خەو و خورافەو چیرۆکى ناڕاست دەردى جەستەى گوتارى ئیسلامى

وتار/ 03/07/2018 910 جار بینراوە

د. ئاراس محمد صالح

خەو و خورافەو چیرۆکى ناڕاست دەردى جەستەى گوتارى ئیسلامى


د.ئاراس محمد صالح
گوتار یان گوتارى ئیسلامى هەموو ئەو گوتار و نوسین و ڕوونکردانەوە دەگرێتەوە کە لەلایەن موسڵمانانەوە، بە تایبەتى زانایان و بانگخوازو نوسەرەکانەوە لەبارەى ئیسلامەوە دەوترێت و بڵاودەکرێتەوە، لە هەمان کاتدا ئەو گوتارە ڕەنگادانەوەى ئاستى مەعریفى و ڕۆشنبیرى و دنیابینى موسڵمانەکان پیشان دەدات لە هەموو سەردەم و قۆناغە جیاوازەکاندا.
ئەگەر بە خێرایی سەیرى گوتارى ئیسلامى بکەین بە زۆر قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە، هەر لە قۆناغى زێڕینەوە هەتا دەگاتە قۆناغى لادان (تحریف) و کۆکردنەوەو (الجمع والتدوین) تەحقیق و فەلسەفى و صۆفى و هەتا دەگاتە قۆناغى داخران و چەقبەستن و پاشان قۆناغى ڕیفۆرم و موتەربەکردنى بە شارستانیەتى ئەوروپى.
لەکاتى ئێستادا گوتارى ئیسلامى لە کوردستاندا مەخابن لە پاشەکێى زۆردایە، خەو خورافەو حەکایەت و گێڕانەوەى نالۆژکى بووەتە زامى جەستەى ئەو گوتارە، تەنانەت ئەوانەش کە هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆرا و ئەندازیار و لە کۆلێجە شارستانیەکان دەرچوون ئەوەندەى باس لە خەو و خورافەو چیرۆکى بێ مانا دەکەن، زۆر کەمتر لە گوتارەکانیاندا پشت بە ئایەتەکانى قورئان و فەرمودەکانى پێغەمبەر (درودى خواى لەسەر) دەبەستن.
لە نەوەتەکانى سەدەى ڕابردوو ئیسلامیەکان زۆر لەکاتى ئێستا هۆشیارتر بوون، بەکارى دامودەزگاو گۆڤارى ڕۆشنبیرى و کۆڕو کۆبوونەوەى ڕوناکبیرى دەستیان بەکارى ئیسلامى کرد، بەڵام مەخابن بەهۆى هەڵپەى بەدەستهێنانى دەنگ و چەند ئەندام پەرمالەمانێک و دەنگ هێنانى چەند واعیزێکى خورافى لە هەڵبژاردنەکاندا، ئیتر وەکو ئەوەى هەنگویانیان لە کلۆرە داردا دۆزیبێتەوە کەوتنە کۆکردنەوەو پیشاندانى ئەو جۆرە واعیزانە، لەبەرامبەردا پشتیان کردە گەنجە ڕۆشنبیرى و ڕاگەیاندکارەکانیان، هەتا کار گەیشتە هەڵوەرینى بەرچاوى ڕۆشنبیرەکانیان و سەنگەر گواستنەوەیان بۆ شوێنى تر.
لەکاتى ئێستادا بەهۆى شکستى واعیزەکانى ناو پەرلەمانەوە کە بەهۆى دەستکورتى و هیچ پێنەبوونیان لە بوارى سیاسی و کارى پەرلەمانیدا، واعیزەکانیش ناتوانن دەنگ بۆ حیزبەکانیان کۆبکەنەوە وەک لە هەڵبژاردنى ئەم دوایەدا دەرکەوت، ئیتر کاتى ئەوە هاتووە ئیسلامیەکان بگەڕێنەوە بۆ گوتارێکى ڕەسەن و پشت بەستوو بە واتاى ڕاست و دروستى قورئان و فەرمودەکانى پێغەمبەر، بۆ ئەوەى ئەو هەموو خەو خورافیاتە کە واعیزەکان دەدیدەن بە گوێى خەڵکیدا نەبێتە دین و سەدەیەکى تر کەسانى دڵسۆز خەریکى ڕاماڵینى نەبن.

نوێترین نوسینەکانی د. ئاراس محمد صالح

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌