چاپی‌ بۆماوه‌یی‌ و گرنگی‌ له‌دۆزینه‌وه‌ی‌ تاواندا.

وتار/ 28/06/2018 557 جار بینراوە

حامی‌ ئه‌حمه‌د عه‌لی‌

چاپی‌ بۆماوه‌یی‌ و گرنگی‌ له‌دۆزینه‌وه‌ی‌ تاواندا.....

حامی‌ ئه‌حمه‌د عه‌لی‌

وێنه‌ی‌ بۆماوه‌یی‌ یان چاپی‌ بۆماوه‌یی‌ تاساڵی‌ (1984)یش وه‌كو لقێكی‌ زانستی‌ پزیشكی‌ نهێنیه‌كی‌ تاریك بوو بۆ مرۆڤ، به‌ڵام دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ زانایه‌كی‌ به‌ریتانی‌ له‌ شاری‌ لیسته‌ر به‌ناوی‌ (ئه‌لێك جێفری‌Alec Jeffrey ) توانی‌ خزمه‌تێكی‌ گه‌وره‌ی‌ دوو جه‌مسه‌ری‌ له‌بواری‌ زانست پێشكه‌ش بكات به‌دۆزینه‌وه‌ زانستیه‌كه‌ی‌ له‌ساڵی‌(1985)له‌پشكنینی‌ (DNA)دا بۆ دیاریكردنی‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك وناسنامه‌ی‌ مرۆڤ كه‌له‌و كاته‌دا وه‌رچه‌رخانێكی‌ مه‌زنی‌ له‌بواری‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ پۆلیسیدا هێنایه‌كایه‌وه‌، ئه‌م داهێنانه‌ له‌لایه‌ك فاكته‌رێكی‌ سه‌ره‌كی‌ بوو بۆ ده‌ست نیشانكردن و چاره‌سه‌ركردنی‌ جۆره‌ها نه‌خۆشی‌ و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ ئه‌م زانسته‌ هاوكاری‌ پیاوانی‌ یاسای‌ كرد به‌وه‌ی‌ ڕۆڵی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ تاوانباراندا بینی‌، له‌ماوه‌ی‌ ته‌نها یه‌ك ساڵدا توانی‌ سه‌ركه‌وتنێكی‌ كه‌م وێنه‌ تۆمار بكات، كه‌ده‌ركه‌وت هه‌ر تاكێك تایبه‌تمه‌ندی‌ جیاوازی‌ هه‌یه‌و كه‌س هاوشێوه‌ی‌ كه‌سی‌ تر نیه‌، مه‌گه‌ر ته‌نها له‌حاڵه‌تی‌ دوانه‌ی‌ یه‌ك هێلكه‌ییدا ئه‌و چون یه‌كیه‌ ببینرێت كه‌ئه‌مه‌ش له‌چه‌ند حاڵه‌تێكی‌ كه‌م له‌زۆرینه‌یه‌كدا ده‌بێت.
 هه‌رچه‌نده‌ گریمانی‌ ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌یه‌ك كه‌س له‌یه‌ك تریلیۆن مرۆڤ له‌ڕوی‌ زانستی‌ بۆماوه‌ییه‌وه‌ له‌یه‌ك بچن بۆیه‌ ئه‌م زانسته‌ ناونرا په‌نجه‌مۆری‌ بۆماوه‌یی‌ مرۆڤ (The DNA Fingerprint) یان هه‌ندێ‌ جار به‌ناوی‌ چاپی‌ بۆماوه‌یی‌ (DNA typing) ناوده‌برێت، چونكه‌ له‌دوای‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ركردارێك شوێنه‌واری‌ مادی‌ و بایۆلۆجی‌ كه‌سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ له‌شی‌ مرۆڤه‌ له‌شانۆی‌ تاوانه‌كه‌دا جێده‌مێنێت، ئه‌و پاشماوانه‌ی‌ كۆده‌رێنه‌وه‌ ده‌بنه‌ بناغه‌ی‌ به‌ڵگه‌ی‌ مادی‌ و هونه‌ری‌ وناسنامه‌ی‌ تاونبارو دادگاكان له‌و ڕێگایه‌وه‌ تاوناباره‌كان به‌سزایی‌ یاسایی‌ ده‌گه‌یه‌نن.
چه‌مكی‌  ووشه‌ی‌ شوێنه‌وار له‌م بواره‌دا ئه‌و پاشماوه‌یه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌له‌شوێنی‌ ڕوداوه‌كه‌ جێده‌مێنێت و تیمه‌كانی‌ به‌ڵگه‌ی‌ تاوان ده‌یبینن و به‌كه‌ره‌سته‌و ئامێری‌ زانستی‌ پێشكه‌وتوو دۆكیۆمیًنتی‌ ده‌كه‌ن و هه‌ڵی‌ ده‌گرنه‌وه‌ وه‌ك پاڵشت و به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ دیاریكردنی‌ جۆری‌ تاوان و خودی‌ تاوانباره‌كه‌.
شوێنه‌واری‌ مادی‌ وه‌ها پێناسه‌ده‌كرێت كه‌ بریتی‌ بێت له‌ هه‌ر شتێك كه‌به‌یه‌كێك له‌هه‌سته‌وه‌ره‌كان هه‌ستی‌ پێ بكرێت، یاخود به‌هۆی‌ ئامێری‌ زانستی‌ و پشكنینه‌ كیمیاویه‌كانه‌وه‌ بدۆزرێته‌وه‌، (كل إتصال یترك أپرا Each connection has an impact) ئه‌مه‌ ووته‌ی‌ ئیدمۆند لۆكارد بوو كه‌به‌ڕێوه‌به‌ری‌ یه‌كه‌م تاقیگه‌یی‌ تاوانی‌ شاری‌ لیۆن بوو له‌سه‌ره‌تای‌ سه‌ده‌ی‌ بیسته‌مدا، پاشان ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ بوو به‌سه‌ره‌تایه‌ك بۆ گرنگی‌ دان به‌زانستی‌ مۆری‌ بۆماوه‌یی‌ (البصمه‌ الوراپیه‌)، هه‌روه‌ها بۆیه‌كه‌م جار ئه‌م زانسته‌ له‌سامپڵێكی‌ تاواندا تاقیكرایه‌وه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ تاوانێكی‌ ده‌ستدرێژی‌ سێكسی‌ و كوشتن كه‌بكه‌ری‌ تاوانه‌كه‌ هه‌ڵهاتبوو پاش ئه‌وه‌ی‌ پۆلیس هه‌ستا به‌گرتنی‌ هه‌زار گومانلێكراو له‌سه‌ر فه‌رمانی‌ دادوه‌ری‌ یه‌كێك له‌دادگاكانی‌ ئه‌مریكا له‌ساڵی‌ (1987)دا ئه‌زمونكرا به‌پشكنینی‌ بۆماوه‌یی‌ سپێرمی‌ گومان لێكراوه‌كان و به‌راوردكردنیان به‌ سامپڵیكی‌ ناوله‌شی‌ تاوان له‌سه‌ر كراوه‌كه‌ به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ توانرا تاوانباره‌كه‌ ده‌ستنیشان بكرێت دان به‌ئه‌نجامدانی‌ تاوانه‌كه‌یدا بنێت ، ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ سه‌لماندی‌ له‌كاتی‌ ڕوودانی‌ هه‌رتاوانێكدا له‌ڕووبه‌ری‌ شانۆی‌ تاوانه‌كه‌دا كۆمه‌ڵێك سه‌ره‌داوی‌ گرنگ و باوه‌ڕپێكراومان ده‌ست ده‌كه‌وێت ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بتوانن له‌كاتی‌ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی‌ ئه‌و پاشماوانه‌دا نه‌هێڵن لایه‌نی‌ زانستی‌ نمونه‌كان بشێویت كه‌له‌ناوچه‌ی‌ نزیكی‌ تاوانه‌كه‌دا به‌جێماون.
ماده‌ی‌ بنچینه‌یی‌ و زیندوو كه‌شوێنه‌وار یان مۆری‌ بۆماوه‌یی‌  لێوه‌ دیاری‌ ده‌كرێت بریتیه‌ له‌ هه‌رخانه‌یه‌كی‌ له‌ش (خوێن، ئێسقان، نینۆك، ددان، شانه‌ی‌ پێست، ڕه‌گ یان سه‌لكی‌ موو، ده‌ردراوه‌كانی‌ وه‌ك لیك، میز، تۆواو، شله‌ ئه‌مینۆسی‌، خانه‌ی‌ هێلكه‌ی‌ پیتێنراوی‌ دوای‌ دابه‌ش بوونی‌ بۆ 4تا8 خانه‌یی‌)، ئه‌و ڕیژه‌یه‌ له‌پێداویستی‌ تاقیگه‌یی‌ مۆرو شوێنه‌واری‌ بۆماوه‌یی‌ به‌ڕێژه‌ی‌ سه‌ری‌ ده‌مبوسێك به‌سه‌ بۆ پرۆسه‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ پشكنینه‌كه‌، لێره‌وه‌ ده‌توانین پێناسه‌ی‌ شوێنه‌واری‌ بۆماوه‌یی‌ بكه‌ین به‌وه‌ی‌ بریتیه‌ له‌ پێكهاته‌ی‌ بۆهێڵی‌ كه‌هێماو ناسنامه‌ی‌ هه‌ر مرۆڤێكه‌ به‌سه‌ربه‌خۆیی‌.
سه‌رچاوه‌ی‌ ئه‌م زانسته‌ له‌ناوكی‌ هه‌موو خانه‌یه‌كی‌ له‌شدا هه‌یه‌، چونكه‌ له‌ش ژماره‌یه‌كی‌ ئێجگار له‌خانه‌ی‌ تێدایه‌ كه‌ده‌گاته‌ تریلیۆن ، هه‌موو خانه‌یه‌ك ناوكێكی‌ له‌خۆگرتوه‌ كه‌ به‌رپرسه‌ له‌ژیان و فرمانی‌ خانه‌كه‌، هه‌رناوكێكیش ماده‌یه‌كی‌ بۆماوه‌ی‌ سه‌ره‌تایی‌ هه‌ڵگرتوه‌ كه‌سیفه‌تی‌ هاوبه‌شی‌ مرۆڤه‌كان له‌نیوان خۆیاندا دیاری‌ ده‌كات، ئه‌م حاله‌ته‌یه‌ پێمان ده‌ڵێت مرۆڤێك له‌مرۆڤێكی‌ تر ناچێت، سه‌رچاوه‌ی‌ ئه‌م مۆری‌ بۆماوه‌ییه‌ به‌شێوه‌ی‌ ترشی‌ ئه‌مینی‌ (DNA) هه‌یه‌ و پێده‌وترێت ترشی‌ گه‌ردیله‌یی‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌ناو ناوكی‌ خانه‌كاندا نیشته‌جێ بوه‌ كه‌له‌ناو كرۆمۆسۆمه‌كاندا هه‌ن، سیفه‌ته‌بۆماوه‌یه‌كان له‌ڕێگای‌ بۆهێڵه‌كانه‌وه‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌ ئه‌م بۆهێڵانه‌ش له‌ناو كرۆمۆسۆمه‌كاندا هه‌ن، كه‌نزیكه‌ سه‌د هه‌زار بۆهێڵی‌ له‌م جۆره‌ له‌ هه‌ر یه‌ك كرۆمۆسۆمدا هه‌یه‌.

•    ئه‌و بوارانانه‌ كامانه‌ن كه‌له‌ڕوی‌ یاساییه‌وه‌ ده‌توانین سود له‌م زانسته‌ ببینین:-

1.    سه‌لماندانی‌ وه‌چه‌ به‌ بوون یان نه‌بوون به‌ پۆسه‌تیڤ یان نێگه‌تیڤ، له‌كاتی‌ بونی‌ گومان و سكاڵادا یان له‌كاتی‌ ئاسایدا به‌تایبه‌ت له‌ مناڵی‌ بلوریدا.
2.    دیاریكردنی‌ كه‌سایه‌تی‌ مرۆڤ به‌تایبه‌ت له‌كاتی‌ وون بوون دیارنه‌مانی‌ كه‌سێكدا بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر.
3.    سه‌لماندن و به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ سكاڵای‌ تاوانكاری‌ له‌دادگاكاندا.

•    سووده‌كانی‌ شوێنه‌وار و مۆری‌ بۆماوه‌یی‌ له‌ده‌ستنیشانكردنی‌ تاوانباردا:-

1.    ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر پێوه‌رێكی‌ زانستیانه‌و به‌ بونی‌ ئامێری‌ پێشكه‌وتوو كرابێت بواری‌ هه‌ڵه‌ تێدا زۆر زۆر كه‌مه‌.
2.    ئه‌م زانسته‌ هه‌موو ئه‌و بوارانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ده‌كرێت وه‌ك به‌ڵگه‌ی‌ حاشا هه‌ڵنه‌گر دادگاكان پشتی‌ پێ‌ ببه‌ستن.
3.    ئه‌نجامی‌ پشكنینه‌كانی‌ مۆری‌ بۆماوه‌یی‌ به‌ڵگه‌كانی‌ كۆتاییه‌ بواری‌ گومان هه‌ڵناگرێت.

•    ڕێكاره‌ یاساییه‌كانی‌ پشكنینی‌ مۆری‌ بۆماوه‌یی‌:-

1.    ده‌بێت ئه‌نجامدانی‌ پشكنینه‌كه‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندی‌ لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندادار بێت.
2.    ده‌بێت تاقیگه‌كان له‌كه‌رتی‌ گشتیدا بن و له‌ژێر چاودێری‌ و سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌وڵه‌تدا بن.
3.    ده‌بێت ئه‌و كادرو پسپۆڕانه‌ی‌ هه‌ڵده‌ستن به‌ئه‌نجامدانی‌ پشكنینه‌كان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دۆستایه‌تی‌ و نزیكیان له‌گه‌ڵ تۆمه‌تباره‌كاندا نه‌بێت.
4.    دیكۆمێنتكردن و هه‌ڵگرتن و پاراستنی‌ هه‌موو ئه‌و سامپڵانه‌ی‌ له‌ كاتی‌ گواستنه‌وه‌یان تاكاتی‌ كۆتای‌ ئه‌نجامی‌ پشكنینه‌كان و داوی‌ پرۆسه‌ی‌ ڕاگه‌یاندنی‌ پشكنینه‌كانیش، بۆمسۆگه‌ركردنی‌ هه‌ر بارودۆخێك وه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌و پێداچونه‌وه‌یان له‌كاتی‌ پێویستدا.





نوێترین نوسینەکانی حامی‌ ئه‌حمه‌د عه‌لی‌

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌