موسڵمانبوونى عومەرى کوڕى خەتاب

وتار/ 21/01/2018 1033 جار بینراوە

د. ئاراس محمد صالح

موسڵمانبوونى عومەرى کوڕى خەتاب

یەکێک لەو بابەتانەى زۆرترین چیرۆکى ناڕاستى لەبارەوە دروستکراوە موسڵمابوونى عومەرى کوڕى خەتابە، ئەمەیش تەنها لاى هەندێ واعیزى بێ ئاگا لە مێژوو نا، بەڵکو لە کتێبى ژیاننامەى پێغەمبەردا درودى خواى لەسەر (السیرة النبویة) هەر لە (ابن اسحاق)وە هاتووە، مەخابن زانایانى پێشین لە نوسینەوەى سیرەدا ئاسانگیریان کردووەو ئەوەیش هۆى سەرەکى هەزاران گێڕانەوەى ناڕاستن لە ژیانى پێغەمبەر (درودى خواى لەسەر)و خولەفاى ڕاشدیندا.
ئەوەى زۆر باوە وێنەیەکى زۆر ترسێنەر بۆ عومەرى کوڕى خەتاب دەکرێت و دەڵێن: شمشێمرى هەڵگرت بچێت پێغەمبەر بکورژێت، لە رێگاى نوعەیم وتى بۆکوێ دەڕۆى؟ وتى: دەچم محمد دەکوژم، نوعەیم بۆ ئەوەى لە پێغەمبەرى دووربخاتەوە وتى: خۆ خوشک و زاواکەى خۆت موسڵمان بوون، بۆ ناچى ئەوان بکوژیت؟.
عومەر دەگەڕێتەوە بۆ ماڵى (سەعیدى کوڕی زەیدى زاواى و فاتیمەى خوشکى)، کە دەگاتە ماڵیان گوێى لە خوێندنى قورئان دەبێت، دەچێتە ژوورەوە دەڵێت: ئەوە چی بوو دەتانخوێند؟ ئەوانیش لە ترسا قورئانەکە دەشارنەوە، عومەر پەلامارى زاواکەى دەدات دەیخاتە ژێر خۆیەوە، فاتیمە بەرگرى لە مێردەکەى دەکات، عومەر بە زللەیەک گوارەکەى لە گوێ دەپەڕێنێ، پاشان عومەر پەشمان دەبێتەوە، دواى قورئانەکە دەکات، فاتیمە دەڵێت تۆ پیسى جارێ بڕۆ خۆت بشۆ، دەڕوات خۆى دەشوات و دەگەڕێتەوە قورئانەکەى دەدەنێ و سەرەتاى سورەتى (طه) دەخوێنێتەوەو موسڵمان دەبێت.
سەرلەبەرى ئەم چیرۆکە ناڕاستەو بە هیچ سەنەدێک ناسەلێمێت، هەرچەندە لە زۆر کتێبى (سیرە)دا هاتووە، جگە لەوەش بە سەنەد و گێڕانەوەى ڕاست نیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەند بەڵگەیەکى تر ناڕاستى دەردەخەن:
یەکەم: عومەرى کوڕى خەتاب لە ساڵى شەشەمى پێغەمبەرايەتیدا موسڵمانبووەو لەو ساڵەدا سورەتى (تەها) دانەبەزیوە.
دووەم: ئایەتەکانى غوسڵ مەدەنین و لە سورەتى (النساء المائدە) هاتوون لەو کاتەدا دانەبەزیون، هەتا عومەر بڕوات خۆى بشوات.
سێیەم: ئەو چیرۆکە لەگەڵ شەهامەتى عومەردا ناگوجێ، خەڵکى بە شەهامەت لە پێش ئیسلامبوونیشدا هەر بەشەهامەت بوون و بەو شێەوەیە پەلامارى خوشکى خۆیان نادەن.
ئەوى ڕاست و وەرگیراوە لەبارەى موسڵمانبوونى عومەرى کوڕى خەتابەوە لەکاتى کۆچى موسڵماناندا لە مەکەوە بۆ حەبەشە عومەر ئەو مەشهەدەى بینیوەو زۆر کاریگەرى لەسەرى هەبووە، دایکى عەبدوڵاى کچى ئەبی حەثمە دەڵێت لەکاتى بەڕێکەتنماندا بۆ حەبەشە عومەر وتى: بۆ کوێ دەچن؟ وتم: ئێوە ئازارمان دەدەن کۆچ دەکەین بۆ زەوى خوا لەدەست ستەمى ئێوە کۆچ دەکەین، عومەر وتى: خوات لەگەڵ، دایکى عەبدوڵا دەڵێت: نەرمى زۆرم بینى لە قسەکانى عومەردا، هیواى موسڵمانبوونم بۆ خواست، لەدواى ئەو ڕوداوەوە عومەر موسڵمان دەبێت و ئیعلانى بانگەوازى ئیسلامى دەکرێت و موسڵمانان بە پێشەوایەتى پێغەمبەر درودى خواى لەسەر دەچنە کەعبەوەو تەحەداى موشریکەکان دەکەن و ئیسلام عیزەت وەردەگرێت بە موسڵمانبوونى عومەرى کوڕى خەتاب.
بەڵام هەموو وردەکاریەکانى موسڵمانبوونى عومەرى کوڕى خەتاب بە سەندى ڕاست نیەو پێویست ناکات بۆ وەعزو وروژاندنى خەڵکى شتى ناڕاست باس بکرێت.
سەرچاوە: السیرة النبویة الصحیحة. د. اکرم ضياء العمري.

نوێترین نوسینەکانی د. ئاراس محمد صالح

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌