ئۆپۆزسیۆنێکی نیشتیمانی کە کۆمەڵانێ خەڵکی کوردستان ئومێدێکی مەزنیان لەسەرهەڵچنی بەئامانجی برەودان بەدیموکراسی مۆدێرن و کردنەوەی دەرگای ئازادی ڕادەربڕین و شانکاندنی بێدەنگی بەرامبەر نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئیداری کە لەلایەن دەسەڵاتەوە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان پەیڕەوئەکرا.
نەوشیروان مستەفا چەترو سێبەری ئەم بزتنەوەیە کە کۆکەرەوەی تەل و دەزووە باریک و بەهێزەکانی ناو گۆڕان بوو، ئاوازی یەکڕیزی  لێدەرئەکردن و لەشانۆی سەرشەقاما هەمووان بەیەکەوە بەوئاوازی یەکڕیزیەو لەپێناو چاکەی گشتیدا سەمایان ئەکرد، ئێستا لە نەبوونی نەوشیروان مستەفا دا تەلەبەهێزەکان و دەزوەباریکەکان هەریەکەیان بەتەنها ئەیەوێت ئاوازی سەردەمانی نەوشیروان مستەفا بژەنن و سەمای سەرشەقام ببینن، بێ ئەوەی تەنانەت بۆ ئەمە بگەڕێنەوە سەر نۆتەکانی ڕابەرو مامۆستاکەیان و، بەبێ ئاوازدانەر و ڕێخەرێکی  بەتوانا ئاوازێکی نەشازی وەک و ئێستای گۆڕانی لێدەر ئەچووە، کەنەک شەقام ناهێنێتە سەما بەڵکو ڕێبوارانی ڕێگەش کاس ئەکات و بێ ئومێدی و پەرتەوازی پەخش ئەکات لەجێگەی ئومێدی گۆڕانکاری.
ئەوڕۆژە گۆڕان و ڕووناکی مۆمەکە بەرەوکزی چوو کە لە بری گڕوتینی تازەو نوێ گەڕایەوە بۆ ڕابردووی شاخ و خاڵە جیاوازەکانی لەگەڵ هێزەکانی پێشوی کوردستان کەمکردەو، پشتی لە شەقام کردو ڕووی لە گەنج وەرگێڕا، ئەمەش گۆڕانی لە هێزی شەقام و گەنجەوە کرد بەهێزی ژوورەکان و گردەکان،  لەدروشمی هێزی گەنج و خوێنی تازەاە بۆ ژیان و مانەوەیان دەستیان بەگۆڕەکەی کاک نەوشیروانەوە گرتووە و هەندێک بۆ مانەوەیان دەستبەرداری بوون بەجۆرێک توانای بەرگریکردنیان لەخۆیان و ڕێژەی دەنگەکانیان لەناو جەماوەرو بەرامبەر تەزویرچیەکان نەماوە و دروشم و بانگەش لەپڕۆژەوە بەرەوئاهەنگ و ئێوارە ئاهەنگ گۆڕیوە، یادو ساڵڕۆژی گۆڕان لە پەیمان نوێکردنەوەی ڕووحیەوە بۆبە ئاهەنگێکی کریسمس، لەم قۆناغی پەرتەوازەی و ململانێیەی کە وەکو ڕاکەڕاکی شێرو ئاسکەو تێیدا جووت جووت و تاک تاک بەرپائەبێ و ڕوونییە ئاخۆ ئاسکە گەنجەکە شێرەکە ئەپسێنێ یاخود پیرەشێر ئاسکەکە ڕاوئەکات، لەم کێبڕکێی ئاسک و شێرەدا لەبیرکراوە ئەوان بۆ جوانکردنی ئەم وڵاتی جەنگەڵستانەن شێر بۆ پاراستنی و  ئاسکیش بۆ جوانترکردنی نەک بۆ ڕاوی یەکتری، بەم شێوازەی هەیە ئەو سەرمایە مرۆیەی ڕێخەری پێشوو لەپەنای خەباتی سیاسی و ڕێکخراوەی چەندان ساڵەی خۆی بەدەستی هێنابوو بێ باکانە و بەسانایی گورگان خواردووئەکرێ و ئەزمونی چەندساڵەی خەباتی مەدەنی لەسەر سینی ئاڵتونی پێشکێشی دەسڵات و نەیارانی دەکرێت.
بەم حاڵەوە یادو ساڵیادکرنەوەی گۆڕان یادی بزوتنەوەی گۆڕان نییە، چونکە ئەم گۆڕانەی ئێستا ئەو گۆڕانەی ۲۰۰۹نیە، خاڵیە لە ئامانج و ئاکارەکان ئەوکات و ئەوەندەی شێر خەمی مانەوەی خۆیەتی وەک پاشای دارستان و ئاسکیش خەمی جوانیەکەی خۆی ئەوەندە خەمی جەنگەڵ و ژیانی ناوجەنگەڵیان نیە، سەڕای ئەوە ناپڕژێنە سەر یادکردنوەی ئەوەی لەپێناویدا دەمەزرا لە ڕۆژێکیشدا  لەم دۆخەدا وەهایادێک وەکو ئەو مسوڵمانانە وایە کە لە کریسمسا جەژن و ئاهەنگ ئەگێڕن!
ئەگەر ئەو شێوازەی کارکردنەی گۆڕان ڕێچکەی لەسەری گرتووە بەردەوامبێت تیشکی مۆمەکە تا خولێکی تری پەرلەمانی کوردستان توانی ڕۆشنکردنی ژوورەتاریکەکانی گردەکەشی نابێت و شنەبای بەیاننامەو ململانێی نێوخۆێ ڕووناکی مۆمەکە بەتەواوی خامۆش دەکات.









نوێترین نوسینەکانی جیهاد جۆڵا

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌