لەبارەی لێبوردنی گشتی و پڕۆژە پێشكەش كراوەكان بە پەڕلەمان

وتار/ 12/07/2018 1440 جار بینراوە

دانا دارا

لەبارەی لێبوردنی گشتی و پڕۆژە پێشكەش كراوەكان بە پەڕلەمان
دانا دارا حسین
ڕاوێژكاری پەڕلەمانی كوردستان

زانراوە كە لێبوردنی گشتی هۆكارێكە بۆ كۆتایی هێنانی بڕیاری دادگا لەسەرجەم تاوانە ناسراوەكان بە (الجرائم الاصلیە او التبعیە او التكمیلیە ) , واتا تاوانەكە دەسڕێتەوە و كۆتایی پێ‌ دەهێنێت,هەروەها بڕیاری ئیدانە و هەموو ڕێكارەكانی سكاڵا كردن و لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی بەڵگە و لێكۆڵینەوەی سەرەتایی هەتا دادگایی كردن و وەرگرتنی پلەی كۆتایی بڕیارەكە دەگرێتەوە .
لێبوردنی گشتی لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانانەوە دەردەچێت , بەڵام ناساندنی بە گشتی مانای ئەوە نییە كە سەرجەم تاوانەكان دەگرێتەوە بەبێ‌ هەڵاواردن (استپنا‌و) بەڵكو وەك لە كۆی یاساكانی لێبوردنی گشتی دا هاتوە هەڵاواردن بۆ كۆمەڵێك تاوان دەكرێت .
كەواتە دەتوانین بڵیین كە لێبوردنی گشتی بریتیە لە ( وەستاندنی تەواوی ڕێكارە یاساییەكان دژی تاوانبار یان تۆمەتباران بە پێی یاسایەك كە لەلایەنی پەیوەندیدارەوە دەردەچێت , كە تەنها تاوانەكە لا دەبات یان سوكی دەكات بەبێ‌ دەستكاری مافە كەسیەكان و داواكاری بە قەرەبوكردنەوە )
واتا لێبوردنی گشتی مافە كەسیەكان و داخوازی بەو مافانە ناگرێتەوە كە قەرەبوی زیانەكانیان لە دادگای تایبەتمەند بكەنەوە .
ئاشكراشە كە لێبوردنی گشتی تاوانەكە دەسڕێتەوە بە پێی ماددەكانی 150 و 154 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969 ی هەمواركراو و سەرجەم دۆسیەكان لە لێكۆڵینەوەش دا بە پێی ماددەی 305 لە یاسای ( بنەماكانی دادگایی سزایی ژمارە 23 ی ساڵی 1971ی هەمواركراو ) , بەڵام لێبوردنە گشتیەكە سنوردارە وەك لە پڕۆژە یاساكاندا دیارە و پەیڕەوی سیستەمی هەڵاواردنی كۆمەڵێك تاوان دەكرێت .
لەم نوسینەدا لەچەند ڕویەكەوە خوێندنەوەیەك بۆ پرسەكە و ئەو پڕۆژە یاسایانەی پێشكەش كراون دەكەم :
•     مێژووی یاسا و پرۆژەكانی لێبوردنی گشتی لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا
لەڕابردودا بە دیاری كراوی لەو كاتەوەی كە هەرێمی كوردستان خاوەنی دامەزراوەی یاسادانانی خۆیەتی دووجار لێبوردنی گشتی دەرچوە كە ئەوانیش بەم شێوەیە بوون :
1-     یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2007 لە بەرواری 10/4/2007
2-     یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2012 لە بەرواری 4/6/2012
3-     وەلە عێڕاقیش بەیاسای ژمارە 19ی ساڵی 2008 و دواهەمینیشیان بە یاسای ژمارە 27ی ساڵی 2016 لە ئەنجومەنی نوێنەران دەرچوە .
4-     لە خولی چوارەمی پەڕلەمانی كوردستاندا 3 پڕۆژە پێشكەش كراون بۆ لێبوردنی گشتی لەلایەن ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەڕلەمانەوە و خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ كراوە كە ئەوانیش بریتی بون لە :
-      پڕۆژەی یەكەم بە ژمارە 17 لە 22/9/2014
-      پڕۆژەی دووەم بە ژمارە 24 لە 18/9/2014
-      پڕۆژەی سێیەم بە ژمارە (-) لە 6/11/2017
•     پاڵنەرەكانی دەركردنی لێبوردنی گشتی لە ئێستای هەرێمی كوردستان
ئەو دەسەڵاتەی كە سزا دەسەپێنێت بەسەر تاوانكاردا ناتوانێت هەر خۆشی لێبوردن لە تاوان بكات , بۆیە ئەم ئەركە بۆ پەڕلەمانی كوردستان دانراوە بەڵام بەڕەچاوی ئەوەی نابێت كە دەخالەت لە دەسەڵات و تایبەتمەندی ئەم دەسەڵاتە بكات و فەلسەفەی سزادان لە ماناكەی خۆی خاڵی بكاتەوە كە بریتیە لە سزادانی تاوانبار و تەمێ‌ كردنی ئەوانی دیكە .
بۆیە دەتوانیین بڵیین كە پڕۆژەكانی ئەم خولە لە پەڕلەمان بەم پاساوانە پێشكەش كراون :
1-     كۆمەڵێك حوكم دراو لە ئەنجامی هەڵەی دادوەریەوە سزا دراون كە پێویست دەكات دەرفەتی دیكەیان پێ‌ بدرێت , وەك دەشزانین كە ماوەیەكی زۆرە بەند كراون .
2-     پێدانی دەرفەتی ئازادبون بە كۆمەڵێك حوكم دراو كە ڕاپۆڕتی ئیدارەی چاكسازیەكە و بریكاری داواكاری گشتی دەیسەلمێنێت كە (سیرە و سلوك )یان باش بوە .
3-     قەرەباڵغی خانەكانی چاكسازی لە سەرجەم بیناكانیان بە شێوەیەك ئێستا حوكم دراوان ژمارەیان لە 4500 كەس زیاترە و دەتوانیین بڵێین شوێنەكانیان نەگونجاوە بۆ ئەركی چاكسازی تیایدا و زۆربەیان چاوەڕوانی وەها لێبوردنێك دەكەن .

•     بۆ سەركەوتنی ئەم پڕۆسەیە پێویستە ئەم كارانە بكرێن :
1-     لەگەڵ ئەوەی كەكەسی حوكم دراو لە یاساكانی لێبوردنی گشتی دا لەبەرچاو دەگیرێت بەڵام پێویستە كە دۆخی قوربانیەكە و كەس و كاری و ئاسایشی كۆمەڵگا و ئەو مەترسیانەی ئەم كارە تاوانكاریە خستۆتیەوە لەبەرچاو بگیرێت , چونكە داواكارانی مافی كەسی پایەی سەرەكی داوا جەزائیەكانن .
2-     پێویستە پەڕلەمان ئامارێكی وردی لەبەردەستدا بێت لەسەر هەریەك لە ( ڕاگیراوان , حوكم دراوان , ماددەكانیان , سودمەندبوان و گەڕاوەكان بۆ تاوان دوای سود مەند بون ) .
3-     سەرنج و پێشنیاری لایەنی پەیوەندیدار وەربگیرێت بەتایبەت ( دەسەڵاتی دادوەری , وەزارەتی كار , چاكسازیەكان , ڕاپۆڕتی ڕێكخراوە تایبەتمەندەكانی بەندیەكان , ...) .
4-     هەبونی داواكاری نوسراوی لێخۆشبونی داواكارانی مافی كەسی لەو دۆسیانەی كە لێبوردنی گشتی دەیان گرێتەوە .
5-     ڕاپۆڕتی ئیدارەی چاكسازیەكە و توێژەری كۆمەڵایەتی لەسەر بەندیەكە كە چاك بونی بسەلمێنێت .
6-    نابێت لێبوردنی گشتی تاوانباری موحتەریف بگرێتەوە كە وێنەیان لە چاكسازیەكان زۆرن , چونكە ئازاد بونی ئەم جۆرە كەسانە كارەساتن بۆ كۆمەڵگا بەتایبەت لەم كاتەدا كە قەیرانی ئابوری لە لوتكەدایە و چەندین تاوان زۆر بوە نمونەیان وەك تاوانە ماڵیەكان .
7-     دۆسیەكانی گەندەڵی كە ساڵانێكە دەستەی دەسپاكی و لیژنەی دەستپاكی پەڕلەمان و داواكاری گشتی و دادگاكانی لێكۆڵینەوە پێیەوە خەریكن نابێت بە هیچ شێوەیەك لێبوردن بیان گرێتەوە .
8-     ئەو تاوانانەی لێبوردنی گشتی دەیگرێتەوە پێویستە بە ڕونی لە سیستەمی سزایی جێبەجێكراودا پێناسە كرابێت .
9-     حوكم دراوان بە غیابی كارەساتە كە لێبوردن بیان گرێتەوە .
10-    ئەگەر لێبوردنی گشتی هەموو دۆخەكان لەبەرچاو نەگرێت ئەوا ئەم ڕوداوانەی لێدەكەوێتەوە وەك ( دەستكاری لە دەسەڵاتی دادوەری , بەفیڕۆچونی ماندوبونی دادگاكان و كەرتەكانی پۆلیس , تاوانباران والێدەكات كە سڵ لە سزا نەكەنەوە , هاوڵاتی متمانەی بە دادگاكان نامێنێت و بە دەستی خۆیان تۆڵە دەكەنەوە ,وهتد .....) .
11-    پێشنیار دەكەم ئەگەر ئەم یاسایە دەرچوو ئەوا پڕۆژەیەك ئامادە بكرێت و دەنگی پێ‌ بدرێت بەناوی ( سیستەمی چاكسازی بەدیل ) و بەخێرایی لە چاكسازیەكان جێبەجێ‌ بكرێت.


•     هەڵسەنگاندنی پڕۆژە یاساكان
لە خوارەوە بۆ هەرسێ‌ پڕۆژە یاساكە و بەیەكەوە هەڵسەنگاندن و پڕۆژەیەكی نوێیان لێ‌ دروست دەكەم و بەو شێوەیەی كە نوسراوە دای دەڕێژمەوە :
ماددەی یەكەم :
لێبوردنی گشتی حوكم دراوان ( بەندكراو + دەست بەسەركراو ) دەگرێتەوە بەگوێرەی حوكمەكانی ئەم یاسایە , كە دۆسیەكانیان پلەی كۆتایی وەرگرتبێت یان نا , بەبێ‌ زیان گەیاندن بە بەرپرسیاریەتی مەدەنی یان بەرزەفتكاریان بە مەرجی بونی ئاشتەوایی لە دۆسیەكەیاندا .
ماددەی دووەم :
سزای ئەوانەی حوكمی لەسێدارەدان دراون بەمەرجی ئەوەی ئاشتەوایی لایەنەكانی كێشەكە هەبێت و هاوپێچی دۆسیەكەی كرابێت , كەم دەكرێتەوە بۆ سزای هەتاهەتایی .
ماددەی سێیەم :
حوكمەكانی ئەم یاسایە جێبەجێ‌ دەبێت لەسەر :
1-     ئەو كێشانەی كە دۆسیەكانیان لە دادگاكانی لێكۆڵینەوەدایە و ئاشتەوایی لە نێوانیاندا كراوە , جگە لەو تاوانانەی كەلە ( ماددەی حەوتەم )دا هاتون , ڕاگیرابن بە فەرمانی دادوەر یان هیچ ڕێكارێك لە دۆسیەكانیان نەكرابێت .
2-     ئەوانەی بەتاوانی سەرپێچی ڕاگیراون و دۆسیەكانیان لە دادگادایە و ئاشتەوایی و ڕێكەوتن لە نێوان لایەنەكانی كێشەكە كراوە .
ماددەی چوارەم :
لێبوردنی گشتی ئەم تاوانانەی خوارەوە ناگرێتەوە :
1-     ئەو تاوانانەی دەق نوس كراون لە یاسای دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق ژمارە 10ی ساڵی 2005 .
2-     ئەو تاوانانەی دژ بە ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمن بەمەرجێك تاوانەكە بوبێتە هۆی كوشتن یان ناتەواوی جەستەیی بۆ قوربانیەكە .
3-     بازرگانی و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان .
4-     تاوانەكانی بازرگانی بە مرۆڤ و بە پارچەكانی جەستەیەوە .
5-     تاوانی ڕفاندن كە بەهۆیەوە ون بون یاخود مردن یان ناتوانایی جەستەیی و عەقڵی قوربانیەكەی لێكەوتبێتەوە .
6-    تاوانەكانی ئیختیلاس و دزینی ماڵی گشتی و بەهەدەردانی موڵكی گشتی .
7-     تاوانەكانی گەندەڵی دارایی بەهەموو جۆرەكانیەوە .
8-     تاوانی ساختەكردنی دراو و بەڵگەنامەكان .
9-     بازرگانی بە دەرمان و خۆراكی بەسەرچوو .
10-    تاوانی دەست درێژی بۆسەر فەرمانبەران لە كاتی دەوامی فەڕمی دا .
11-    تاوانی كوشتنی بە ئەنقەست .
12-    تاوانی بەقاچاخ بردنی شوێنەوارەكان .
13-    تاوانە ئابڕوبەرەكان وەك ( زینا , زینای مەحرەم , دەست درێژی سێكسی , نێربازی ) .
14-    حوكم دراوە گەڕاوەكان و حوكم دراوە هەڵاتوەكان .
15-    ئەو تاوانبارانەی كە سود مەند بون لە لێبوردنی گشتی یاخود تایبەت و گەڕاونەتەوە بۆ دۆخی ئەنجامدانی تاوان .
ماددەی هەشتەم :
ئەو حوكم دراو و ڕاگیراوانەی كە بە تاوانەكانی تیرۆر بەند كراون و وتەكانیان بە زۆر وەرگیراوە یان لەسەر ڕاپۆڕتی هەواڵدەری نهێنی ڕێكاری یاساییان بەرامبەر كراوە , دەتوانن داوا بكەن كەلەلایەن لیژنە تایبەتمەندەكەوە لە لە ماددەی دواتر باس كراوە پێداچونەوە بە پەڕاوەكانیاندا بكرێت .
ماددەی نۆهەم :
بەمەبەستی جێبەجێ‌ كردنی حوكمەكانی ئەم یاسایە لیژنەیەك بەسەرۆكایەتی دادوەرێك لە هەر ناوچەیەكی تێهەڵچونەوە لە هەرێم دا پێك دێت و نوێنەرایەتی لایەنە پەیوەندیدارەكان لەخۆ دەگرێت , و بڕیارەكانی لیژنە قابیلی تانە لێدانە بە شێوەی تەمیزی لەلایەن كەسانی زیان مەندەوە لە ماوەی 30 ڕۆژدا و بڕیاری دادگای تەمیزیش یەكلاكەرەوە دەبێت .
ماددەی دەیەم :
ئەحكامەكانی ئەم یاسایە ئەو كێشانەش دەگرێتەوە كە پێش دەرچونی ئەم یاسایە ڕویانداوە و ئاشتەواییان تیادا كراوە .
ماددەی یازدەهەم :
ئەنجومەنی دادوەری ڕێنمایی پێویست بۆ جێبەجێ‌ كردنی ئەم یاسایە دەردەكات .
ماددەی دوازدەیەم :
لەسەر ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكانە كە حوكمەكانی ئەم یاسایە جێبەجێ‌ بكەن .
ماددەی سیازدەیەم :
ئەم یاسایە لە ڕۆژی بڵاوبونەوەی لە ڕۆژنامەی فەڕمی وەقائعی كوردستاندا جێ‌ بەجێ‌ دەكرێت .

هۆكارەكانی دەرچواندنی ئەم یاسایە
-----------------------

نوێترین نوسینەکانی دانا دارا

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌